ئاگرێک بۆ تواندنەوەی بەستەڵەکی زمانی باو

لە بارەی کتێبی ''جەنگاوەرەکان پیشەیان مردنە'' ی ئالان پەری

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوکار موسا

ئەو کاتەی دەستم بە خوێندنەوەی شیعری ئازاد کرد، بە کۆمەڵە شیعری ''سەراپام خەونە''ی ئالان پەری دەستمپێکرد، بۆیە هیچ یەکەمینێک لەیاد ناکرێ! یەکەمین ئەزموونەکان هەمیشە لە تیرێژ و کەلێنەکانی یادگەدا دێن و دەچن. کاتێک کتێبی ''شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە'' ی وەرگێڕا، کە هی نیلس هاوی شاعیری دانیمارکییە و کۆمەڵێ وتار و شیعر لە خۆی دەگرێ، ناونیشانەکەی سەرنجی ڕاکێشام و یەکسەر خوێندمەوە، بۆچوونی نوێ بوون لە هەمبەر شیعر. ئالان پەری چەند کۆمەڵە شیعری هەیە و بە عەرەبی و دانیمارکیش دەنووسێ، من تەنها یەکێکیانم دەستکەوت، چەندین ساڵ تێدەپەڕن بەسەر خوێندنەوەی من بۆ ''سەراپام خەونە''، بەڵام کاتێ لەم کۆتاییانە زانیم کە ئالان پەری کتێبێکی دیکە بڵاودەکاتەوە، خۆشحاڵبووم، بۆیە کە بڵاوکرایەوە یەکسەر چووم کڕیم. ''جەنگاوەرەکان پیشەیان مردنە'' دواترین بەرهەمێتی و ئەزموونێکی تەواو جیاوازە لەگەڵ کتێبی پێشووتری، چ لە ڕووی هەردوو پایەکانی ڕەخنەی ئەدەبی کە چی نووسین و چۆن نووسینن، چ لە ڕووی بیرۆکە و دنیابینی دوای دەقەکانەوە، چۆن نووسین بریتییە لە تەکنیک، هەڵبەت تەکنیکی ئەو دیوانەی شاعیر تەکنیکێکی نوێیە و هەستدەکەین بەر ستایلێکی دیکەی شیعر دەکەوین، چۆن نووسینیش ناوەڕۆکە و لەم دیوانەشدا بابەتی نوێ بەرباس دراون. بە گشتیی ئەم ئەزموونەی شاعیر نەک تنێ لە کارەکەی پێشتری، بەڵکو لە ئەدەبی کوردیدا جیاوازە و دەنگێکی نوێیە، پێشتر لەو تەکنیک و زمانە بەدی نەکراوە، ئەمەش ئەرکی شاعیری ڕاستەقینەیە، چونکە شیعر نوێبوونەوە و گۆڕانکاری بەردەوامە و گرنگترین کەرەستەی شیعر، زمانە، هەڵبەت زمانیش هەمیشە لە پێشڤەچووندایە و بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە و هیچ وێستگەیەک نایوەستێنێ.

 

ئەوەی لەم دیوانەدا زیاتر جێگەی باسە، بێهیزبوونی سوبیکتە، ئەمەش خۆی لە خۆیدا نوێگەرییە، چونکە زۆربەی ئەو دەقانەی ئێستا دەنووسرین بەوە دەستپێدەکەن: من من من!. بەڵام سوبیکت لەم دیوانەی ئالان پەریدا شوێنێکی زۆر لاواز و کەمی پێدراوە، دەتوانین بڵێین نەمانی سوبیکت لای وی دەشێ کاریگەری وتارە ئەدەبییەکەی نیلس هاوی لەسەر بێ کاتێک لە کتێبی ''شیعر بۆ ترسنۆکەکان نییە'' دا دەڵێ: ''ئەگەر شاعیر لە شیعرەکانیدا باسی ژیانی تایبەتیی خۆی کرد، لە چاوی خەڵکی تردا زۆر پێکەنیناوی دەبینرێت، چونکە هەموو کەسێک ژیانی تایبەتی خۆی هەیە، کەس ئارەزووی ئەوەی نییە، تەواوی ژیان و کەسایەتیی کەسێک بخوێنێتەوە'' . ئەم بۆچوونەی نیلس هاو جێگەی ڕەزامەندییە، چونکە سوبیکت کێشەیەکی گەورەی شیعری ئەمڕۆیە، لەبەر ئەوەی زۆربەی شاعیرەکان کەوتوونەتە نمایش و وەسفی خۆیان، لە کاتێکدا کۆمەڵێ بابەتی تر هەن کە هێشتا پەییان پێ نەبراوە و دەبێ لە ڕێگەی شیعرەوە کەشف بکرێن. ئالان پەری کە وەرگێڕی ئەو کتێبەی نیلس هاوە دەشێ سوودی زۆری لەو بۆچوونەی نیلس هاو وەرگرتبێ، هەر بۆیە لە سوبیکت دوور کەوتۆتەوە، مەرجیش نییە هەموو سوبیکتێک خودی شاعیر بێ، ئەم پرسەش خوێنەر بڕیاری لەسەر دەدات. جوانییەکی دیکەی نێو ئەو دیوانە شیعرە، بریتییە لە پرسیارکردن و ورووژاندنی پرسیاری بەردەوام و نەبڕاوە، پرسیار لەپێناو و بۆ ئامانجی وەڵام نا، بەڵکو پرسیار لە پێناو بەرهەمهێنانی پرسیاری دی، شاعیر ئەو کەسەیە کە زۆرترین پرسیار دەکات، شیعر پرسیارە نەک وەڵام و ڕوونکردنەوە.

ئاڵان پەری دەیەوێ شاعیرێکی نوێگەر و بیرکەرەوە بێ، نەک شاعیرێک بێ بۆ چێژ و هەستناسکیی، ئەمە لە شیعری ''ژیان و خەون لە چێشتخانەیەکدا'' دەردەکەوێ، کاتێ دەڵێ:

''سەرەڕای ئەوەی شوێنەکەم گۆڕیوە، بەڵام من هەر دەنووسم، من ئێستا جیاوازتر دەنووسم، ئێستا من ناتوانم باسی ئەو نووسینانە بکەم کە ئارامی دەبەخشنە دڵ و هزر و زاخاو دەدەنەوە، نووسینەکانم باس لە دڵەڕاوکێ و سووتان و قیژە دەکەن، بۆ ئەوەی لەگەڵ ژینگەی شوێنە نوێیەکەمدا بگونجێم. ناکرێت باسی عیشق بکەم و خۆم نیشتەجێی چێشتخانەیەکی مەترونیویی ئەم گەردوونە زلە بم.''

لەم دەقەدا بۆچوونەکانی شاعیرمان لە هەمبەر شیعری نوێ بۆ دەردەکەون، شاعیر دەیەوێ بڵێ ڕۆمانسییەت و شیعری خۆشەویستی و هەوری پەمەیی باوی نەماوە و سەردەمەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بۆیە پێویستە شاعیر لەگەڵ سەردەمەکاندا بڕوا و خۆی نوێ بکاتەوە و لە هیچ کۆسپێکدا قاچی نەلەرزێ، نەبادا دەمولموزی بەر زەوی بکەوێ. ئەرکی شاعیر گۆڕینی پیشەی ڕاستەقینەی کەرەستەکانە، کارەستەکانی چێشخانە لەو دەقەدا هەمان ئەرک و ماهییەتی کەرەستەی ڕاستەقینەی چێشتخانەیان نییە، بەڵکو لێرەدا هەر یەکێکیان ئەرکێکی شیعریی وەرگرتووە و داخڵی شیعرییەت بوونەتەوە، ئەرکی شیعریی چییە؟ ئەوەیە کە هەر وشەیەک بۆ نموونە وشەی دار یان کەوچک یان پێنووس کە واتایان دیار و ڕوونە، بەڵام کاتێک دێنە نێو شیعرەوە و شاعیر بەکاریان دەهێنێت، ئەرکێکی دی وەربگرن و هەمان واتای ڕاستەقینەیان نەبێ.

لە هەمان شیعردا سەرنجمان بۆ پرسێکی گرنگ ڕادەکێشێ و دەڵێ:

 

''ناوبەناویش دەستم لە کتێبێک گیر دەبێت و ڕووناکی دەکوژێنمەوە و دەست دەکەم بە خوێندنەوە!''

ئەگەر دەزانن چەند سەختە خوێندنەوە بە تاریکی؟! مەبەستی شاعیر لێرەدا ئەو کتێبانەی کە باشن و بە تاریکیش دەخوێندرێنەوە، چونکە کتێبە باشەکان ئەمڕۆ دەگمەنن، کتێبی باش خۆی دەبێتە چرا و ڕوناکیی پەخش دەکات، بەڵام ڕەخنەی شاعیر لە کتێبە قوفڵدراوەکانە، ئەوانەی بێ سەروبەرانە لە بازاڕ پەخش دەکرێن و بە هیچ فلتەرێکدا تێناپەڕێنرێن. دیارە مەبەستی لە سەختی و قورسیی پڕۆسێسی خوێندنەوە نییە و دەرخواردی خوێنەر دەدرێن، بەڵکو مەبەستی ماندووبوونە لە دیار ئەو کتێبانەی نابن بە ڕوناکیی و هەر لە زوڵمەتدا دەمێننەوە.

لە شیعری ''کەوتنی دەنگی هارمۆنیکا لە دەمی گوناهەوە'' دا دەڵێ: ''نەدەبوو هەر لە قاوغی ڕزینی سووراوی لێوێکدا مات بوومایە'' واتە نەدەبوو هەر خەریکی شیعری ڕۆمانسی و شیعری خۆشەویستی بم، بەڵکو پێویستە گۆڕانکاری ئەنجام بدەم و بەرەوپێشەوە بچم، چونکە شیعر گۆڕانکاریی و جوڵەیە، نەک خولانەوە دەنێو بازنەیەکی دیاریکراو، شاعیر ئاماژە بە گۆڕانکاری ناوەڕۆکی شیعر دەدا چونکە پێی وایە ناکرێ بە لاشەی خوێناوییەوە وەک کەسێکی سەراپا برین باسی ناسکی و خۆشەویستیی و ڕۆمانسییەت بکات. شاعیران چۆن دەتوانن ڕووی چرای ڕۆمانسییەت بەرەو ئاڕاستەی کەلێنە بۆش و تاریکەکانی بوون وەرگێڕن؟! ئاخر ئەم تیرێژە تژیی زوڵمەتانە پێویستە کەشف بکرێن و پەیپێ ببرێن، نەک بڕازێنرێنەوە و وەسف بکرێن!. ئالان پەری پێچەوانەی شاعیرانی تر دێتە دەنگ و خۆی بە خراپ دەزانێ بەرامبەر خۆشەویستیی و ئەویتر و دەیەوێ خۆی لێ بپارێزرێ. وەک دەزانین زۆربەی شاعیران داوای هاتن و دەرکەوتن و نێزیکبوونەوەی ئەویتر دەکەن، تا گەیشتۆتە ئەو ڕادەیەی بۆی دەپاڕێنەوە و دەکروزێنەوە، بەڵام ئەمانە تنێ دەردەدڵن نەک شیعر، شیعری نوێ زمان و هزرە نەک گرینۆکیی، شیعری نوێ ڕەق و تیژ و ئاگرە و ترسناک و تۆقێنەرە، نەک ناسکیی و پارێزراوی و موقەدەس، ئەم بابەتەی ئالان پەری لە شیعری ''باکوری خۆشویستن'' دا دووپات دەبێتەوە، کاتێ بە هەستێکی کافکایانەوە کە لە نامەکەی بۆ میلینادا هەستی پێ دەکرێ، دەڵێ:

''ئێستا لەم کاتەدا کە ئەم دێڕانە دەنووسم، لە خۆم دڵنیا نیم کە من خۆشمدەویست، یان تەنها وەرزێک بوو و تێدەپەڕێت؟'' ئەمە نادڵنیایی نییە، بەڵکو لوتکەی ڕاستگۆییە، وەک چۆن شتێک لێوڕێژ دەبێ، ئەم دڵنیاییەی شاعیریش بەهەمان شێوەیە، بەڵام بە جۆرێکی دیکە دەریبڕیوە و نەیویستووە خۆی وەک فریشتەیەک و موقەدەسێک لە قەڵەم بدا، ئەم پرسە لە دەقی ''لەچی ڕاماویت'' دا ڕوونتر دەردەکەوێ، کاتێک دەڵێ:

''نازانم ئەو شەوە بۆ هاتیتە خەوم؟ لە چییت دەڕوانی؟ لەچی ڕاماوی؟ من هیچ شتێکم نییە پێشکەشی جوانی خۆشەویستی بکەم، من ناتوانم جیهانێکی ئارامت بۆ بێنم، من نەخۆشی نووسینەوەم هەیە، من ناتوانم تا هەتایە سەیری چاوە گەشەکانت بکەم، من بێ دووکەڵی خەم ناژیم، بێ سنگی ساردی شەوان هەناسەم بۆ نادرێت، من ئەو جەستە بێزارەم کە ناتوانم لەخاچی بدەم. من بۆ تۆ ناشێم، من بەجێ ماوم، لەمێژە بەجێ ماوم و ئێستاش تۆزی ڕابوردوو لەخۆم دەکەمەوە.''

شاعیر بەهۆی ئەوەی لە چییەتی شیعر تێگەیشتووە، بۆیە بڕوای بە جیهانێکی ئارام نییە، چونکە شیعر هیچ کاتێک ئارامی و چێژ نییە، بەڵکو شیعر وەسوەسە و ڕاڕایی و ترس و زراوڕژانە، شیعر کارەسات دەئافرێنێ، نەک دونیایەکی خۆش و ئاسوودە دابین بکات، مەبەستمان لەم قسەیە ئەوە نییە کە دژی شیعر بین، بە پێچەوانەوە شیعر باشترین ئازارە کە مرۆڤ لەگەڵی دەژی، لەگەڵیدا دەبێتە بیرکەرەوە و بوونەوەرێکی گومانکار، نەک کەسێکی دەستەمۆ و دەست و پێ قوفڵکراو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار