یەکەی نیشتەجێبوونی ترەمپ

ئیسرائیل یەکەیەکی نیشتەجێبونی بەناوی ترەمپەوە کردەوە

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەردی بناغەی یەکەیەکی نیشتەجێبوونی بەناوی ترەمپەوە دانا لە بەرزاییەکانی جۆلان وەك ڕیزلێنانێك بۆ ترەمپ دوای دانپێدانانی سەروەری ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەیاوەری دەیڤد فریدمان، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل بەردی بناغەی یەکەیەکی نیشتەجێبوونی دانا لە بەرزاییەکانی جۆلان بەناوی "بەرزاییەکانی ترەمپ"ەوە وەك ڕێزلێنانێك لە سەرۆکی ئەمریکا دوای ئەوەی لە ئازاری ڕابردوو دانی نا بە  سەروەری ئیسرائیلدا لە بەرزاییەکانی جۆلان.

بنیامین ناتانیاهۆ لە مەراسیمی کردنەوەی یەکەکەدا رایگەیاند، "ئەم کارەمان بۆ ڕێزلێنانە لە هاوڕێیەکی مەزنی وڵاتی ئیسرائیل و ئێمە سەربەرزین بە کردنەوەی ئەم کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونە."

ناوی بەرزاییەکانی ترەمپ لە لادێیەك نراوە کە پیشتر ناوی "بروخیم" بووە  و  شوێنی نیشتەجێبوونی ١٠ هاوڵاتی بووە. یەکەی نیشتەجێبونەکە سنوری لەگەڵ یەکەیەکی گەورەتر هەیە بەناوی "قیلە" کە دژی گۆڕینی ناوەکەن لەترسی ئەوەی کۆمەڵگەکەی ئەوانیش ناوە نوێیەکەی بەسەردا ببڕێ.

زڤی هاوزەر، ئەندامی پەرلەمانی ئیسرائیلش لە تویتەر ئاماژەی بەوە کردووە یەکەکە ڕێزلێنانێکی ڕەمزییە و بڕیارێکی گەمژانەیە چونکە هیچ پلان و بودجەیەك نییە و هیچ بڕیارێکیش نییە بۆ تەواوکردنی.

بەرزاییەکانی جۆلان سنوری لەگەڵ ئەردەن و سوریا و لوبنان هەیە و لە شەڕی شەش ڕۆژەی ١٩٦٧ ئیسرائیل ئەو ناوچەیەی وەك بەشێک لە ئیسرائیل هەژمارکرد و لە ئێستاشدا زۆربەی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بە ناوچەیەکی داگیرکراو ناوی دەبەن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار