د. محەمەد کەمال: گەڕیدەیەکی نیشتەجێبوو

لەبارەی کتێبی، ئەفلاتونیزمی نوێ

5 ساڵ لەمەوپێش



هەرێم عوسمان

بزوتنەوەی ئەفلاتونیزمی نوێ بە نووسراوەکانی ئەفلۆتین کە فەیلەسوفێکی یۆنانییە دەستپێدەکات و بە داخستنی فێرگە فەلسەفییەکان بە دەستی ئیمپراتۆر جوستیان لە ساڵی ٥٢٩ز لە یۆنان و سوریا کۆتایی دێت، بەڵام بزوتنەوەکە لە ئەسکەندەرییە تاکو داگیرکردنی ئەو شارە لەلایەن عەرەبە موسڵمانەکانەوە لە ساڵی٦٤٢ بەردەوام بووە. ئامانجی فەلسەفە و ژیانی ئەفلۆتین ئەوەبووە فەلسەفە فێری لاوان بکات و بگاتە راستی، راستیش سەرچاوەی جیهانە؛ ئەفلۆتین ویستوویەتی لەگەڵ ئەم هێزە ببێتەوە یەک، کە لە گوتاری سۆفیگەریدا یەکبوون لەگەڵ خوا(الفناء)ی پێدەوترێت. پۆرفیری خوێندکاری ئەفلۆتین لە ژیاننامەی مامۆستاکەیدا دەڵێ، تا لە ژیاندا بووە چوار جار لەگەڵ خوا یەکی گرتووە.

د.محەمەد کەمال کە نووسەری کتێبی "ئەفلاتونیزمی نوێ"یە، ئەفلۆتین وەک هیگڵ دەبینێت. پێیوایە بەبێ گەڕانەوە بۆ پاشخانی رۆشنبیریی و رێچکە فەلسەفییەکانی پێشی ناکرێت لێی تێبگەین؛ بۆ تێگەیشتنیش لە بۆچوونە فەلسەفییەکانی وەک نیتشەیە کە بیرکردنەوەکانی پەرشوبڵاون و خوێنەر ماندوو دەکەن تا لە سیستمە فەلسەفییەکەی بگەن. بۆیە سەرەتا باسی ژیانی ئەفلۆتین و کاریگەری ئەو فەیلەسوف و رێچکە فەلسەفییانە دەکات لەسەری، بە تایبەتیش ئاوڕ لە ژیان و فەلسەفەی هێرمس [کە لە جیهانی فەلسەفەی ئیسلامیدا هەندێک بە ئیدریسی دادەنێن] دەداتەوە. هێرمس پێیوایە خوا هۆشە و هۆشێکی دیکەی داهێناوە تا فۆرم بە هەبووەکان ببخەشێت، لەبەرئەوە خوا هیچ شتێکی بە نەبوویی نەهێشتۆتەوە وهەموویانی هێناوەتە بوون؛ ئەوەی نییە توانایی بوونی نییە، ئەوەشی هەیە بە سروشت نەبوو نییە. بۆیە پێویستە خوا بە باوک و چاکە ناوزەد بکرێ. خوا لە ژوور هەموو ناوێکەوەیە بۆیە هەموو ناوێکی هەیە؛ هیچ شتێک نیە ئەو نەبێت، ئەوەی هەیە خوایە. لای هێرمس مرۆڤ پێویستی بە رزگارکەر و پێغەمبەر نیە، چونکە لایەنی پیرۆز و خوایەتی هەیە؛ خۆی دەتوانێت بە خوا بگات. دواتر نووسەر باسی کاریگەری رواقییەکان کە باوەڕیان بە یەکێتی خوا و سروشت هەیە، لەسەر ئەفلۆتین دەکات. ئەفلۆتینیش رای وایە کە خوا سەرچاوەی سروشتە، بەڵام یەکبوونیان رەتدەکاتەوە. هاوکات کاریگەری پیتاگۆراس و پیتاگۆراسییە نوێکان بە تایبەت نیومینۆس کە نووسەر بە پیتاگۆراسکراوێکی ئەفلۆتینی دادەنێت، لەسەر ئەفلۆتین روندەکاتەوە، دەشڵێت کە جیاوازی بنەڕەتیان هەیە، ئەفلۆتین بڕوای بە یەک راستەقینە هەیە، بەڵام ئەوان بڕوایان جیاکردنەوەی خوا لە جیهان و ماتەر هەیە. لە کۆتایی بەشی یەکەمدا نووسەر پرسێکی گرنگ سەبارەت بە رەسەنێتی بیرکردنەوەی ئەفلۆتین دەهێنێتەئاراوە کە ئایا توانیویەتی رێچکەیەکی فەلسەفی نوێ جیاواز لە ئەفلاتون بهێنێتەئاراوە، لە کاتێکدا راڤەکارێکی ئەفلاتونیە؟ نووسەر ئەفلۆتین بە "نەریتخوازێکی داهێنەر" دادەنێت، کە پاش حەوت سەدە ئەفلۆتین لەنێو نەریتی ئەفلاتونیدا داهێنەرانە راڤەی فەلسەفەکەی کردووە؛ بەبێ ئەوەی ئەفلاتون لەنێو ئەو راڤەیەدا بناسرێتەوە، ئەمەش کردوێتی بە فەیلەسوفێکی داهێنەر، چونکە ئەفلاتونی رەتکردووە بێ ئەوەی رەتیبداتەوە. بۆ نمونە "چاکەی بەرز" لای ئەفلاتون بەرزترین فۆرمە تەنیا فەیلەسوفی راستەقینە دەیناسێت، بەڵام سەرچاوەی پەیدابوونی ماتەر نیە، هەرچی ئەفلۆتینە پێیوانیە بناسرێت و بڕواشی بە یەکانەکی هەیە تا دوانەکی هەیە.

نووسەری ئەم کتێبە لە بەشەکانی دواتردا بە وردی ئاوڕ لە فەلسەفەی یەکانەکی ئەفلۆتین کە لە سێ نهۆم پێکهاتووە و هاوشوناسی و یەکێتی بە جیاوازییەوە لە هەبووەکانی ئەم سێ نهۆمەدا هەیە، دەداتەوە. بنەما و نهۆمی یەکەم بنەمایە بۆ نهۆمەکانی دیکە و پێشیان دەکەوێت، بۆ نمونە بنەما دووەم کە هۆشەکیە، بنەمای سێیەم کە گیانە لە بنەمای یەکەمەوە رێژەنبوون. کتێبەکە بەشێوەیەکی قوڵ رۆچووەتە نێو فەلسەفەی ئەفلۆتین و لە هەندێک شوێندا لۆجیکییانە دژە ئەفلۆتینییانە گەیشتووە بە هەندێک ئاکامی گرنگ، کە پێموایە خوێندنەوەی ئەم بەرهەمە کۆمەکێکی گرنگ بە خوێنەری کورد لە بواری فەلسەفە و تەنانەت فەلسەفەی رۆژهەڵاتیش دەکات، چونکە لە بەشی کۆتایی کتێبەکەدا کاریگەری فەلسەفەی ئەفلۆتین بەسەر فەلسەفەی ئیسلامی و قوتابخانە فەلسەفییەکانەوە باسدەکات. لێرەدا نامەوێت چیتر گەشتە فەلسەفییەکەی نووسەر بەناو فەلسەفەی ئەفلۆتیندا باسبکەم، کە چەندین چەمک و باسی گرنگ لەبارەی خوا، هۆش، جیهان، فۆرم، گیان و ماتەری هۆشەکی هەمەکی و بەشەکی...هتد، دەکات چونکە کتێبەکە لەبەردەستە و خوێنەر دەتوانێت بیخوێنێتەوە. لە خوارەوە بە کورتی هەوڵدەدەم ناونیشانی وتارەکەم"گەڕیدەیەکی نیشتەجێبوو" روونبکەمەوە.

ناونیشانەکە لە رواڵەتدا لێکدژی تیایە، بەڵام لە قووڵاییدا هەماهەنگ و سازە. گەڕیدە ئەو کەسەیە دەگەڕێت و نیشتەجێ نییە. سەفەرکردن و گەڕۆکبوون لەناو جیهانی فەلسەفەی فەیلەسوفاندا لە کارەکانی د.محەمەد کەمالدا دەبینرێت، ئەو سەفەری بەناو فەلسەفەی: ئەفلاتون، ئەرستۆ، ئەفلۆتین، هیگڵ، سارتەر، هایدیگەر..هتد کردووە، کتێبەکانی بەڵگەی گەڕۆکی ئەم نووسەرەن. بەڵام نیشتەجێبوونەکەی لە چیدایە؟ تێگەیشتنم بۆ نیشتەجێبوون و پاشان گەڕیدەیی ئەم نووسەرە پەیوەستە بە بیرکردنەوەی هایدیگەر بۆ نیشتەجێبوون. نووسەر جیاواز لە دۆخی گەڕیدەیی لەنێو فەلسەفەی فەیلەسوفەکاندا نیشتەجێبووە، بە واتایەکی دیکە کاتێک گەشت و گەڕان بەناو فەلسەفەی هەریەک لەو فەیلەسوفانەدا دەکات هەست ناکەین گەڕیدەیەکی خێرابین و نامۆیە، بەڵکو وەک نیشتەجێبوویەک کە هەست بکات لە ماڵی خۆیدایە لەنێو فەلسەفەی ئەو فەیلەسوفانەدا دەژی. ئەمە باشتر دەردەکەوێت کاتێک لە زمانی ئەم فەلسەفەکارە دەڕوانین کە فەلسەفەی بەجۆرێک هێناوەتە ناو ئەم ماڵەوە، زمانی کوردی کردووە بە پەناگەیەک بۆ ژیانی فەلسەفە، خوێنەر کە بەرهەمەکانی ئەم فەلسەفەکارە دەخوێنێتەوە، هەستناکات ماڵی زمانی کوردی بە جیهانی فەلسەفە نامۆیە. ئەمە وەسف و پیاهەڵدان نییە، بەڵکو پەیوەستە بە ئەزموونی خوێندنەوەم بۆ بەرهەمەکانی نووسەر کە زمان و چەمکسازی لەنێو فەلسەفەی هەریەک لەو فەیلەسوفانەدا ئەنجامداوە. ئەم پسپۆرەی بواری فەلسەفە کە بۆخۆی نیشتەجێبوویەکی نێو فەلسەفەی بوونخوازییە و بە ئاشکرا خۆی بە بوونگەرا دادەنێت، بەڵام کاتێک لەسەر کانت یان ئەفلۆتین دەنووسێت، خوێنەر وا هەستەکات کانت یان ئەفلۆتینییانە بیردەکاتەوە. لەنێو نووسینەکانیدا بە تەواوی لەنێو نیشتمانی فەلسەفەدا دەژی و هەوڵی بونیادنانی زمانێکی فەلسەفی لەناو ماڵی زمانی کوردیدا دەدات. ئەو گەشت لەنێو نیشتمانە فراوانەکەی فەلسەفە دەکات تا چەمکسازی لەنێو ماڵی زمانی کوردیدا ئەنجام بدات.

ئەو بە دوو مانا گەڕیدەیەکی نیشتەجێیە: گەڕانی بەنێو فەلسەفەی فەیلەسوفە جیاوازەکاندا و نیشتەجێبوون تیایاندا کە خوێنەر بە دەگمەن دەبینێت لەنێو تێکستەکانیدا بچێتە دەرەوەی بیرکردنەوە و زمانی فەلسەفی. دووەم، وەک مرۆڤێک کە لەنێو فەلسەفەی بوونخوازیدا دەژی و یەکلابووەتەوە، بەڵام بەردەوامە لە گەشتکردن بۆ بینین، نیشاندان و راڤەکردنی ئاسۆ کۆن و نوێیەکانی فەلسەفە، کە ئەمەش وایکردووە ببێتە یەکێک لە راڤەکەرەکانی جیهانە جیاوازەکانی فەلسەفەی فەیلەسوفان. محەمەد کەمال بە گەشتەکانی لەنێو جیهانی فەلسەفەدا و ژیاندنەوەی ئەم ئەزموونانەی لە نێو زمانی کوردیدا بووەتە یەکێک لە گەڕیدە نیشتەجێبووە چالاکەکانی [لانی کەم] نێو مێژووی بیرکردنەوە لە زمانی کوردیدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار