داعش به‌كارهێنانی‌ منداڵانی فراوانتر كردوه‌

isis-is-tryi

به‌پێی راپۆرتێك سه‌دا 39ی ته‌قینه‌وه‌ی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو له‌ڕێی منداڵی خۆكوژه‌وه‌ بوه‌.

فه‌ریق حه‌بیب

راپۆرتێكی‌ ئه‌مریكی‌ باس له‌وه‌ده‌كات كه‌ژماره‌ی‌ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ له‌ساڵی‌ رابردودا له‌ڕیزه‌كانی‌ داعشدا كوژراون به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی‌ پێشوتردا سێ‌ هێنده‌ زیادی‌ كردوه‌. یه‌كێك له‌ئاماده‌كه‌رانی‌ راپۆرته‌كه‌ش نیگه‌رانی‌ خۆی‌ به‌رانبه‌ر به‌و بابه‌ته‌ ده‌رده‌بڕێت‌و باوه‌ڕیوایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ زیادبونی‌ گوشاره‌كانی‌ سه‌ر داعشدا، ئه‌و رێكخراوه‌ له‌مه‌ودوا به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رفراوانتر منداڵان به‌سه‌رباز ده‌كات.

39%یان له‌ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێلدا به‌كارهێنراون

لێكۆڵه‌رانی‌ زانكۆی‌ ولایه‌تی‌ جۆرجیای‌ ئه‌مه‌ریكا بۆ ماوه‌ی‌ 13 مانگ توێژینه‌وه‌یان له‌سه‌ر راگه‌یاندن‌و پڕوپاگه‌نده‌كانی‌ داعش كردوه‌‌و به‌گوێره‌ی‌ ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ 89 منداڵ كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان 8‌و 18 ساڵدا بووه‌ له‌ناوچه‌كانی‌ جه‌نگدا كوژراون.

هه‌روه‌ك لێكۆڵه‌ران گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ ساڵی‌ پار له‌ڕیزه‌كانی‌ داعشدا به‌شداری‌ جه‌نگه‌كانیان كردووه‌ به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵی‌ 2014دا سێ‌ هێنده‌ زیادی‌ كردوه‌، به‌گوێره‌ی‌ سایتی‌ بی‌ بی‌ سی‌ عه‌ره‌بییه‌.

به‌پێی‌ ئه‌و داتایانه‌ی‌ كه‌ سه‌نته‌ری‌ بنبڕكردنی‌ تیرۆری‌ سه‌ر به‌سوپای‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ویست بۆینت، له‌نێوان كانونی‌ دوه‌می‌ 2015‌و كانونی‌ دوه‌می‌ 2016دا، 3%ی‌ منداڵانی‌ نێو ریزه‌كانی‌ داعش له‌ته‌قاندنه‌وه‌ی‌ ئۆتۆمبێلی‌ بۆمبڕێژكراودا كوژراون‌و 33%شیان له‌جه‌نگه‌كاندا كوژراون.

چارلی‌ وینته‌ر، یه‌كێك له‌ئاماده‌كه‌رانی‌ راپۆرته‌كه‌ ده‌ڵێت “به‌دڵنییاییه‌وه‌ ژماره‌ی‌ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ كوژراون زۆر زیادی‌ كردوه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ ته‌نها ئه‌وانه‌ن كه‌ داعش كوژرانیانی‌ له‌ساڵی‌ رابردودا راگه‌یاندوه‌”.

ناسنامه‌كانیان

هه‌رچه‌نده‌ داعش ناو و ورده‌كاریی‌ له‌سه‌ر پێشینه‌ی‌ ئه‌و منداڵانه‌ رانه‌گه‌یاندوه‌، به‌ڵام لێكۆڵه‌ران توانیویانه‌ ته‌مه‌ن‌و ناسنامه‌كانیان مه‌زه‌نده‌ بكه‌ن.

ئه‌و لێكۆڵه‌رانه‌، باوه‌ڕیانوایه‌ كه‌ 60%ی‌ منداڵه‌كان ته‌مه‌نیان له‌نێوان 12 بۆ 16 ساڵدا بوه‌، 6%یشیان ته‌مه‌نیان له‌نێوان 8 بۆ 12 ساڵدابووه‌.

نزیكه‌ی‌ 18%شیان له‌و هێرشانه‌دا كوژراون كه‌هیچ هیوایه‌كیان تێدا نه‌بووه‌ بۆ رزگاربون، كه‌پیی‌ ده‌وترێت هێرشی‌ نقوم بون، تێیدا ئه‌و منداڵانه‌ ده‌چنه‌ پشته‌وه‌ی‌ هێڵه‌كانی‌ به‌رگری‌ دوژمنه‌كانیان‌و ده‌ستده‌كه‌ن به‌ته‌قه‌كردن تا ده‌كوژرێن.

یه‌كێك له‌بچوكترین خۆكوژ وا پۆلێنكراوه‌ كه‌ ته‌مه‌نه‌كه‌ی‌ له‌نێوان 8 بۆ 12 ساڵدا بوه‌و مانگی‌ رابردوو له‌پارێزگای‌ حه‌له‌ب له‌هێرشێكی‌ خۆكوژیدا كوژرا‌وه‌، داعش گرته‌یه‌كی‌ ڤیدیۆیی‌ له‌سه‌ر بڵاوكردوه‌ته‌وه‌ كه‌تێیدا به‌ر له‌وه‌ی‌ بچێت كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی‌ ئه‌نجام بدات، ده‌ستی‌ باوكی‌ ماچ ده‌كات‌و ماڵئاوایی‌ لێده‌كات.

راپۆرته‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كه‌، تیشك ده‌خاته‌سه‌ر قه‌باره‌ی‌ جموجۆڵ‌و هاتوچۆكردنی‌ منداڵان له‌نێوان عێراق‌و سوریادا، كه‌ڕێكخراوی‌ تیرۆریستی‌ داعش روبه‌رێكی‌ فراوانی‌ ئه‌و سنورانه‌ی‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌.

زیاتر له‌نیوه‌ی‌ منداڵه‌ كوژراوه‌كان له‌عیراقدا كوژران‌و زۆربه‌ی‌ سوری‌ بون، ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌ ده‌رده‌خات كه‌ڕێكخراوی‌ داعش ده‌توانێت منداڵان له‌سوریا مه‌شق پێبكات‌و پاشان له‌عێراقدا بڵاویان بكاته‌وه‌.

كوژراوه‌كانی‌ تر سه‌ر به‌وڵاتانی‌ یه‌مه‌ن‌و سعودیه‌و تونس‌و لیبیا‌و ژماره‌یه‌كی‌ كه‌میشیان خه‌ڵكی‌ وڵاتانی‌ تری‌ وه‌كو به‌ریتانیا‌و فه‌ره‌نسا‌و ئوسترالیا‌و نایجیریان.

شان به‌شانی‌ گه‌وره‌كان به‌كاریانده‌هێنێت

راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات كه‌ڕێكخراوی‌ داعش منداڵان شان به‌شانی‌ گه‌وره‌كان به‌كارده‌هێنێت، له‌بری‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌كرده‌وه‌ی‌ تایبه‌تمه‌نددا به‌كاریان بهێنێت.

چارلی‌ وینته‌ر، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت كه‌ ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ سه‌رسوڕمانه‌ ئه‌وه‌یه‌ منداڵان‌و مێردمنداڵانی‌ داعش، به‌هه‌مان شێوازی‌ گه‌وره‌كان له‌گۆڕه‌پانه‌كانی‌ جه‌نگدا كارده‌كه‌ن.

راشیگه‌یاند “له‌جه‌نگه‌كانی‌ تردا، په‌نابردن بۆ به‌كارهێنانی‌ سه‌ربازانی‌ منداڵ وه‌كو دواكارتی‌ ستراتیژی‌ به‌كارده‌هێندرێت یاخود وه‌كو ئامرازێك بۆ قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی‌ زیانه‌ مرۆییه‌كان له‌جه‌نگه‌كاندا یان بۆ ئه‌و كرده‌وانه‌ به‌كارده‌هێندرێن كه‌ گه‌وره‌كان تێیدا توانای‌ گونجاویان نییه‌، به‌ڵام له‌ڕێكخراوی‌ داعشدا، ئه‌وا به‌كارهێنانی‌ منداڵ به‌هه‌مان ئه‌و شێوازانه‌یه‌ كه‌ گه‌وره‌كانی‌ تێدا به‌كارده‌هێنرێت”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات كه‌ژماره‌ی‌ ئه‌و منداڵانه‌ی‌ داعش له‌جه‌نگه‌دا به‌كاریان ده‌هێنێت مایه‌ی‌ نیگه‌رانییه‌.

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو “ناتوانین جیهانی‌ دوای‌ داعش بهێنینه‌ به‌رچاوی‌ خۆمان، ئه‌گه‌ر بێت‌و به‌وردی‌ بیر له‌چۆنیه‌تی‌ له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی‌ گردبونه‌وه‌ی‌ ئه‌و منداڵانه‌‌و تێكه‌ڵكردنیان به‌ژیانی‌ ئاسایی‌ خه‌ڵك نه‌كه‌ینه‌وه‌”.

باس له‌وه‌شده‌كات كه‌ ” هیچ نمونه‌یه‌كی‌ پێشووی‌ رێكخراوێكی‌ تووندڕه‌وی‌ تووندوتیژی‌ وه‌كو داعش به‌دیناكرێت له‌ ئیستغلالكردنی‌ منداڵان به‌و شێوه‌ فراوانه‌”.

له‌كۆتایشدا، وینته‌ر ده‌ڵێت : ” له‌كاتێكدا گووشاره‌كانی‌ سه‌ر رێكخراوی‌ داعش له‌زیادبووندایه‌، پێشبینی‌ ده‌كه‌م ئه‌و رێكخراوه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رفراوانتر ده‌ست بكات به‌ به‌سه‌ربازكردنی‌ منداڵان”.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *