شەڕی تۆڵە

slide_478578_6542216_free (1)

توركیا پاساوی زیاتر دەدۆزێتەوە بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاواو هەڕەشەی تۆڵەكردنەوەش دەكات.

هاوڵاتی

توركیاو پەكەكە لێدوانەكانیان لەچوارچێوەی شەڕی “تۆڵە” چڕدەكەنەوە، ئەوەش دوابەدوای تەقینەوەكەی ئەنقەرە، كە بیانوی زیاتری بەتوركیادا بۆ فراوانكردنی هێرشەكانی بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان.

تەقینەوەكەی ئەنقەرە لە 17/2 بوەهۆی كوژرانی ٢٨ كەس‌و دوای روداوەكەش پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) جەختیانكردەوە كە ئەوان نازانن كێ لەپشت ئەنجامدانی تەقینەوەكەیە.

بەڵام جەمیل بایك ئەگەری ئەوەی رەتنەكردوە كە كوردە توڕەكان لەباكور كە لەلایەن حكومەتی توركیاوە توڕەكراون ئەو كارەیان دژی حكومەتی توركیا كردبێت وەك تۆڵەیەك.

واشنتۆن پۆست لەڕاپۆرتێكیدا ئاماژە بەوە دەدات كە ئەحمەد داود ئۆغلۆ، سەرۆك وەزیرانی توركیا، دوای رودانی تەقینەوەكە وتی كەكوردانی سوریا ئەو كارەیان ئەنجامداوەو پەكەكەش پەیوەندی بەوەوە هەیە.

ئەوەش لەكاتێكدایە كەسوپای توركیا چەند ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی گەورەی بۆ روبەڕوبونەوەی پەكەكە لەماوەكانی پێشوو ئەنجامداوەو بەسەدانی لێ كوشتون.

رێكخراوەكانی مافی مرۆڤیش لای خۆیانەوە نیگەرانیان دەربڕیوە بەهۆی كوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەلایەن سوپای توركیاوەو ئاوارەكردنی دەیان هەزار كەس.

هاوپەیمانی كوردو عەرەب لەسوریا ئیدانەی تەقینەوەكەیان كرد، كە ئەو گروپەش بەڕابەرایەتی هێزەكانی سوریای دیموكرات لەسوریا شەڕی داعش دەكات.

هەروەها ئەو گروپە وێڕای ئیدانەكردنی كارە تیرۆریستیەكە، داوای لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد كەڕوبەڕوی تیرۆر ببنەوە.

بەڵام داود ئۆغلۆ سورە لەسەر ئەوەی كردەوە خۆكوژیەكە لەلایەن چەكدارانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ەوە ئەنجامدرابێت.

بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی توركیا ئەوەی ئاشكراكردوە كە لەدوای تەقینەوەكە توركیا لەگەڵ باڵیۆزی پێنج وڵاتی ئەندامی نەتەوەیەكگرتوەكان كۆبۆتەوەو باسی هۆكاری تەقینەوەكەی كردوە.

ئەو پێنچ ئەندامەش، بەریتانیاو چین‌و فەرەنساو روسیاو ئەمەریكایە.

سەركردە توركەكان دەڵێن “میلیشیا كوردە سوریەكان”، رۆژی چوارشەممە بەیارمەتی هێزەكانی پەكەكە لەتوركیا ئەو ئۆتۆمبێلەیان هێناوەتە شوێنی روداوەكەو كارەكەیان ئەنجامداوە.

یەپەگە ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوەو دەڵێت ئەو تۆمەتباركردنەی سەرۆك وەزیران تەنها “درۆیە”و دەیەوێت لەڕێگای ئەوەوە هێرشەكانی بۆ سەر كوردەكانی سوریا زیاتر بكات.

بەڵام دواتر هەڵۆكانی ئازادی كوردستان بەرپرسیارێتی خۆیان لەتەقینەوەكەی ئەنقەرە راگەیاندو تەقینەوەكەیان گرتەئەستۆ.

پێشتر سەرۆك وەزیرانی توركیا ئاماژەی بەوەدابوو كە تۆڵە لەیەپەگە دەكەنەوەو تائێستاش بەئەنجامدانی تەقینەوە لەپایتەختی توركیا تۆمەتباریان دەكات.

دەنگی ئەمریكا لای خۆیەوە ئاماژە بۆ روداوەكانی دوای تەقینەوە دەكات دەڵێت ئەمە جەنگی نێوان كوردو توركیا زیاتر دەكات.

ئەردۆغان دەیەوێت لەڕێگای ئەوەوە زیاتر دەستبخاتە ناو كارەكانی سوریا بەمەش پەیوەندی لەگەڵ ئەمەریكا ئاڵۆزتر دەبێت.

ئێستا ئەمەریكا پشتی بەكوردەكان بەستوە تاكو جەنگی داعشیان پێ بكات، ئامانجی توركیاش وەستانی كوردەكانە هەم لەتوركیاو هەم لەسوریا.

ئەردۆغان لەوە دەترسێت كەهاتنی چەكی ئەمەریكاو خۆرئاوا بۆ كوردەكانی سوریا، هەروەها راهێنان كرد بەكوردەكان ببێتەهۆی دروستبونی دەوڵەتێكی كوردی لەسوریا.

“یەكەم دوژمنی ئەنقەرە، رژێمەكەی ئەسەدەو دوەم دوژمن پەیەدەیە”، مەتین گورجان، شیكەرەوەی سەربەخۆی ئاسایش لەئەستەنبول‌و ئەندامی پێشوی سوپای توركیا وای وت.

توركیا هەفتەی رابردو هۆشداری دایە ئەمەریكا كە ئەگەر بێت‌و بەردەوامبێت لەیارمەتی كوردەكان ئەوا “دەریای خوێن”، دروستدەكات ئەو وتەیەی حكومەتی توركیاش تەنها یەك رۆژ دوای كۆبونەوەی بەپەلەی باڵیۆزی ئەمەریكا هات لەتوركیا لەگەڵ چەند بەرپرسێكی ئەو وڵاتە.

ئەمەریكا هێشتا خۆی دورخستوە لە ناساندنی كوردەكانی سوریا بەگروپێكی تیرۆریستی‌و توركیاش بەمە نیگەرانە.

“ئێمە لەنیگەرانی توركیا تێدەگەین دەربارەی هەندێك گروپی كوردی‌و ئێمە بەردەوام دەبین لەگفتوگۆ لەگەڵیان چونكە ئێمە بەیارمەتیەكانیان دەزانین”، جۆن كریبی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا وادەڵێت.

راستەوخۆ دوای تەقینەوەكەی ئەنقەرە، ئەمەریكا هاوخەمی خۆی بۆ توركیا دەربڕی‌و بەڵێنی زیاتركردنی شەڕی تیرۆری لەناوچەكەدا.

ململانێی نێوان توركیاو ئەمەریكا لەكاتێكدایە كەسوپای رژێم لەحەلەب زیاتر دەسەڵاتدار دەبێت، بەڵام پێشڕەوی كوردەكان توركیای نیگەران كردوە.

هەندێك لەسەركردە كوردەكان پێیانوایە كە تۆمەت خستنەپاڵ كوردەكانی سوریا بۆ تەقینەوەكەی ئەنقەرە تەنها رێگایەكە كە توركیا دەیەوێت بەهۆیەوە زیاتر هێرشبكاتە سەر كوردەكان‌و لەپێشڕەویەكانیان بیان وەستێنێت.

رۆژنامەكانی توركیا قسەی جیاواز دەكەن لەسەر خۆكوژەكە.

رۆژنامەی یەنی شەفەق، ئاشكرای كرد كە ئەو كەسەی خۆی تەقاندۆتەوە پێشتر وەك پەنابەر لەتوركیا وەرگیراوە.

بەڵام رۆژنامەی سەر بە حكومەتی توركیا (سەباح) نوسیبوی كە ئەو كەسەی كارەكەی ئەنجامداوە سەر بەپارتی كرێكارانی كوردستانەو سەرۆك كۆماری توركیاش هەمان لێدوانی لەسەر ئەنجامدەرانی هێرشە تیرۆریستیەكەدا.

بەڵام تاكو ئێستا حكومەت بەفەرمی ئەمانەی پشتڕاست نەكردۆتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *