ئەو ئەفسەرەی هاتوچۆ كە رەخنەی گرتبە دەستبەسەركراوی رەوانەی سلێمانی كراوە

12736146_1045822972151983_721299241_n

دانا رەزگەیی

ئەفسەرێكی هاتوچۆی ئیدارەی راپەڕین، بەدەستبەسەركراوی رەوانەی سلێمانی كراوە‌و بەفەرمانی وەزارەتی ناوخۆ لیژنەی لەسەر پێكهێنراوە، بۆ ئەوەی بەیاسای سەربازی لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا بكرێت، لەبەرانبەر ئەو رەخنانەی لەچوارچێوەی ناڕەزاییەكاندا دەریبڕیووە.

فەرامۆش مەلا نەجم، ئەفسەری ملازمی یەك لەبەرێوەبەرایەتی هاتۆچۆی راپەڕین، لەكاتی گردبونەوەكان دژی سیستەمی نوێی موچە لەهەرێمی كوردستان، رەخنەی لەیەكێتی‌و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت گرت لەپشكی ئەو حزبە‌و بە”كۆیلە” ناویبردن، هاوكات داوای دابەزینی گەریلای كرد بۆ ناو هەرێم بۆ “دەستپێكردنی راپەڕین”.

هەرچەندە دوای ئەو رەخنانەی هەواڵی بێسەروشوێنبوونی بڵاوكرایەوە، بەڵام دواتر دەركەوێت بەفەرمانی وەزارەتی ناوخۆ دەستبەسەر كراوە، لەئێستاشدا رەوانەی سلێمانی كراوە بۆ لێكۆڵینەوە.

عەبدوڵا میر ئەحمەد، بەرێوەبەری پۆلیسی هاتوچۆی راپەڕین بۆ هاوڵاتی رونكردەوە، كاتێك فەرمان لەوەزارەتی ناوخۆوە هاتووە ئەفسەرەكەیان ئاگاداركردۆتەوە، بەڵام ئەو وتویەتی ناڕوات بۆ هەولێر‌و دەچێت بۆ سلێمانی.

وتیشی “كاتێك رۆیشتوە لیژنەیەكی لەسەر پێكهاتوە لەوەزارەتی ناوخۆ بەبڕیاری وەزیر، ئەوەش فەرمانە دەبێت جێبەجێبكرێت، بەپێی یاسای سەربازی ئەو لیژنەیە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكات، بەڵام جارێ تەوقیفكراوە‌و ئاگادارنیم لەوەی چ بڕیارێكی لەسەر دەدرێت”.

رەخنەكانی ئەو ئەفسەرە، لەچوارچێوەی ناڕەزاییەكاندا بوو دژی كەمكردنەوەی موچە لەژێر ناوی پەشەكەوتكردندا بەرێژەی لەسەدا 15 بۆ 75، كە ئەوەش روبەروی رەتكردنەوەی توندی فەرمانبەران بۆوە.

مستەفا نەجم، برای ملازم فەرامۆش لەبری خانەوادەكەی بەهاوڵاتی وت “ناتوانین هیچ قسەیەك لەسەر ئەو دۆسیەیە بكەین تاوەكو بزانین دەگات بەكوێ”.

بەوتەی هاوڕێكانی لەبەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی راپەڕین، فەرامۆش لەسەر رەخنەكانی چەند جارێك سزادراوە‌و بۆ شوێنی تر گواستراوەتەوە لەرابردوشدا.

هادی خدر مەحمود، پۆلیسی هاتوچۆ‌و هاوڕێی ملازم فەرامۆش لەشاری رانیە بەهاوڵاتی وت “فەرامۆش تەنیا نیە، بەڵكو بەشی زۆری پۆلیس‌و هاوڵاتیانی شاری لەگەڵدایە، ئەو تەنیا قسەی نەكردوە‌و ئێمەش هەمان قسەی ئەومان كردوە لەگەڵ ئەوداین”.

وتیشی “دەستبەسەركردنەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە لەگەڵ لایەنی دەسەڵات نیە‌و جاری تریش سزادراوە‌و گواستراوەتەوە بۆ شوێنی تر، چاوەڕێی بڕیاری وەزارەتین بزانین بەكوێ‌ دەگات ئەگینا هەر ئاوا بێدەنگ دانانیشین”.

سەرەتای ئەم مانگە، لەپاڵ مانگرتنی چەند مانگەی مامۆستایان‌و بەشێكی زۆر لەفەرمانبەران بەتایبەتی لەپارێزگاكانی سلێمانی‌و هەڵەبجە، كارمەندانی بەرێوەبەرایەتیەكانی هاتوچۆ‌و هێزەكانی پۆلیسیش چەند رۆژێك دژی سیستەمی نوێی موچە ناڕەزاییان دەربڕی، دوای بەڵێنی پێداچونەوە بەموچەكانیاندا چونە دەوام.

لیوا رزگار عەلی، بەرێوەبەری گشتی پۆلیسی هاتوچۆی هەرێم بۆ هاوڵاتی رونكردەوە، ئەو لیژنەیە بەفەرمانی وەزیری ناوخۆ پێكهێنراوە، ئەو قسەی لەسەر حكومەت‌و كەسایەتی كردوە، وتیشی “ئەو لیژنەیە مافی هەموو بڕیارێكی هەیە، كارمەندی سەربازی دەبێت پابەندبێت بەو یاساو قانونانەی كە وەزارەتی ناوخۆ هەیەتی”.

سیستەمی نوێی موچە، ئەو ناڕەزاییانەی فراوانتر كرد كە لەساڵی 2014وە ناوبەناو بەردەوامی هەیە، ئەوەش بەهۆی دواكەوتنی موچە لەوادەی خۆیدا لەئەنجامی ئەو قەیرانە داراییەی زیاتر لەدوو ساڵە روبەڕوی هەرێمی كوردستان بۆتەوە.

تائێستاش لەسەر مانگرتن‌و ناڕەزایەتیەكان، چەندین كەس بەشێوازی جیاجیا روبەڕوی هەڕەشە‌و هێرش‌و لێدان بۆتەوە، بەتایبەتی لەشاری هەولێر.

ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان، ئاگاداری كەیسەكەی فەرامۆش مەلا نەجمن‌و چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوە دەكەن.

شێركۆ حەمە ئەمین، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان بەهاوڵاتی وت “ئەو ئەفسەرە لەسەر ناعەدالەتی‌و نەبونی پارە قسەی كردوە، مافی دەبێت بپارێزرێت‌و حكومەت لەژیانی ئەو بەرپرسە، چاوەڕێ دەكەین بزانین دۆسیەكە دەگات‌و چاودێری دۆسیەكەی دەكەین”.

2 thoughts on “ئەو ئەفسەرەی هاتوچۆ كە رەخنەی گرتبە دەستبەسەركراوی رەوانەی سلێمانی كراوە

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *