حه‌شد داوای‌ هێزی‌ زیاتر ده‌كات بۆ كه‌ركوك

hashd

ده‌یانه‌وێت به‌غدا چه‌كداری‌ زیاتر ره‌وانه‌ بكات بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ به‌شیرو حه‌ویجه‌ كه‌ هێشتا واده‌كه‌ی‌ نادیاره‌.

زانیار داقوقی‌

واده‌ی‌ ده‌ستپێكردنی‌ هێرشه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ گوندی‌ به‌شیری‌ توركمانی‌‌و قه‌زای‌ حه‌ویجه‌ له‌سنوری‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك نادیاره‌، به‌رپرسانی‌ ئه‌و گروپه‌ شیعییه‌ش ئه‌و هێزه‌ به‌كه‌م داده‌نێن كه‌ به‌غدا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ره‌وانه‌ی كردوه‌.

ماوه‌ی‌ چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه‌، عێراق هێزێكی‌ گه‌وره‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ گوندی‌ به‌شیر ره‌وانه‌ی‌ سنوری‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك كردوه‌و له‌ناحیه‌ی‌ تازه‌خورماتوو جێگیركراون.

عه‌دنان خورشید، فه‌رمانده‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ توركمانی‌ له‌باشوری‌ كه‌ركوك، به‌هاولاَتی‌ وت “به‌غدا هێزو كه‌ره‌سته‌ی‌ زۆری‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ گوندی‌ به‌شیر ره‌وانه‌ی‌ ناوچه‌كه‌ كردوه‌”.

گوندی‌ به‌شیر، به‌دوری‌ 15كم ده‌كه‌وێته‌ باشوری‌ كه‌ركوك‌و سه‌ر به‌ناحیه‌ی‌ تازه‌یه‌، له‌مانگی‌ شه‌شی‌ ساڵی‌ 2014ه‌وه‌ كه‌وتۆته‌ ده‌ست داعش‌و دانیشتوانه‌كه‌ی‌ هه‌ڵهاتون كه‌ نزیكه‌ی‌ هه‌زار خێزانن، به‌شێكی‌ زۆریان ئێستا له‌نێو ڕیزی‌ چه‌كدارانی‌ حه‌شدا چه‌كیانهه‌ڵگرتوه‌و به‌شێكی‌ دیكه‌شیان له‌كه‌ركوك نیشته‌جێن.

عه‌دنان خورشید وتی‌ “پلانی‌ ئه‌مجاره‌ له‌گه‌ڵ گوندی‌ به‌شیر ناوچه‌ عه‌ره‌بیه‌كانیش ده‌گرێته‌وه‌ تاكو حه‌ویجه‌، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ به‌هاوبه‌شی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت، به‌لاَم تائێستا به‌غداو هه‌ولێر بڕیاری‌ كۆتاییان نه‌داوه‌ بۆ دیاریكردنی‌ كاتی‌ ده‌ستپێكردنی‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌”.

قه‌زای‌ حه‌ویجه‌، له‌مانگی‌ شه‌شی‌ ساڵی‌ رابردودا له‌چه‌ند ناحیه‌یه‌كی‌ سه‌ر به‌پارێزگای‌ كه‌ركوك كه‌وته‌ ده‌ست داعش، دوای‌ كه‌وتنی‌ سوپای‌ عێراق، له‌وكاته‌شه‌وه‌ تائێستا مۆڵگه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ چه‌كدارانی‌ رێكخراوه‌كه‌یه‌.

فه‌رمانده‌كه‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌كه‌ركوك ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا، ئه‌و هێزه‌ی‌ به‌غدا ره‌وانه‌ی‌ كردوه‌ بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی‌ به‌شیرو حه‌ویجه‌ كه‌مه‌، چونكه‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ به‌ئۆپه‌راسوێنی‌ گه‌وره‌ ناوده‌برێت‌و كۆتا هێرشه‌، ده‌بێت ئه‌مجاره‌یان به‌شیر‌و ناوچه‌كانی‌ حه‌ویجه‌ كۆنتڕۆڵبكرێنه‌وه‌.

ژماره‌ی هێزه‌كه‌ی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ كه‌ له‌تازه‌خورماتوو جێگیركراون چوار هه‌زار چه‌كداره‌‌و به‌شێكیان خه‌ڵكی‌ ناوچه‌كه‌ن كه‌ چه‌كیان هه‌ڵگرتووه‌، به‌شێكیشیان خۆبه‌خشانه‌ چونه‌ته‌ ڕیزی‌ حه‌شده‌وه‌، ئه‌وه‌ش به‌وته‌ی‌ جه‌وده‌ت عه‌ساف وته‌بێژی‌ هێزه‌كانی‌ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ له‌سنوری‌ كه‌ركوك كه‌ پێشتر بۆ هاوڵاتی‌ ئاشكرایكردبوو.

تائێستا هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ بڕیاری نه‌داوه‌ له‌گه‌ڵ حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌شداری‌ له‌رزگاركردنه‌وه‌ی‌ گوندی‌ به‌شیر بكات له‌سنوری‌ كه‌ركوك، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌و هێزه‌ هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌و ئاگاداری‌ جموجۆڵه‌كانی‌ یه‌كترن.

لیوا محه‌مه‌د قادر، فه‌رمانده‌ی‌ میحوه‌ری‌ چواری‌ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌داقوق كه‌ سنوره‌كه‌ی‌ ئه‌و حه‌شدی‌ تێدا جێگره‌، پێشتر بۆ هاوڵاتی‌ جه‌ختیكردبۆوه‌، حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ نابێته‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌سنوری‌ تازه‌خورماتوو، ئه‌وان به‌وردی‌ ئاگاداری‌ جموجۆڵه‌كانی‌ چه‌كدارانی‌ حه‌شدن كه‌ تازه‌ هاتونه‌ته‌ سنوری‌ كه‌ركوك.