سه‌ره‌ڕای ترس ده‌كشێته‌وه‌

Russian_Federation

روسیا بڕیاریداوه‌ كۆتایی بهێنێت به‌ئۆپه‌راسیۆنه‌ ئه‌منی‌و هه‌واڵگیرییه‌ هاوبه‌شه‌كانی له‌ئه‌فغانستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا.

ره‌نێو ره‌زا

سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌ زۆره‌ مێژوییه‌كانی نێوان روسیاو ئه‌مه‌ریكاو نمونه‌ی زۆری ئه‌و ململانێ نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی كه‌تێیدا دوو وڵاته‌كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان پێچه‌وانه‌یه‌، به‌ڵام له‌پرسی ئه‌فغانستاندا به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شیان دۆزیوه‌ته‌وه‌و هاوكاری یه‌كتریان كردوه‌ له‌وڵاته‌كه‌. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ به‌ره‌و كۆتایی ده‌چێت.

سه‌ره‌ڕای جیاوازیه‌ گه‌وره‌كانی دوو وڵاته‌كه‌ له‌سه‌ر پرسه‌كانی ئۆكرانیاو سوریاو گرژیه‌كانی نێوانیان به‌هۆی ئه‌و دوو ململانێییه‌، روسیاو ئه‌مه‌ریكا له‌ئه‌فغانستان هاوكاری یه‌كتریان كردوه‌ له‌ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژه‌ ماده‌ سركه‌ڕه‌كان‌و له‌پارێزگاریكردن له‌هێڵه‌كانی گه‌یاندنی كه‌ره‌سته‌ سه‌ربازیه‌كانی هه‌ردوو وڵات له‌ئه‌فغانستان.

به‌ڵام سه‌ره‌ڕای سه‌ركه‌وتویی ئه‌و ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شانه‌، له‌ئێستادا روسیا سه‌رقاڵی بڕینی گشت په‌یوه‌ندییه‌كان‌و كۆتایی هێنانه‌ به‌گشت ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكاو حكومه‌تی ئه‌فغانیش كه‌ ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتی ده‌كات.

زه‌میر كابولۆڤ، نێردراوی تایبه‌تی سه‌رۆكی روسیا ڤلادیمیر پوتین، به‌میدیای حكومه‌ی روسی راگه‌یاندوه‌ كه‌ سه‌ره‌تای ئه‌م مانگه‌ كه‌ئه‌وان هیچ به‌شدارییه‌ك ناكه‌ن له‌دانوستانه‌كانی نێوان تالیبان‌و حكومه‌تی ئه‌فغانی، كه‌ ئه‌و دانوستانانه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی چین‌و پاكستان‌و ئه‌مه‌ریكاوه‌ پشتگیری ده‌كرێن.

كابولۆڤ ئه‌و دانوستانانه‌و ستراتیجی ئه‌مه‌ریكای به‌گشت له‌ئه‌فغانستان بۆ ئه‌و قۆناغه‌ به‌ “بێسود” له‌قه‌ڵه‌مداو راشیگه‌یاند كه‌ئه‌وان به‌ڕونی به‌ئه‌مه‌ریكیه‌كانیان وتوه‌ هیچ به‌شداریه‌كیان نابێت له‌و هه‌نگاوانه‌ی ئه‌مه‌ریكادا.

پێشیوایه‌ كه‌ ستراتیژی ئه‌مه‌ریكا له‌ئه‌فغانستان به‌شێوه‌یه‌كی “سه‌رپێی” داده‌ڕێژرێت‌و به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكیش ته‌نها مه‌به‌ستیان له‌و ستراتیجانه‌ بردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانداو وڵاته‌كانی دیكه‌ش وه‌كو بوكه‌ڵه‌ بۆ ئه‌و مه‌رامه‌ به‌كارده‌هێنن.

حكومه‌تی پوتین له‌ئێستادا بڕیاری داوه‌ به‌ته‌نها مامه‌ڵه‌ بكات له‌گه‌ڵ هه‌ڕه‌شه‌ ئه‌منیه‌كانی ناوخۆی ئه‌فغانستان، به‌تایبه‌تی گروپه‌ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كانی دیكه‌ جگه‌ له‌تالیبان وه‌ك ده‌وڵه‌تی ئیسلامی كه‌ له‌ئه‌فغانستاندا له‌گه‌شه‌دان.

روسیا سه‌رقاڵی زیاتر تۆكمه‌كردن‌و پڕچه‌ككردنی گه‌وره‌ترین بنكه‌ی سه‌ربازی خۆیه‌تی له‌ده‌ره‌وه‌ی روسیا، كه‌ده‌كه‌وێته‌ وڵاتی تاجیكستان‌و له‌گه‌ڵ سه‌ربازانی تاجیكیدا چه‌ندین مه‌شقی سه‌ربازییان ئه‌نجامداوه‌و روسیا ١.٢ ملیار دۆلاری بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ته‌رخانكردوه‌.

كابولۆڤ هه‌روه‌ها ئاشكرایكرد كه‌ڕوسیا له‌ئێستادا له‌هه‌ماهه‌نگیدان له‌گه‌ڵ تالیبان بۆ وه‌رگرتنی زانیاری له‌سه‌ر گروپه‌ چه‌كداره‌ ئیسلامییه‌كانی دیكه‌. تالیبان نكۆڵی ده‌كات له‌هه‌بونی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌.

به‌رپرسێكی ئه‌فغانی كه‌نه‌یویست ناوی خۆی ئاشكرابكات، به‌نیویۆرك تایمزی راگه‌یاند “ئێمه‌ ناتوانین له‌گه‌ڵ روسییه‌كان بگه‌ینه‌ ئه‌نجام یاخود رێكه‌وتن، هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وان تادێت زیاتر وه‌ك كه‌ره‌سته‌یه‌ك سه‌یرمان ده‌كه‌ن له‌گه‌مه‌یه‌كی گه‌وره‌تردا له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا”.

زۆرێك له‌چاودێران ده‌ڵێن گه‌وره‌ترین ترسی روسیه‌كان له‌ئه‌فغانستان تالیبان نییه‌، به‌ڵكو ئه‌و گروپه‌ توندڕه‌وانه‌یه‌ كه‌ له‌وڵاتانی ئاسیای ناوه‌ڕاسته‌وه‌ كه‌ دراوسێی روسیان، وه‌ك ئۆزباكستان‌و تاجیكستان، دزه‌ ده‌كه‌نه‌ نێو ئه‌فغانستان‌و روسیا ده‌ترسێت ئه‌و گروپانه‌ ئه‌فغانستان وه‌ك مۆڵگه‌یه‌ك به‌كاربهێنن‌و له‌وێوه‌ هێرش بۆ سه‌ر سنوره‌كانی روسیا رێكبخه‌ن.

دیارترین ئه‌و گروپانه‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی ئۆزباكستانه‌، كه‌ چه‌ندین لقی ئه‌و گروپه‌ چونه‌ته‌ نێو ریزه‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌و له‌ئه‌فغانستاندا بونێكی دیاریان هه‌یه‌.

به‌رپرسانی ئه‌فغانی ده‌ڵێن چه‌نده‌ها گروپ هه‌روه‌ها له‌تاجیكستان‌و چیچانه‌وه‌ چونه‌ته‌ نێو ئه‌فغانستانه‌وه‌.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *