یاساى هه‌ڵبژاردن ناکۆکیى گه‌وره‌ی لێدەکەوێتەوە

7 months ago



هاوڵاتی

په‌رله‌مانى عێراق له‌هه‌وڵدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌زووترین کاتدا پڕۆژه‌یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کان تێپه‌ڕێنێت، له‌ناو ناکۆکى قوڵى فراکسیۆنه‌کاندا له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه‌، که‌چاره‌نووسه‌که‌ى به‌نادیارى هێشتووه‌ته‌وه‌.

پڕۆژه‌یاساى هه‌موارى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کانى په‌رله‌مانى عێراق، مانگى رابردوو یه‌که‌مجار له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تى کۆماره‌وه‌ ئاماده‌کراو راده‌ستى سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران کرا، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌ستکارى زۆربه‌ى بڕگه‌کانى پڕۆژه‌که‌ى کردو پاشان ناردیه‌ په‌رله‌مان.

له‌پڕۆژه‌که‌ى سه‌رۆکایه‌تى کۆماردا پشتبه‌سترابوو به‌لیستى تاکه‌که‌سى بۆ ئه‌وه‌ى هیچ کاندیدێک ئه‌گه‌ر ده‌نگى زۆریشى هێنا، ته‌نها خۆى بچێته‌ په‌رله‌مان و که‌سى دیکه‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا نه‌بات، به‌ڵام له‌پڕۆژه‌که‌ى حکومه‌تدا ئه‌وه‌ هه‌موارکراوه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌پڕۆژه‌که‌دا هه‌موو قه‌زایه‌ک کرابووه‌ بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن، به‌ڵام له‌پرۆژه‌که‌ى حکومه‌تدا ئه‌وه‌ گۆڕدراوه‌و ته‌نها پارێزگاکان وه‌کو بازنه‌ى هه‌ڵبژاردن هێڵراونه‌ته‌وه‌.

رێبوار که‌ریم مه‌حمود ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق به‌  هاوڵاتی راگه‌یاند «پڕۆژه‌که‌ ناکۆکى گه‌وره‌و مشتومڕى زۆرى له‌سه‌ره‌، بۆیه‌ ئاسان نییه‌ له‌په‌رله‌مان تێپه‌ڕێت به‌تایبه‌ت له‌م هه‌فته‌یه‌دا که‌باس له‌تێپه‌ڕاندنى ده‌کرێت».

روونیشیکرده‌وه‌، دیارترین ناکۆکییه‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ن که‌ لیستى هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌ى تاکه‌که‌سى بێت یان لیست، یاخود به‌شێوه‌ى نیوه‌ به‌نیوه‌ بێت، ناوچه‌کانى عێراق چۆن به‌سه‌ر بازنه‌ى هه‌ڵبژاردندا دابه‌شبکرێن.

به‌شێک له‌ناکۆکییه‌کان سیاسیین و به‌شێکى دیکه‌شیان ته‌کنیکین، بۆیه‌ ره‌نگه‌ په‌سه‌ندکردنى پرۆژه‌که‌ بکه‌وێته‌ هه‌فته‌ى داهاتوو

به‌وته‌ى ئه‌و په‌له‌مانتاره‌، به‌شێک له‌ناکۆکییه‌کان سیاسیین و به‌شێکى دیکه‌شیان ته‌کنیکین، بۆیه‌ ره‌نگه‌ په‌سه‌ندکردنى پرۆژه‌که‌ بکه‌وێته‌ هه‌فته‌ى داهاتوو.

له‌باره‌ى بۆچوونى فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کانه‌وه‌، رێبوار که‌ریم باسى له‌وه‌کرد، کورد له‌باره‌ى پڕۆژه‌که‌وه‌ یه‌کده‌نگ نییه‌و هه‌ر فراکسیۆنه‌و بۆچوون و هه‌ڵوێستى تایبه‌تى هه‌یه‌ له‌باره‌یه‌وه‌.

ئامانج له‌هه‌موارکردنى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کان ئه‌وه‌یه‌ که‌ «سیسته‌مێکى دادپه‌روه‌رانه‌« بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان بهێنرێته‌ ئاراوه‌و کۆتایی به‌قۆرخکاریی حزبه‌ گه‌وره‌کان بهێنرێت که‌ به‌شێکى ده‌گه‌ڕێنرێته‌وه‌ بۆ ئه‌و سیسته‌مانه‌ى که‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا په‌یڕه‌و کراوه‌.

دوایین هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان له‌عێراق که‌ له‌ئایارى ساڵى رابردوودا به‌ڕێوه‌چوو، گرفته‌کانى سیسته‌مه‌که‌ى زیاتر ده‌رخست، به‌وپێیه‌ى زۆرترین تۆمه‌تى ساخته‌کاریی له‌لایه‌ن به‌شێک له‌لایه‌نه‌کانه‌وه‌ ئاڕاسته‌ى یه‌کترى کرا، حزبه‌ بچووکه‌کانیش ره‌خنه‌ی ئه‌وه‌یان گرت که‌یاساکه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى حزبه‌ گه‌وره‌کاندایه‌.

تائێستا دیار نییه‌ هه‌موارى ئه‌مجاره‌ى یاساى هه‌ڵبژاردن کۆتایی به‌و کێشه‌و گرفتانه‌ى پێشووى هه‌ڵبژاردنه‌کانى عێراق ده‌هێنێت یاخود نا، به‌تایبه‌ت که‌ فراکسیۆنه‌کان بۆچوونى جیاجیایان هه‌یه‌ له‌باره‌ى پڕۆژه‌که‌وه‌.

مه‌یاده‌ نه‌جاڕ ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌فراکسیۆنى پارتى بۆ  هاوڵاتی باسى له‌وه‌کرد، هه‌وڵى زۆر هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى فراکسیۆنه‌کان له‌سه‌ر پڕۆژه‌که‌ رێکبکه‌ون، به‌ڵام به‌هۆى ناکۆکییه‌کانه‌وه‌ تائێستا نه‌گه‌یشتوون به‌ڕێککه‌وتن، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ کۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مان له‌و باره‌یه‌وه‌ بۆ کاتێکى نادیار دواخراوه‌.

وتیشى «ئێمه‌ تێبینى زۆرمان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساکه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام زۆربه‌ى داخوازییه‌کانى کورد له‌پڕۆژه‌که‌ جێگه‌ى نه‌کراوه‌ته‌وه‌، ده‌مانه‌وێت مافه‌کانى هه‌رێم له‌و پڕۆژه‌یه‌ پێشێل نه‌کرێت و مافه‌کانمان مسۆگه‌ر بکه‌ین».

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ هه‌رچه‌نده‌ باسى له‌وه‌کرد که‌فراکسیۆنه‌ کوردستانییه‌کان له‌و باره‌یه‌وه‌ یه‌کده‌نگ نین سه‌ره‌ڕاى تێبینییه‌کانیان له‌و  باره‌یه‌وه‌، به‌ڵام وتى ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌که‌ به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا تێپه‌ڕێنرێت تا راده‌یه‌ک هاوڕان له‌گه‌ڵ فراکسیۆنى یه‌کێتى که‌ده‌نگى پێنه‌ده‌ن.

به‌پێی پڕۆژه‌یاساى هه‌موارى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کان، ژماره‌ى کورسییه‌کانى په‌رله‌مان له‌ (329) کورسییه‌وه‌ بۆ (251) کورسی که‌مده‌کرێته‌وه‌، که‌ (242) کورسییان گشتییه‌و ئه‌وه‌ى دیکه‌ بۆ پێکهاته‌کانى دیکه‌یه‌.

هه‌روه‌ها سیسته‌مى هه‌ڵبژاردنى نیوه‌ به‌نیوه‌ په‌یڕه‌وده‌کرێت بۆ دابه‌شکردنى کورسییه‌کان به‌شێوه‌یه‌ک، له‌سه‌دا په‌نجاى کورسییه‌کان بۆ لیستى تاکه‌که‌سى و ئه‌وه‌ى دیکه‌یان بۆ لیست ده‌بێت.

هه‌ربه‌پێی پڕۆژه‌که‌، سه‌رۆک کۆمارو سه‌رۆک وه‌زیران و به‌رپرسە باڵاکانى دیکه‌، تابه‌ڕێوه‌به‌رى گشتى، ئه‌ندامانى هێزه‌ چه‌کدارو ئه‌منییه‌کان، فه‌رمانبه‌رانى کۆمسیۆن، بۆیان نییه‌ خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان کاندید بکه‌ن.

سه‌رۆکایه‌تى و فراکسیۆنه‌کانى په‌رله‌مان له‌چه‌ند رۆژى رابردوودا زنجیره‌یه‌ک کۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا به‌مه‌به‌ستى گه‌یشتن به‌ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر پڕۆژه‌که‌، پێش ئه‌وه‌ى له‌کۆوبونه‌وه‌ى په‌رله‌مان خوێندنه‌وه‌ى بۆ بکرێت، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتوون به‌ رێککه‌وتن.

محه‌مه‌د حه‌لبوسى سه‌رۆکى په‌رله‌مانى عێراق دوێنێ سێشه‌ممه‌ له‌کۆوبونه‌وه‌یه‌کدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆکى فراکسیۆنه‌کان تاووتوێی یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کانى کرد بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ن به‌ڕێککه‌وتن له‌و باره‌یه‌وه‌.

به‌پێی به‌یاننامه‌یه‌کى سه‌رۆکایه‌تى په‌رله‌مان، حه‌لبوسى له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا وتوویه‌تى «پێویسته‌ فراکسیۆنه‌کان بگه‌ن به‌ڕێککه‌وتن له‌سه‌ر پڕۆژه‌که‌، که‌ له‌ئاست خواسته‌کانى گه‌لى عێراقدا بێت، متمانه‌ بۆ ده‌نگده‌ر بگه‌ڕێنێته‌وه‌و هه‌ڵبژاردنێکى پاک رێکبخرێت».

له‌کۆبوونه‌وه‌که‌دا سه‌رجه‌م بیروبۆچوونه‌کان له‌باره‌ى پڕۆژه‌که‌وه‌ خراونه‌ته‌ڕوو، جه‌ختیشکراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنى به‌زووترین کات، به‌شێوه‌یه‌ک که‌هه‌موو هاوڵاتیانى عێراق مافى یه‌کسانییان بۆ بڕه‌خسێنرێت له‌خۆکاندیدکردنیان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان.

هه‌وڵه‌کانى په‌رله‌مان بۆ تێپه‌ڕاندنى هه‌موارى یاساى هه‌ڵبژاردنه‌کان هاوکاته‌ له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامى خۆپیشاندانه‌کانى عێراق، که‌یه‌کێک له‌داواکارییه‌کان گره‌نتى به‌دیهێنانى سیسته‌مێکى دادپه‌روه‌رى هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ عێراق.

د.ته‌ها حه‌مه‌د ئه‌مین ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌فراکسیۆنى یه‌کێتى پێیوایه‌، زۆربه‌ى کوتله‌کان له‌ناویاندا کوتله‌ کوردستانییه‌کان تێبینى زۆریان له‌سه‌ر پڕۆژه‌که‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌وڵدراوه‌ تێبینى زۆربه‌ى لایه‌نه‌کان جێگه‌ى بکرێته‌وه‌.

وتیشى تاڕاده‌یه‌ک کوتله‌ کوردستانییه‌کان له‌باره‌ى پڕۆژه‌که‌وه‌ یه‌کده‌نگن، بۆ ئه‌وه‌ى مافه‌کانى کورد له‌پڕۆژه‌که‌ جێگیربکرێت، به‌هۆى دۆخى ئێستاى عێراقیه‌وه‌ دیارنییه‌ چاره‌نووسى پڕۆژه‌که‌ 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار