كه‌ركوك هه‌نگاوی نوێ بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی كۆرۆنا ده‌گرێته‌به‌ر

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی - کەرکوک

ئەمڕۆ شانەی قەیرانەکانی کەرکوک کۆبووەوەو کۆمەڵێک بڕیاری لەبارەی دۆخی ئێستای شارەکەو هەنگاوەکانی رووبەڕوونەوەی کۆرۆناوە دا.

کۆبوونەوەکەی بەسەرۆکایەتی راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک و ئامادەبوونی پێنج ئەندام پەرلەمانی عێراق و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک و جێگرانی پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و ژووری بازرگانی کەرکوک و ئەندامانی شانەی قەیرانەکان بەڕێوەچوو.

دلێر شوانی ئەندامی شانەی قەیرانەکانی کەرکوک بەهاوڵاتی راگەیاند "لەکۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک بڕیاری گرنگ دەرکران لەبارەی هەنگاوەکانی رووبەڕوونەوەی کۆرۆناو ئاسانکاریکردن بۆ هاوڵاتیان".

بەوتەی ناوبراو بڕیاردراوە بە درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ تاکو ۱۱ی نیسانی 2020 و کەمکردنەوەی نرخی مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ 3000 دینار بۆ هەر ئەمپێرێک، وتیشی "هەر مۆلیدەیەکی ئەهلی پێویستە پارەی مانگی نیسان لە 10 خێزانی کەمدەرامەت وەرنەگرێت".

جەختی لەوەش کردەوە کە لیژنەیەک پێکهاتووە بۆ پێداچوونەوەی نرخی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت و دیاریکردنی نرخی نوێ.

هاوکات وتیشی "ئەو نوسینگانەی پەیوەستن بە راکێشانی پارە رۆژانە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر دەکرێنەوە بەمەبەستی ئاسانیکردن بۆ هاوڵاتیان بەمەبەستی وەرگرتنی موچەکانیان".

ئەمە لەکاتێکدایە تائێستا 11 کەس لەپارێزگای کەرکوک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بوونە کە 6 کەسیان چاکبوونەتەوەو کەسێکیش مردووە و چوار کەسی تر لەژێر چاودێری پزیشکیدان و ژمارەیەکی تریش لە ناوەندەکانی کەرەنتینەکردن کەرەنتینەکراون.

دلێر دووپاتیدەکاتەوە کە "لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆدا بڕیاردراوە کە نەخۆشخانەی کەیوان بەتەواوەتی تەرخان بکرێت بۆ کەرەنتینەکردنی ئەو کەسانەی گومانی تووشبوونیان بەڤایرۆسەکە لێدەکرێت".

بەوتەی دلێر شوانی ۳ بەنزینخانەی حکومی لەناو شاری کەرکوک کراوە دەبن کە ئەوانیش بەنزینخانەکانی عقبە بن نافع و الشرقیە و الاندلس دەبن و دوو رۆژ لەهەفتەیەکدا تایبەت دەکرێن بە ئۆتۆمبێلی کارمەندانی تەندروستی.

وتیشی "بڕیاریشدراوە بە گۆڕینی دەنگی ئۆتۆمبێلەکانی غاز فرۆشتنی ماڵان بەجۆرێک لەجیاتی میوزیک رێنمایی تەندروستی بۆ خۆپاراستن لەکۆرۆنا پەخش بکرێت".

هاوڵاتی کۆپییەک لەبڕیاری شانەی قەیرانەکانی کەرکوکی دەستکەوتووەو بە پێی بڕیارەکە داشکاندن بۆ نرخی کرێ خانوو دەکرێت بەڕێژەی 50% بۆ مانگەکانی نیسان و ئایار و حوزەیران و بەهەمان رێژە بۆ شوێنە بازرگانییەکان بۆ مانگەکانی نیسان و ئایار.

هەروەها بەپێی بڕیارەکە داوا لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق کراوە کە بڕیار بدرێت بە لێخۆشبوون لەکرێی مانگانەی چوار مانگی ئەو کەسانەی کە لەخانوو و موڵکی دەوڵەت نیشتەجێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار