وته‌بێژى ته‌ندروستى سلێمانى بۆ هاوڵاتى: یه‌کێک له‌ تووشبووه‌کانى کۆرۆنا ته‌ندروستى جێگیر نییه‌

87 تووشبوو له‌ نه‌خۆشخانه‌دان و 9 که‌سیان له‌ژێرچاودێرى وردى پزیشکیدان

یەک مانگ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم
وته‌بێژى  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى پارێزگاى سلێمانى ئه‌وه‌ ئاشکرا ده‌کات له‌کۆى 87 حاڵه‌تى تووشبووى ڤایرۆسى کۆرۆنا 9 که‌سیان له‌ژێر چاودێرى وردى پزیشکیدان و یه‌کێکیان دۆخى جێگیر نییه‌.

یاد نه‌قشبه‌ندى، وته‌بێژى  به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى پارێزگاى سلێمانى له‌لێدوانێکدا به‌هاوڵاتى وت:" له‌ئێستادا 87 نه‌خۆشى ڤایرۆسى کۆرۆنا له‌ نه‌خۆشخانه‌کاندان و 9 که‌سیان له‌ژێر چاودێرى وردى پزیشکیدان".

ناوبراو وتیشى:" گه‌نجێکى ته‌مه‌ن 37 ساڵ دۆخى ته‌ندروستى زۆر باش نییه‌و له‌هه‌وڵداین به‌و رێکاره‌ ته‌ندروستیانه‌ى ده‌یگرینه‌ به‌ر دۆخى باش ببێت و له‌ژێر چاودێرى وردى پزیشکیدایه‌".
وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى پارێزگاى سلێمانى ئه‌وه‌ى ره‌تکرده‌وه‌ ئه‌م حاڵه‌تانه‌ى ئێستاى ڤایرۆسى کۆرۆنا شه‌پۆلی دووه‌م بێت، وتى:" ئێمه‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ دواى کۆرۆنا ده‌که‌وتین و حاڵه‌ته‌کانمان ده‌ستنیشان ده‌کرد، له‌به‌رئه‌وه‌ى خه‌ڵک پابه‌ند بوو به‌رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کانه‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ئێستادا کۆرۆنا له‌ده‌رگاى نه‌خۆشخانه‌کانمان ده‌دات و هاوڵاتیان خۆیان دێن بۆ پشکنین که‌ ئومێدمان ده‌خواست ئه‌وه‌ روونه‌دات".

یاد نه‌قشبه‌ندى، جه‌ختى له‌وه‌کرده‌وه‌ که‌ هاوڵاتیان پابه‌ند نین به‌رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کانه‌وه‌ بۆیه‌ حاڵه‌ته‌کانى ڤایرۆسى کۆرۆنا زیادى کردووه‌، وتیشى:" ئێمه‌ به‌له‌به‌رچاوگرتنى بژێوى ژیانى دارایى خه‌ڵک و رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کان هاوسه‌نگییه‌کمان دروست کرد، به‌ڵام وه‌ک چۆن ئێمه‌ هاوکاربووین بۆ ئه‌وه‌ى هاوڵاتیان بژێوى خۆیان دابین بکه‌ن، ده‌بوو ئه‌وانیش پابه‌ند بن به‌ رێنماییه‌ سادانه‌ى که‌ هه‌یه‌ له‌ به‌ستنى ده‌مامک و ده‌ستکێش له‌کاتى کارکردن و چونه‌ده‌ره‌وه‌یاندا".

هاوکات، ئه‌وه‌شى دووپاتکرده‌وه‌ ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان پابه‌ند نه‌بن به‌رێنماییه‌کانه‌وه‌ حاڵه‌ته‌کان له‌وه‌ى ئێستا زیاتر ده‌بێت و له‌ کۆنتڕۆڵى ئه‌واندا ده‌رده‌چێت، وتیشى:" داوا ده‌که‌م هاوڵاتیان پابه‌ند بن به‌رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌کانه‌وه‌ له‌پێناو سه‌لامه‌تى خۆیان و که‌سوکاریان و کۆمه‌ڵگاکه‌مان".

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار