مەرجەکان بۆ کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆمار راگەیەنراو دەرگای خۆپاڵاوتنیش کرایەوە
6 ساڵ لەمەوپێش
پەرلەمانی عێراق دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار کردەوە و مەرجەکانییش راگەیاند بۆ هەرکەسیک بیەوێت خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەرگای خۆکاندیدکردنی کردووەتەوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، جا هەرکەسێک خواستی خۆکاندیدکردنی هەیە و مەرجە یاساییەکانی تێدایە، دەتوانێت داوایەک بە هاوپێچی بەڵگەنامە فەرمییەکان و ژیاننامەی خۆی پێشکەش بە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکات لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ و ٢٣ی ئەم مانگە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا مەرجەکانی خۆکاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار دیاریکراوە، بەمجۆرە:
١- دەبێت ئەو کەسە رەگەزنامەی عێراقی بێت و لە دایک و باوکێکی عێراقی لەدایکبووبێت.
٢- ئەهلیەتی تەواوی هەبێت و تەمەنی لە ٤٠ ساڵی تەواو کردبێت.
٣- خاوەنی ناو و ناوبانگێکی باش بێت و شارەزایی سیاسی بە نەزاهەت و دادپەروەر و دڵسۆزی بۆ نیشتمان ناسرابێت.
٤- نابێت ئاستی خوێندنی لە خوێندنی زانکۆیی کەمتربێت و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی عێراقەوە دانی پێدا نرابێت.
٥- سزا نەدرابێت بە تاوانێکی ئابڕوبەرانە.
٦- نابێت یەکێکبێت لەو کەسانەی کە حوکمەکانی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەریی دەیگرێتەوە.
پەرلەمان ڕۆژی ٢ی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتووی وەک دوا وادە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دیاریکردووە، وەک جێبەجێکردنی مادەی ٧٢ی دەستور.
ئەوە لەکاتێکدایە لەم هەفتەیەدا سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەردوو جێگرەکەی هەڵبژێردران، بڕیاریشە سبەینێ پەرلەمان دەست بە وەرگرتنی سیڤی ئەو کەسانە بکات کە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید دەکەن.