(ئێران 1 –  ئەمریکا 0) سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پشتیوانی ئێران دەکات

6 ساڵ لەمەوپێش



یاد قوربانی

دوابەدوای هەڵبژاردنی (محەمەد ئەل حەلبوسی) وەک سەرۆکی پەرلەمان ڕۆژی شەمە، لە یەکەم لێدوانیدا دوای هەڵبژاردنی، حەلبوسی ئیدانەی ئابڵۆقە ئابوریەکەی سەر ئێرانی کرد.

حەلبوسی، دوای بەدەستهێنانی 169 دەنگ لە کۆی 329 ئەندام پەرلەمان، بوو بە گەنجترین سەرۆک پەرلەمان لە مێژووی عێراقدا. ئەو بە جیلی نوێی سیاسەتمەدارە سونەکانی عێراق لەقەڵەمدراوە و وەک سەرۆک پەرلەمانە سونەکانی پێش خۆی ئەندامی حیزبی ئیسلامیی عێراق نیە.

لە ڕاپۆرتێکی شیکاریی دەزگای (ئەلمۆنیتۆر)دا هاتووە کە دوای هەڵبژاردنی وەک سەرۆک پەرلەمان هەردوو ئێران و ئەمریکا یەکەمین وڵاتەکانبون کە پیرۆزباییان لە سەرۆک پەرلەمانە گەنجەکەی عێراق کرد. 

بەڵام دوابەدوای هەڵبژاردنی لە یەکەم وتەکانیدا پاڵپشتیەکانی بۆ ئێران بەدەرکەوتن. حەلبوسی ئیدانەی ئابڵۆقە ئابوریەکەی ئێرانی کرد لە لایەن ئەمریکاوە و لە یەکەم هەڵوێستەکانیدا بانگهێشتی سەرۆک پەرلەمانی ئێران، عەلی لاریجانی، کرد تا سەردانی بەغداد بکات و کۆببنەوە. 

لەم بارودۆخە ناڕوونەی عێراقدا، پێدەچێت لە دەستنیشانکردنی پۆستە سیادیەکانی عێراقدا لە یەکەم پۆستدا ئێران براوەبووبێت. هێشتا پۆستی سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار ماوە دیاریبکرێت لە نێوان لایەنە شیعە و کوردەکاندا و ڕکابەری سیاسیی ئەمریکا و ئێران بۆ هەبوونی زیاترین هەژمون لە دیاریکردنی پۆستە سیادیەکانی عێراق هێشتا کۆتایی نەهاتووە. 
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار