کەمال محەمەد: تیمەکانمان بەردەوامن لە کارکردن بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت تیمەکانمان بەردەوامن لە کارکردن بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی هێرشەکەی ئێوارەی دوێنێ بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ.

ئەمڕۆ شەممە 27ی نیسانی 2024، کەمال محەمەد، وەزیری كارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەكانی هەرێمی کوردستان بە وەكالەت رایگەیاند "دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر تیمەكانی وەزارەتی كارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و لایەنە پەیوەندارەكان توانیویان قەرەبووی بەشێکی زۆری زیانەکانی کەمبوونەوەی 2500 مێگاواتی بەرهەمهێنانی کارەبا بکەن و ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەننە 1600 مێگاوات و تیمەکان ماندوونەناسانە بە درێژایی شەوی رابردوو تائێستا بۆ كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی هێرشەكە و بە پلانێكی تۆكمە قەرەبووی بەشێکی زۆری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبایان کردووەتەوە و رێگەیان نەدا كوژانەوەی گشتی لە سیستەمی كارەبا رووبدات".

ئاماژەی بەوەشکرد "لەئێستادا وەزارەتی كارەبا لە چاوەڕوانی چارەسەركردنی شوێنەواری هێرشەكە و دەستپێكردنەوەی پەستانی گاز دایە بۆ هەرسێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان و ئاسایبوونەوەی دۆخەكە".

ئێوارەی دوێنێ هەینی 26ی نیسانی 2024 لەڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشکرایە سەر کێڵگەی ‌غازی کۆرۆمۆر لە قەزای چەمچەماڵ لە سنووری پارێزگای سلێمانی، لە ئەنجامی ‌هێرشەکە چوار کرێکار گیانیان لەدەستدا و دووانی دیکەش برینداربوون، هەروەها زیانێکی مادی زۆریشی لێکەوتەوە و کاریگەری لەسەر بەرهەمهێنانی کارەبا کرد و بووە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار