هەڵبژاردنەکانی تورکیاو باکووری کوردستان

دەم پارتی خەوی لەچاوی ئەردۆغان زڕاندووە

یەک مانگ لەمەوپێش



ئا: هاوڵاتی

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی هەینی ٨ی ئازار لەکۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی دامەزراوەی تورکە گەنجەکان لەشاری ئێستانبووڵ دەربارەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان کە رۆژی ٣١ی ئازار بەڕوە دەچێت دواو وتی، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی لەساڵی ٢٠٢٤ دوایین هەڵبژاردن دەبێت کە ئەو لەسەر کورسی دەسەڵات دەبێت و دوای ٢ دەیە بوون لەسەر کورسی دەسەڵات، دەبێ دەسەڵات دەستاودەست بێت و دەستبەرداری کورسی دەسەڵات بێت.

لەساڵی ٢٠٠٣ ەوە کە ئەردۆان گەیشتووەتە دەسەڵات و دەسەڵاتی تورکیای گرتەدەست ئەمە یەکەمجارە باس لەوە دەکات دەسەڵات دەستاودەست دەبێت و واز لەدەسەڵات دەهێنێت.

ئەردۆغان لەدیدار لەگەڵ «دامەزراوەی تورکە گەنجەکان (TUGVA) « باسی لەجێهێشتنی کورسی دەسەڵات کردو وتی :» من بەردەوام خەریکی کارم و لەهەوڵدام، ئێمە بێوچان هەڵدێین، لەبەرئەوەی ئەمە دوایین کاری منە».

سەرۆککۆماری تورکیا جەختیکردەوە بەپێی یاسای ئێستا، ئەو ناتوانێت لەدەوری داهاتووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا خۆی بپاڵێوێ و بەشداری بکات.

بەڵام دژبەرانی ئەردۆغان باس لەوەدەکەن سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا دەیەوێت جارێکیتر دەست ببات بۆ یاساو یاسا لەبەرژەوەندی خۆیدا بگۆڕێت. ئەوان باس لەوە دەکەن کەساڵی ٢٠١٧ لەبەرژەوەندی خۆیدا دەستیبرد بۆ یاساو یاسای گۆڕی. ئەگەر ئەمجارەیەش وەک چۆن ساڵی ٢٠١٧ بەپەنابردن بۆ ریفراندۆم یاسای گۆڕی، بتوانێت ئەم کارە بکات، دەکرێ لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوەو تەنها رێگای مانەوەشی لەدەسەڵات پەنابردنە بۆ گۆڕینی یاسا.

رەجەب تەیب ئەردۆغان رێبەری ٧٠ ساڵەی پارتی دادو گەشەپێدان کەپارتیکی کۆنسێرڤاتە دڵنیایی دا بەلایەنگرەکانی بەوە کە حزبەکەی لەدەسەڵاتدا دەمێنێتەوە، تەنانەت ئەوکاتەی خۆشی خانەنشین دەبێت و واز لەکورسی سەرۆککۆماری دەهێنێت.

ئەردۆغان کە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنەکان سەردانی ئێستانبووڵی کردووە دەربارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان و گرینگی ئەنجامەکەی دواو وتی:» سەرکەوتن لەم هەڵبژاردنە گواستنەوەی میراتە بۆ ئەو برادەرانەی کەدوای من دێن و دەسەڵات دەگرنە دەست».

بەدەستهێنانی شارەوانی ئێستانبووڵ کە یەکێکە لەگەورەترین و گرنگترین شارەکانی تورکیاو سەرکەوتن لەهەڵبژاردن لەم شارەدا بۆ پارتی دادو گەشەپێدان زۆر گرنگە، لەبەرئەوەی ساڵی ٢٠١٩ و لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا ئەم شارەی لەدەستچوو و ئۆپۆزیسیۆن توانیان زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنن و حزبەکەی ئەردۆغان لەم شارەدا دۆڕا. ئێستا ئەردۆغان و پارتی دادو گەشەپێدان هەموو هەوڵی خۆیان خستۆتەگەڕ بەوەی لەم شارەدا سەرکەوتوو بن.

بەڵام تائێستا بەپێی راپرسییەکان ئەنجامەکانی لە بەرژەوەندی حزبەکەی ئەردۆغاندا نییە. لەئیستانبوڵ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو سەرەڕای هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانێتی «میللەت» کە ساڵی 2019 کاندیدی بوو، هێشتا دەنگەکانی پاراستووە و لەپێش کاندیدی ئاکپارتی و هاوپەیمانێتی کۆمار دایە. کۆتا راپرسییەکان ئەوە دەخەنەڕوو، ئیمامئۆغڵو، 2 بۆ 3 خاڵ لەپێش موراد کوڕوم دایە. هاوکات دەنگی کاندیدانی دەم پارتی کە لەئیستانبوڵ چارەنووسی ئەم هەڵبژاردنە دیاری دەکات، لەسەدا 4 بۆ 5ـە.

ئێستانبووڵ ئەو شارە گرنگەیە کە ئەردۆغان نایهەوێت ئەمجارەش دۆڕاو بێت لەو شارەدا. لەبەرئەوەی قسەیەک هەیە لەتورکیا کەزۆر باوەو دەیڵێنەوە، ئەویش ئەوەیە هەرکەس ئێستانبووڵ بباتەوە هەموو تورکیای بردۆتەوە. ئەردۆغانیش دەیەوێت براوەی ئەم یارییە بێت.

 

گرنگی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەتورکیا

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کە ٣١ی ئازار بەڕێوەدەچێت گرنگییەکی تایبەتی هەیەو لەڕاستییدا دەرخەری سەنگی ئەردۆغان و حزبەکەیەتی لەکۆمەڵگای تورکیا. ئەردۆغان و حزبەکەی خۆیان مڵاس داوە بەوەی بتوانن شارەوانی ئەو شارانەی کە ساڵی ٢٠١٩ لەدەستیان چووبوو بەدەستیبهێننەوە. بەتایبەت شارەوانی ئێستانبووڵ وەک گرنگیترین شاری تورکیا دوای ئەنقەرەی پایتەخت. سەرکەوتنی ئەردۆغان و حزبەکەی دەکرێ مەترسی بێت بۆ سەر پرۆسەی دیمۆکراسی بەگشتی لەتورکیا و  ئەردۆغان و ماوەی ٢٠ ساڵەی دەسەڵاتدارێتییەکەی ئەوەی خستۆتەڕوو رۆژ لەگەڵ رۆژ زیاتر پشت لەبەها دیمۆکراسییەکان ئەکەن و دەیانەوێت تورکیا بەرەو وڵاتێکی تەک حزبی بەرن.

سەرکەوتنی ئەردۆغان لە شارەوانییەکان لەوڕووەوە مەترسییە – بەتایبەت ئەگەر سەرکەوتنی بەرچاو بێت-جارێکیتر متمانە بەخۆبوونیان ببێت بەوە دەست ببەنەوە بۆ یاسای وڵات و بەڕیفراندۆم یاسا بگۆڕن و رەنگیشە بیانهەوێت ئەردۆگان لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە بۆ ٥ ساڵیتر و لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ دا خۆی بپاڵێوێتەوە.

ئێستانبووڵ و ئەنقەرە دوو گەورەشاری تورکیان و لە ئێستادا شارەوانی ئەم دوو شارە بە دەستی پارتی کۆماری گەل (CHP) ەیە. بەڵام ئەردۆگان وای داناوە لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵدا ئەم دوو شارە گەورەیە بە دەست بهێنێتەوە.

ئێستانبووڵ و ئەنقەرە ، دوو پێتەختی ئابووری و سیاسی تورکیان و ساڵی ٢٠١٩ پارتی کۆماری گەل (CHP) ساڵی ٢٠١٩ توانی ئەم دوو شارە لە دەست ئەردۆغان بێنێتە دەرو لەم دوو پایتەختە ئابووری و سیاسییەی تورکیادا شکست بە ئاکپارتی بهێنێت.

لە لایەکیترەوە بەرەی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا کە بە «بەرەی نەتەوەیی « ناسرابوو دوای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆککۆماری کە مانگی ئایاری ٢٠٢٣ بەڕێوەچوو و ئەردۆگان تێیدا براوە بوو، وەک پێشتر یەکگرتوو نین. لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان هەموو حیزبەکانی بەشدار لە «بەرەی نەتەوەیی» بە پاڵیوراوی خۆیان بەشدارن. حیزبی باش (IYI PARTI) کە حیزبێکی سیاسی نەتەوەخوازی سێکۆلارە و پارتی یەکسانی و دیمۆکراسی گەلان (DEM PARTI) هەرکامەیان بە پاڵێوراوی خۆیانەوە لەم هەڵبژاردنانەدا بەشدارن و نوێنەری خۆیان هەیە.

ئەکرەم ئیمام ئۆغلوو ساڵی ٢٠١٩ وەک سەرۆکی شارەوانی ئێستانبووڵ هەڵبژێردرا، لە وتووێژێکدا ماوەیەک لەوە پێش وتوویەتی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی پەیامێکی گرینگی پێیە بۆ ئەردۆغان و پارتەکەی، هەڵبژاردنی ئازاری ٢٠٢٤ پەیامی « دیمۆکراسی، یەکسانی و حکوومەتی یاسا»ی پێیە بۆ دەوڵەتی ئەردۆغان.

ئاک پارتی بۆ هەڵىژاردنەکانی ئێستانبووڵ» مرات کۆرۆل»ی کاندید کردووە کەپێشتر وەزیری ژینگەو شارسازی بووە، بەڵام پێش بینییەکان ئاماژەن بەوەی ئیمام ئۆغلوو لەپێشە.

 

شارە کوردییەکان و هەڵبژاردنی شارەوانییەکان

ساڵی ٢٠١٩ لەزۆربەی زۆرە شارە کوردییەکانی باکوور پارتی دیموكراتی  گهلان- ههدهپه دەنگی سەرتری هێناو توانی سەرۆکی شارەوانی دیاری بکات. بەڵام هەدەپە دوای گوشارەکانی دەوڵەتی ئەردۆغان هەڵوەشایەوەو لەئێستادا (دەم پارتی) نوێنەرایەتی کورد دەکات لە هەڵبژارنی شارەوانییەکان و هیواخوازە بەوەی بتوانێت سەرکەوتنەکانی (هەدەپە) لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکان لەساڵی ٢٠١٩ دووبارە بکاتەوە.

هەدەپە ٣ گەورە شارەوانیی ئامەد، مێردین و وانی بەدەستهێنا، لەگەڵ ئەوەش شارەوانیی ٥ پارێزگای دیکە ( ئێلح، ئیدر، سێرت، جۆلەمێرگ و قەرس) و ١٥ قەزا و شارۆچکەی لەهەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری ٢٠١٩ بردەوە. هەدەپە شارەوانیی ناوەندی پارێزگاکانی دێرسیم، شێرناخ، بەدلیس و ئاگری لەدەستدا. بەڵام شارەوانی شاری قەرسی بەدەستهێنایەوە کەپێشتر لەدەستی دابوو. لەشارەکانی مووش و دێرسیم بە جیاوازییەکی کەم دەنگی نەهێنایەوەو سەرکەوتوو نەبوو، هەرچەند هەر ئەو دەم هەدەپە تانەی لەهەڵبژارنەکان دا لەو ٢ پارێزگەیە و رایگەیاند بەزەبری هێز ئەنجامی دەنگەکان لەو ناوچانە گۆڕدراوە.

لەدوای دەرکەوتنی ئەنجامەکانی ٢٠١٩ و لەدەستدانی چەند شارەوانی گەورە وەک (دێرسیم، شێرناخ، بەدلیس و ئاگری) زۆر رەخنە لەهەدەپە گیرا و باس لەوە کرا هەدەپە شکستی هێناوە. بێگومان ئەوە کەهەدەپە ئەو شارانەی لەدەستدابوو حاشاهەڵنەگر بوو. بەڵام پێویستە ئەو دۆخ و هەلومەرجە لەبەرچاو بگیردرێت کە هەڵبژاردنەکانی ئازاری ٢٠١٩ی تێدا بەڕێوەچوو. پێویستە دوای ٥ ساڵ خوێندنەوەمان بۆ ئەو دۆخە سیاسی و ئەمنییە ببێت کە (هەدەپە) تێیدا چووە ناو کێبڕکێی هەڵبژاردنەکانەوە و بەبێ لێکدانەوە ئەو دۆخە ناتوانین هۆکارەکان ببینین. لەهەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ٢٠١٤ کورد سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا. ئەمە وایکرد بە بیانووی جیاواز (ئاکەپە) هێرش بکاتەسەر چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی کورد لەباکووری کوردستان. پێویستە ئەوەمان لەبەرچاو بێت ٢٠١٩ کوردو هەدەپە لەژێر توندترین گوشارەکانی دەوڵەتی فاشیستی ئاکەپە- مەهەپەدا بەشداری هەڵبژاردنیان کرد. لەکاتێکدا دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردنکرد زیاتر لە ١٠ هەزار سیاسەتمەداری کوردی نزیک لە (هەدەپە) لە زیندان بوون. هاوشارەدارو پەرلەمانتارەکانی لەزیندان بوون. تەنانەت لەماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا سەدان بەرپرس، پاڵێوراو و ئەندامی هەدەپە دەستگیرکران. دۆخێکی ئەمنی سەربازی خوڵقا. دەوڵەت هەموو دامودەزگا و هێزەکانی خۆی بۆ دژایەتیکردنی هەدەپە تەرخانکردو لەهەموو روویەکەوە دەرفەتەکانی بەکارهێنا بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژارنەکان بەدڵی خۆی بێت و لەبەرژەوەندی خۆیدا بێت.

(دەم پارتی) لەئێستادا هیوای کوردەکانە لەباکووری کوردستان و بەشی زۆری دەنگدەرانی کورد لەخۆی کۆدەکاتەوە. بەڕوانگەیەکی رەخنەییەوە لەئەزموونی (هەدەپ) دەڕوانێ و هیواخوازە بتوانێت سەرکەوتنەکانی (هەدەپ) دووبارە بکاتەوەو ئەو پارێزگایانەش کە ساڵی ٢٠١٩ لەدەستچوون بەدەستبهێنێتەوە، ئەگەر وەها بێت دەبێ بەشکستێکی گەورە بۆ ئەردۆغان.

ئەردۆغان و ئاکەپە لەئێستادا کەوتوونەتە دژایەتی توندنی ( دەم پارتی)، بە هەمانشێوەی ٢٠١٩ باس لەوە دەکرێت دۆخی ترساندن و تۆقاندن زاڵەو دەیانەوێت کەڵک لە هەموو میکانیزمەکان وەربگرن بەوەی دەنگدەری کورد لەباکووری کوردستان دەنگ بە (دەم پارتی) نەدات و دەنگەکانی لەبەرژەوەندی (ئاکەپە) بچنە سندووقەکانەوە.

ئەردۆغان (دەم پارتی) بەدرێژکراوەو درێژەدەری رێگای (هەدەپە) دەزانێت و نیگەرانە لەوەی ( جەهەپە) بەئاشکرا یان نهێنی پەیوەندی لەگەڵ (دەم پارتی) هەیە. رۆژی ٢٤ی شوبات لەپارێزگای (ئەدەنە) هێرشی کردەسەر (جەهەپەو دەم پارتی) و پەیوەندی (جەهەپە) لەگەڵ (دەم پارتی) و وتی : «ئۆپۆزیسیۆن بەهۆی ململانێییە نێوخۆییەکان و کێشمەکێشەکانی نێو حزب ناتوانن سەرنجی خۆیان بخەنە سەر بابەتەکانی دیکە. هەوڵی ئەوە دەدەن لەرێگەی رێککەوتنی گوماناوی هەڵبژاردن ببەنەوە. دەیانەوێت خەڵک ناچاریان بێت و دەنگیان پێبدات، بەڵام من باوەڕم وایە خەڵک دەیانکات بەپەند. ئیدارەی جەهەپە هێز ئۆپۆزیسیۆنی ئەم وڵاتەی بەلاوەناوە و لەکاری خستووە».

ئەدەپە هەروەها رۆژی ٢٣ی شوبات لەکۆبوونەوەی بانگەشەی هەڵبژاردن لە بالیکێسر دەربارەی پەیوەندی (جەهەپە) و ( دەم پارتی) وتی:» جەهەپە درێژە بەهاوپەیمانیەتی نهێنی هەڵبژاردنەکانی پێشوو دەدات، ئەمجارەیان لەگەڵ دەم پارتی و قەندیلە».

هەروەها رۆژی ٨ی شوبات، سەرۆککۆماری تورکیا دەربارەی پەیوەندی (جەهەپە) و (دەم پارتی) قسەیکرد و وتی : «ئێمە وەک جەهەپە لەدیوی پشتی دەرگاکان لەگەڵ دەم پارتی ‹درێژکراوەی رێکخراوی جوداخواز› دانانیشن، بەڵکو وەک هاوپەیمانیەتی کۆمار راستەوخۆ قسە لەگەڵ خەڵک دەکەین. ئیدارەی جەهەپە لەخەمی چارەسەرکردنی خەڵک نییە. هەموویان هەوڵی بەدەستهێنانی دەستکەوتی سیاسین».

هاوپەیمانی و پەیوەندی نێوان (جەهەپە) و ( دەم پارتی) بە تایبەت لەشارێکی گەورەی وەک (ئێستانبووڵ) لێدانێکی گەورەیە بۆ ئاکپارتی و ئەردۆغان و دەنگی کوردو پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ (جەهەپە) دەتوانێت جارێکیتریش ئێستانبووڵ لەدەست ئاکپارتی بهێنێتە دەرەوە.

 

ئەردۆغان: لەسەرۆکی شارەوانییەوە بۆ سەرۆککۆمار

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری ئێستای تورکیا، هەنگاو بەهەنگاو پێگە سیاسییەکەی بەدەستهێناوەو لەئێستادا بەیەکێک لەقۆرخکارترین سیاسییەکان ئەزانرێت. ئەردۆغان بۆ ماوەی ٤ ساڵ و لە ساڵی ١٩٩٤ەوە بۆ ١٩٩٨ سەرۆکی شارەوانی ئێستانبووڵ بوو.

ساڵی ٢٠٠٣ بوو بەسەرۆک وەزیران لەتورکیا . ئەوکات سەرۆک وەزیران گرنگترین پلەی سیاسی بوو لەتورکیا.

سالی ٢٠١٤ دوای ٣ دەورە مانەوە لەپلەی سەرۆک وەزیرانیدا، بوو بەسەرۆککۆمار.

ساڵی ٢٠١٧ و پاش ریفراندۆمێ ١٦ی ئاپریلی ٢٠١٧، سیستەم گۆڕا بۆ سیستەمی کۆماری و پلەی سەرۆک وەزیران لەتورکیا هەڵوەشایەوەو ئەمە رێگەخۆشکەر بوو بەوەی ئەردۆغان لەدەسەڵاتدا بمێنێتەوەو ساڵی ٢٠١٨ بوو بەسەرۆککۆمار. ساڵی ٢٠٢٣ لەهەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریدا لەخولی دووهەمدا جارێکیتر بووەوە بەسەرۆککۆمار و لەئێستادا زیاتر لە ٢٠ ساڵە کەسی یەکەمی سیاسەتی تورکیایە.

بەپێی یاسا ئەردۆغان ساڵی ٢٠٢٨ جارێکیتر ناتوانێت خۆی بپاڵێوێت و خۆشی باسی لەوە کردووە ئەمە دوایین هەڵبژاردنە لەسەردەمی سەرۆککۆماری ئەودا.

 

ئەردۆغان و وازهێنان لەدەسەڵات

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و کەسی یەکەمی (ئاک پارتی) لەکۆبوونەوە لەگەڵ «دامەزراوەی تورکە گەنجەکان (TUGVA) « لەئێستانبووڵ باسی لەوەکرد ئەمە دوایین هەڵبژاردنی سەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەوە. لەهەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٨ دا بەشداری ناکات و واز لەدەسەڵات دەهێنێت بۆ هاوڕێکانی. ئەم وتانەی ئەردۆغان لەتۆڕە کۆمەڵآیەتییەکان رەنگدانەوەی بووەو بەشێکی زۆر لەچالاکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی تورکیا بەگومانەوە لەم قسانەیان روانیوە و لایان وایە ئەردۆغان راستگۆ نییە لەقسەکانیدا و باس لەوە دەکەن ئەگەری هەیە ئەردۆغان جارێکیتر هەوڵدەدات یاسا بگۆڕێت لەبەرژەوەندی خۆیدا.

ئەرکان ئۆزکان، چالاکی مافی مرۆڤ لە تورکیا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی X بەگومانەوە لەقسەکانی ئەردۆغان دەڕوانێت و ئەوە دەهێنێتەوە بیر کەساڵی ٢٠١٧ لە بەرژەوەندی خۆیدا رێفراندۆمی رێکخست و توانی یاسا لەبەرژەوەندی خۆیدا بگۆڕێت. ئەم چالاکە مافی مرۆڤییە نووسیویەتی :» بڕوای پێ مەکەن، هەموومان دەزانین و ئاگادارین ئەو لەهەوڵی ئەوەدایە یاسا لەبەرژەوەندی خۆیدا بگۆڕێت و جارێکیتر خۆی بپاڵێوێتەوە».

ژمارەیەک لەچالاکانی سیاسی تورکیا باس لەوە دەکەن باسکردن لەکۆتایی هاتنی وادەی سەرۆککۆماری دوای ٢٠٢٨ و دەستبەرداری دەسەڵاتبوون لەئێستادا فێڵێکە لەلایەن ئەردۆغانەوە دەکرێت بۆ ئەوەی متمانەی خەڵک لەهەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازار بەدەستبهێنێت و خەڵک متمانەیان پێبکەن.

ئەرکان ئۆزکان لەتویتێکی تردا لەتۆڕی کۆمەڵایەتی X  دەربارەی ئەردۆغان و پارتەکەی نووسیویەتی :» ئەو ( ئەردۆغان) هەر رۆژەو رەنگێک دەگۆڕێت. رۆژێک خۆی بە نەتەوەیی نیشان دەدات و رۆژێک پیاوی ئایینی. ئێستاش دەیەویت خۆی بە دیمۆکراسیخواز نیشان بدات، بەڵام لە ٢٠٠٣ ەوە ئەوان دژی دیمۆکراسی و ئازادین لەتورکیا».

محەممەد گۆنێش خوێندکاری دۆکتۆرای زانستەسیاسییەکان لەتۆڕی کۆمەڵایەتی X  نووسیویەتی :» ئەردۆغان هیچکات بەدروشمەکان و قسەکانی خۆی وەفادار نەبووە جگە لەو قسانەی کە دژی ئازادی بوون. دیمۆکراسی لەتورکیا لەمەترسیدایە».

 

ئەردۆغان لەچی ئەترسێت؟

ئەردۆغان لەبانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەردەوام هێرش دەکاتەسەر (دەم پارتی) و (جەهەپە). ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەردۆغان وەک ساڵانی سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی ئیتر پارتەکەی و خۆی هێزی یەکەم نین. پرۆسەی سیاسی لەتورکیا لە ٢٠٠٣ ەوە بۆ ئێستا زۆر گۆڕاوە. ساڵی ٢٠٠٣ کە  پارتی داد و گەشەپێدان دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەردۆغان وەک رێبەرێک دەرکەوت کە توانی زۆرینەی رەهای دەنگەکان لەتورکیا و بەتایبەت لەناوچە کوردنشینەکان بەدەستبهێنێت.

ئەردۆغان ٢٠٠٣ و ٢٠٠٨ و ٢٠١٣ لەناوچە کوردنشینەکان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا. تەنانەت وا لێکدرایەوە ناوچە کوردنشینەکان ئەردۆغانیان گەیاندە دەسەڵات. بە بانگەشەی  گەشەی ئابووری و کرانەوەی سیاسییەوە هاتە مەیدان. هەستی ئایینی خەڵکی لە بەرژەوەندی خۆیدا بەکار هێناو خۆی وەک رێبەرێکی بێ رەقیب دەرخست.

بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا و بەتایبەت دوای هەڵبژارنی شارەوانییەکانی ٢٠١٩، ئەردۆغان شکستی گەورەی هێنا. هەردوو پاڵێوراوی پارتی دادو گەشەپێدان لەدوو گەورە شاری ئێستانبووڵ و ئەنقەرە دەرنەچوون و پێگەی ئەردۆغان و پارتەکەی وەک ساڵانی سەرەتا نەماوە لە تورکیاو ئەو خۆشەویستییەی نەماوە.

لەهەڵبژاردنەکانی ئایاری ٢٠٢٣ بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە نەیتوانی رێژەی پێویست دەنگ بهێنێتەوەو ببێت بەسەرۆککۆمار و  هەڵبژاردنەکان گەیشتە خولی دووهەم.

لەخولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کەساڵانی یەکەمی سەرۆک وەزیران بوونی، وەک رێبەرێکی بێ رەقیب دەردەکەوت، بەجیاوازییەکی کەم توانی لە «کەمال قلیچدار ئۆغلوو» پاڵێوراوی ( جەهەپە) بباتەوە. لە خولی دووهەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ٢٠٢٣  لەمانگی ئایاردا، ئەردۆغان ٥٢.١٨ لەسەدی دەنگەکانی هێنایەوە. لەبەرامبەردا «کەمال قلیچدار ئۆغلوو» ٤٧.٨٢ لەسەدی دەنگەکانی هێنایەوە. ئەمەش ئەوە دەخاتەڕوو ئەردۆغان ئیتر ئەو رێبەرە بێ رەقیبە نییە کە لەساڵانی یەکەمدا هەبوو و لەئێستادا ترسی لێ نیشتووە بەوەی لەهەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاردا بدۆڕێت.

 

شەڕی پ.ک.ک بەدادی ئەردۆغان دەگات؟

ئەردۆغان لەساڵی رابردوودا بەشێوەی چڕوپڕ کەوتووەتە هێرش بۆ سەر باشووری کوردستان و بنکەکانی پ.ک.ک و بانگەشەی ئەوە دەکات قەندیل بڕووخێنێت. ئەردۆغان دەیهەوێت هەستی نەتەوەیی دەنگدەرانی تورک بۆلای خۆی رابکێشێت و بەناوی وەستانەوە دژی (پ.ک.ک) کە ئەو بەتیرۆریستیان ناو دەبات، دەنگدەرانی نەتەوەپەرستی تورک بۆلای خۆی رابکێشێت. بەڵام لەناوخۆی کۆمەڵگای تورکیا ناڕەزایەتی گەورە هەیە لەم هێرشە چڕوپڕانەی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان و بنکەکانی پ.ک.ک لە باشوور. تائێستا نەیتوانیوە سەرکەوتنێکی هەرچەند بچووکیش بەدەستبهێنێت. لەبەرامبەردا سەدان لە هێزەکانی سوپای تورکیا لەم جەنگەدا کە خۆیان دایانگیرساندووە کوژراون. ئەم جەنگە لە باری ئابوورییەوە تێچوویەکی قورسی هەیە و بووە بۆ تورکیا. ئەردۆغان کە بەدروشمی باشترکردنی دۆخی ئابووری خەڵک گەیشتە دەسەڵات، لەئێستادا شکستی هێناوەو وڵاتەکەی لەباری ئابوورییەوە لەدۆخێکی خراپدایە. جەنگی بەربڵاو لەگەڵ پ.ک.ک تێچوویەکی گەورەی بۆ ئەو وڵاتە هەبووە. ئەمانە وا دەکات دەنگدەری نەتەوەییخوازی تورک رازی نەبێت لەهەڵسووکەوتەکانی ئەردۆغان و رەنگە جارێکیتر شکست بهێنێتەوە.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار