شێروان دوبەردانی بۆ هاوڵاتی: دەبێت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی هەڵبوەشێتەوە

یەک مانگ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەمڕۆ پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریدا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکات، ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت "ئامادەکاری کراوە بۆ کشانەوەی پارتی لە بەغدا".

شێروان دوبەردانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە هاوڵاتی راگەیاند "ئامادەکاری کراوە بۆ کشانەوەی پارتی لە بەغدا، چاوڕێی بڕیاری سەركردایەتی دەكەین بۆ كشانەوە لە بەغدا، لەئێستادا پارتی چاوەریی هەڵویستی دادگای باڵای فیدراڵی و حکومەتی عێراقی دەکات بۆ وەڵامدانەوەی پارتی، ئەگەر هیچ گوڕانکارییەک لەبڕیارەکانی دادگا نەکرا و کێشەکانی بەغدا و هەولێر بەتایبەت مووچە چارەسەرنەکرا ئەوا ئەگەرێکی بەهێزە پارتی لە بەغدا بکشێتەوه".

ئاماژەی بەوەشکرد "ئەگەر پارتی لە بەغدا کشایەوە ئەوکات کاریگەری راستەوخۆی لەسەر کابینەی محەمەد شیاع سودانی دەبێت، هاوکات وڵاتانی دەرەوە و نەتەوە یەکگرتووەکان دێنە سەر خەت، چونکە کشانەوەی پارتی کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت".

ئەوەشی وت "دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کۆمەڵێک بڕیاری لە دژی هەرێمی کوردستان داوە دەبێت ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێنرێنەوە یان پێداچوونەی پێدا بکرێت، یان بابەتی مووچە بەغدا هەرماوە ماوە بڕێک پارە دەنێرێت ئەوە گاڵتەجارییە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان تاکەی بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ کوردستان دەکرێت ،دبێت ئەمانە بە جدی وەربگێرێت و چارەسەر بکرێن".

ئەمرۆ دووشەممە 18ی ئازاری 2024 پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاری بایکۆتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دا، دوای بڕیارەکە دەگۆترێت پارتی لەبەغداش دەکێشەتەوە، ئەندامێکی فراکسیۆنی پارتی یش دەڵێت" ئەگەر پارتی کشایەوە ئەوا کاریگەری زۆر لەسەر کابینەکە سودانی و عێراق بەگشتی دەکات.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار