ئەبوبەکر هەڵەدنی بۆ هاوڵاتی: رەنگە خولی پێنجەم دوا خولی پەرلەمانی کوردستان بووبێت

4 هەفتە لەمەوپێش



سازگار ئەحمەد 

بەهۆی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ١١ کورسی پێکهاتەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان بڕیاریدا بەمشێوازەی ئێستا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکات، چاودێرێکی سیاسیش پێی وایە بەشدارینەکردنی پارتی کێشەی گەورە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دروستدەکات.

رۆژی ١٨ی ئازاری ٢٠٢٤ مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند «لەسۆنگەی تێگەیشتنمان لەپێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لەپاراستنی مافە رەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فیدراڵی عێراق، هەروەها رەوایی نەدان بەهەڵبژاردنێكی نادەستوری و نادیموكراسی و وەستانەوە لەبەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستوور کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی و سەپاندنی هەموارە نادەستوریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بەبەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بڕیاری نادەستوریی و سیستەمێکی سەپێنراو لەدەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بەنایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت».

بورهان شێخ رەئوف، چاودێری سیاسی لەبارەی بڕیارەکەی پارتییەوە بەهاوڵاتی راگەیاند «بەشدارینەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کێشەیەکی گەورەدەبیت لەبەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەهەرێم، چونکە پارتی هێزی چەکداری هەیەو دەسەڵاتی بەسەر هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆکدا زاڵە».

ئاماژەی بەوەشکرد «کە پارتی دەڵێت بەشداری ناکەم تەنها ئەوە نییە بەشداری هەڵبژاردن نەکات، بەڵکو رێگە دەگرێت لەبەشداریکردنی ئەو ناوچانەی دەسەڵاتی ئەون، ئەمەش کێشەی گەورە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن لەهەرێمی کوردستان دروستدەکات».

ئەم شارەزا سیاسییە پێی وایە ئەگەر بەهۆی ئەم بڕیارەی پارتییەوە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت ئەوا حکومەتی کاربەڕێکەری ئێستای هەرێمی کوردستان ئەو بەهایەی نامێنێت کەهێزێک دیاریبکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، چونکە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان دەکەونە بۆشایی دەستووری و یاساییەوە، ئەمەش رێگە بۆ حکومەتی ناوەندی خۆشدەکات کەوەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات.

بورهان شێخ رەئوف وتی: «ئەم ناکۆکییانەی کە هەیە رێگەی زیاتر بۆ حکومەتی عێراق خۆشدەکات، چونکە ئێمە لەئێستادا نە پەرلەمان و نە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنمان هەیەو حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێمیش کاربەڕێکەرن، بۆیە ئەمە لەداهاتوودا حکومەتی عێراق و دادگای فیدراڵی سەرپشک دەکات کە چ بڕیارێک لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان بدات».

لەدوای تێپەڕبوونی دوو رۆژیش بەسەر بڕیاری بەشدارینەکردنی پارتی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا لەعێراق رایگەیاند «پارتی بایكۆتی هەڵبژاردنی نەكردووە، بەڵكو لەگەڵ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەردو شەفاف و جێگەی دڵنیایی و دوور لەدەستوەردانی دەرەكی و بەرنامەی پێشوەختەیە، كە تێیدا دەنگدەران لەمافی دەنگدان بێبەش نەكرێن و پڕۆسەی دیموكراسی بێبەها نەكرێت و یاساکانی هەرێمی کوردستان پێشێل نەکرێن».

هەروەها ئەبوبەکر هەڵەدنی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان بەهاوڵاتی وت: «پێموایە بەم بڕیارەی پارتی هەڵبژاردن ئەنجام نادرێت لەهەرێمی کوردستان، لایەنی کەم پارتی لەزۆنی خۆی ناهێڵێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت، کەواتە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەبێتە ئەستەم».

«چارەنووسی هەرێمی کوردستانیش لەبەردەم چەند ئەگەرێکدا دەبێت یان دوو ئیدارەیی دروستدەبێت یاخود دەگەڕێینەوە پێش ساڵی ٢٠٠٥ یاخود قەوارەی هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە و حکومەتی فیدراڵی وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق مامەڵەمان لەگەڵ دەکات» ئەبوبەکر هەڵەدنی وا دەڵێت.

ئاماژەی بەوەشدا «ئۆباڵی ئەم دۆخەی ئێستا لەئەستۆی هەردوو حزبی دەسەڵاتە ئەگەر دوو ساڵ پێش ئێستا هەڵبژاردنیان بکردایە هیچ لەمەسەلەکە نەدەگۆڕاو هەروەک خۆی دەمایەوە، بۆیە لەئەگەری ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە بەرەو تونێلێکی زۆر خراپ دەڕوات و رووداوی چاوەڕواننەکراو روودەدات».

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان وتیشی «هەموو ئەو کارتانەی لەدەست حکومەتی هەرێمن بەرامبەر بەغدا هەمووی لاوازن، چونکە هەرێم پەرلەمانی نەماوەو حکومەتەکەی کاربەڕێکەرەوەو ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵوەشاونەتەوەو نەوت لەدەست عێراقەو لەسەروو هەمووشیانەوە نەبوونی یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆی هەرێم».

ئەبوبەکر هەڵەدنی پێشیوایە هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان دوا خولی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بووە، ئەمەش لەسایەی ئەو فۆڕم و شێوازو عەقڵییەتە حوکمڕانییەی کە ئێستا لەهەرێمی کوردستاندا هەیەو ماوەی ٣٣ ساڵە سەرجەم دەرفەتەکانی لەدەستداوە.

 بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان کاردانەوەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوەو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند «بایکۆتکردنی هەڵبژاردن خزمەت بەبەرژەوەندیی پارتی و گەلی کوردستان و عێراق ناکات، ئێمە نیگەرانین و پشتیوانیی هەڵبژاردنێک دەکەین هەموو لایەک تێیدا بەشداربێت».

پارتی دیموکراتی کوردستان داوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکات کە تایبەتن بەمووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام دادگای فیدراڵی سوورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیارەکان و سەرکردەو لایەنەکانی عێراقیش دەڵێن، پێویستە هەموو لایەنەکان پابەندبن بە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییەوەو نابێت بڕیارەکانی ئەو دادگایە پێشێل بکرێت.

تەنانەت لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش جگە لەپارتی پشتیوانی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەکەن و داوادەکەن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەوادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت، چونکە هەڵبژاردن پرۆسەیەکی گرنگە و پەیوەستە بەژیانی خەڵک و لایەنی سیاسی و ئابووری هەرێمەوە.

هەروەها کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش دەڵێت «دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەکاتی خۆیدا بکرێت و ئامادەکارییەکان بەردەوامی هەیە».

لەلایەکی دیکەوە نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق – یۆنامی لەپەیامێکدا وتی «تێبینی بڕیارەکەی پارتی دەکەین لەبارەی بەشدارینەکردنی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، هەروەها بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا زۆر گرنگە و داوا لەلایەنەکان دەکەین بۆ بەرژەوەندیی خەڵک کاربکەن تاوەکو بەرەو چارەسەر هەنگاوبنێن، نەک بەرەو چەقبەستووییەکی دیکەی درێژخایەن».

بەپێی ئەو وادەیەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دیاریکردووە بڕیارە لە رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات.


place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار