هاوڵاتی زانیاری ورد لەبارەی کاندیدە دووخراوەکان ئاشکرا دەکات

2 هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی / شوان عباس بەدری

ئەمرۆ چوارشەممە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق لە رێی نووسراوێکەوە رایگەیاند ،ژمارەیەک کاندیدی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوور خستۆتەوە .

سەبارەت بەم بابەتە "هاوڵاتی"پەیوەندی بە "جومانە غەلای" وتەبێژی کۆمسیۆنی عیراقەوە کرد و ناوبراو وتی:" سەبارەت بە دوورخستنەوەی "کاوار ئەنوەر حسێن" کۆمسیۆن پارتەکەی ئاگادار کردبووە کە بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ژمارەی ژنان لەناو لیستی حزبەکەیان دەبێت ناوی کاندیدێکی پیاو بسرنەوە و ناوی ژنێک کاندید بکەن".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی "جومانە غەلای"وتی :" بە مەبەستی دەستەبەر کردنی رێژەی لە ٪30 ژنان لە ناو لیستی بزوتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی ، ئەوا ناوی " نەرمین ساڵح عەبدوڵا" زیاد کراوە".

سەبارەت بە دوورخستنەوەی کاندیدەکانی دیکە ناوبراو بە "هاوڵاتی" راگەیاند،" کاندیدەکانی دیکەش لەبەر نەبوونی مەرجی خۆکاندیدکردنیان بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ ساڵی 2024 و بە پشت بەستن بە رینوومایەکانی ناونووسین و پشتراستکردنەوەی ناوی لیستی کاندیدەکان و سەرپێجی رینووماییەکان دوور خراونەتەوە و کەسی دیکە لە جێیان دانراوە".

جێی ئاماژەیە  وابریارە لە 10/6/2024 هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە هەرێمدا بەرێوە بچێت و  پارتی دیموکراتی کوردستانیش وەک نارەزایەتییەک لە بریارەکانی دادگای فیدراڵی عیراق و هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسی کۆتای پەرلەمان و گۆرینی سیستمی هەڵبژاردنەکان لە بازنەی داخراوەوە بۆ فرە بازنەیی ، لە رێی راگەیندراوێکەوە ئاشکرای کرد بەشداری هەڵبژاردن ناکات .

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار