دابەشکردنی مووچە نەیتوانیوە بارگرانی سەر کرێنشینان کەمبکاتەوە
2 هەفتە لەمەوپێش
هاوڵاتی/ سازگار ئەحمەد
سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان رایدەگەیەنێت لەئێستادا دۆخی کرێنشینان خراپە، ئاماژەی بەوەشکرد ئەو فۆڕمەی کە ساڵی رابردوو بەسەر کرێنشیناندا دابەشکرا بۆ وەرگرتنی شوێنی نیشتەجێبوون لەئێستادا قۆناغی جیاکردنەوەی ناوەکان دەستیپێکردووە.
بەرهەم قەرەداغی، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان بە هاولاتی راگەیاند "لەئێستادا دۆخی کرێنشینان خراپە، بەوە نییە دوو مووچە دابەشکراوە، بەڵام ئەوە قەرەبووی مووچە فەوتاوەکان ناکاتەوە".
لەبارەی دابەشکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر کرێنشیناندا بەرهەم قەرەداغی وتی "ئەو فۆڕمەی کە ساڵی رابردوو بەسەر کرێنشیناندا دابەشکرا بۆ وەرگرتنی شوێنی نیشتەجێبوون لەئێستادا قۆناغی جیاکردنەوەی ناوەکان دەستیپێکردووە و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی هەرێم لیژنەیەکیان بۆ ئەو مەبەستە دروستکردووە و دوای جیاکردنەوەی ناوەکان دەنێردرێنەوە بۆ ئیدارەی گشتی بە پارێزگاکان".
ئەوەشی خستەڕوو "بەهۆی دابەشنەکردنی مووچەوە کرێچی هەبووە کرێ خانووی چەند مانگێک قەرزاربوون و لەگەڵ خاوەن خانووەکان تووشی کێشە بوون و کرێکانیان لە ئیجرام دایان دەنا، بەڵام ئەگەر مووچە لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت ئەوا کێشەی نەدانی کرێ خانوو نامێنێت".