دووکەڵە رەشەکەى گوندى تورکە هاوڵاتیان بێزاردەکات

بەشێکى خەڵکى چەمچەماڵ هەست بە بۆنەکەى دەکەن و بۆنی تایەی سوتاوى لێدێت و هەناسە توند دەکات

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى، دیمەن ئیسماعیل

بەشەوو بەڕۆژ دوکەڵى ئەم بیرە غازە بەسەرماندا دێت، جگە لە بۆنى غازەکەى، بۆنەکەى چاوى کوێر کردوین، هاوڵاتیانى گوندەکەى هەراسان کردووە بەرزان  دانیشتوى گوندى تورکەیە بۆ هاولاتى واى وت.

دووکەڵێکی ڕەش، لەڕوبەرێکی بچوکی گوندی توڕکەوە بەرزدەبێتەوە کەهەواکەى دەیباتە سەر ئاسمانی چەمچەماڵ، خەڵکی شارەکەش، ڕۆژانە ئەو دووکەڵە وەک بۆنی تایەی سوتاو هەڵدەمژن و دەچێتە سییەکانیانەوە.

ماوەى مانگێکە ئەو دوکەڵە بڵاودەبێتەوە بەشەوانیش بەئاسانى هەستى پێدەکرێت لەڕوى هەستکردن بەبینین و بۆنکردنەوە.

سەرچاوەی دوکەڵەکەش، بیرێکی غازە لەگوندی تورکە، سێ کیلۆمەتر لەباکوری خۆرئاوای چەمچەماڵ دورە، تەنیا لەچەمچەماڵ نەماوەتەوە بەڵکو تا نزیکی ناحیەی سەنگاو دەڕوات.

تاوەکو ئێستا دوو بیرى تر لەسنورى چەمچەماڵ لێدراوە، لەئێستادا بیری ژمارە سێ لەتورکەدا، لەچوارچێوەی گرێبەستی نێوان حکومەتی هەرێم و کۆمپانیای دانەغازو هاوپشکەکانی بۆ پەرەپێدانی بەرهەمی گاز، کارکردن تێیدا دەستیپێکردووە.

بەرزان مستەفا، تەمەن ٣٥ ساڵ ، خەڵکی گوندی تورکەیە وتى «رۆژانە دەوامم هەیە لەچەمچەماڵ، هاتوچۆ دەکەم و دەبینم ئەم دووکەڵە تەنیا لەگوندەکە نەماوەتەوەو بۆ گوندەکانی دەوروبەرو بۆ ئاسمانی چەمچەماڵ و نزیک سەنگاو درێژبوەتەوە».

وتیشى «دووکەڵەکە بەردەوام نییە، هەندێکجار چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت و هەندێک ڕۆژیش نیە، بەتایبەت بەیانیان زۆر هەستی پێدەکرێت، دانیشتوانی ئەو سنورەو سنورى چەمچەماڵیش بەشێکیان هەست بە بۆنەکەى دەکەن، بەڵام گوندەکان زیاتر هەستى پێدەکەن بەهۆى نزیکیەوە».

گوندى تورکە سەر بە ناحیەى تەکیەیە کە ٢٤ گوندى لەخۆگرتوەو دەکەوێتە ٢٥ کم باکورى چەمچەماڵ .

دانیشتویەکى سنورى چەمچەماڵ باس لەوە دەکات کەجگە لە کاریگەرى تەندروستى، ژینگەشى پیس کردوە.

محەمەد ساڵح، تەمەن ٢٣ ساڵ ،خەڵکى چەمچەماڵە لە بارەى ئەو دوکەڵە بۆ «هاوڵاتى» وتى «بەشێکى خەڵکى چەمچەماڵ هەست بە بۆنەکەى دەکەن و بۆنی تایەی سوتاوى لێدێت و هەناسە توند دەکات».

لەئێستا بیرەکە گەیشتووەتە غاز، بەڵام هێشتا کارکردن تێیدا بەردەوامە، بۆ ڕێگریکردنیش لە بڵاوبوونەوەی غازەکە بە ژینگەدا، کۆمپانیاکە ڕێگەی سووتاندن بەکاردەهێنێت.

محەمەد سەبارەت بە بونى ئەو بیرە غازە  وتی «بەلامانەوە ئاساییە ئەو بیرە غازە هەبێت لە سنورەکە بەڵام دەتوانرێت بە دوو شێوە دووکەڵەکە دوربخرێتەوە، یان بە دانانی فلتەر یان بە دورخستنەوەی غازەکە لەڕێگای بۆرییەوەو سوتاندنی دوور لە سنوری ئاوەدانی و چەمچەماڵ».

قەزای چەمچەماڵ ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە غازی سروشتی و کۆمپانیای دانەغاز و هاوپشکەکانی لە کێڵگەی کۆرمۆرو ئێستاش گوندی تورکە وەبەرهێنانی تێدا دەکەن، کە زۆرینەی بەرهەمەکە لەڕێگای بۆرییەوە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لەچەمچەماڵ و هەولێر دەگوازرێتەوە.

سالار، هاوڵاتیەکى نزیک بیرە غازەکەى گوندى تورکەیە، باس لەوەدەکات هیچ مەرجێکى تەندروستى ژینگە لەو کۆمپانیایەدا نیە.

بۆ هاوڵاتى وتى  «هیچ فلتەرێک بۆ ڕێگری لە بڵاوبونەوەی غازە زیانبەخشەکان دانەنراوەو دووکەڵی سووتاندنی ئەو غازە ڕاستەوخۆ بەئاسمانی ناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە».

وتیشی «دووکەڵە ڕەشەکە تێستەو بڕیارە دوای دەستکردن بە بەرهەمهێنان چارەسەر بکرێت، بەڵام تا ئەوکاتە دووکەڵەکە هەر بەو شێوەیە بەناوچەکەدا بڵاودەبێتەوە، دیاریش نییە کەی بیرەکە دەگاتە قۆناغی بەرهەمهێنان و کێشەکە چارەسەر دەکرێت».

سکاڵای هاوڵاتیانی چەمچەماڵ، لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو دووکەڵەوە گەیشتووەتە پەرلەمانتاران، بڕیارە لەوبارەیەوە لێکۆڵینەوە بکرێت.

جەلال محەمەد ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لیژنەى وزەو سامانە سروشتیەکان لەپارێزگاى سلێمانى لەهەمان کاتدا خەڵکی ناوچەکەیە بۆ هاوڵاتى  وتی «لەڕێگای لیژنەی تەندروستیی پەرلەمانەوە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکەین».

ئەو ناوچانەی لە قەزای چەمچەماڵ غازی سروشتییان لێ بەرهەمدەهێنرێت، لە ڕوی خزمەتگوزارییەوە زۆر هەژارن، ڕێگاوبان و کارەبا و ئاویان خراپە، نمونەى یەکێک لەو گوندانەش تورکەیە.

ڕێبوار ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی تەندروستی و ژینگە لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانى رونیکردەوە هەر کۆمپانیایەک وەبەرهێنان بکات پێویستە پابەندى مەرجەکانى تەندروستى بێت، وتى» کۆمپانیای دانەغاز کە لەو بیرە غازەدا وەبەرهێنان دەکات، پێویستە بەپێی ستانداردی وڵاتانی ناوچەکە کاربکات. بەتایبەت بیری ئاوو کۆگای تایبەتی ئاوی هەبێت کە بەڕێگەی پرژاندنی ئاو ئەو دووکەڵەو زیانەکانی کەمبکاتەوە، بەڵام لەو گوندە ئەم مەرجانەى تیا ئەنجام نەدراوە».

«گرفتی سەرەکی ئەوەیە پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت و غاز خۆماڵی نەکراوەو ئەو کۆمپانیا بیانییانەش کەدێنە هەرێم گرێبەست لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن، بۆیە ئیدارەی ناوچەکان ناتوانن لەبەرانبەر پێشێلکارییەکاندا لێپێچینەوە لەکۆمپانیاکان بکەن» ڕێبوار ئەحمەد بۆ هاولاتى واى وت.

لەڕوى تەندوستیشەوە کاریگەرى بۆ سەر جەستەى مرۆڤ دروستدەکات.

د.هێرش سەلیم، جێگرى نەخۆشخانەى تەندروستى سلێمانى وتى «دوکەڵ بەگشتى کاریگەرى بۆسەر تەندروستى مرۆڤ هەیە، دەبێتەهۆى تەنگەنەفەسى، زیانی بۆ کۆئەندامی هەناسە هەیە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی تەنگەنەفەسییان هەیە، هۆکاریشە بۆ هەوکردنی سنگ، ئەگەر هەستیش بەپیسبوونەکە نەکرێت لەدوورمەودادا دەبێتەهۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکان و شێرپەنجە».

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، 21 مەرجی ژینگەیی بۆ کۆمپانیا و کارگەکان داناوە، کە دانانی فیلتەر بۆ کەمکردنەوەی غازە زیانبەخشەکان یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکان.

هەندرێن شێخ ڕاغب، وتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بۆ هاوڵاتى وتى: «بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەین و ئەگەر مەرجە ژینگەییەکان جێبەجێ نەکرابێت، سزای کۆمپانیاکە دەدەین».

وتیشى «چەندین کۆمپانیامان سزا داوە لەبرە پارەیەک لە ٥-١٠ ملیۆن دینار بەهۆى پابەندنەبون بە مەرجەکانى تەندوستى».

‌هاوڵاتى، پەیوەندى لە لێپرسراوانی دانەگازەوە کرد بەڵام یەکێکیان بە پاساوی جیاواز ئامادەنەبون لەو بارەیەوە هیچ شتێک بلێن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار