ئێران داوای دەستبەجێ کشانەوەی هێزەکانی تورکیا دەکات لە باکوری سوریا 

2019-10-10 12:36:07



کاکەلاو عەبدوڵا
وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای بەپەلە لە تورکیا دەکات هێزەکانی بکشێنێتەوە بەهۆی ئەوەی ژیانی خەڵکی مەدەنی دەکەوێتە مەترسییەوە.

ئەمڕۆ ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "دۆخی سەختی مرۆی و ئەو مەترسیانەی بۆ خەڵکی مەدەنی دروست دەبن دەبنە پێویستی بۆ دەستبەجێ کۆتایهێنان بە هێرشەکان و کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە سوریا". 

هەروەها ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئێران کردەی سەربازی بە باش نازانێت بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکان چونکە "زیانی فراوانی گیانی و مادی دەبێت". 

لە دوێنێوە کە ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا لەلایەن ئەردۆغانەوە راگەیاندراوە، چەندین وڵات ئیدانەیان کردو و نیگەرانی خۆیان دەربڕی لە پەلامارەکەی سوپای تورکیا بۆ سەر باکوری سوریا.

بەڵام ئەمڕۆ ئەردۆغان بەتوندی وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە و رایگەیاند "باشترە ئەوانی ئیدانەی ئۆپەراسیۆنەکە دەکەن بێدەنگ ببن چونکە بەردەوام دەبین یا هەموو چەکدارە تیرۆرستییەکان لەناودەبەین". 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار