ئەزمونی فۆتۆگرافەرێک لەبەرەکانی پێشەوەی لەشکرکێشییەکەی تورکیا بۆ نێو سوریا

5 ساڵ لەمەوپێش



 

ئەو رۆژە ٨ی تشرینی یەکەم بوو کە فۆتۆگرافەر ئالیس مارتنس چووە سوریا، ئەو گەشتەی دەکەوێتە بازنەی زنجیرە گەشتەکانی بۆ وڵاتەکە لە حەوت ساڵی رابردوودا، کە زۆرجار لەلایەن واشنتن پۆستەوە نێردراوە. ٨ی تشرینی یەکەم رۆژێک دوای ئەوە بوو کە دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکدا رایگەیاند ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێزە کەمەکەی دەکشێنێتەوە لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، ئەمەش رێگەخۆشکردن بوو بۆ تورکیا تا دەستبکات بەهێرشی زەمینی و ئاسمانی بۆ سەر ناوچە کوردییەکان.

سەرێکانی، ٨ی تشرینی یەکەم، ٥:٣٠ خولەکی ئێوارە:

کۆمەڵە خەڵکێک لەبازنەیەکی گەورەدا دانیشتبوون، زۆربەیان بێزار دیاربوون و هەندێکی تریان دەچوونە سەر سەکۆکە بۆ گرتنی مایکرۆفۆنەکە و دەربڕینی بێزاریان لەبەرامبەر سەرۆکی تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان. بەڵام کەش و میزاجی خەڵک لەسەرێکانی ئارام بوو. کوردەکان راهاتبوون لەو هەڕەشانەی کەدواجار بەرجەستە نەدەبوون.

قامیشلۆ، ٩ی تشرینی یەکەم، نیوەڕۆ:

لەچایخانەیەکی شارە سنوریەکەدا پیرە پیاوەکان دانیشتبوون و خۆیان خەریک کردبوو بەیاری وەرەقە و جگەرە کێشان. تەلەفزیۆنی چایخانەکە بەبەردەوامی دواین هەواڵەکانی پیشان دەدا کە لەلایەن هەموانەوە فەرامۆشکرابوو. وابڕیاربوو ئەو رۆژە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنەکەی تورکیا بێت بەناوی «کانی ئاشتی». بەڵام وابڕیاربوو هێرشەکە سنورداربێت بەناوچەی نێوان سەرێکانی و گرێ سپی، کە سێ کاتژمێر بەئۆتومبیل دوورە لە قامیشلۆوە. زۆربەی خەڵکی قامیشلۆ بڕوایانوابوو تورکیا بوێری ئەوەی نەبێت شارێک بکاتە ئامانج کە لەنێوان کوردەکان و رژێمی سوریا دابەشکرابوو.

سەرێکانی، ٩ی تشرینی یەکەم، ٣:٣٠ خولەکی دوانیوەڕۆ:

گەڕامەوە بۆ سەرێکانی تا ببینم ئاخۆ بیرکردنەوەی خەڵک گۆڕاوە کەئێستا هەڕەشەکانی تورکیا بوونەتە راستی. لەگەڵ ئەوەی نزیک دەبوینەوە لەشارەکە، کۆمەڵێک مینیپاسی پڕکراومان بینی بەپێچەوانەی ئێمەوە دەڕۆشتن. لەخاڵێکی پشکنیندا، خێزانێکی چوار کەسی بەهەموو شتەکانیانەوە خزابوونە بارهەڵگرێکی بچووکەوە، لەکاتێکدا ئافرەتێک دەپاڕایەوە لەئەفسەرەکان کە بهێڵن کەسوکارەکەی تێپەڕن. «سوێند دەخۆم ئێمە نامانەوێت هەڵبێین، تەنها ئەم شتانە دەبەین بۆ ماڵی خوشکەکەم لەگوندەکە و دەگەڕێینەوە»، ئافرەتەکە وای وت.

لەگەڵ ئەوەی دەچوومە شارەکەوە، تەنها چەند کەسێک هەبوون لەسەر شەقامەکان. پیاوێکم بینی لەدەرەوەی دوکانێکی فیتەری راوەستابوو. لە تەنیشتییەوە دیوارێک هەبوو کە لێی نووسرابوو «یاخی ببن». ئەوکاتەی پیاوەکە دەربارەی بڕیارەکەی خۆی قسەی دەکرد کە لەسەرێکانی دەمێنێتەوە لەکاتێکدا ئەوانی تر بڕیاریاندا بڕۆن، سەیری ئاسمانم کرد و تێبینی دووکەڵم کرد کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بەسەر شارەکەوە بەجێهێڵرابوو. پیاوەکە گرنگی پێنەدا و وتی: «ئەوانە رەنگە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بن. هەمیشە بەسەرمانەوەن». بەڵام دواتر گرمەی بۆمبەکان هاتن بەر زەوی دەکەوتن.

قامیشلۆ، ٩ی تشرینی یەکەم، ٩ی شەو:  ئەو شەوە، کاتێک گوێمان لە تەقینەوەیەک بوو لە ئەوبەری شەقامەکە، فادی سەبری رایکرد تا دوکانە بچوکەکەی دابخات. پاشان تۆپە هاوەنی دووەم کەوتە حەوشەی ماڵەکەی. سەبری، کە خاوەنی سێ منداڵ بوو، لەگەڵ هاوسەرەکەی جولێت نیکۆڵا بە پارچەی تۆپەکە برینداربوون و بەرەو نەخۆشخانە بەرێکەوتن، لەگەڵ ئەوەی منداڵەکانیان کە زیانیان بەرنەکەوتبوو لە شۆکدا تەماشایان دەکرد. سەبری دەستی کردە گریان ئەوکاتەی لەسەر قەرەوێڵەیەکی نەخۆشخانە پاڵکەوتبوو، وتی: «تەنها دەمەوێت هاوسەرەکەم حاڵی باش بێت». جولێت لەهۆش خۆی چووبوو، لەدۆخێکی شڵۆقدابوو. پزیشکەکان، کە نەشتەرگەریان بۆ ئەنجامدا بۆ دەرهێنانی پارچە هاوەنەکەی لەپشتیدا، دەیانوت رەنگە نەتوانێت هەرگیز جارێکی دیکە بەپێی خۆی بڕوات.

 

قامیشلۆ، ١٠ی تشرینی یەکەم، ٩:٣٠ خولەکی بەیانی:

بەیانی دواتر، داوی شەوێکی نائارام - کە دەنگی تۆپ و گولەهاوەن و ئەمبولانسی تێدا بیسترا- چووم لەو شوێنانە بکۆڵمەوە کرابوونە ئامانج. زۆربەی ئەو شوێنانەی خەڵکی سڤیلی تێدا برینداربوو بوو وادیاربوو کەنزیکەی ٥٠ مەترێک لەپێگە سەربازییەکانەوە دووربن. بەڵام وادەردەکەوت کە ئۆفیسە سیاسیەکانیش بەئامانج گیرابێت.

قامیشلۆ، ١١ی تشرینی یەکەم، نیوەڕۆ

لەڕۆژی دووەمی ئۆپەراسیۆنی «کانی ئاشتی»، بۆمبارانەکان لانی کەم دوو سڤیلی دیکەشیان کردە قوربانی. سارای تەمەن حەوت ساڵان بەخەستی برینداربوو لەوکاتەی تۆپێک لەدەرەوەی ماڵیان لەشەقامەکە دەدات. سارا قاچی راستی لەدەستدا و برا گەورەکەی بەناوی موحەمەد گیانی لەدەستدا.

حەسەکە، ١١ی تشرینی یەکەم، ١١:٥٠ خولەکی نیوەڕۆ:

لەڕۆژی سێیەمی ئۆپەراسیۆنەکەدا، قوتابخانەکان کران بەپەناگە بۆ خەڵکی ئاوارە، کە زۆربەیان خەڵکی سەرێکانی بوون، بەخێرایی پڕکران لەو خێزانانەی چیرۆکی سامناک و شەوبێداری خۆیان دەگێرایەوە لەکاتی جەنگدا کەڕووبەڕووی شارۆچکەکەیان بووبوەوە. زۆربەیان دەترسان لەوەی هەرگیز نەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکەی جۆیان. «بینیمان لەعەفرین چی روویدا»، شیار بەکر عەونی وای وت کە باوکی سێ منداڵە و لەگەڵ ژن و منداڵەکانی بەسواری ماتۆڕێک لە جەنگ هەڵهاتبوون.

قامیشلۆ، ١٣ی تشرینی یەکەم، ١:٥٠خولەکی نیوەڕۆ:

رۆژی دواتر گەڕامەوە بۆ قامیشلۆ و بۆم دەرکەوت تەنها چەند دوکانیک کراوە بوون، لەوانەش دوکانێکی یاری منداڵان کە خاوەنەکەی بەهیوابوو ئەو ژمارە کەمە خێزانەی ئەو رۆژە سەردانیان کردبوو جەنگ بیری منداڵەکانیان ببەنەوە بەکڕینی  یاریەکی نوێی منداڵان. ئێوارەی هەمان رۆژ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند رێککەوتنێکیان ئەنجامداوە لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد بۆ پاراستنیان لەتورکیا. هێزەکانی سوپای سوریا بەخێرهاتنیان دەکرا لەشارەکەدا لەگەڵ ئەوەی خەڵکەکە هاواریان بۆ  دەکردن  و ئاڵای سوریایان دەشەکاندەوە.

بەڵام بە گەڕانەوە بۆ دێرک، کۆمەڵگەی مەسیحی شارۆچکەکە لەترسدا مابوونەوە. تا ئەوکاتە لەگەڵ ئیدارەی کورد لەپەیوەندییەکی باشدابوون وەک ئەوەی لەگەڵ رژێمی ئەسەدیشدا کێشەیان بۆ دروسستنەبوو بوو. «دەمانزانی شەڕ روونادات لەنێوان کوردەکان و رژێمدا، بەڵام ئەگەر تورکیا ئێرە داگیربکات، رژێمی سوریا دەجەنگێت بۆ ئەوەی شارۆچکەکەمان ئازاد بکات لەچەکدارە بەکرێگیراوەکان. ئەوە ئەرکی سوپای سوریایە پارێزگاریمان لێبکات»، جۆرجس لاهدو وای وت.

دێرک، ١٤ی تشرینی یەکەم، کاتژمێر ٧ی بەیانی:

ئەوکاتەی کەخۆر هەڵدەهات، چوومە سەربان تا وێنەیەکی تری سوریا بگرم. ئەم شارۆچکەیە بەشێوەیەکی بەرفراوان پروشکی توندوتیژی بەرنەکەوتبوو. ئەو رۆژە  شارۆچکەکە گوزارشتبوو لە لەدەستدانی هیوای خەڵک بۆ گۆڕان. بەشێکی زۆری نەوەی گەنج کۆچیان کردبوو. زۆربەی دایباب و باپیرە و داپیرەیان مابوونەوە. وەک پیاوە پیرەکە و دراوسێکەی، ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵان لەژێر دارێکی هەناردا لە ماڵەکەی خۆیدا دانیشتبوو کەوێنەیەکی ئەسەد هێشتا بە پەنجەرەکەیەوە بوو، ئەوەش وێنەیەکی چاوبەستی واقیعە تاڵەکەی ئێستاکەی سوریابوو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار