بۆ کەیسە باڵاکانی گەندەڵی عێراق دادگایه‌ک دادەمەزرێنێت

دوای شەپۆلێک لەخۆپیشاندانی کوشندە دژ بەحکومەت، بەغدا دەستەیەک رێکاری نوێی راگەیاند بۆ لەناوبردنی گەندەڵی

5 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتى

دادوەریی عێراق دادگایەکی ناوەندی تاوان دادەمەزرێنێت بۆ کەیسە گەورەکانی گەندەڵی بۆ ئەو تۆمەتبارانەی پۆستی باڵای حکومییان هەیە. بڕیارەکە دوای کۆبوونەوەیەک دەرکرا کەتێیدا سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فائق زیدان و نوێنەرانی دادگاکان و کۆمسیۆنەکانی دەسپاکی و دارایی ئامادەی بوون.

بەشداربووانی کۆبوونەوەکە چوارشەممەی رابردوو رێوشوێنی دانانی میکانیزمی نوێیان تاوتوێکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و دۆزینەوەی ریشەیی هاتنهکایهی.

سەرۆکی دەزگای یاساو کلتوور، تاریق حەرب وتی «دادگا نوێکە رێکارێکی کاریگەرەو هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکان دژ بەگەندەڵی».

وتیشی «هەموو دادگاکانی عێراق بەرپرسیارن لەمامەڵەکردن لەگەڵ ئهو تاوانانهی پەیوەندییان هەیە بەگەندەڵیی ئیداری و داراییهوه، وەک بەرتیل و خراپ بەکارهێنانی ئیدارەو دارایی گشتی».

وتیشی «دوای گوێگرتن لە بیروبۆچوونەکانی نوێنەرانی حکومەت و کۆمسیۆنی دەسپاکی و دادگاکانی پێداچوونەوە، ئەنجومەنی دادوەری بڕیاریدا دادگایەکی تاوانی تایبەت دابمهزرێنێت لەنوسینگهکانی دادگای پێداچوونەوەی بەری کەرخ لە بەغدا.»

بەگوێرهی قسەکانی تارق حەرب «دادگاکە کار لەسەر کەیسە گەورەکانی گەندەڵی دەکات لەگەڵ ئەوانەی کە تۆمەتبارەکانیان بەرپرسی حکومین، وەک جێگری سکرتێرەکانی وەزارەت و بەڕێوبەری گشتی و سەرۆکی دەزگا سەربەخۆکان».

ئەو شارەزایە باسی لەوەکرد لەڕێی ئەم هەنگاوەوە، ئەنجومەنی دادوەری ئامنجێتی «گوشار لەسەر دادگاکان کەمبکاتەوە و بەدواداچوون و رێکارە یاساییەکان خێرا بەڕێوەبچن بۆ ئەو کەیسانەی وەک تاوانی گەورەی گەندەڵی دەستنیشانکراون».

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کهئهو سزایانهی ئەو دادگایە دەریکات، دەکرێت پێداچوونەوەی بۆ بکرێت وەک هەموو بڕیارێکی دادگاکانی دیکە.

تارق حەرب وتی «ئهو کەیسانهی دەکەونە بازنەی بڕیاردانی دادگاکە لەلایەن دیوانی داواکاری گشتییەوە دیاریدەکرێن بەهاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی دەسپاکی و وتیشی دادوەرانی شارەزا لە کەیسەکانی دەسپاکی لێکۆڵینەوەکان ئەنجامدەدەن».

سەرۆکی دەزگای یاسا و کلتوور، وتی «دادگاکە هاوکار دەبێت بۆ دادگاییکردنی بەرپرسی گەندەڵ و ئەوانەی پارەی حکومییان خراپ بەکارهێناوە، «ئەوەش داوای سەرەکی خۆپیشاندانە توندوتیژەکانی سەرەتای ئەم مانگە بوو.»

وتیشی «بڕیاری دامەزراندنی دادگاکە، کە بیرۆکهیهکه دەمێکە لەسەر مێزەو تاووتوێ دەکرێت، بەبۆنەی خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانەوە پەلەی لێکرا.» ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کەبڕیارەکە جێبەجێکردنی یەکێک لەداوا هەرە گرنگەکانی خۆپیشاندەرانە.

گروپی ترانسپارێنت ئەنتەرناشناڵ کە دژ بەگەندەڵییە، پار عێراقی لەڕیزبەندیی 12هەمین وڵاتی گەندەڵی جیهاندا دانا، بەپشتبەستن بەبیروبۆچوونی شارەزایان و شرۆڤەکاران.

بەرپرسێکی دژە گەندەڵی کە بۆ ئاژانسی فرانس پرێس دواوە سێ کردەوەی باوی دەستنیشان کردووە «پاسەوانانی سنوور بەرتیل وەردەگرن تا چاوبپۆشن لەوەرگرتنی پارەی گومرگ، بازرگانیکردنی نایاسایی بهبەنزینهوه لەگەڵ کڕین و فرۆشتنی زەوی و ماڵە نرخ گرانەکانی دەوڵەت خاوەنیانە».

بەرپرسێکی دیکە لەدەزگای پشکنینی گشتیی وەزارەتی نەوت وتی «زۆر رووداوی گەندەڵی» دۆزراونەتەوە.

ئەو بەرپرسە کەداوایکرد ناوی نههێنرێت بەفرانس پرێنسی وت «دەزگاکە توانیوێتی دروستکردنی بۆرییەکی نەوت رابگرێت بۆ ئهردهن، چونکە هەر کیلۆمەترێکی بە 1.5 ملیۆن دۆلار مەزەندەکرابوو، کە وهک وتی نرخێکی بهرزه«.

وتیشی «ئۆپەراسیۆنەکەیان دەستگیرکردنی قاچاغچیانی نەوت و خاوەن کۆمپانیاکانی گواستنەوەی لێکەوەتۆتەوە کە «پەیوەندییان بە لایەنی گەندەڵکارەوە هەیە».

عادل عەبدولمەهدی سەرکوەزیران لەسەرەتای خۆپیشاندانەکاندا لیستێک ناوی رایگەیاند کە لەهەزار فەرمانبەر پێکهاتبوون کەتۆمەتبارن بەگەندەڵی و دراونەتە دادگا.

عادل عەبدولمەهدی بەڵێنیشیداوە دوای ماوەیەکی کورت «یەکەم لیستی بەرپرسانی باڵا دەدرێتە دادگا».

بەگوێره‌ی نوسینگه‌که‌ی عەبدولمەهدی، هەرچەندە هیچ ناوێک بەفەرمی رانەگەیەنراوە، لیستەکە ناوی بەرپرس و وەزیرانی ئێستاو پێشووی تێدایه

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار