کۆمپانیای تێسلای ئیڵۆن مەسک لەبەر کەمیی فرۆش نرخی ئۆتۆمبێلەکانی کەمدەکاتەوە

2 هەفتە لەمەوپێش



هاووڵاتی، هەوراز حوسێن

کۆمپانیای تێسلا بەهۆی کەمیی فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانییەوە لە جیهان بۆ جاری دووەم نرخەکانی کەمکردەوە. کۆمپانیا ئەمریکییەکە دووچاری رکابەرییەکی گەورە لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان بووەتەوە. ئەو هەنگاوەی تێسلا دوای ئەوە هات، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا کەمترین فرۆشی وەرزی بەراورد بە وەرزەکانی دوو ساڵی رابردووی تۆمارکرد.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە بۆ کۆتایی مانگی ئادار، ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی تێسلا فرۆشتوونی 387 هەزار ئۆتۆمبێل بووە. ئەوەش 8٪ کەمتر بووە لە وەرزی پێش خۆی و هاوکات بەهای پشکەکانی کۆمپانیاکە 40٪ کەمیکردووە.

رۆژی سێشەممە 23-4-2024، کۆمپانیای تێسلا راپۆرتی دارایی وەرزیی خۆی لە 2024 لە ئەمریکا بڵاودەکاتەوە، هەربۆیە بۆ بەرزکردنەوەی فرۆشی ئۆتۆمبێلەکانی نرخەکانی کەمکردووەتەوە. رۆژی یەکشەممە 21-4-2024، ئیڵۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیای تێسلا لە تۆڕی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، "نرخەکانی تێسلا پێویستە بەردەوام بگۆڕێن تاوەکو هاوتای داواکارییەکان بێت".

تێسلا نرخی هەر ئۆتۆمبێلێکی بۆ مۆدێلەکانیY، X و S لە ئەمریکا بە بڕی 2 هەزار دۆلار کەمکردووەتەوە. لە ژمارەیەک وڵاتی ئەوروپا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئەفریقاش نرخی ئۆتۆمبێلەکانی کەمکردووەتەوە. هۆکاری سەرەکی کەمکردنەوەی نرخەکان رکابەرییە گەورەیەکەیەتی لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان. هەریەک لە کۆمپانیاکانی نیۆ و بی وای دی مۆدێلی ئۆتۆمبێلی کارەبایی بە نرخێکی هەرزانتر دەخەنە بازاڕەوە. مانگی رابردوو کۆمپانیای شاومیی چینی کە کاری دروستکردن و بەرهەمهێنانی مۆبایلە، مۆدێلێکی ئۆتۆمبێلی کارەبایی خستە بازاڕەوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار