خەرجیی سەربازیی ئەوروپا لە کاتی جەنگی سارد بەرزتربووەتەوە

2 هەفتە لەمەوپێش



هەوراز حوسێن
هاووڵاتی – وارشۆ

توێژینەوەیەکی بنکۆڵکاری دەریدەخات، خەرجیی سەربازیی وڵاتانی ئەوروپا لە 2024دا لە ساڵانی جەنگی سارد زیاتربووە.


رۆژی دووشەممە 22-4-2023، پەیمانگەی نێودەوڵەتیی ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی بڵاویکردووەتەوە، لە دوای دەستپێکی شەڕی ئۆکرایناوە وڵاتانی ئەوروپا دەستیان بە زیادکردنێکی بەرچاوی خەرجییە سەربازییەکانیان کردووە و کۆی گشتیی ئەو خەرجییانەش لە کۆتایی ساڵی 2023 گەیشتووەتە 552 ملیار یۆرۆ.


خەرجییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتانە بەراورد بە 2022، 16٪ زیادیکردووە و بەراورد بە 2014ش 62٪ زیادیکردووە کە ئەوکات کۆی خەرجیی سەربازییان دەگەیشتە 330 ملیار یۆرۆ.
تەواوی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا جگە لە رۆمانیا، ئیتاڵیا و یۆنان کە ئەوانیش ئەندامی رێکخراوی ناتۆن خەرجییە سەربازییەکانیان زیادیکردووە.


بە گوێرەی پەیمانگەکە، زیادکردنی خەرجییە سەربازییەکانی وڵاتانی ئەوروپا لە دوای کۆنترۆڵکردنی نیمچە دورگەی کریمیای ئۆکراینا بوو لەلایەن رووسیاوە لە شوباتی 2014. هەروەها زیادکردنی جددیش لە دوای هێرشی رووسیا بوو بۆ سەر ئۆکراینا لە 2022.


زیادکردنی خەرجییەکان لە رۆژئاوا و ناوەڕاستی ئەوروپا بەرزترین بووە؛ بەریتانیا لە 2023دا گەورەترین خەرجیی سەربازی لە ئەوروپا هەبووە کە 2.3٪ی بەرهەمی ناوخۆی پێکهێناوە. وەزارەتی بەرگریی شانشینەکەش رایگەیاندووە، بڕیارە لە 2024 ئەو رێژەیە بۆ 2.5٪ بەرزبکەنەوە.


ئەڵمانیا لەلایەکی دیکەوە بەراورد بە 2014، 48٪ خەرجییە سەربازییەکانی زیادیکردووە. لە 2022دا ئەڵمانیا خەرجییە سەربازییەکانی بۆ 2٪ی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکەی بەرزکردەوە تاوەکو بگاتە ئەو ستانداردەی ناتۆ داوای لێدەکات.


پۆڵەندا لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا کە دراوسێی ئۆکراینایە، پشکی شێری مەترسی و هەڕەشەکانی رووسیا و بێلارووسی لەسەرە کە خاکەکەی هاوسنووری هەردوو وڵاتە، لە نێوان 2022 بۆ 2023 گەورەترین بەرزکردنەوەی خەرجیی سەربازی کردووە کە رێژەکەی 3.8٪ـە و دوو هێندەی ئەو خەرجییەیە کە لە پێش 2014 لە کەرتی سەربازیی وڵاتەکەدا تەرخاندەکرا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار