بەرپرسێکی سەربازیی ئۆکراینا: رۆژێکم بیر نایەت گوێم لە دەنگی درۆنی شاهیدی ئێرانی لە ئاسمانی ئۆکراینا نەبووبێت

یەک هەفتە لەمەوپێش



هاوڵاتی/ هەوراز حوسێن

بەرپرسێکی سەربازیی ئۆکراینی دەڵێت، لە دوای ناردنییەوە لەلایەن ئێرانەوە بۆ رووسیا، رۆژێکم بیر نایەت دەنگی درۆنی شاهیدی ئێرانیم لە ئاسماندا گوێ لێنەبووبێ لە مەیدانی جەنگدا.

دەستپێکی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە جیهاندا کاردانەوەی سیاسی و سەربازیی جۆراوجۆری بە دوای خۆیدا هێنا و ئاڕاستەی دیپلۆماسیی ژمارەیەک وڵاتیشی بۆ چوونە پاڵ رۆژئاوا یان جەمسەری رۆژهەڵاتی زەوی روونکردەوە.

ئێران لە مانگی ئابی ساڵی 2022ـەوە دەستیکرد بە ناردنی درۆنی شاهید بۆ رووسیا و لەوکاتەوە رووسیا لە بەرەی پێشەوەی جەنگەکەدا بەکاریان دەهێنێت. ئیڵیا یاڤلیش، گوتەبێژی هێزی ئاسمانی ئۆکراینا دەڵێت، درۆنی شاهید بەشدارییەکی گەورەی لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا هەیە و زۆر وێرانکەرە.

بە گوێرەی ئەو بەرپرسە سەربازییە، "ئەگەر درۆنێکی شاهید خۆی بە باڵەخانەیەکدا بکێشێت کە پڕ بێت لە خەڵک، هەموویان لەناودەبات." ئێران درۆنی شاهیدی تەنیا نەداوە بە رووسیا، بەڵکو لە هێرشەکەی هەفتەی رابردوویدا بۆ سەر ئیسرائیلیش هاوکات لەگەڵ 300 مووشەکی دیکەدا بەکاریهێنا.

شێوازی بەکارهێنانی درۆنی شاهید تەنیا یەک جارە؛ جیاواز لە درۆنەکانی دیکە ئەم جۆرە درۆنە مووشەک و تەقەمەنی بۆ پێکانی ئامانجەکەی لێنابەسترێت، بەڵکو خۆی بە ئامانجەکەیدا دەتەقێنێتەوە، بۆیە هەر درۆنێکی شاهید تەنیا یەک جار بەکاردێت و بۆ پێکانی ئامانجی دوورمەودا بەکاردێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار