بۆ یەکەمجار مووچە بۆ تووشبووانی شێرپەنجە لە عێراق دابیندەکرێت

دوێنێ
سەرۆکی دەستەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان رایگەیاند، بۆ یەکەمجار و لە عێراق، تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە مووچەیان بۆ دەبڕدرێتەوە.
رۆژنامەی سەباح رایگەیاند، حکومەتی عێراق لە هەوڵدایە مووچەی مانگانە بۆ تووشبوانی شێرپەنجە دابینبکات و بۆ ئەمە مەبەستەش لیژنەیەک پێکهێنراوە، ئەمەش یەکەمجارە هەوڵی بڕینەوەی مووچە بۆ ئەو چینە لە وڵاتەکە بدرێت.
بریکاری وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵاتی عێراق بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، لیژنەیەکی تەندروستى و کارگێڕییان پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونى دۆسیەى ئەو هاووڵاتییانەى تووشى نەخۆشى شێرپەنجە بوون تا لەنێو بەرنامەى چاودێریکردنى خاوەن پێداویستى تایبەتدا بە هاوکاریی وەزارەتى تەندروستى مووچەى تایبەتی مانگانەیان بۆ دابینبکرێت.
ئەوەش هاتووە بۆ ئەو مەبەستە لە پارێزگاى کەربەلاوە دەستپێدەکەن و بەشێوازیی ریزبەندى و تەواوبوونى کارەکان سەرانسەرى عێراق دەگرێتەوە.
ئەو بریکارەی وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵاتی عێراق باس لەوە دەکات، ئەم مووچەیە تەنها دەستبارێکە بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانەى تووشى نەخۆشییەکە بوون و هیچ پەیوەندییەکی بە مووچەى دیکەوە نییە.
هاوکات نە رۆژنامەکە و نە وەزارەتیش ئاماژەیان بە بڕی مووچەکە نەکردووە و ناشزانرێت تووشبوانى شێرپەنجەى هەرێمى کوردستانیش دەگرێتەوە یان نا.
بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق، 200 هەزار حاڵەتی شێرپەنجە لە وڵاتەکە بوونی هەیە و تەنها لە 2022 زیاتر لە 39 هەزار کەیسی نوێ تۆمارکراون. لە ساڵی 2023ش نزیکەی 10 هەزار حاڵەتی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون.
