محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی بۆ کاروباری ئابووریی کرد و جەختی لەسەر پێویستیی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێی داهات کردەوە. حکومەتی عێراق دەیەوێت لەرێگەی توندکردنەوەی ڕێکارە داراییەکان و فرەجۆرکردنی داهاتەکان، ڕزگاری بێت لە وابەستەیی تەواوەتیی بە نەوت؛ ئەم هەنگاوە ئاماژەیە بۆ هەوڵێکی جدیی بۆ ڕێکخستنەوەی خەزێنەی دەوڵەت و کەمکردنەوەی بارگرانییە داراییەکان لە کاتێکدا کە بازاڕی وزە بەردەوام لە گۆڕاندایە. نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: "کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ تاوتوێکردنی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و زیادکردنی داهاتەکان، بەتایبەتیش پێشنیازی دیاریکردنی نرخی پاڵپشتیی حکومەت بۆ بەرهەمە نەوتییەکان و چارەسەرکردنی دۆخی دارایی وڵات".  لەم کۆبوونەوەیەدا کە هەریەکە لە عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی و وەزیرانی دارایی، پلاندانان و بازرگانیی تێیدا بەشدار بوون، چەندین پێشنیازی گرنگ تاوتوێ کران. یەکێک لەوانە پاڵپشتییکردنی هەناردەی کاڵای عێراقیی بوو لەرێگەی پێدانی قەرز و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ ئابووریی نانەوتیی، تاوەکو داهاتەکان تەنها لە یەک سەرچاوەوە نەبن. سوودانی بڕیاریدا لیژنەی جیاواز و پسپۆڕ پێکبهێنرێن بۆ ئەوەی بە وردیی لێکۆڵینەوە لەسەر هەموو پێشنیازەکان بکەن و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدەن، بە جۆرێک کە هەموو هەنگاوەکان پاڵپشتیی لە پلانی چاکسازیی ئابووریی حکومەت بکەن و خەرجییە ناپێویستەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەم بکەنەوە. حکومەت دەیەوێت نرخی بەرهەمە نەوتییەکان و شێوازی پاڵپشتییە داراییەکان ڕێکبخاتەوە. بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا زنجیرەیەک بڕیاری نوێ بۆ زیادکردنی داهاتی دەوڵەت و کەمکردنەوەی کورتهێنان دەربچێت کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر بودجە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەبێت. ئابووریی عێراق بە ڕێژەی زیاتر لە 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئەمەش هەمیشە حکومەتەکانی ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی کردووەتەوە لە کاتی دابەزینی نرخەکاندا.

ئەم مانگە مووچەی زیاتر لە سێ هەزار پێشمەرگەی دیكەی خانەنشینكراو دەبەسترێت كە لەمانگی هەشتەوە گەیشتوونەتە تەمەنی خانەنشینی، چەند مووچەیەک بەیەکەوە وەردەگرن، زیاتر لە دوو هەزار و 500ـی دیکەش دەکەوێتە مانگی دوو.  لە مانگەکانی ڕابردوو لە 19 هەزار دۆسیەكەی خانەنشینانی پێشمەرگە، 13 هەزار و 774 کەس دۆسیەیان تەواو کراوە و مووچەیان بۆ بەستراوە، بەشێکی دیکەیان ماون وردبینی تێدا بکرێت، بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی دوو سەرجەمیان ئامادە دەبن.  لیوا حاجی مەلا ئەمین، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و کەمئەندامان؛ بە ئاڤای گوت، "سێ هەزار و 24 خانەنشین و کەمئەندام لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی یەک مووچەیان بۆ دەبەسترێت، 53 خانەنشینی پێشمەرگەن، دوو هەزار و 971 کەسیان کەمئەندامن، ئەوانە چەند مووچەیەک بەیەکەوە وەردەگرن."  بەگوتەی بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی پێشمەرگە و کەمئەندامان، هەزار و 712 دۆسییەی دیکەیان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی کردووە، ئەگەر وردبینی تەواو بکرێت لەم مانگە مووچەیان دەبەسترێت و ژمارەی ئەو خانەنشین و کەمئەندامانەی لەم مانگە مووچە وەردەگرن دەبێت چوار هەزار و 736، ئەگەر دۆسییەکانیشیان بمێنێتەوە ئەوا دەکەوێتە سەر مانگی دوو.

ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، جیاوازی لە نێوان دۆلاری سپی و شین حەرامە و ئەمڕۆ لە بازاڕی دۆلار فرۆشانی هەولێر، جیاوازیەکەی بۆ 900 دینار کەمبووەوە. کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، بە هێرۆ مەولوودی پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: فەتوای دوێنیی ئەنجوومەنی باڵای فەتوانی هەرێمی کوردستان زۆرباش و پێویستبوو، چونکە خەڵکانێکی زۆر خانوویان دروستدەکرد یان ئۆتۆمبێلیان دەکڕی یاخود مامەڵەی دیکەیان هەبوو، زۆر زیاتر لەسەریان گران دەبوو. گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر ئاماژەی بەوە دا، ماوەیەکبوو جیاوازی نێوان دۆلاری سپی و شین چوار هەزار دیناربوو، بەمەش خەڵکێکی زۆر زەرەرمەندبوون، بەڵام ئەمڕۆ جیاوازیەکە لە چوار هەزارەوە بۆ 900 دینار کەمیکردووە، دوای چەند ڕۆژێکی دیکە ئەم جیاوازیەش نامێنی. کەیفی خۆشناو داوا دەکات، چارەسەری پارەی دڕاویش بکرێت، بەتایبەتی لە بانکەکان، چونکە بەمەش کارئاسانییەکی زۆر بۆ هاووڵاتییان دروست دەبێت. دوێنێ چوارشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، دەربارەی جیاوازی نێوان دۆلاری سپی و شین فەتوایەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: نابێت جیاوازی لە نێوانیان بکرێت، چونکە لە یەک ڕەگەزن و نابێت جیاکاریی لەنێوانیاندا بکرێت. لەگەڵ ئەمەشدا دەرچەیەکی شەرعی هێناوەتەوە. هەروەها عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لەکاتی گۆڕینەوەی دۆلاری شین بە سپی، وەرگرتنی هەر بڕە پارەیەک بە بیانووی جیاوازیی جۆرەکەیان، حەرامە." ناوبراو ڕوونی کردەوە، کە لە ڕووی یاساییەوە دۆلاری سپی و شین یەک بەهان و یەک ڕەگەزی دراون؛ بۆیە دەبێت ئاڵوگۆڕەکە دەستبەدەست و بە هەمان بڕ بێت، هەر زیادەیەک لەم نێوەندەدا وەربگیرێت، حەرامە.

کۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاند، لە سێ مانگی ڕابردوودا 19 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە کردووە. جەختیشی کردەوە، بەردەوامن لە وەرگرتنی نەوتی هەرێم بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کە کراوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دوومەی 2026، عەلی نزار شەتەری، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ـی ڕاگەیاند: "پرۆسەی وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە". جەختیشی کردەوە "هەموو لایەنەکان هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ پابەندبوون بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، بەپێی ئەو بارودۆخە کارپێکردنەی کە بۆ کێڵگە نەوتییەکان و پرۆسە لۆجستییەکان دیاریکراوە." ئەلشەتەری ڕوونیکردەوە "ئەو بڕە نەوتەی کە لە سەرەتای جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکەوە لە 27ی ئەیلوولی 2025 تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی 2025 وەرگیراوە و هەناردەکراوە، گەیشتووەتە نزیکەی 19 ملیۆن بەرمیل،" ئاماژەی بەوەش کرد "تێکڕای مانگانەی نزیکەی 6 ملیۆن بەرمیلە." ناوبراو گوتیشی: "سرووشتی پیشەسازی نەوتی جیهانی گۆڕانکاری لە ڕێژەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردندا دروست دەکات، ئەمەش بەهۆی گۆڕانکارییە تەکنیکی و کارپێکردنەکانەوەیە." ڕوونیشیکردەوە "بڕی ئەو نەوتەی مانگانە لە هەرێمەوە وەردەگیرێت، و ڕێژەکەی لە کۆی گشتی هەناردەکردنی عێراقدا، بە ڕێژەیەکی سادە دەگۆڕێت و لە سنووری قبوڵکراودایە بەپێی پێوەر و ڕێکارە جیهانییەکانی پیشەسازی نەوت." 22ى ئەیلوولی 2025، بەغدا و هەولێر و کۆمپانیاکانى نەوت ڕێککەوتنێکى سێ قۆڵییان بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان واژۆ کرد؛ ماوەی ڕێککەوتنەکە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 بوو. دوێنێ ڕۆژی چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2026، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی ئەگەری درێژکردنەوەی ڕێککەوتنەکە، گوتی "ڕێککەوتنەکەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە سەرەتاوە بەو جۆرە بوو، بۆ ماوەی سێ مانگ بێت؛ ئەگەر لە ماوەی سێ مانگدا هیچ لایەنێک تێبینی لەسەر نەبوو، ئەوا  ڕێککەوتنەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی جارێکی دیکە تازە دەبێتەوە." شەوی ڕابردوو (چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026)، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری دارایی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە 27ی ئەیلوولی 2025، تاوەکوو 31ی کانوونی یەکەم، 19 ملیۆن و 594 هەزار بەرمیل نەوتی کوردستان لە لایەن کۆمپانیای 'سۆمۆ'ـەوە هەناردە کراوە و داهاتەکەی هەمووی چووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، بەمەش مووچەی فەرمانبەران بە ڕێژەی %70 لەلایەن خودی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامێکی توندی قسەکانی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی دەروازەکانی عێراق بۆ "گەندەڵی و دەستتێوەردانی میلیشیاکان" دەگەڕێتەوە، نەک هەرێمی کوردستان. ئەم وەڵامەی وەزارەتی دارایی دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی 11ـی ئەم مانگە، لە دانیشتنێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق میوانداری کرابوو، بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی، ناوبراو "بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری حکوومەتى هەرێم و دوور لە هەموو عورفێکی یاسایی، هۆکاری کەمیی داهاتی دەروازەکانی عێراقی خستووەتە ئەستۆی هەرێم و ژمارەیەک تۆمەتی بێ بنەمای ئاراستە کردووە". هۆکارە ڕاستەقینەکانی دابەزینی داهاتی عێراق وەزارەتی دارایی بە چەند خاڵێک وەڵامی تۆمەتەکان دەداتەوە و ئاشکرای دەکات کە ئەگەر داهاتی دەروازەکانی عێراق کەمی کردبێت، هۆکارەکەی بۆ ئەمانە دەگەڕێتەوە: 1-گەندەڵی ئیداری و دارایی و نەبوونی دەسەڵاتی حکوومەت  بەسەر بەشێک لە دەروازەکاندا. 2- دەستتێکەڵکردن لەگەڵ قاچاخچی و سەرۆک هۆزەکان بۆ هێنانەناوەوەی کاڵا بەبێ گومرگ. 3- وەرگرتنی بەرتیل و گەندەڵی ڕێکخراو لەژێر ناوی "تەرکیات" بۆ بارهەڵگرەکان. 4-بەرزکردنەوەی لەناکاو و بەرچاوی باج لەسەر کاڵاکان (زیاتر لە 30 هێندە)، کە بووەتە هۆی گۆڕینی ڕێڕەوی بازرگانی. تۆمەتی قاچاخچێتی و خاڵە گومرگییە نایاساییەکان سەبارەت بە تۆمەتی هێنانەناوەوەی کاڵای قەدەغەکراو، وەزارەتەکە ڕەتیدەکاتەوە و دەڵێت: "پێچەوانەکەی ڕاستە، چەندین کاڵا لە هەرێم قەدەغەن کەچی لە دەروازەکانی عێراقەوە بە قاچاخ دەهێنرێنە نێو هەرێم". هەروەها وەزارەتی دارایی ڕەخنە لە دانانی خاڵە گومرگییەکانی (ئەلسەد، چیمەن و دارەمان) دەگرێت لە نێوان شارەکانی عێراق و هەرێم و بە "نایاسایی و سەرچاوەی گەندەڵی و بەرتیل" ناویان دەبات، کە بوونەتە هۆی دووجار باج وەرگرتن لە بازرگانان، شتێک کە لە هیچ یاسایەکی دنیادا بوونی نییە. مووچە و نەوت  لە بەشێکی دیکەی وەڵامەکەدا، وەزارەتی دارایی وەڵامی قسەکانی وائیلی دەداتەوە سەبارەت بە مووچە و نەوتی بەسڕە و دەڵێت: "ناردنی پشکی هەرێم دەستوورییە و خێر نییە، دەوڵەتی عێراق لەسەر نەوتی کەرکووک و کوردستان دامەزراوە کاتێک نەوتی بەسڕە بوونی نەبوو، بۆیە دەبێت عێراق قەرەبووی تاوانەکانی ڕژێمەکانی پێشوو بەرامبەر کورد بکاتەوە نەک (منەت) بەسەردا بکات". وەزارەتەکە وەبیر عێراقی دەهێنێتەوە کە لە شەڕی داعش و سەردەمی کۆرۆنا مووچەی خەڵکی کوردستانیان بڕیوە، لەکاتێکدا "لە کۆی 94 ترلیۆن دیناری پشکی هەرێم لە 7 ساڵی ڕابردوودا، تەنها 33 ترلیۆن نێردراوە". دزی سەدە و هەڕەشەی یاسایی لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکە، وەزارەتی دارایی دەپرسێت: "ئەگەر دابەزینی داهات لە ئەستۆی هەرێمە، ئەی کێ بەرپرسە لە دزی سەدە و دەستکاریکردنی سندوقی چاودێری کۆمەڵایەتی؟". وەزارەتەکە ئامادەیی خۆی بۆ وردبینی و شەفافیەت دووپات دەکاتەوە و هۆشداریش دەدات کە مافی خۆیانە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر هەر بەرپرسێک بگرنەبەر کە تۆمەتی بێ بنەما ئاراستەی هەرێمی کوردستان بکات.

وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاڤا ئاشکرای کرد لە ساڵی ڕابردوودا 22 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕێگەی سۆمۆوە هەناردەکراوە و ڕۆژانە 250 بۆ 270 هەزار بەرمیل ڕەوانە دەکرێت، لەو ڕێژەیە 50 هەزار بەرمیلی بۆ بەکاربردنی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە. کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی کوردستان بە وەکالەت، بە ئاڤای ڕاگەیاند، ڕێککەوتنی سێقۆڵی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، بۆ مانگی سێی ئەمساڵ درێژکراوەتەوە و لە ماوەی ڕابردوو و ئیستاش حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی تەواوی ڕێککەوتنەکە بووە، بەڵام لەبەرامبەردا حکومەتی فیدراڵی عێراق، پابەندی ڕێککەوتنەکە نییە، ئەمەش وایکردووە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوابکەوێت. ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت لەمەودوا لە حکومەتی فیدڕاڵ بوودجە بنێرێت نەک مووچە، ئەو مووچەیەی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت 58%ـی  داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستانە.

یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2025دا نزیکەی 20 ملیۆن بەرمیل نەوتیان ڕادەستی بەغدا کردووە، هەروەها لە ساڵی 2025دا دەبوو زیاتر لە 12 ترلیۆن دینار بۆ هەرێم بنێردرێت، بەڵام بەغدا تەنیا 10 ترلیۆنی ناردووە، هاوکات پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵەی عێراق بە بڕیارێکی هەڵە وەسف دەکات و ڕایدەگەیەنێت، چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2026، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مێوانی گەشتی هەواڵەکانی کوردستان24 بوو و گوتی: پەسەند کردنی بودجەی سێ ساڵ لەلایەن حکوومەتی سوودانییەوە، دەرەنجامێکی زۆر خراپی بۆ هەرێمی کوردستان هەبوو و بڕیارێکی هەڵە بوو. کێشەی ئێمە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر مووچە نییە، بەڵکوو لەسەر بودجەیە، ئەگەر بەدواداچوونێک بۆ چەند ساڵی ڕابردوو بکەین، دەزانین کە برە پارەیەکی زۆری حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە لای حکوومەتی فیدراڵییەوە، بەتایبەت لە بودجەی وەبەرهێنان. یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی: یەک نەبوونی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان وای کردووە لە بەرانبەر عێراق لاواز بێت و بەو شێوەیە مامەڵەمان لەگەڵ بکرێت. لە ساڵی 2023 بەغدا تەنیا چوار ترلیۆن و 698 ملیار دینار دیناری بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردبوو، کە دەکاتە نزیکەی پێنج مووچە، واتە سێ مووچە نەنێردراوە، لە ساڵی 2024 لە 10 ترلیۆن و 709 ملیار دینار، 10 ترلیۆن و 26 ملیاران بۆ مووچە خەرج کرد، کە لێرە دەکاتە نزیکەی مووچەی دوو مانگ نەنێردرا، هاوکات لە ساڵی 2025 حکوومەتی فیدراڵ دوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە. سەبارەت بەو لێدوانانەی کە دەڵێن لە ساڵی 2025 زۆرترین پارە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە، ڕێباز حەملان گوتی: دەبووایە لە ساڵی 2025، بڕی 12 ترلیۆن و 471 ملیار دینار لەلاین حکوومەتی فیدراڵەوە بۆ هەرێم بنێردرابا، بەڵام لەو بڕە تەنیا 10 ترلیۆن و 413 ملیار دینار نێردراوە، هاوکات تەنیا لەو ساڵە حکوومەتی هەرێمی کوردستان 919 ملیار و 346 ملیۆن دینار لە داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا ناردووە. ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، چونکە ئەوان دوو مووچەیان نەناردووە، ئێمەش نزیکەی 240 ملیار دینارمان نەناردووە. ڕێباز حەملان ڕاشیگەیاند، ئەگەر داهاتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە 200 ملیار دینار و 120 ملیار دینار بۆ بەغدا بنێردرێت، ئەوا تەنیا 80 ملیار دەمێنێتەوە، کە دەکاتە 50 ملیۆن دۆلار، کە بە هیچ شێوەیەک ناکرێت حکوومەتێک بە چوار پارێزگا و شەش ملیۆن هاووڵاتی ئەوا داهاتەکەی بێت. هاوکات سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوت بۆ بەغدا، ئاماژەی دا، لە 27ی ئەیلوولی 2025، تاوەکوو 31ی کانوونی یەکەم، 19 ملیۆن و 594 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەغدا نێردراوە و داهاتەکەی هەموو چووتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق، بەمەش مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی %70 لەلایەن خۆمانەوە دابین دەکرێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا داوای 7 مووچەی نەدراوی فەرمانبەرانی و بودجەی ئەم ساڵیش لە عێراق بکات؛ هاوکات رێژەی 14٪ بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بکرێتە بنەما. کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆتاییهات و ژمارەیەک بڕیاری دا؛ کە وێنەیەکی سەنگەر عەبدولڕەحمان، بێژەری نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە. ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، دانەوەی 7 مووچەی نەدراوی ساڵانی رابردوو، بودجە بۆ یەک ساڵ و رێژەی 14٪ بکرێتە بنەما بۆ پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دا. هاوکات لە بڕیارەکانی دیکەی ئەنجوومەنەکەدا هاتووە، کە گفتوگۆی هەرێمی کوردستان لەسەر بودجە دەبێت نەک مووچە؛ جگە لەوەی گفتوگۆ لەسەر بەشەبودجەی فیدراڵی هەرێمی کوردستانیش بکرێت. ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری ئەوەیشی داوە کە داوا لە عێراق بکات، لە بودجەی ساڵی 2026دا، مافی هەرێمی کوردستان لە دامەزراندن دیاری بکرێت؛ رێککەوتن بۆ هەناردەکردنی نەوت لە دوای مانگی 3 درێژ بکرێتەوە. لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، گفتوگۆ لەبارەی زیادکردنی داهاتی وەزارەتەکان کرا؛ هاوکات وەزارەتەکان راپۆرت لەسەر داهاتیان دەدەنە ئەنجوومەنی وەزیران. ئەمە لەکاتێکدایە کە بڕیارە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ گفتوگۆ لەسەر بودجەی ساڵی 2026 بچێتە بەغدا.

جارێکی دیکە بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار دابەزی، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی پێشبینی دەکات بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر داببەزێت و ئەمڕۆ 100 دۆلار بەرامبەر بە 146هەزار و 600  دینارە.    جەبار گۆران، وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی، بە ئاڤا میدیای وت: "ئێستا بەهای 100 دۆلار بەرامبەر 146 هەزار و 600 دینارە، ئەمەش چەند هۆکارێکی هەیە."   وتەبێژی بازاڕی دراوی سلێمانی دەشڵێت: "پێشبینی دەکەم جارێکی دیکە بەهای 100 دۆلار ببێت بە 149 هەزار دینار، دابەزینی بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بە ئەستەم دەیبینم."   بەگوێرەی زانیارییەکانی جەبار گۆران،  خواست لەسەر کڕینی دۆلار زیادبووە، بەتایبەت لەلایەن بازرگانەکانەوە، هەروەها  سیستمی ئەسیکۆدا کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار هەیە، ئەمە سەرەڕای دۆخی سیاسیی و ئابووری و تەکنیکییەکان.

پەرلەمانتارێکی عێراق لەسەر لیستی پارتی، جەخت لە بەردەوامیی دانوستانەکان بۆ مەبەستی یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، لایەنە کوردییەکان لە بەردەم دوو بژاردەی سەرەکیدان بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە، هاوکات پێداگریی حزبەکەی لەسەر کاندیدکردنی فوئاد حوسێن دووپات کردەوە. شەممە، 10ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیخڵاس دلێمی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقییە ڕایگەیاند: دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، بۆ مەبەستی یەکلاییکردنەوەی پرسی سەرۆک کۆماری عێراق، پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێم و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە. پەرلەمانتارەکەی پارتی ئاماژەی بەوە دا، کە حزبەکەی کاندیدی فەرمیی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پێشکەش کردووە و سوورە لەسەر ئەو کاندیدکردنە، بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم پرسەش فراکسیۆنە کوردستانییەکان دوو بژاردەیان لە بەردەمدایە؛  بژاردەی یەکەم؛ پەیڕەوکردنی پرەنسیپی دەنگی "زۆرینەی کوردی". دەلێمی دەڵێت: هەروەک چۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان پشت بە زۆرینەی سوننی دەبەسترێت و بۆ دیاریکردنی سەرۆک وەزیران زۆرینەی شیعی بڕیار دەدات، بە هەمان شێوە سروشتییە کە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش بە بڕیاری زۆرینەی پێکهاتەی کوردی بێت". بژاردەی دووەم:  هاوکێشەی پۆست لە بەرامبەر پشکەکان، لەو بارەیەوە ئەو پەرلەمانتارەی پارتی گوتی: "مەرجی دووەم ئەوەیە هەر فراکسیۆنێک پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت، دەبێت لە بەرانبەردا دەستبەرداری سەرجەم شایستە و پشکە حکومییەکانی دیکە ببێت، جا چ بەشداریکردن بێت لە کابینەی حکوومەت یان پۆستەکانی دیکە". دلێمی بە ڕاشکاوی ڕەخنەی لە دۆخی ئێستا گرت و گوتی: "هیچ لۆژیکی نییە و مەعقول نییە فراکسیۆنێک کە خاوەنی 17 کورسیی پەرلەمانییە، پۆستی سەرۆک کۆمار وەربگرێت و هاوکات دوو وەزارەت، چەندین لیژنە، پێنج بریکار و دەستەیەکی سەربەخۆش ببات". لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، پەرلەمانتارەکەی پارتی باسی لەوە کرد، کە کاندیدی حزبەکەی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار د. فوئاد حوسێن)ـە، هەروەها داوای لە چوارچێوەی هەماهەنگی کرد کە هەمان ئەو پێوەرەی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییەکانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران کاری پێدەکەن، بۆ سەرۆکایەتی کۆماریش جێبەجێی بکەن و ڕەچاوی زۆرینەی کوردی بگرن.   پێنجشەممە 8ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرچاوەیەک بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕایگەیاندبوو، یەکێتی و پارتی دوای کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان، ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەفتەی داهاتوو درێژە بە گفتوگۆکانیان بدەن. بەپێی زانیارییەکان، ئەجێندای کۆبوونەوەی داهاتوو لەسەر سێ تەوەری سەرەکی و ستراتیژی چڕ دەبێتەوە: -پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. -کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان. -یەکلاکردنەوەی پرسی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق. سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە داوە، کە پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان ئەم سێ دۆسیەیەدا دروست کراوە؛ بە جۆرێک کە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر شێوازی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت، دەبێتە کلیلی چارە و دەرچەیەک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و یەکلاکردنەوەی کێشەکانی تایبەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار لە بەغدا. بە پێی سەرچاوەکە، یەکێک لە خاڵە وەرچەرخانەکانی دانوستانەکانی ئەمجارە، تاوتوێکردنی بیرۆکەی دیاریکردنی "کاندیدی هاوبەش"ـە بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق. سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی عێراق، وەک یەکەم هەنگاوی دەستووری دوای دەستبەکاربوونی، بە فەرمی دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کردەوە و ڕۆژی دووشەمە 5ـی کانوونی دووەمی 2026 وەک دوا وادە بۆ وەرگرتنی سی ڤی کاندیدان دیاریی کرد. ڕۆژی دووشەمە 5ـی کانوونی دووەمی 2026، پەرلەمانی عێراق، لیستی کۆتایی کاندیدانی پۆستی سەرۆک کۆماری بڵاو کردەوە، کە 81 کەس بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە ناوی خۆیان تۆمار کردووە و لە نێویاندا 4 ئافرەت هەن.  پەرلەمانی عێراق بە پێی دەستوور، لە ماوەی 30 ڕۆژ لە دوای یەکەم دانیشتنی خۆی، دەبێت سەرۆک کۆمارێکی نوێ هەڵبژێرێت. دوای هەڵبژاردنی، سەرۆک کۆمار 15 ڕۆژی لەبەردەست دەبێت بۆ ڕاسپاردنی کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت. پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمان پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە. لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا، کاندیدێک بۆ بردنەوە پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئامادەبووان هەیە. ئەگەر هیچ کاندیدێک ئەو ڕێژەیەی بەدەست نەهێنا، دوو کاندیدی یەکەم دەچنە گەڕی دووەم و ئەو کەسەی زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت، دەبێتە سەرۆک کۆمار.

بەگوێرەی نوێترین ئاماری یەکەی توێژینەوەی وزە لە واشنتن، هەناردەی نەوتی عێراق لە ساڵی 2025ـدا، بەراورد بە پار، 2% کەمی کردووە، کە دەکاتە 61 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. یەکەی توێژینەوەی وزە رایگەیاندووە، تێکڕای هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە رێگەی دەریاوە لە ساڵی 2025ـدا نزیکەی 3.336 ملیۆن بەرمیل بووە لە رۆژێکدا، لە کاتێکدا لە ساڵی 2024ـدا 3.397 ملیۆن بەرمیل بووە. کەمبوونەوەکە، هاوکاتە لەگەڵ پابەندبوونی بەغدا بە کەمکردنەوەی ئارەزوومەندانەی ئاستی بەرهەمهێنان و رێککەوتنی ئۆپێک پڵەس بۆ دڵنیابوون لە سەقامگیریی بازاڕەکانی وزەی جیهان. مانگی شوبات، بەرزترین ئاستی هەناردەکردنی نەوتی لە ساڵی 2025ـدا تۆمارکردووە  کانوونی دووەم: 3.299 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا شوبات: 3.485 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا ئادار: 3.280 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا نیسان: 3.319 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا ئادار: 3.207 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا حوزەیران: 3.331 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا تەممووز: 3.385 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا ئاب: 3.34 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا ئەیلوول: 3.413 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا تشرینی یەکەم: 3.435 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا تشرینی دووەم: 3.282 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا کانوونی یەکەم: 3.248 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا جگە لەو بڕە نەوتەی لەرێگەی دەریاوە هەناردە دەکرێت، مانگانە نزیکەی 400 بۆ 450 هەزار بەرمیل رادەستی ئوردن دەکرێت، کە بە تێکڕا رۆژانە 15 هەزار بەرمیل دەکات، ئەمەش بەپێی رێککەوتنێکی نێوانیان کە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2025 بەردەوام بوو. بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکانی یەکەی توێژینەوەی وزە، بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ساڵی 2025ـدا بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و گەیشتووەتە 4 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بە بەراورد بە نزیکەی 4.17 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا لە ساڵی 2024. پێشبینی دەکرێت بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق لە ساڵی 2026ـدا بەرزببێتەوە و تاوەکو کۆتایی چارەکی یەکەمی ساڵەکە بگاتە 4.273 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. رۆژی 30ی تشرینی دووەمی پار، هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس رێککەوت لەسەر هێشتنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت وەک خۆی تاوەکو ساڵی 2026 و بڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی هاوپەیمانییەکە رۆژی 7ی حوزەیرانی 2026 بکرێت. لە ساڵی 2016 رێکخراوی ئۆپێک لەگەڵ 10 بەرهەمهێنەری دیکەی نەوت هاوئاهەنگییان لەبارەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ سەقامگیریی بازاڕ، هاوپەیمانێتییەکیان بەناوی ئۆپێک پڵەس دروستکرد.

کەمبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار لە عێراق بەهۆی رێکاری نوێی گومرگی پێشوەختە و کەمبوونەوەی داهاتی نەوتەوەیە، کە نزیکەی یەک تریلیۆن دینار کورتهێنانی بۆ خەرجی دروستکردووە. بەهای دینار بەرامبەر دۆلار زیاتر لە هەفتەیەکە بەرەو دابەزین دەچێت، لەگەڵ کردنەوەی بازاڕدا لە هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 5ى کانوونى دووەمى 2026 بەهاى 100 دۆلار بەرامبەر بە 145 هەزار دینار بوو. رووداو لە هەرێمی کوردستان و بەغداوە بەدواداچوونی بۆ هۆکارى ئەو گۆڕانکارییەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کردووە. دوو هۆکاری سەرەکی هەن. یەکێکیان کاتییە و ئەوی دیکەیان ئەگەر هەیە درێژخایەن بێت. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، یەکێک لە هۆکارەکانی دابەزینی بەهای دینار ئەوەیە رێکارەکانی گومرگی پێشوەختە بۆ هاوردەکردن لە 1ی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە بۆ هاوردەکردنی سەرجەم کاڵاکان کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەی ئەو رێکارە، دەبێت بازرگانان بۆ سوودوەرگرتن لە دۆلار بە نرخی فەرمی لە بانکی ناوەندی بۆ هاوردنی کاڵاکانیان، لە رێگەی سیستمی ئەسیکوداوە پێشتر گومرگی ئەو کاڵایانە بدەن کە هاوردەی دەکەن. ئەو دۆخە وای کردووە بەشێک لە بازرگانان، بەتایبەت لە هەرێمی کوردستان، نەتوانن ئەو رێکارە بگرنەبەر، ناچاربن دۆلار لە بازاڕدا بکڕن و پەنا نەبەنە بەر کڕینی دۆلار بە نرخی فەرمی کە 1320 دینارە بەرامبەر دۆلارێک؛ ئەوەش خواستی لەسەر دۆلاری بازاڕ زیاتر کردووە. موزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو گۆڕانکارییەی بەهای دینار کاردانەوەیەکی کاتییە و پەیوەندیدارە بەو رێکارە نوێیانەی لە گومرگی پێشوەختە گیراونەتەبەر بۆ بەرزکردنەوەی داهات و رێکخستنەوەی باج و گومرگ. رێکاری گومرگی پێشوەختە لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە کەوتە واری جێبەجێکردن، سەرەتا بڕیاردرا تاوەکو ساڵی نوێ تەنیا چوار جۆر کاڵا بگرێتەوە، دواتر بۆ هاوردەکردنی سەرجەم کاڵاکان هەمان رێکار بگیرێتەبەر. موزهەر محەممەد ساڵح رایگەیاند، ئەو ناجێگیرییەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار کێشەیەکی بونیادی نییە و پەیوەندیدارە بە قۆناخێکی کاتی، کە تاوەکو خۆگونجاندن لەگەڵ رێکارە نوێیەکان بەردەوام دەبێت. گومرگی پێشوەختە وادەکات بازرگانان لەبری رادەستکردنی گومرگ لە دەروازە سنوورییەکان بە کاش، پێشتر رادەست دەکرێت و لەنێو سیستمى ئەسیکۆدا دەیسەلمێنێت پارەى گومرگى داوە تاوەکو کۆدێکى پێبدرێت و لە رێگەیەوە بتوانێت کاڵاکەى لە دەروازە سنوورییەکان دەرباز بکات. سەروەت جاف، بەڕێوەبەری هەرێمیی بانکی ئەهلیی عێراقی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێکاری گومرگی پێشوەختە لە 1ی کانوونی دووەمەوە دەستی بە جێبەجێکردن کردووە بۆ هەموو کاڵاکان، ئەوە هۆکارێکی دابەزینی بەهای دینارە، چونکە بازرگانان بە تەواوی لەگەڵ ئەو رێکارە رانەهاتوون و جێبەجێیان نەکردووە. سەروەت جاف گوتی، "پێشتر رۆژ هەبووە هەزار حەواڵەمان کردووە، بەڵام ئێستا دەگاتە 35 حەواڵە، ئەوەش جگە لەوەی پێناسی باجیش دانراوە لەسەر نرخی کاڵاکان، کە هەندێک بازرگانی ناچار کردووە لەبری رێگەی دۆلاری بانکی ناوەندی، پەنا بۆ دۆلاری بازاڕ ببەن." پەنابردنی حکومەتى فیدراڵى بۆ گومرگی پێشوەختە بۆ ئەوەیە، داهاتی نانەوتی زیاد بکرێت و بەشێک لەو کورتهێنانەی پێ پڕبکرێتەوە کە لە کەمبوونەوەی داهاتی نەوت دروستبووە. بەگوێرەی بەدواداچوونی رووداو، کەمبوونەوەی داهاتی نەوت، کە بە دۆلار بۆ وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە، هۆکارێکی دیکەی دابەزینی بەهای دینارە. جەمال کۆچەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق کە لە خولی پێشوو ئەندامی لیژنەی دارایی بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو قەیرانەى کەمیى داهاتى نەوت کە ئێستا هەیە، کاریگەریی چەند مانگێک لەمەوبەرە کە ئەو نەوتەی پێشتر فرۆشراوە ئێستا پارەکەی دەگاتە عێراق. بەگوێرەی داتاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ)، لە تشرینی دووەمی 2025 بایی 6.5 ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووە کە بە نرخی فەرمی نزیکەی 8.4 ترلیۆن دینارە، لەکاتێکدا داتاکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵ بۆ خەرجی دەریخستووە خەرجی مانگانە 9.4 تریلیۆن دینارە، بەوپێیە نزیکەی یەک تریلیۆن دینار کورتهێنان دروست بووە کە داهاتی نانەوتی بەشێکی کەمی لێ پڕ دەکاتەوە.   بەراورد بە تشرینی دووەمی 2023، داهاتی نەوت لە هەمان مانگی 2025 زیاتر لە دوو ملیار دۆلار کەمی کردووە.   مانگی تشرینی دووەمی 2023 نرخی هەر بەرمیلێک نەوت 83 دۆلار بووە و داهاتی نەوت 8.5 ملیار دۆلار بووە، بەڵام نرخی نەوت لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 نزیکەی 62 دۆلار بووە و داهاتی نەوتی عێراقیش 6.5 ملیار دۆلار بووە.   جەمال کۆچەر گوتى، "یەکێک لە هۆکارەکانی دیکەى دابەزینى بەهاى دینار نەمانی متمانەی هاووڵاتییانە بە دینار بەهۆی ترس لە رووداوی چاوەڕواننەکراو کە پەنا بۆ کڕینى  دۆلار دەبەن".

بەهای دینار ماوەی دوو هەفتەیە بەردەوام لە دابەزیندایە و 100 دۆلار بە نزیکەی 145 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. ئێوارەی ئەمڕۆ لە کاتی داخستنی بازاڕدا بەهای 100 دۆلار بە 144 هەزار و 850 دینار لە سلێمانی مامەڵەی پێوەکرا. جەبار گۆران گوتەبێژی بازاڕی دۆلاری سلێمانی بە کەناڵ8ـی ڕاگەیاند، بەهای دینار بەردەوامە لە دابەزین و لە شاری سلێمانی 100 دۆلار گەیشتووەتە 144 هەزار و 850 دینار و لە بازاڕەكانی هەولێر بەهای 100 دۆلار بە 145 هەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت. " گوتەبێژەکەی بازاڕی دۆلاری سلێمانی دەشڵێت، هاوکات لە بۆرسەی بەغداد بەهای 100 دۆلار گەیشتووەتە 146 هەزار دینار. "   لە هەفتەی كۆتایی ساڵی 2025ـەوە بەهای دینار بەرامبەر دۆلار ڕووی لە دابەزین کردووە و بەرپرسانی عێراقیش جەخت لەوە دەكەنەوە، كە لە دوای سەری ساڵەوە بەهای دینار بەرزدەبێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش بەهای دینار ڕووی لە نزمبوونەوەیە.

بەپێی داتای کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) تایبەت بە هەناردەکردنی نەوت لە کانوونی یەکەمی 2025، تێکڕای هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە رۆژانە 193.5 هەزار بەرمیل بووە و کۆی گشتیی بڕە هەناردەکراوەکەش لەو مانگەدا گەیشتووەتە 5 ملیۆن و 599 هەزار و 527 بەرمیل.   لە سێ مانگی کۆتایی 2025دا سۆمۆ رۆژانە تێكڕا 211 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانی هەناردە کردووە.   داتاکان ئاماژەیان بە هەناردەی نەوتی سووک و قورسی بەسرە کردووە. تێکڕای هەناردەکردنی نەوتی سووکی بەسرە لە کانوونی یەکەمدا رۆژانە 2 ملیۆن و 29 هەزار بەرمیل بووە، لە کاتێکدا تێکڕای هەناردەکردنی نەوتی قورسی بەسرە رۆژانە ملیۆنێک و 211 هەزار بەرمیل بووە.   کۆی گشتیی نەوتی هەناردەکراوی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کانوونی یەکەمدا لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە گەیشتوەتە 106 ملیۆن و 417 هەزار و 575 بەرمیل کە 100 ملیۆن و 420 هەزار و 48 بەرمیلی لە نێوەڕاست و باشووری عێراق بووە و 5 ملیۆن و 997 هەزار و 527 بەرمیلیش لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بووە.   بەشداریی هەرێمی کوردستان لە هەناردەی نەوتی عێراق لە چارەکی کۆتایی 2025 لە سێ مانگی کۆتایی ساڵی 2025، سۆمۆ تێکڕا رۆژانە 211 هەزار بەرمیل نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانی هەناردە کردووە، بەجۆرێک کۆی هەناردەی هەرێمی کوردستان لەو ماوەیەدا گەیشتووەتە 19 ملیۆن و 416 هەزار و 124 بەرمیل.   لە چارەکی کۆتایی ساڵی 2025، سۆمۆ تێکڕای گشتی رۆژانە 3 ملیۆن و 515 هەزار بەرمیلی هەناردە کردووە کە رۆژانە 211 هەزار بەرمیلی لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بووە.   هەروەها کۆی گشتیی نەوتی هەناردەکراوی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە لە سێ مانگی رابردوودا گەیشتووەتە 323 ملیۆن و 326 هەزار و 73 بەرمیل کە بەشداریی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان تێیدا 19 ملیۆن و 416 هەزار و 124 بەرمیل بووە، واتە هەرێمی کوردستان بە رێژەی 6%ی کۆی گشتیی نەوتی هەناردەکراوی ئەو ماوەیە بەشدار بووە.   تشرینی یەکەمی 2025   کۆی گشتیی هەناردەی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە گەیشتوەتە 5 ملیۆن و 834 هەزار و 864 بەرمیل، تێکڕای رۆژانەی 188 هەزار و 221 بەرمیل.   کۆی گشتیی هەناردەی نەوتی سووکی بەسرە 66 ملیۆن و 78 هەزار و 192 بەرمیل بووە (تێکڕای رۆژانەی 2,131,555 بەرمیل)، لە کاتێکدا کۆی گشتیی نەوتی قورسی بەسرە 38 ملیۆن و 737 هەزار و 914 بەرمیل بووە (تێکڕای رۆژانەی 1,249,610 بەرمیل).   کۆی گشتیی هەناردەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە تشرینی یەکەمدا گەیشتە 110 ملیۆن و 650 هەزار و 970 بەرمیل، بە تێکڕای رۆژانەی 3 ملیۆن و 569 هەزار بەرمیل.   تشرینی دووەمی 2025   کۆی گشتیی هەناردەی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە 7 ملیۆن و 583 هەزار و 733 بەرمیل، تێکڕای رۆژانەی 252 هەزار و 791 بەرمیل.   سەبارەت بە نەوتی سووکی بەسرە، کۆی گشتیی هەناردەکەی 61 ملیۆن و 469 هەزار و 294 بەرمیل بووە (تێکڕای رۆژانەی 2,048,976 بەرمیل) و نەوتی قورسی بەسرە 37 ملیۆن و 240 هەزار و 501 بەرمیل بووە (تێکڕای رۆژانەی 1,241,350 بەرمیل).   کۆی گشتیی هەناردەی ئەو مانگە گەیشتە 106 ملیۆن و 293 هەزار و 528 بەرمیل، بە تێکڕای رۆژانەی 3 ملیۆن و 543 هەزار بەرمیل.   کانوونی یەکەمی 2025   کۆی گشتیی هەناردەی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆوە گەیشتە 5 ملیۆن و 997 هەزار و 527 بەرمیل، تێکڕای رۆژانەی 193.5 هەزار بەرمیل.   کۆی گشتیی نەوتی سووکی بەسرە 62 ملیۆن و 893 هەزار و 443 بەرمیل بووە (بە تێکڕای رۆژانەی دوو ملیۆن و 29 هەزار بەرمیل)، و نەوتی قورسی بەسرە 37 ملیۆن و 526 هەزار و 605 بەرمیل بووە (بە تێکڕای رۆژانەی ملیۆنێک و 211 هەزار بەرمیل).   کۆی گشتیی هەناردەی عێراق (بە هەرێمی کوردستانیشەوە) لە مانگی کانوونی یەکەمدا گەیشتە 106 ملیۆن و 417 هەزار و 575 بەرمیل، بە تێکڕای رۆژانەی 3 ملیۆن و 434 هەزار بەرمیل.

ناوی 303 هەزار خانەنشین بۆ سیستمی نوێی مووچە زیاد دەکرێت، بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، دوای خانەنشینان، ناوی زیاتر لە 150 هەزار مووچەخۆری دیکە زیاد دەکرێت.   شەهلا عەبدوڵڵا، سەرۆکی تیمی دڵنیایی جۆری و گەیاندنی خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان لە فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاریی هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوون لە گواستنەوەی زانیارییەکانی خانەنشینان بۆ سیستمی نوێ، ئەم مانگە خشتەی مووچەی مانگی 1ی خانەنشینان بە سیستمی نوێ ئامادە دەکرێت.   باسی لەوەش کرد، راهێنان بە کارمەندەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی کراوە بۆ ئامادەکردنی لیستی مووچە بە سیستمی پەیڕۆڵ.   بە گوتەی شەهلا عەبدوڵڵا، دوای چاکسازییەکان لە لیستی ناوی خانەنشینان، بڕیار دراوە ناوی 303 هەزار خانەنشینی سەربازی و مەدەنی بۆ سیستمی پەیڕۆڵی مووچە زیاد بکرێت.   بڕیارە دوای زیادکردنی ناوی خانەنشینان، ناوی مووچەخۆرانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان زیاد بکرێت.    بەپێی داتاکانی تیمی دڵنیایی جۆری و گەیاندنی خزمەگوزارییە دیجیتاڵییەکان، ژمارەی سوودمەندبووان لە کاروباری کۆمەڵایەتی، زیاتر لە 70 هەزار کەسە و ژمارەی کەسوکاری شەهیدان کە ناویان دەخرێتە لیستی پەیڕۆڵی مووچەوە، دەگاتە زیاتر لە 80 هەزار کەس.   شەهلا عەبدوڵڵا روونیشیكردەوە، لیستی مووچە لە ساڵی رابردووەوە داخراوە و ناوی هیچ مووچەخۆرێکی نوێ بۆ بەغدا نانێردرێت.   پێشتر، لە 01-11-2025 هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیا و زانیاری، بە رووداوی راگەیاندبوو، لەسەر فەرمانی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، سیستمی خانەنشینییش دەخەنە سیستمی پەیڕۆڵەوە.