ئامادەکردنی: هاوڵاتی بە پێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی ئەلعەرەبییە، دوای ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لاپەڕەیەکی نوێ لەسەر گۆڕەپانی سوریا دەنووسرێتەوە، ئەمەش ئیسرائیلی زۆر توڕە کردووە. بە پێی ئەو سەرچاوانەی لە ڕاپۆرتەکەدا "بەبێ ناوهێنان" ئاماژەیان پێکراوە؛ تەلئەبیب واشنتۆنی ئاگادار کردووەتەوە کە ئاواتەخوازە سوریا ببێتە دەوڵەتێکی فیدراڵی، ئەمەش پێچەوانەی ڕێڕەوی ڕووداوەکانی ئێستایە. بەم پێیەش توڕەیی ئیسرائیل تەنیا لە پرسی کورددا سنووردار نییە؛ بەڵکو گەیشتووەتە ناوەندە کاریگەرەکانی ناو ئیدارەی ترەمپ. بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، حکومەتەکەی نەتانیاهۆ، تۆم باراکی باڵیۆزی ئەمریکا و نێردەی ترەمپ بۆ سوریا بە لایەنگری تەواوەتی لە هەڵوێستی تورکیا دەزانێت، کە بە دوای دەوڵەتێکی ناوەندگەراییدا دەگەڕێت لە سوریادا. بە ڕای چاودێرانیش ئیسرائیلییەکان جارێکی دیکە هاوتا ئەمریکییەکانیان ئاگادارکردووەتەوە کە بوونی سەربازی تورکیا لەسەر خاکی سوریا قبوڵ ناکەن و دەستبەرداری پاراستنی دروزەکان نابن بەتایبەت ئەوانەی لە باشووری سوریادان، ئەمەش لە کاتێکدایە زۆرینەی دروزەکان لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی ڕابردوو و سەرەتای ئەم مانگەدا، خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان سازکرد و تێیدا ئاڵای کوردستان و ئیسرائیل و وێنەی نەتانیاهۆیان بەرز کردبووە و داوای سەربەخۆییان دەکرد. لە هەوڵێکدا بۆ سەرلەنوێ پێداچوونەوە و سەیرکردنەوەی هەموو ئەو داواکاریانە، بڕیارە لە ماوەی دوو هەفتەدا لیژنەی هاوبەشی میکانیزمی سوریا و ئیسرائیل کۆببێتەوە. پێش ئەوەش ئیسرائیل واشنتۆنی ئاگادارکردەوە کشانەوە بۆ هێڵی جیابوونەوە لە بەرزاییەکانی جۆلان ڕەت دەکاتەوە؛ تا ئەو کاتەی متمانەی لەگەڵ دیمەشقدا بۆ دروست دەبێت. بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵیش، پێداگری ئەمریکا لە جاران زیاترە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سوریا و بەتایبەتیش بۆ ڕێگریکردن لە داعش و سەرلەنوێ خۆ ڕێکخستەوەیان. ئەمەش لە کاتێکدایە زۆرینەی چاودێران پێیانوایە ئەمریکا پشتی لە هاوپەیمانەکانی خۆی کردووە و لە پێناوی بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی خۆیدا پشتگیریی لە دیمەشق و گروپە چەکدارەکان دەکات، بەبێ ئەوەی لێکەوتەکانی ئەو پشتیوانیکردنە ڕەچاو بکات لەسەر بارودۆخی سوریا و چارەنووسی پێکهاتەکانی، کە لەوپەڕی نائارامی و پشێویدا دەژین.
سەرۆکی سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر لەگەڵ شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) کۆبووەوە و باسی مافەکانی گەلی کوردیان لە سووریای نوێدا کرد. سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 3-2-2026، ئەحمەد شەرع پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە کۆشکی گەل کرد. وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەحمەد شەرع "جەختی لە پابەندبوونی دەوڵەت کردەوە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی کورد لە چوارچێوەی دەستووردا". بە گوێرەی راگەیێندراوەکە، "شاندەکەش پێشوازی لە فەرمانی سەرۆکایەتیی ژمارە 13 کرد و بە هەنگاوێکی گرنگی دانا بۆ بەهێزکردنی مافەکان و پاراستنی تایبەتمەندییە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان". شاندەکە دوێنێ دووشەممەش لەگەڵ ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبووەوە. شاندەکە بە سەرۆکایەتیی محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنەسەکە و چەند ئەندامێکی دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسەیە. ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناخی راگوزەری سووریا، رۆژی هەینی 16-01-2026، فەرمانێکی دەرکرد و تێیدا دانی بەوەدا نا کە کورد "بەشێکی بنەڕەتی و رەسەنی گەلی سووریایە؛" هەروەها زمانی کوردیشی وەک "زمانێکی نیشتمانی" ناساند و رۆژی نەورۆزیشی لە سەرتاسەری وڵاتەکەدا کردە پشووی فەرمی. لە فەرمانی ژمارە (13)ی ساڵی 2026دا، کە لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی" دەرچووە، سەرۆکی سووریا جەختی لەوە کردووەتەوە، ناسنامەی کولتووری و زمانیی کورد "بەشێکی دانەبڕاوی ناسنامەی نیشتمانیی فرەڕەنگ و یەکگرتووی سووریایە." یەکێک لە گرنگترین بڕگەکانی فەرمانەکە، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئاسەوارەکانی سەرژمێریی مشتومڕاویی ساڵی 1962ی پارێزگای حەسەکەیە، کە بەهۆیەوە سەدان هەزار کورد بێ وڵاتینامە کران. بەپێی فەرمانە نوێیەکە، وڵاتینامەی سووریا بە هەموو ئەو کوردانە دەدرێت کە لە سووریا نیشتەجێن، بە بێ-ناسنامەکانیشەوە.
لە چوارچێوەی رێککەوتنە دووقۆڵییەکەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق، ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی شوباتی 2026، هێزێکی وەزارەتی ناوخۆی سووریا چووە نێو قامشلۆ. هێزەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا کە لە 15 ئۆتۆمبێلی سەربازی و 125 ئەندام پێکهاتووە؛ بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی ناوخۆی قامشلۆی سەر بە هەسەدە، چوونەتە نێو شارەکە. وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی هەر گرژی و ئاڵۆزییەک لە کاتی هاتنی هێزی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لە کاتژمێر 06:00ـی بەیانیی ئەمڕۆوە، قەدەغەی گشتیی هاتوچۆ لە قامشلۆ و دەوروبەری راگەیەنراوە. شڤان عابد، نێردراوی کوردستان24 لە قامشلۆ رایگەیاند، لە کاتی پێشوازیکردنی لە هێزێکی سوپای سووریا لە قامشلۆ، شەڕڤانان ئاڵای کوردستانیان بەرزکردبووەوە و دروشمی بژی بەرخودانا ڕۆژئاوای کوردستانیان دەگوتەوە. گوتیشی: هیچ چەکێکی قورس لە نێو شار و دەوروبەر نابینرێت، هاوکات ئەمڕۆ هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا نەبووەوە. ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ دووشەممە، (02ـی شوبات)، هەر لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی راگەیەنراوە؛ هێزەکانی ناوخۆی سووریا چوونە نێو هەردوو شاری حەسەکە و کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان. مەروان عەلی، بەڕێوەبەری نوێی ئاسایشی حەسەکە (سەر بە دیمەشق) لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەنگاو بە هەنگاو هەموو بەندەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێ دەکرێن.
کەنداوی فارس و دورگەی خەرگ جارێکی دیکە لە لێواری مەترسی داگیرکاریدان! بۆچی بەشێک لە چاودێران ئەگەری دەستپێشخەری لە لایەن ئێرانەوە بە ئەگەرێکی کراوە دەبینن؟ ئامادەکردنی: هاوڵاتی بە چڕبوونەوەی ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانەش جێگیرکردنی کەشتیی فڕۆکە هەڵگری "ئەبراهام لینکۆڵن" و کەرەستەی پێشکەوتووی جەنگی لە ئاوەکانی نزیک ئێران، کەنداوی فارس جارێکی دیکە بووەتە یەکێک لە ناوەندە هەستیارەکانی دروستبوونی گرژیی لە نێوان تاران و واشنتۆندا. هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی مانۆڕی سەربازیی چەند ڕۆژەی هێزی ئاسمانی ئەمریکا و دەرکردنی هۆشداریی فڕۆکەوانی لە لایەن ئێرانەوە، سوپای پاسداران بەهەمان شێوە بەڕێوەچوونی مانۆڕی دەریایی لە گەرووی هورمز ڕاگەیاندووە؛ چونکە وای دەبینن ئەمریکا سەرنجی لەسەر ئەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە چڕکردووەتەوە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەشێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ئێران لەوانە؛ ڕۆژنامەکانی خوراسان و قودس و جەڤان و کەیهان و فەرهیختەگان، جێگیرکردنی نوێی هێزەکانی ئەمریکایان بە نیشانەی هەنگاونانێکی وردە وردە و هێواش بەرەو "گەمارۆدانی دەریایی ئێران" هەڵسەنگاندووە. بەگوێرەی ئەم دەزگا میدیاییانە، ئامانجی ستراتیژی لەو جۆرە گەمارۆدانە؛ دروستکردنی زۆرترین فشاری ئابوورییە، بەتایبەتی لە ڕێگەی سنووردارکردنی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانەوە، بەبێ ئەوەی ڕاگەیاندنی جەنگێکی دەستبەجێ و تەواوەتی بێت. لەم چوارچێوەیەشدا، دوورگەی خەرگ وەک گرنگترین تێرمیناڵی هەناردەکردنی نەوتی ئێران، جارێکی دیکە وەک دەرچەیەکی ستراتیژی لەبەرچاو گیراوە. محەممەد مەنان ڕەئیسی، نوێنەری شاری قوم لە پەرلەمانی ئێران، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتێکی دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسی (FDD) ڕایگەیاندووە، خەرگ یەکێکە لە بژاردە یەکەمین و ئەگەرییەکان لە سیناریۆ سەربازییەکانی ئەمریکادا. ئەمەش پیلانێکی لە مێژینەتر دەهێنێتەوە یاد کە بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٩ دوای داگیرکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تاران لە لایەن ئەمریکاوە پێشنیار کرا. بەپێی گێڕانەوەکان پیلانەکە لەسەر لێدانی هێڵی ژیانی و سەرەکیی ئابووریی ئێران بوو، کە لەلایەن دەریاوان جەیمس لیۆنەوە پێشنیارکرابوو، بەڵام بەهۆی نیگەرانییەکانی ئەوکاتەی ئەمریکا لەبارەی دەرئەنجامە کۆنترۆڵنەکراوەکانی جێبەجێکردنی پیلانەکەوە، پەردەپۆشکرا، بەڵام گرژیەکانی ئێستا دەریدەخەن وەک ماکێکی ستراتیژی لە یادەوەری ئەمریکادا ماوەتەوە! لە هەمان کاتدا بەشێک لە شرۆڤەکاران هۆشداری ئەوە دەدەن کە نیشاندانی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە کەنداوی فارس، مەرج نییە بەو مانایە بێت کە گرژییەکە لەم جوگرافیایەدا سنووردار دەمێنێتەوە، بەڵکو ئەگەری سەرکێشانی بۆ ڕووبەرێکی فراوانتریش هەیە وەک تێوەگلانی عێراق. لە لایەکی دیکەشەوە هیچ گەرەنتییەک نییە کە ئێران خۆی لە گرتنەبەری هەنگاوی پێشوەختە بپارێزێت. چونکە لە وتاری هەینی هەفتەی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە ئیمام و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی لایەنگری حکومەت کەشتییە ئەمریکییەکانیان بە "تابوتی ملیاران دۆلار" ی وەسفکرد! ئەمەش گوزارشتێکە بە ڕای چاودێران ئاماژەیە بۆ ئامادەیی وەڵامدانەوەی توند و پێشوەختەی ئێران ئەگەر فشارەکان زیاتر چڕ ببنەوە لەسەری. لە ڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە، سەعید مەحمودی، مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی و یاسای جەنگە دەریاییەکان لە زانکۆی ستۆکهۆڵم، جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەمارۆی دەریایی تەنها لە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی فەرمی لە نێوان دوو وڵاتدا ڕەوایە، هەرچەندە لە ڕووی کردارییەوە ڕەچاوکردنی لایەنی دیبلۆماسی و پاراستنی هاوسەنگی هێز دەتوانێت وەڵامدانەوەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان سنووردار بکات و نەبنە ڕێگر لەبەردەم لایەنی هێرشبەردا. هەر بۆیە زۆرینەی چاودێران پێیانوایە؛ بە سەرنجدان لە پێگەی ستراتیژی ئێران لە گەرووی هورمز و بوونی هێزی سەربازی و ئەزموونەکانی ڕابردووی لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ لەشکرکێشی هێزی دەریایی ئەمریکادا؛ هاوشێوەی جەنگی مەنتیس لە نیسانی١٩٨٨دا، ئاسۆی ئەم گرژییەی ئێستا تەمومژاوییە و یەکلابوونەوەی زیاتر پەیوەستە بە چۆنیەتی هەڵسوکەوت و وەڵامدانەوەی هەردوولاوە بەرامبەر یەکتری، بۆیە ڕەوشەکە لە ئێستا هەروا بە نادڵنیایی و پڕ لە مەترسیی جددی دەمێنێتەوە.
سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ڕایگەیاند، ئاگری جەنک لە ناوچەکە، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەسوتێنێت، ئێمەی ئێرانی تەنیا بیر لە سەرکەوتن دەکەینەوە و هیچ ترسێکمان لە هەرا و هەیبەتی ڕووکەشیی دوژمن نییە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن ئامادەین. دووشەممە، 02 شوبات، 2026 لیوا عەبدولڕەحیم موسەوی، سەرۆک ئەرکانی هێزەچەکدارەکانی ئێران، لە سەردانێکی شەوانەدا بۆ پشکنینی ئامادەیی یەکێک لە یەکەکانی هێزە چەکدارەکان، گوتی: گەلی ئێران لە بەرامبەر سروشتی خۆبەزلزانی و دەستدرێژیکاریی ئەمریکا، لە رابردووەوە تا ئێستا بە سەقامگیرییەوە وەستاون و تووشی شکستی یەک لە دوای یەکیان کردووە. لەوانەش لە شەڕی ئاڵۆز، فرە رەهەند و تیرۆریستیی ئەم دواییەدا، لێکدانەوەکانی دوژمنیان هەڵوەشاندەوە. موسەوی، گوتیشی: ئەوانەی کە چەند مانگ بانگەشەی 'ئێرانی لاواز'یان بڵاو دەکردەوە، ئێستا ناچارن یان لە قسەکانیان پاشگەز ببنەوە، چونکە دەزانن چ زەبرێکی توندیان لە لایەن ئێرانەوە بەردەکەوێت. سەرۆک ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: دیارە دوژمنانی ئێران لەبیریان کردووە چۆن خەڵکی ئێران، لە جەنگی هەشت ساڵەدا دوژمنانیان تێکشکاند و لە جەنگی 12 رۆژەشدا، پیلانی 20 ساڵەی ئەمریکا و ئیسرائیلیان پووچەڵ کردەوە؛ هەروا لە ئاژاوەکەی مانگی رابردووشدا، پیلانی نیمچە کودەتای ئەمریکی-ئیسرائیلیان شکست پێ هێنا. پێداچوونەوە بە شێوازی بەرگریی موسەوی، هەروا گوتی: ئەوانەی کە باسی گەمارۆی دەریایی دەکەن، دەبێت ئەو راستییە بزانن کە ئێرانی بەهێز و بەرفراوان، وڵاتێکە گەمارۆ نادرێت. ئەو، هەروا ئاماژەی بەوە دا "دوای جەنگی 12 ڕۆژە و بەردەوامیی کردەوە دوژمنکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، پێداچوونەوەمان کرد بە سیستەمی بەرگریی وڵاتدا کرد و شێوازی هێرشبەرانەی هێزە چەکدارەکانمان بۆ شێوازی بروسکەئاسا و بەرفراوان، بە گرتنەبەری ستراتیجیی سەربازیی ناکاو و کوشندە، گۆڕی. لەسەر ئەم بنەمایە، کردەوە سەربازییەکانی ئێمە، لەمەبەدوا خێرا، یەکلاکەرەوە و بەدوور لە لێکدانەوەکانی ئەمریکا دەبێت."
ئەندامی شاندی ئیمرالی دەم پارتی، پەروین بوڵدان ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێککەوتنی نێوان قەسەدە و دیمەشقدا کرد و وتی: پێشتر پرۆسەکە گەیشتبووە ئاستی شکست، بەڵام بەڕێز ئۆجەلان داوای دانوستان و گفتوگۆی کردەوە، ڕێککەوتنەکەش بە ڕۆڵبینینی ئەو کرا. لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەلان، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە) و حکومەتی کاتی سووریا گەیشتنە واژۆکردنی ڕێککەوتنێک، لەمبارەیەوە پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمرالی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) باسی لە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە و ڕۆڵی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لەم بابەتەدا کرد. پەروین بوڵدان، سەرنجی بۆ گرنگی ڕێککەوتنەکە ڕاکێشا و وتی: پڕۆسەکە ماوەیەکی زۆرە بەردەوامە، بە دڵنیاییەوە گەیشتن بەم قۆناغە گرنگی خۆی هەیە، شایەنی باسە کە ئەم ڕێککەوتنە لە چوارچێوەی دانووستان و دیالۆگدا ئەنجامدراوە، بەڵام بێگومان خاوەندارییەکی گەورە و بەرخۆدانی گەلی کورد هەیە، کە هەموو ڕۆژێک لە گۆڕەپانەکاندا بەرخۆدان دەکەن و لە ئەنجامدا پرۆسەکە گەیشت بەم قۆناغە. ڕۆڵی ڕێبەر ئاپۆ پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا، کە پرۆسەکە گەیشتبووە ئاستی شکست پێشتر و دەکرا ببێتە هۆی کوشتنی هەزاران کەس و وتی: ئەوەی لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە ڕوویدا نیشانیدا، کە پیلانگێڕییەکی گەورە هەبوو، ئەمە پیلانێک بوو کە دەبووە هۆی کۆمەڵکوژی گەلی کورد، بۆیە بە دڵنیاییەوە گرنگی بەمە دەدەین، بەڵام دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە، کە بەڕێز ئۆجالان ڕۆڵێکی زۆر گرنگی هەبوو بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە. کردنەوەی ڕێگای گفتوگۆ و دانووستان پەروین بوڵدان ئەوەشی ئاشکرا کرد، ئەو کاتەی پێکدادان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە هەبوون لە ١٧ـی کانوونی دووەم دیداریان ئەنجامداوە، بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان زۆر توڕە بووە لەو پێکدادانانە و وتی: بەڕێز ئۆجالان زۆر توڕەبووە بە هۆی بەردەوامی پێکدادانەکانەوە و هەڵسەنگاندنی گرنگی کرد بۆ کردنەوەی ڕێگای گفتوگۆ و دانووستان، دوای ئەوەی لە ڕێگەی ئێمەوە پەیام گەیشتە هەندێک شوێن ئەوا پرۆسەکەش گەیشتە ئەم ئاستە، بۆیە دەمەوێت بڵێم: کە ئەرک و ڕۆڵ و بانگەوازەکانی بەڕێز ئۆجالان لەم ڕووەوە، کە لەسەر بنەمای دیدگای ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژییەکی دیکەی سەر گەلی کورد بوو، پرۆسەکەی گەیاندە قۆناغی ڕێککەوتن. لە درێژەی قسەکانیدا، پەروین بوڵدان وتی: بۆ بەڕێز ئۆجالان، پاراستنی گەلی کورد هەمیشە پرسێکی گرنگ بووە، وتیشی کە “کورد لە بەردەم پیلانگێڕییەکی گەورەدایە”، وتی “ئەمە پیلانگێڕییەکی نوێی ١٥ـی شووباتە، پیلانگێڕییەکی نوێ بۆ کوشتنی کورد هەیە”، بۆیە سەبارەت بە پاراستن و ئایندە و ژیان و پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لە بەشەکاندا بەدەست هاتوون، هەڵسەنگاندنی گرنگی کرد. پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا، کە تێکۆشان کۆتایی نەهاتووە و پرۆسەکە بەردەوامە و وتی: بێگومان تێکۆشان بە کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامیش دەبێت، ئەمەش تەنها بەمەوە سنووردار نییە، حکومەتی دیمەشق حکومەتێکی کاتییە، بەڵام بناغەی گەلی کورد دەگەڕێتەوە بۆ مێژوو، کاتێک مرۆڤ سەیری ڕێککەوتنەکە دەکات، ئەوا زۆر بابەت باس دەکرێت، ئایا ئەمە بەسە یان نا، مرۆڤ نابێت بابەتەکە تەنها بەم شێوەیە هەڵسەنگێنێت، تێکۆشانی گەلی کورد بەردەوام دەبێت. سەرچاوە: ئاژانسی مێزۆپۆتامیا
ئیسرائیل بەنیازی چییە؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی لەکاتێکدا دەنگۆی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە هەموو کاتێک زیاترە و ترەمپ ڕۆژ نییە بۆ خۆی یان بە کەسە نزیکەکانیدا پەیام و هەڕەشە بۆ ئێران نەنێرێت، کەچی نەتانیاهۆ و حکومەتەکەی لە هەموو کاتێک بێدەنگترن و نقەیان لێوەنایەت. بەڵام ئەم بێدەنگییەی ئیسرائیل مانای ڕاوەستانی نییە، بی بی سی بەریتانی ئاشکرای کردووە کە ئیسرائیل بە ئاشکرا بێدەنگە، بەڵام لە ژێرەوە سەرقاڵی پلانە لەگەڵ واشنتۆن، چونکە پێیانوایە لەم کاتەدا ناتوانێت بە تەنها ڕژێمی ئێران بگۆرێت. گۆڕینی ڕژێم ئامانجی یەکەم و سەرەکیی ئیسرائیلە، بۆیە ڕێگەکەی بۆ ترەمپ کردووەتەوە کە ئەو کارەی بۆ بکات چونکە توانا سەربازییەکانی ئیسرائیل سنوورەدارە. لێکۆڵەرێکی باڵا لە کاروباری ئێران لەو بارەیەوە بە بی بی سی گوتووە: نەتانیاهۆ گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی کە بۆ ڕاگرتنی پڕۆگرامی مووشەکی و ئەتۆمیی ئێران، تەنها یەک ڕێگە هەیە ئەویش گۆڕینی ڕژێمە، ئەمەش تەنها بە ئەمریکا دەکرێت. سەرچاوەیەک بۆ بی بی سی ئاشکرای کردووە، شلۆمی بیندەر، سەرۆکی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل، لە واشنتۆن لەگەڵ ئاژانسە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا کۆبووەتەوە بۆ دیاریکردنی "ئامانجە سەربازییەکان" لەناو خاکی ئێراندا. لەبارەی بێدەنگی ئیسرائیلیش، ئاساف کۆهین جێگری پێشووی یەکەی هەواڵگریی ئیسرائیل دەڵێت: ئیسرائیل ئێستا بە ئەنقەست بێدەنگە بۆ ئەوەی ڕێگە بدات ئەمریکییەکان سەرکردایەتی بکەن، چونکە ئەوان بەهێزترن و شەرعییەتی نێودەوڵەتییان زیاترە، تاوەکو بتوانن ڕژێمی ئێران بە تەواوەتی بخەن و کۆتایی بە حوکمی خامنەییی بهێنن. لەبارەی کاتی گونجاویش کۆهین دەڵێت: ئێستا باشترین کاتە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران؛ چونکە کلکەکانی وەک حزبوڵا و حەماس و حوسییەکان لاواز بوون و لەناوخۆی ئێرانیشدا پشێوی هەیە کە یارمەتی ئیسرائیل و ئەمریکا دەدات زووتر بتوانن ڕژێمی ئێران بڕوخێنن. پرسی هێرشکردنە سەر ئێران لە ناوخۆی ئیسرائیل بووەتە بابەتێکی گشتگیر. پارتی دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ هێرشی توند و دەستەبەجێدان بۆ سەر ئێران. مۆشێ تورپاز، ئەندامی پەرلەمانی ئیسرائیل لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەڵێت: لە بەرەنگاربوونەوەی "شەڕی ڕەها"دا نابێت هێرشی سنووردار بکەیت. ئەمە بۆچوونێکی گشتییە و هەمووان لە ئیسرائیل پێیانوایە کە دەبێت هێرشێکی تووند بکرێتە سەر ئێران، نەک وەک جاری پێشوو تەنها لە ڕێی هێزی ئاسمانییەوە. بەگوێرەی چەند ڕاپرسییەک، لەدوای شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێرانەوە، زۆرینەی دانیشوانی ئیسرائیل لەگەڵ ئەوەدان هێرش بکرێتە سەر ئێران و بەتەواوی ڕژێمەکە لەناو ببرێت، چونکە پێیانوایە ئێران هەڕەشەیەکی جدییە لەسەر تەلئەبیب و لە هەرکاتێکدا بێت ئێران بە مووشەک هێرش دەکاتە سەریان.
میدیاکانی رۆژاڤا دەڵێن، قەدەغەی هاتوچۆ لە حەسەکە دەستیپێکردووە و کەمێکی دیکە گروپێکی ئاسایشی ناوخۆی سوریا دێنە نێو شارەکە مەبەستی جێبەجیکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا. لە پارێزگای حەسەکە قەدەغەى هاتوچۆ ڕاگەیێنراوە و بازاڕ و دووکانەکان داخراون، بڵاوە بەهێزە ئەمنییەکان کراوە، فڕۆکەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیش لە ئاسمانى حەسەکە دەسووڕێنەوە و چاودێریى دۆخەکە دەکەن، ئەم جموجۆڵانە مەبەست لێیان، جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشقە.. لە حەسەکە ڕایگەیاند، وەک ئامادەکارییەک بۆ هاتنى هێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق، لە کاتژمێر 6:00ـى بەیانیى ئەمڕۆوە قەدەغەى هاتوچۆ لە حەسەکە چووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە، تاوەکو کاتژمێر 6:00ـى ئێوارە بەردەوام دەبێت. هێزەکانى سووریاى دیموکرات هەسەدە و ئاسایشى ناوخۆ لەناو حەسەکە و دەوروبەرى بڵاوەیان پێکراوە و چاوەڕێى هاتنى هێزە ئەمنییەکان دەکەن بۆ حەسەکە. ماوەى سێ ڕۆژە، فڕۆکەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتى لە ئاسمانى حەسەکە بە نزمى دەسوڕوێنەوە و چاودێریى دۆخەکە دەکەن. لە قامیشلۆیش ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ هاتنى هێزە ئەمنییەکان دەستیانپێکردووە و بڕیارە لە سبەى سێشەممەوە لە کاتژمێر 6:00ـى بەیانى تاوەکو کاتژمێر 6:00ـى ئێوارە قەدەغەى هاتوچۆ بچێتە بوارى جێبەجێکردنەوە. بەگوێرەى زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دیمەشق بە 15 ئۆتۆمبێل لە سەنتەری پارێزگای حەسەکە و 15 ئۆتۆمبێل لەناو شارى قامیشلۆ لە چوارگۆشەى ئەمنى جێگیر دەکرێن و بۆ ماوەى 10 ڕۆژ دەمێننەوە، پاشان دواى تەواو بوونى ئەرکەکانیان دەگەڕێنەوە بۆ دیمەشق، لەماوەى مانەوەیاندا کار بۆ تێکەڵکردنى هێزەکانى ئاسایشى ڕۆژئاوا لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى سووریا دەکرێت. بەگوێرەى زانیارییەکانى کەناڵ8، لە شارى کۆبانێ کە لە 95%ـى دانیشتووانەکەى کوردن، هێزە ناچێتە ناو کۆبانێ، بەڵکو لە ناوچەى (شێخ لەر) جێگیر دەبن کە زۆرینەى دانیشتووانەکەى عەرەبن و دەکەوێتە 40 کیلۆمەتر لە خۆرئاواى کۆبانێ.
دادگەکانی عێراق دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە 1387 داعش کرد کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون و عێراق وەریگرتوون. رۆژی دووشەممە، 2ـی شوباتی 2026، ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەستپێکردنی ئەو لێکۆڵینەوانەی راگەیاند. ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئاماژەی بەوە داوە، ئەو داعشانەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەوانەن بەم دواییانە لە سووریاوە گوازراونەتەوە بۆ عێراق. بەهۆی دۆخی سووریا و رۆژئاوای کوردستانەوە، بە سەرپەرشتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بڕیاردرا ئەو داعشانەی نێو گرتووخانەکان بگوێزرێنەوە بۆ عێراق کە لە زیندانەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بوون. ئەنجوومەنی باڵای دادوەری رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوەکان لەلایەن ژمارەیەک دادوەری تایبەتمەند لە بواری بنبڕکردنی تیرۆر دەکرێن و ئەو رێکارە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراقە بۆ لێکۆڵینەوە و سزادانی ئەوانەی لە تاوانەکانی داعشەوە گلاون. بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو چەکدارانەی دەگوازرێنەوە بۆ عێراق بگاتە زیاتر لە 7000 کەس و ناوەندی نیشتمانی بۆ هاریکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی، بەڵگە و بەڵگەنامە دەداتە لایەنی پەیوەندیدار بۆ لێکۆڵینەوە لەو داعشانەی پێشتر گیراون.
وەزیری دەرەوەی عێراق و کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ئاشکرای کرد، مارك ساڤایا وەكو نێردەی ترەمپ بۆ كاروباری عێراق نهماوه. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 کە کاتژمێر 10ـی ئەمشەو پەخش دەکرێت گوتی: مارك ساڤایا وەكو نێردەی ترەمپ بۆ كاروباری عێراق نهماوه و تۆم بەڕاک لە شوێنی ئەو کاروباری عێراق بەڕێوە دەبات. لە بارەی پۆستی سەرۆكوەزیرانی عێراقیش، ئەو كاندیدەی پارتی بۆ پۆستی سهرۆك كۆمار دەڵێت: چوارچێوەی ھەماھەنگی جەخت لەسەر كاندیدیكردنی نووری مالیكی دەكاتەوە، بەڵام ھەڵوێستی ئەمریكا دۆخێكی نوێی ھێناوەتە ئاراوە، کە نازانرێت بۆچوونەکەی واشنتن لەسەر مالیکی کاتییە یان هەمیشەیی. لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکان فوئاد حوسێن باسی لە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کرد و رایگەیاند: پارتی مافی ئەوەی هەیە کاندیدی بۆ پۆستەکە هەبێت، بەڵام پارتی ئامادەیە سەرجەم پۆستەکانی لە بەغدا لە بری سەرۆککۆمار بداتە یەکێتی. هاوکات جەختی لەوە کردەوە، کە باشتر بوو پارتی و یەکێتی لەسەر کاندیدێک رێکبکەون. بە گوتەی ئەو، ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، پەرلەمان پرسی سەرۆککۆمار یەکلایی دەکاتەوە.
بۆچی 22 دەوڵەتی عەرەبی نەیانتوانیوە ئابڵوقەی سەر غەززە لاببەن؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی هەرچەندە کورد خاوەنی دەوڵەت نییە و عەرەب 22 دەوڵەتیان هەیە، بەلام ئەوەی کورد بۆ کۆبانێی کرد لەماوەی هەفتەیەک، عەرەب نەیتوانیوە بە زیاتر لە 800 رۆژ بۆ غەززەی بکات. لە شەڕ و پەلاماری حکومەتی سوریا بۆ سەر هەسەدە، یەکگرتوویی و دەنگهەڵبرینی کورد وایکرد ئابڵوقەی کۆبانێ لە کەمتر لە هەفتەیەکدا هەڵبگیرێت و کاروانی هاوکارییەکان بگاتە شارەکە، بەڵام لەدوای 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە غەزە ئابڵوقەی لەسەرە، کە ناوە ناوە کەمێک هەڵدەگیرت، کەچی عەرەب بە 22 دەوڵەتەوە نەیتوانیوە بەتەواوەی ئەو گەمارۆیە بشکێنێت. با کەمێک بە مێژوودا بچینەوە بۆ ئەوەی لە دۆخەکە تێبگەین. ساڵی 1973 کاتێک سوپای سوریا و میسر پەلاماری ئیسرائیلیاندا، توانیان گورزێکی کوشندە لە ئیسرائیل بدەن، بە ئامانجی ئەوەی بەشێک لە خاکە داگیرکراوەکەیان لە ئیسرائیل وەربگرنەوە، وەک بەرزاییەکانی جۆلانی سوریا و نیمچە دورگەی سینای میسر، بەڵام بەهۆی هاوکارییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپاوە، نەک نەیانتوانی وەریبگرنەوە بەڵکو جارێکی دیکە تێکشکان. بەهۆی ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا و ئەوروپاوە، وڵاتانی عەرەبی بە کۆی گشتی ڕێککەوتن نەوت بەو وڵاتانە نەفرۆشن کە هاوکاری ئیسرائیلیان کردووە لە جەنگەکەدا. ئەم بڕیارە وایکرد قەیرانێکی گەورەی وزە لە جیهاندا دروست ببێت، لەدوای ئەم بڕیارەشەوە بە ناچاری ئیسرائیل بارودۆخی فەڵەستینی ئاسایی کردەوە و وازی لە فراوانخوازییەکانی هێنا. میسر ساڵی 1979 بڕیاریدا دان بە دەوڵەتی ئیسرائیلدا بنێت لەپێناو وەرگرتنەوەی خاکەکەی و دواتر لە ساڵی 1994 ئوردنیش بە ناچاری لەگەڵ ئیسرائیل ڕێککەوتنی ئاشتیی واژۆکرد بە ئامانجی ئەوەی بتوانێت رێڕەوی ئاویی خۆی لە دەریای سوردا بەکاربهێنێت. هەرچی سوریایە هەتا ئێستاش نەیتوانیوە بەرزاییەکانی جۆلان لە ئیسڕائیل وەربگرێتەوە و لە ڕێککەوتنی مانگی رابردووش لەگەڵ ئیسرائیل دەستبەرداری نزیکەی 600 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکەکەی بووە بۆ ئیسرائیل. لە ساڵی 2020 هەریەکە لە ئیماڕات، بەحرەین، مەغریب و سودان پەیوەندییەکانیان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئیبراهیمی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردەوە، عومانیش بەتەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە. ئەم جیاخوازی و پەرتەوازەییە وایکردووە عەرەب نەتوانێت گەمارۆی سەر غەززە بشکێنێت و تا ئێستا نەیتوانیوە بڕیارێکی گشتگیر لە پێناو پاراستنی خەڵکی غەززە بدەن، کە تا ئێستا ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشکرنە سەری. بەڵام بە پێچەوانەی وڵاتانی عەرەبییەوە؛ کورد توانیویەتی چەند جارێک بە یەکگرتن هاوکێشەکان بگۆڕێت و دوژمنەکانیان بشکێنن یان ناچاری گفتوگۆی بکەن. ساڵی 2014 کاتێک تیرۆرستانی داعش هێرشیانکردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، هێزی پێشمەرگە توانی لەنێو خاکی تورکیاوە، کە گەورەترین نەیاری ڕۆژئاوای کوردستان بوو، خۆی بگەیەنێتە شاری کۆبانی و هاوکاریی شەڕڤانان بکەن لە تێکشکاندنی تیرۆرستانی داعش، ئەوەش یەکەم شکانی داعش بوو لەدوای دروستبوونییەوە. هەروەها ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سوریا و هێرشی حکومەتی دیمەشق و گرووپە چەکدارەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، جارێکی دیکە کوردی لە تەواوی جیهان یەکخست و بەم یەکگرتنەش توانییان سوپای سوریا ناچار بە گفتوگۆ بکەن و لە هێرشکردن بیانوەستێنن. هەروەها بەم یەکگرتنە کورد توانی نەک تەنها هێرشەکان بوەستێنێت، بەڵکو سۆزی زۆرینەی وڵاتانی جیهانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، بە تایبەتی لە دوای بڕینی کەزیەی شەڕڤانە کوردەکەوە کە بووە سیمبولی بەرخۆدانی ڕۆژاڤا.
فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران ڕایگەیاند، تەواوی جموجۆڵەکانی "دوژمن" لە ناوچەکەدا لەژێر چاودێریی وردی هێزەکانیاندایە. فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان و "پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانە" بۆ وەڵامدانەوەی هەر ئەگەرێک. ئەمیر حاتەمی هۆشداریی داوە کە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر سەروەریی خاکی ئێران، ئەوا ئاسایشی ناوچەکە و ئاسایشی ئیسرائیل دەکەونە مەترسییەوە. جەختیشی کردووەتەوە کە لە کاتی هەر هێرشێکدا، تەواوی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەبنە ئامانجی هێرشەکانیان. محەممەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا نیازی هێرشی سەربازیی بۆ سەر وڵاتەکەیان هەیە. ناوبراو هۆشداریی دا کە ئەگەر شەڕ ڕووبدات، تەنیا لە سنوورەکانی ئێراندا نامێنێتەوە، بەڵکو تەواوی جوگرافیای ناوچەکە دەگرێتەوە. ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) چەند وێنەیەکی نوێی ئامادەکاری و ڕێکخستنی کەشتییە جەنگییەکانی لە ئاوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردووەتەوە. ئەم هەنگاوەی واشنتن وەک ئامادەکارییەکی ڕاستەوخۆ بۆ هێرشی سەربازیی ئەگەری بۆ سەر ئێران لێکدەدرێتەوە.
نورەدین ئەحمەد ناسراو بە ئەبو عومە خانیکە، لە ساڵی 1969 لە شاری قامیشلۆ لە دایکبووە و خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە ئەندازیاری میکانیک و کارەبا لە زانکۆی دیمەشق. لە ساڵی 1993 تا ساڵی 2012 وەک ئەندازیار لە بەرێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی حەسەکە و قامیشلۆ کاری کردووە، کاتێک رژێمی لابراو لە کارەکەی دوورخستەوەتەوە و بەهۆی بەشداریکردنی لەو خۆپیشاندانانەی کە داوای روخاندنی دەسەڵاتەکەی ئەسەدیان دەکرد. دواتر ناوبراو لە چوارچێوەی ئەنجومەنە خۆبەڕێوەبردنەکاندا کاری کردووە و چالاک بووە لە بەرەوپێشبردنی ئاشتی مەدەنی و لە سەرەتای ساڵی 2014وە وەک ئەفسەری پەیوەندییە گشتیەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کاری کردووە و ئەندامی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتە. رۆژی 30 مانگی رابردوو، هەسەدە و دیمەشق، رێکەوتنێکی ئاگربەستیان ئەنجامدا بۆ یەکخستنی دامودەزگاکانی دەوڵەت و بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە، هەسەدە کاندیدی بۆ پۆستەکانی پارێزگاری حەسەکە و یاریدەدەری وەزیری بەرگری و چەند پۆستێکی تر کە کە تا ئێستا ئاشکرا نەکراون دەبێت
سوپای تورکیا بە 3 مەرج ئامادەیە لە خاکی سووریا بکشێتەوە. مەرجەکان بریتین لە: چەسپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەتی سووریا لە سەرانسەری وڵاتەکە، دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوورەکانی تورکیا، و لەناوبردنی ئەو "هەڕەشە تیرۆریستییانەی" کە لەسەر ئەنقەرە هەن. بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە، ئەم مەرجانە بە فەرمی بە ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناغی ڕاگوزەر ڕاگەیەندراون. تورکیا جەختی لەوە کردووەتەوە کە تەنیا لە کاتی جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەدا ئامادەیە سەربازانی لەو ناوچانە بکشێنێتەوە کە لە ئێستادا تێیدا جێگیرن. سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی دیمەشق، ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە بۆ ناو سوپای سووریا دەبێت بە شێوەی تاکەکەسی بێت. تورکیا تەنیا ڕازی دەبێت ئەو کەسانە بچنە ناو سوپاوە کە پێشتر لە "کردەوەی تیرۆریستی" نەگلاون. ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە کە ئەرکی پۆلیس و جەندرمەی تورکیا لە عەفرین کۆتایی هاتووە و گەڕاونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان، چونکە حکومەتی سووریا دۆسیەی ئەمنیی ئەو ناوچانەی وەرگرتووەتەوە کە پێشتر تورکیا ئۆپراسیۆنی تێدا ئەنجامداون. لەگەڵ ئەوەشدا، سەربازانی سوپای تورکیا تاوەکو ئێستا لە بنکە سەربازییەکانیان لە ناوچەکەدا ماونەتەوە.
