فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، جەخت دەکاتەوە دەستبەرداری تایبەتمەندیی ناوچەکەیان نابن و بڕیارە سبەی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی سووریا، وردەکاریی تەواوی ڕێککەوتنەکە ئاشکرا بکات. یەکشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2026، مەزلووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند، لە ڕۆژی شەشی مانگی کانوونی دووەمەوە هێرشێکی دڕندانە و پلان بۆ داڕێژراو کرایە سەریان، کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر شەهید و برینداریان دا و خەڵکێکی زۆر ئاوارە بوون. فەرماندەی هەسەدە ئاشکرای کرد کە سەرەڕای ئەوەی نەیاندەویست بچنە نێو ئەم شەڕەوە، بەڵام بە سەریان سەپێندرا و ئامانج لێی کۆمەڵکوژی و لەناوبردن بوو. عەبدی گوتی: بەر لەوەی سبەی لە دیمەشق گفتوگۆ لەبارەی ئاگربەستەکە بکەن، هەندێک ڕوونکردەوە دەدات؛ ئاماژەشی دا، لەو چەند کۆبوونەوەی لەو ماوەیدا ئەنجامییان داوە، هەوڵییان داوە ڕێگری لەو شەڕە بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەو شەڕە لەلایەن چەند لایەنێکەوە پلانی بۆ داڕێژرابوو و بەسەرمان سەپێنرا، کە ئامانجی لێی ڕوودانی شەڕی ناوخۆ بوو. گوتیشی: بەهۆی ئەوەی کوشتن و بڕین، بەتایبەت لەناو خەڵکی مەدەنی، زیاد نەکات و شەڕەکە بێ ئەنجام بوو، بڕیارمان دا لەپێناو پاراستنی خەڵکەکەمان و دەستکەوتەکانی شۆڕش، هێزەکانییان لە ناوچەکانی دێرەزوور و ڕەققە بکشێنەوە بۆ حەسەکە و لەسەر ئەو بنەمایە ڕێککەوتنێک ئامادە کرا. دەشڵێت: دوای ئەوەی لە دیمەشق گەڕایەوە و لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە، وردەکاری زیاتر لەسەر ڕێککەوتنەکە بڵاو دەکەنەوە. مەزڵووم عەبدی جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان دەستبەرداری دەستکەوتەکانی شۆڕش و تایبەتمەندیی ناوچەکە نابن و خەباتەکەیان بەردەوام دەبێت. لە کۆتاییشدا سوپاسی خۆڕاگریی گەل و هێزەکانی کرد.

شاندی ئیمراڵی رایگەیاند دوێنێ شەممە کۆبوونەوەیکی دوو کاتژمێر و نیویان لەگەڵ رێبەر ئۆجەلان هەبووە و تێدا باسی لە ئاڵۆزییەکانی سوریا کردووە. شاندەکە دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا رێبەر ئۆجەلان نیگەرانی قووڵی خۆی لەبارەی بە ململانێکان و پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕی، ئەو گرژییانەی بە هەوڵێک ناوبرد بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی و گوتی، کێشەکانی سوریا تەنیا لە رێگەی دیالۆگ و دانوستان و لۆژیكی دروستەوە دەتوانرێت چارەسەر بکرێن. بەیاننامەی شاندی پارتی یەكسانی و دیموکراسی لە ئیمرالی:  رۆژی ١٧ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە ئیمرالی کۆبونەوەیەکمان لەگەڵ بەڕێزعەبدوڵا ئۆجەلان ئەنجامدا، کە نزیکەی دوو کاتژمێر و نیوی خایاند. لە میانی دیدارەکەدا، بەڕێز ئۆجەلان پابەندبوونی خۆی بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی دووپاتکردەوەو رایگەیاند، دیدگای ٢٧ی شوبات هەر بە دروستی ماوەتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا گرنگیی گرتنەبەری هەنگاوی پێویست بۆ پێشخستنی پرۆسەکە دووپاتکردەوە. سەرنجی سەرەکی کۆبونەوەکە پێشهاتەکانی سوریا بوو، بەڕێز ئۆجەلان نیگەرانی قوڵی خۆی سەبارەت بە ململانێکان و پەرەسەندنی گرژییەکان دەربڕی و ئەوەی بەهەولێك ناوبرد بۆ تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی ، بە توندی جەختی لەوە کردەوە، کێشەکانی سوریا تەنیا لە ڕێگەی دیالۆگ و دانوستان و لۆژیكی دروستەوە دەتوانرێت چارەسەر بکرێن. ئامادەیی خۆشی دووپاتکردەوە بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتیەكانی بۆ دڵنیابوون لە چارەسەركردنی ئەم پرسە لە ڕێگەی گفتوگۆو دوورکەوتنەوە لە ململانێ، داواشی لە هەموو لایەنە چالاكەكان رۆڵی ئەرێنی خۆیان بگێڕن و بەرپرسیارانەو جددی لەم بوارەدا مامەڵە بکەن.

نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە ئەمریکا ڕایگەیاند، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی سوپای سووریا و تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە، لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆدەبێتەوە. سینەم محەممەد، نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە ئەمریکا، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ئەمنی و سەربازیی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، وردەکاریی جموجۆڵە نوێیەکانی واشنتنی بۆ کەناڵی کوردستان24 خستەڕوو. نوێنەری مەسەدە لە ئەمریکا ڕایگەیاند، بڕیارە  سبەی شەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2026، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە هەولێر کۆبێتەوە. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی ئەم دواییەی مەیدانی جەنگ و دۆزینەوەی میکانیزمێکە بۆ جێگیرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا. سەبارەت بە سەردانی شاندی ئەمریکی بۆ ناوچەی دێرحافر، نوێنەرەکەی مەسەدە ڕوونیکردەوە: "دوای کۆتاییهاتنی شەڕ و پێکدادانەکان لە گەڕەکە کوردییەکانی شاری حەلەب، سوپای عەرەبیی سووریا پلانی هەبووە درێژە بە هێرشەکانی بدات و ناوچەی دێر حافر بکاتە ئامانج." ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە چوونی شاندی ئەمریکا بۆ ئەو ناوچەیە هەنگاوێکی کرداری بووە بۆ بەدواداچوونی دۆخەکە لە نزیکەوە و ڕاگرتنی هەر هێرشێک کە ببێتە هۆی تێکدانی دۆخەکە. لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، سینەم محەممەد باسی لە گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا کرد بەرانبەر بە دۆخەکە و گوتی: "ڕاستە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، ئەمریکا بێدەنگیی هەڵبژاردبوو، بەڵام ئێستا هەڵوێستیان گۆڕاوە و هاتوونەتە سەر هێڵ. لە کۆتاییدا، نوێنەری مەسەدە جەختی کردەوە کە لە گفتوگۆکانیاندا پەیامێکی ڕوونیان داوەتە ئیدارەی ئەمریکا و پێیان ڕاگەیاندوون: "پاراستنی کورد و سەرجەم پێکهاتەکانی دیکەی سووریا، پرسێکی هەستیار و زۆر گرنگە و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت."

تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەمپارتی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا دەڵێت: ئێمە لە هاکان فیدان تێناگەین وەزیری دەرەوەی تورکیایە یان سوریا. دوێنێ هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا وتى:  بوونی هەسەدە لە رۆژئاوای رووباری فورات، لەوانەش دێرحافر و ناوچەکانی دیکە، کارێکی نایاساییە. ئەوەشى خستەڕوو،  پێویستە هەسەدە لە زووترین کاتدا بڕیارەکانى رێککەوتننامەى 10ـى ئازار جێبەجێ بکات. وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی شەڕی گرووپەکانی سەر بە سوپای عەرەبی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە سووریا دەڵێ، "هەر لایەنێک بە ناوی هەسەدەوە دانوستاندن بکات، بەبێ وەرگرتنی رەزامەندیی قەندیل سەرناگرێت.''  لەبەرانبەر ئەو وتانەى فیدان، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند:   دۆخی هێزەکانی سوریای دیموکرات بابەتێکی ناوخۆیی بۆ دەوڵەتی سوریایە نەک تورکیا وتیشى: “پەیوەندی بە تورکیاوە چییە؟ ئەوە پرسێکی سوریایە؛ با حکومەتی سوریا بڕیاری لەسەر بدات، تەنانەت دیمەشقیش دەیەوێت هێزەکانی سوریای دیموکرات چەکەکانیان بهێڵێتەوە، کەواتە بۆچی ئێمە لە تورکیە نیگەرانین لەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات چەکەکانیان دانەنێن؟   دەشڵێت: لە حەلەب هەوڵی دووبارەکردنەوەی هەڵەبجەیەکی نوێ درا و دەڵێ، هەرکەسێک بۆ غەززە بگری و بۆ حەلەب چەپڵە لێبدات، دووژمنێکی سەرسەختی کوردە. 

هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا ئەمڕۆ لەلێدوانێکیدا وتى: •  بوونی هەسەدە لە رۆژئاوای رووباری فورات، لەوانەش دێرحافر و ناوچەکانی دیکە، کارێکی نایاساییە. •هیوادارین ناكۆكییەكانی نێوان ئەمریكاو ئێران لەرێگەی دانوستانەوە چارەسەر بكرێن و دژی هەر چارەسەرێكی سەربازین.  •بەردەوام دەبین لە دەستپێشخەرییە دیپلۆماسییەكان لەبارەی ئێران و ئەولەویەت دورخستنەوەی تێكچوونی سەقامگیرییە. •هەسەدە بووە بە بەربەست لەبەردەم سەقامگیری و هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەیی.  •هێزەكانی (هەسەدە) لە سوریا دەبێت نیازپاكی نیشان بدەن و لە بازنەی توندوتیژی بچنە دەرەوە.  •چەمكی هاوڵاتیبوونی دەستوریی سەقامگیریی لە سوریا بەهێز دەكات. 🔹دەبێت (هەسەدە) رێككەوتنی 10ی ئازار جێبەجێ بكات و خۆی نەدزێتەوە.

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئاماژە بەوە دەکات، هیچ کەسێک بە تەنیا خاوەنی سووریا نییە، بەڵکوو هەموو نەتەوە و پێکهاتەکان دەبێت بە ئاشتیانە تێیدا بژین. ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا  ڕایگەیاند: ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕایگەیاند: پێویستە گرەنتی ژیان هەبێت، پێویستە چارەسەرێکی سیاسی سووریا بۆ بارودۆخی بکرێت و هەڵوێستێکی جیددی لەلایەن دەسەڵاتدارانی سووریاوە هەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، پێویستە ئیرادە هەبێت هەموو پێکهاتە و نەتەوە جیاوازەکانی سووریا بەیەکەوە بژین، چونکە تەنیا ئەوان لە سووریا ناژین، بەڵکوو سووریا لە ژمارەیەک نەتەوە و پێکهاتەی جیاواز پێکهاتووە. ئیلهام ئەحمەد، گوتیشی: قسە تەنیا بەس نییە، کە دەگوترێت، کورد خۆشەویستی ئێمەنە، بەڵکوو دەبێت لە کردەوەکانیان ڕەنگبداتەوە، هەروەها فشارێکی نێودەوڵەتیی هەبێت بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان لەلایەن سوپای عەرەبی سووریاوە، ئێمە هەمیشە ئامادەییمان نیشانداوە بۆ گفتوگۆ، بەڵام جەخت لە ڕاگرتنی هێرشەکان دەکەینەوە. هەروەها ئاماژەی بەوە داوە، حکوومەتی دیمەشق ئەوەی لە ڕاگەیاندەکان باسی دەکات، تەنیا چەواشەکارییە، چونکە لە ڕاستیدا هیچ یەکێک لە بەڵێن و کردارەکانی جێبەجێ ناکات، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەرانبەر بە هێرشەکانی سوپای عەرەبی سووریا بێدەنگ و بێ هەڵویستن، ئەمەش کارێکی هەڵەیە. داوا دەکەین دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەستپێشخەریی بکات و ئاشتی لە ناوچەکە بەرقەرار بێت، بەڵام دوای کوژرانی سەدان هاووڵاتی کورد و دواتر داوای ئاشتی بکرێت ئەوکات شتێک بەناوی ئاشتی نامێنیت، پرسی کورد بەمشێوەیە چارەسەر ناکرێت. رۆژی سێشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2026، سوپای عەرەبیی سووریا، بە پشتیوانی گرووپە چەکدارەکانی ئەبو حەمشە و حەمزات، دوای ئاڵۆزییەکانی هەشتی ئەم مانگە، لە 10ـی مانگەوە بە زیاتر لە 40 هەزار چەکدار و چەکی قورسەوە هێرشیان کردە سەر هەردوو گەڕەکە کورنشینەکەی حەلەب، دوای پێنج ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی هەسەدە و سوپای عەرەبیی سووریا، هەردوو گەڕەکە کەوتنە دەستی هێزەکانی سووریا. 

ئەمیر کەریمی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە چیاکانی زاگرۆس و لە چاوپێکەوتنێکدا دەلێت: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی کرداری هەرەسی هێناوە و وتی: "ئەوەی ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر پێ ڕادەگرێت، توندوتیژی و فشارە." ئەمیر کەریمی لە چیاکانی زاگرۆس و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "ئەندامی دەستەی وەشانی"The Amargi ڕێباز مەجید خۆپێشاندانەکانی ئێران، ئاییندەی سیاسەتی کورد و دۆخی ناوچەکەی هەڵسەنگاند. ئەمیر کەریمی ئاماژەی بەوە کرد کە ڕژێم هێشتا خاوەنی دەوڵەتە، بەڵام شەرعییەتی کۆمەڵایەتیی خۆی لەدەستداوە و وتی: "بە کردەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵوەشاوەتەوە." ئەمیر کەریمی کۆماری ئیسلامیی چواند بە مرۆڤێک کە تووشی مردنی مێشک بووە، بەڵام دڵی لێ دەدات، و ڕایگەیاند کە بە بڕوای ئەو، ڕژێم تەنها بە ڕێگە و شێوازی سەرکوتکردن خۆی لەسەر پێ ڕاگرتووە. 'سیستەمە توندەکەی سەدەی ٢٠ـەم تێکدەچێت' ئەمیر کەریمی قەیرانەکانی ئێران بە شکستی مۆدێلی "دەوڵەت-نەتەوە"ی کلاسیک لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گرێ دەدات. ئەمیر کەریمی، ئەم مۆدێلە بە ڕێبازی "یەکڕەنگ، یەکدەسەڵات، یەکزمان و یەکڕەهەند" پێناسە دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە گەلی کورد لە ناو ئەم سیستەمەدا بە شێوەیەکی سیستماتیک پەراوێز خراوە. کەریمی لە قسەکانیدا دەڵێت کە گەلی کورد لە ماف، سیاسەت و هەموو شتێک دوور خراوەتەوە و دەڵێت: "وا چاوەڕوان دەکرا کە یان بتوێنرێنەوە یان لەناو بچن." کەریمی ئاماژە بەوە دەکات کە لاوازبوونی پێکهاتەی دەوڵەتە ناوەندییەکان دەکرێت ببێتە دەرفەتێک بۆ گەلی کورد، و دەڵێت ئەمەش تەنها لە ڕێگەی گۆڕانکارییەکی دیموکراتییەوە پێکدێت. کەریمی لە درێژەدا دەڵێت: "هەرەسهێنانی پێکهاتەی دەوڵەت-نەتەوە... ئەمە بێگومان بۆ گەلی کورد دەرفەتێکە. بەڵام ئەگەر گۆڕانکارییەکە بەرەو دیموکراسی نەچێت... ئەمە بە دڵنیاییەوە بۆ گەلی کورد مەترسییە." ئێران وەک کۆریای باکوورێکی داخراوە کەریمی لە درێژەی قسەکانیدا ڕایدەگەیەنێت کە بڕینی هێڵەکانی پەیوەندی لە کاتی خۆپێشاندانەکاندا، ستراتیژێکی بە ئەنقەستە و دەڵێت: "کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی لەسەر پێ بمێنێتەوە، هەموو ڕێگاکانی گەیاندنی بڕی. بۆچی؟ بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسان مرۆڤەکان کۆمەڵکوژ بکات." کەریمی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەگەری هەیە کۆمەڵکوژییەکی گەورە ڕوویدابێت و وتی: "ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامی وەک کۆریای باکوورێکی داخراوە و نازانرێت لە ناوەوە چی ڕوودەدات." کەریمی دەڵێت ئەو ئامرازانەی شەرعییەت وەک ئایین و ناسیۆنالیزم کە پێشتر ڕژێم پشتی پێ دەبەستن، کۆتاییان هاتووە و نیگەرانیی خۆی سەبارەت بە سەردەمی دوای ڕژێم دەربڕی. ئەمیر کەریمی دواتر وتی: "ئێمە ئەزموونی ساڵی ١٩٧٩مان هەیە. شا ڕۆیشت، هەمووان دڵخۆش بوون. بەڵام دواتر دیکتاتۆرییەتێکی مەترسیدارتر هات. ڕەنگە ئەمجارەش هەمان شت ڕووبداتەوە." یەکێتیی کوردان کەریمی ڕایگەیاند کە ئەو چوارچێوە سیاسییە هاوبەشەی لایەنە کوردییەکان لە ئێران دیارییان کردووە، بەهۆی پێویستییەوە هاتووەتە کایەوە. کەریمی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمجارە ڕێگەیەکی جیاوازیان تاقی کردووەتەوە و وتی: "زەمینەیەکی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنمان دروست کرد." کەریمی ئاشکرای کرد کە پێویستە لە سیاسەتی کوردیدا دەست لە کێبڕکێی هەژموونخوازی هەڵبگیرێت و نابێت هیچ هێزێک خۆی بەسەر ئەوانی تردا بسەپێنێت، و وتی: "کورد خاوەنی ئەو هێزەیە کە کێشەکانی خۆی بخاتە ڕۆژەڤ و چارەسەریان بکات." ئێمە هێزێکی ڕێکخستنی سیاسیین کەریمی وتی کە پەژاک لە زۆرێک لە ناوچە کوردییەکانی ئێراندا چالاکە. لە بەرامبەر ئەو تێڕوانینەی کە پەژاک تەنها وەک ڕێکخراوێکی چەکداری دەبینێت ناڕەزایەتی دەربڕی و وتی: "زیاتر لە هێزێکی چەکداری، ئێمە خۆمان وەک هێزێکی ڕێکخستنی سیاسی دەبینین. خەباتی چەکداری بۆ ئێمە ڕێگەی چارەسەری نییە؛ ئامرازێکی خۆپاراستنە. کۆمەڵگە مافێکی شەرعیی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات." ڕێگەی سێیەم کەریمی ڕایگەیاند کە ئەوان لەگەڵ ئەکتەرە نێونەتەوەییەکان و ئەمریکا لە پەیوەندیدان، بەڵام چارەسەرێک لەسەر بنەمای دەستوەردانی دەرەکی قبوڵ ناکەن. کەریمی وتی: "ئێمە دژی دیکتاتۆریی دەوڵەتین. بەڵام باوەڕمان بەوە نییە کە هێزێکی دەرەکی بێت و ڕزگارمان بکات." مەترسیی پەهلەوی کەریمی ڕایگەیاند کە هیچ هاوکارییەکی ئاشکرا لەگەڵ ئیسرائیلدا نییە، بەڵام مەترسیی دروستبوونی ڕژێمێکی دیکتاتۆری نوێ لە ڕێگەی ڕەزا پەهلەوییەوە هەیە. کەریمی وتی: "گەل دیکتاتۆرییەکی نوێی ناوێت." کەریمی ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجی پەژاک جیابوونەوە نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، ئێرانێکی دیموکراتیک و ناناوەندییە و وتی: "بەرنامەیەکیان هەیە بە ناوی کۆماری دیموکراتیکی ئێران." کەریمی وتی ئەوان سیستەمێک لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەریی گەل پەسەند دەکەن. لە کۆتاییدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە قەیرانی ئێران تەنها بە ڕژێمی ئێستاوە سنووردار نییە، بەڵکو ئەنجامی بنبەستبوونی مۆدێلی دەوڵەت-نەتەوەی ناوەندیی سەد ساڵەیە، و گەورەترین مەترسی ئەوەیە ئەم پرۆسەیە بگۆڕێت بۆ دیکتاتۆرییەکی نوێ. کەریمی ڕایگەیاند کە تەنها گەرەنتی لە دژی ئەمە، دیموکراسی، یەکێتیی کورد و ڕێکخستنی سیاسییە لەسەر بنەمای کۆمەڵگە.

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە ڕاگەیاند، ئەوەی لە شێخ مەقسود ڕوویدا زوڵمێکی ئاشكرای دەسەڵاتدارانی ئێستای دیمەشق بوو.، وتیشی، حكومەتی نوێی دیمەشق بە هاوكاری وڵاتێكی ئیقلیمی هێرشەكانی ئەنجامدەدا. ئاڵدار خەلیل بە ئاڤای وت، كوردی حەلەب دانیشتووی ڕەسەنی سووریان، لایەنی كوردی هیچ ئامادەكارییەكی بۆ شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە نەكردبوو، دۆخی ئەو دوو گەڕەكە بەمجۆرە ناهەموار نەبوو كە بگاتە ئاستی بەكارهێنانی چەكی قورس، بۆیە پێویستە لێپرسینەوە لەو دەستدرێژییەی دەسەڵاتدارانی سووریا بكرێت. لەبارەی مافەکانی کورد لە سووریای نوێ، ئاڵدار پێیوایە مافەكانی كورد لە دەستوور نەچەسپاوە و پێویستە گەرەنتییەك هەبێت بۆ پاراستنی مافەكانی گەلی كورد لە سووریای نوێ، گرنگە هێزێكی نێودەوڵەتی وەك لایەنی سێیەم بێتە نێو ڕێككەوتنەكانی كورد و دیمەشق، ئەمریكا و ئیسرائیل چاوپۆشییان لە دەستدرێژییەكانی سوپای عەرەبی سووریا كرد. ئاڵدار خەلیل ئەمانەشی وت: ٠ ئەو هێرشانەی ڕوویدا چوار مانگ پێش ئێستا پلانی بۆ داڕێژرابوو. ٠ سەرەڕای هەبوونی ڕێككەوتن بۆ دانووستان، هێرشكرایە سەر شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە. ٠ لایەنی كوردی هیچ ئامادەكارییەكی بۆ شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە نەكردبوو. ٠ مافەكانی كورد لە دەستوور نەچەسپاوە و هیچ مسۆگەرییەك بۆ كورد نییە. ٠ پێویستە زەمانەتێك هەبێت بۆ پاراستنی مافەكانی گەلی كورد لە سووریای نوێدا. ٠ ئیسرائیل و ئەمریكا چاوپۆشییان لە دەستدرێژییەكانی سوپای عەرەبی سووریا كرد. ٠ ڕۆڵی ئەمریكا لە چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان كورد و دیمەشق سەرەكییە. ٠ پێویستە ئاسایشی گەڕەكە كوردییەكان بە هاوبەشی بپارێزرێت. ٠ پێویستە هێزە نێودەوڵەتییەكان خێرا نێوەندگیری بكەن. ٠ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی گەڕەكی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە قبووڵكراو نییە. ٠ سووریا بە زۆرداری و تاڵانكردن و سڕینەوە بەڕێوەناچێت. ٠ دەسەڵاتدارانی دیمەشق بەدەستی خۆیان ئایندەی سووریا لەناودەبەن.

بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئەو کوشتوبڕ و کۆمەڵکوژییەی سوپای عەرەبیی سووریا لە هەردوو گەڕەکە کوردییەکەی حەلەب بەرامبەر کورد کردوویەتی، زۆر لەوە زیاترن کە تا ئێستا بڵاو کراونەتەوە؛ بە جۆرێک هاوتای ئەو کۆمەڵکوژییانەش نییە کە لە ناوچەکانی دیکەی سووریادا کراون. ڕامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ یەکشەممە بە ئاڤای ڕاگەیاند: "سڵاو دەگەیەنم بە سوورەیا حوسێن و پێی دەڵێم خوا سەرکەوتووی بکات بەرامبەر ئەوەی ئەنجامی دا؛ بەڵام میوانەکەی موسا عومەر کەسێکی قین لە دڵە بەرامبەر کورد و کێشەکەی تەنیا پەیوەست نییە بە هەسەدەوە؛ قسەکانیشی ڕاست نین کە دەڵێت کوردم خۆش دەوێت و دەمەوێت لە قامیشلۆ چاوم پێیان بکەوێت." وتیشی: "ئەو تاوان و کوشتوبڕەی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بەرامبەر کورد کراوە، تا ئێستا ئەوەی بینراوە لەچاو ئەوەی کراوە هیچ نییە؛ بەتایبەتی ئەوەی لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا کراوە، زۆر لەو کوشتوبڕە زیاترە کە لە ناوچەکانی دیکەدا کراوە.. موسا عومەر سەرڕمی هاندانە دژی کورد."

دۆناڵد ترەمپ لەبارەی دۆخی گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەڵێت، دەمانەوێت ئاشتی لە حەلەب ببینین و شەڕ کۆتایی بێت، پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ کورد و حکومەتی سوریا هەیە. هاوکات دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەبەشێکى دیکەى كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیەکەیدا وتى:   لە ڤەنزوێلا شەقامێكیان بەناوی ترەمپەوە ناوناوە، بۆیە دەمەوێت لە ئێرانیش ئەمە ببینین.  سەبارەت بە ئێرانیش وتى- ئەمە دوو جارە بە سەركردەكانی ئێران دەڵێم، دەست بە تەقە نەكەن بەرامبەر بە خۆپیشاندەران، ئەگەر ئێوە دەستپێبكەن، ئێمەش دەست بەتەقە دەكەین.

ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە ئیدارەی خۆسەر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵلا (شمس) ڕایدەگەیەنێت: پەیوەندی لەگەڵ واشنتۆن و پاریس و ئەنكەرە هەیە سەبارەت بە پەرەسەندنەكانی حەلەب.  هەروەها ئەوەش دەخاەڕوو هەوڵدەدەین ئەو وڵاتانە رۆڵی نێوەندگیریان هەبێت لەنێوان ئێمەو دیمەشقدا.  لەبەشێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەیدا باس لەوەدەکات لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە هەوڵدەدەین بگەینە بەكارهێنانی زمانی عەقڵ و لۆژیك بۆ چارەسەری پرسەكان بەبێ پەنابردن بۆ ئەنجامدانی رەشەكوژی.  ئیلهام ئەحمەد وتیشى: هێرش بۆسەر گەڕەكەكانی (شێخ مەقسود)و (ئەشرەفیە) نوێ نییەو لە سەردەمی رژێمی پێشووش هێرش و ئەبڵوقە هەبوو، سەرباری ئەوەی رژێم كەوتووە، هێشتا ئابڵوقەو هێرشەكان بۆسەر ئەو دوو گەڕەكە بەردەوامن.  چەند پەیامێکى ترى ئیلهام ئەحمەد... ـ ئێمە لە پەوەندیداین لەگەڵ دیمەشق بۆ ئەوەی ئارامكردنەوەو رێگریكردن لە ئاڵۆزی گەورەتر، ئێمە لەگەڵ ئاشتی و دیالۆگ و چارەسەری پرسەكانداین. ـ ژمارەیەك لە گروپەكان لە لازقیەو سوەیدا رەشەكوژییان ئەنجامدا، ئەوانە ئێستا لە دەوروبەری شێخ مەقسودو ئەشرەفیەن، نازانم حكومەتی سوریا چ سودێك دەبینێت لە دووبارەبوونەوەی ئەم پێشێلكارییانە. ـ ئێمە وا لە بابەتەكە دەڕوانین كە بابەتێكی سوری- سورییە، چارەسەری پرسەكانیش دەبێت سوری بێت، بەڵام كاتێك دەستوەردان هەیە لەلایەن هێزی هەرێمایەتییەوە كە بەرژەوەندی لە سوریا هەیە، ئەمە دەبێتە بەربەست، توركیا مێژووی هەیە لە شێوەی مامەڵەكردنی لەگەڵ دۆزی كورد، باس لە مەترسی ئەمنی دەكات، لەكاتێكدا دۆزی كورد دۆزی مافە ڕەواكانەو دەبێت لەڕوانگەی مافی رەواوە تەماشای بكات نەك وەكو دۆسیەیەكی ئەمنی.  ـ هیوادارین توركیا رۆڵی هەبێت لە هێوركردنەوەی پەرەسەندنەكە.

مەلا بەختیار لەبارەی خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارـ دەڵێت: یەکێتی و پارتی رێکنەکەون من هەلێکی گەورەم هەیە بچمە خولی دووەمی هەڵبژاردن. هەروەها ئەوەش دەخاتەڕوو کە پیشتیوانییەکی جەماوەی فراوانم هەیە،  بۆ ئەوە خۆم کاندیدکرد تاوەکو مافە خوراوەکەی خۆم وەربگرمەوە. بەشێکى دیکەى قسەکانى مەلا بەختیار لە چاوپێکەوتنەکەى لەگەڵ ڕووداوو.. ♦️ کێشەکانی ناو یەکێتی مافی من زەوتکرد. ♦️ ئەو ئامرازانەی کاندیدی سەرۆک کۆماری پێدیاریدەکرا لە یەکێتی هەڵە بووە. ♦️ لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی سەرۆک کۆمار خۆم دەخواردەوە. ♦️ نەمتوانی چیدیکە بێهەڵوێست بم و شوێنەکەی مام جەلال فەرامۆش بکەم. ♦️ کەس لە خۆم بە یەکێتیتر نازانم. ♦️ دەمتوانی بە دروستکردنی باڵ باڵێن ببم بە سکرتێری یەکێتی. ♦️ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی بۆ خۆکاندیدکردنم قسەم نەکردووە. ♦️ ئامادەم لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆمار دانیشم.

شێخ مورشید خەزنەوی سڵاو لە تێکۆشانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کرد و گوتی: "دەبێت هەموو پارت و ڕێکخستنە کوردییەکان یەکگرتووبن؛ بۆ پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات بەرەیەکی هاوبەش دابمەزرێنن، لە دەوری مێزێک کۆببنەوە و ببنە هێزێکی فراوان". مانگرتن و ناڕەزایەتییەکان بەهۆی قەیرانی ئابووری لە ئێران کە هەفتەی ڕابردوو لە تارانی پایتەخت دەستی پێ کرد، لە فراوانبووندایە. هێرشەکانی هێزەکانی دەوڵەتی ئێران بۆ سەر خەڵک توندتر دەبن. لە چالاکییەکاندا تا ئێستا لانی کەم هەشت خۆپیشاندەر کوژراون و سەدان کەسیش دەستبەسەرکراون. زانای ئایینی کورد شێخ مورشید خەزنەوی سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکان قسەی کرد، سڵاو لە تێکۆشانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کرد و پەیامی پشتگیریی نارد. لە قۆناغێکداین گەڕانەوە نییە خەزنەوی بانگەوازی کرد بۆ یەکڕیزیی تەڤگەرە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات و گوتی: "گەل کوردمان لە ڕۆژهەڵات! سڵاو لە کارەکانتان، ڕەنجەکانتان، تێکۆشان و بەرخۆدانتان دەکەم. بەم تایبەتمەندییانە نامۆ نین. پارێزەری ناسنامەی کوردن، شوێنکەوتووی شۆڕشگێڕانن، هەڵگری ئازار و هیوای ١٠٠ ساڵن، نەوەی قازی محەمەدن، شوێنکەوتووانی یەکەمین کۆماری گەلی کوردن. نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جارێکی تر بە خوێن دەکێشرێت. لە گەلەکەتان، لە خوشک و براکانتان، لە ڕۆژئاوا بڕوانن. برینەکانی ڕۆژئاوا قووڵ بوون، ناکۆکی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا هەبوو، بەڵام کاتێک بڕیاری چارەسەریی درا پارتەکان بێدەنگ بوون؛ تەنها هاوارێکی بەرز بوو: کورد، کوردستان، بژی خوشک-برایەتی گەلی کورد. ئەم هاواری یەکێتییە بوو بە ئەکتەری سەرەکی گەل. ئەمڕۆ نۆرەی ڕۆژهەڵاتە. ڕژێم بە زوڵم و فشار درێژە بە دەسەڵاتی خۆی دەدات، بە دەنگی پێی شۆڕشگێڕان عەرشی دەلەرزێت. مێژوو دەستی دەکاتەوە، بەڵام هەرگیز پێشوازی لە بێ‌بڕیارەکان ناکات. ئەم هەلومەرجەی تێیداین جیاوازە لە سەردەمی پێشوو. لە سەردەمێکی واداین گەڕانەوە نییە". بانگەوازی یەکگرتوویی لە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان شێخ مورشید خەزنەوی ئاماژەی بەوەدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پڕۆسەیەکی مێژووییدا تێدەپەڕێت، گەلی کوردیش نابێت ئەو دەرفەتە لەدەست بدات و گوتی: "بە تایبەتی سڵاو لە پەدەکەی ئێران، پارتی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران، پارتی کۆمۆنیستی ئێران، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، هەموو هێزەکانی ڕۆژهەڵات، کۆمەڵە و ڕێکخراوەکان دەکەم لە پای کارەکانیان، ڕەنج، تێکۆشان و بەرخۆدانیان و ڕێزی خۆم پێشکەش دەکەم.  بەناوی ئەو دایکانەی کە هیوایان ئێوەن و لە دەرگای زیندانەکان وەستاون، بەناوی ئەو گەنجانەی کە ڕووبەڕووی لەسێدارەدان دەبنەوە، بەناوی ئەو شەهیدانەی کە وەسێتەکانیان بۆ بەجێهێشتووین، بانگەواز دەکەم: با ئەم دابەشبوونە ئیدی کۆتایی بێت، ڕاگەیاندراوی جیاواز جیاواز کۆتایی بێت. خەڵکی ڕۆژهەڵات دەپرسن کەی لەژێر یەک ئاڵادا کۆدەبنەوە و هەڵوێستێکی هاوبەش نیشان دەدەن. بۆ پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات، پلاتفۆرم و بەرەیەکی هاوبەش بنیات بنێنن، لە دەوری مێزێک کۆببنەوە و ببنە هێزێکی فراوان. تا کلیلی هەموو بەشەکان کۆنەکرێنەوە، دەرگاکانی ئازادیی ناکرێنەوە ئێوە دوژمنی یەکتر نین. دوژمنی ئێوە ئەو هێزانەن کە خاکی ئێوەیان داگیر کردووە. تۆ تاکە کلیلی هەموو بەشەکانیت. تا هەموو کلیلی چوار بەشی کوردستان کۆ نەکرێنەوە، دەرگاکانی ئازادیی ناکرێنەوە. گەلەکەمان لە سێ بەشی کوردستان چاوی لە هەڵوێستی ئێوەیە، کورد لە ڕۆژهەڵات یان وەک چیایەک دەوەستێت یان ئەم دەرفەتە زێڕینە لەدەست دەدات. بڕیاری یەکگرتوویی لە ڕۆژهەڵات خەون نییە و لە دەستی ئێوەدایە ئەم بڕیارە بدەن. بژی بەرخۆدانی ڕۆژهەڵات، بژی کورد، بژی کوردستا

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنێكی  نا ئاساییەمان لە ڤەنزوێلا ئەنجامدا. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو،  تا قۆناغێکی گواستنەوە تەواو دەبێت، کۆنتڕۆڵی ڤەنزوێلا دەکەین، لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە، جیهانی هێرشى وەك ئەوەی ڤەنزوێلاى بەخۆوە نەبینیوە.  سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، جەختى کردەوە کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكە بەشێوەیەكی نایاب ئەنجامدرا، هاوشێوەی ئۆپراسیۆنی كوشتنی قاسم سولەیمانی و بەغدادی و لێدانی شوێنە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو. بەشێکى دیکەى قسەکانى دۆتاڵد ترەمپ.. ـ ئێستا مادۆرۆ و هاوسەرەکەی روبەڕوی دادپەروەری ئەمریکا دەبنەوە. ـ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ڤەنزوێلا لە ڕێگەی ئاسمانی و وشکانی و دەریاییەوە ئەنجامدرا. ـ مادۆرۆ و هاوسەرەکەیمان گرت و سوپای ڤەنزوێلا سەلماندی بێ‌ سوودە.  ــ مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە نیویۆرک بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و تیرۆر روبەڕوی دادپەروەری دەبنەوە. ــ هیچ سەربازێکی ئەمریکی نەکوژرا، لە کاتی ئۆپەراسیۆنی گرتنی مادۆرۆشدا هیچ کەرەستەیەکی سەربازیمان لەدەست نەدا. ــ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەمان لە ڤەنزوێلا یەکێکە نمایشە سەرنجڕاکێش و كاریگەرەكان بۆ ئاستی هێز و توانای سوپای ئەمریکا. ــ لە 97%ی مادەی هۆشبەرمان نەهێشت کە لە ڕێگەی دەریاوە دەگەیشتە ئەمریکا، زۆربەیان لە ڤەنزوێلاوە دەهاتن. ــ ئاشتی و ئازادی و دادپەروەریمان دەوێت بۆ گەلی گەورەی ڤەنزوێلا. ــ ڕێگە نادەین ڤەنزوێلا لەلایەن کەسێکەوە سەرکردایەتی بکرێت کە کار بۆ بەرژەوەندی گەلەکەی نەکات. ــ توانا سەربازییەکانی ڤەنزوێلا پەكخران لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا کە بووە هۆی دەستگیرکردنی مادۆرۆ. ــ کۆمپانیا ئەمریکییەکان دەچنە ڤەنزوێلا و ژێرخانی نەوت چاک دەکەنەوە و داهات بەدەستدێنن. ــ ئامادەین بۆ شەپۆلی دووەمی هێرشکردنە سەر ڤەنزوێلا ئەگەر پێویست بوو، هەرچەندە وا گریمانە دەکەین کە پێویست نەكات. ــ ڤەنزوێلا بەڕێوە دەبەین و کۆمپانیا نەوتییە گەورەکانمان دەچنە ئەوێ. ــ دیکتاتۆر مادۆرۆ پادشای تۆڕێکی بازرگانی نا یاسایی ماددە هۆشبەرەکان بوو كە بە قاچاغ رەوانەی ئەمریكای دەكرد. ــ مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە کەشتییەکی ئەمریکیدان و دەگەنە نیویۆرک بۆ ئەوەی روبەڕوی دادپەروەری ببنەوە.

ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە موستەفا قەرەسوو، لە بەشی دووەمی دیمانەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات، دەڵێت: لە ئێستادا هیچ باشتربوونێک لە هەلومەرجی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا نییە. تەنها هەندێک زانیاری هەیە کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو شوێنەی کە تێیدا دەمێنێتەوە گونجاوتر بێت. هەروەها ئەوەشى خستەڕوو  لە گۆڕەپانی تورکیادا ئافراندنی گۆڕانکاری لە بواری سیاسەتەدا زۆر گرنگە. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد گۆڕەپانی سیاسی ئیفلیج کردووە. لەم ڕەهەندەوە تێکۆشانمان تێکۆشانە لە سیاسەتی تورکیا لەسەر بنەمایەکی درووست. وتیشى: کاتێک ڕێبەر ئاپۆ داوای چارەسەری پرسی کورد لەگەڵ تورکیا دەکات، هەوڵدەدات ئەمە ببەستێتەوە بە پەیوەندییە مێژووییەکانی کورد و تورکەوە. دیالەکتیکی پەیوەندیی کورد، داینەمیکی سەرەکیی بوونی تورکە لە ناوچەکە.    بەشی دووەمی هەڵسەنگاندنەکانی موستەفا قەرەسوو  بەم شێوەیە: وەک تەڤگەر کە هەم بەشێکی ئۆپۆزسیۆنین و هەمیش ئاوێتە بە بەشەکانی کۆمەڵگەن دیوێکی ئەرێنییە، لەم پێگەیەوە ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن و بە تایبەت جەهەپە لە پرۆسەکەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ لە هەموو جێگەیەکی ئەم جیهانەدا پشتیوانی کۆمەڵایەتی لە چارەسەرکردنی شەڕدا بابەتێکی گرنگە. دەسەڵاتێک کە ئیرادەی چارەسەری هەبێت، بە دواداچوون بۆ سیاسەتێک دەکات کە دەبنە هۆکاری پشتیوانی کۆمەڵایەتی. بۆ ئەمەش ئەو هەوڵانە تایبەتن کە هەموو  بەشەکانی ئۆپۆزسیۆن پشتگیری لە چارەسەرکردنی شەڕ دەکەن. بێگومان وەک تەڤگەرێک کە دەیان ساڵە بە دوای چارەسەرییەوە، بە ڕوانگەی زیادکردنی پشتگیری کۆمەڵایەتییەوە دەجوڵیینەوە و پشتگیری هێزە دیموکراتیکخوازەکان بە گرنگ دەبینین. بۆیە چارەسەکردنی پرسی کورد و دیموکراتیکبوون وەک دوانەیەکی تەواوکەر دەبینین و ئامانجمانە هەموو بەشە کۆمەڵایەتییەکان ببنە پشتیوانی ئەم پرۆسەیە. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد گۆڕەپانی سیاسی ئیفلیج کردووە ڕۆڵی جەهەپە لە چارەسەکردنی پرسی کورد و هەوڵی دیموکراتیزەبوون گرنگە و پارتی دامەزرێنەری تورکیایە و نزیکی ٣٠ ساڵ لە دەسەڵاتدا بووە. بۆیە سیاسەتەکانی جەهەپە بەشدارن لە پرسی کورددا. بۆیە جگە لە چەپ-سۆسیالیستەکانی تورکیا، ڕۆڵی لایەنەکانی دیکە هیچ جیاوازییەک لە سیاسەتیاندا بەرانبەر و ئافراندنی پرسی کورددا نەبووە. بۆیە لە گۆڕەپانی تورکیادا ئافراندنی گۆڕانکاری لە بواری سیاسەتەدا زۆر گرنگە. چارەسەرنەکردنی پرسی کورد گۆڕەپانی سیاسی ئیفلیج کردووە. لەم ڕەهەندەوە تێکۆشانمان تێکۆشانە لە سیاسەتی تورکیا لەسەر بنەمایەکی درووست. بەو هۆیەی جەهەپە ساڵانێک پارتی زۆرینە بوو، مەیلگەلی سیاسی زۆری لە خۆدا کۆکردووەتەوە. لە لایەکی دیکەوە پارتێکە کە لە ژێر کاریگەری مۆدێرنێتەی ڕۆژئاوادا ماوەتەوە. لە لایەکەوە ئەم هەڵوێستە سیاسییەی بووەتەهۆکاری دبڕانی لە کۆمەڵگە، لە لایەکی دیکەوە لە ژێر کاریگەری هەندێک تایبەتمەندی ئەرێنی ڕۆژئاوادا ماوەتەوە.  پارتی داد کە درێژکراوەی پارتی دیموکراتیکە و لە ساڵی ١٩٥٠دا دەسەڵاتداری وەرگرت، وەک ڕاستڕە لێکدرانەوە و ئەمەش هەندێک ناکۆکی لە نێوان جەهەپە و ئەواندا درووست کرد. بە تایبەت هەڵوێستی نەرێنی پارتی داد لە بەرانبەر گەنجانی شۆڕشگێڕی نەوەی ٦٨ و ڕۆڵی بەرچاویان لە لەسێدارەدانی دەنیزەکان دا، لە دوای ١٢ـی ئادار دۆخێکی وەک پشتگیری چەپەکان بۆ جەهەپە هێنایە ئارا. لە ژینگەی شەڕی ساڵای ١٩٧٠دا ڕیتۆریکی چەپگەرایی جەهەپە دەمارێکی دیموکراسیانەی لە ناو جەهەپەدا هێنایە ئاراوە. نزیکبوونەوەی گەلی کورد لە جەهەپە بە ئامانجی ناچارکردنی جەهەپە بە خواستی دیموکراسیی بوو هێزە دیموکراسیخوازەکان و گەلی کورد بە مامەڵەی هاندانی جەهەپە بە دیموکراتیک بوون نزیکی دۆخەکە بوونەوە. جەهەپەش لەم دوایانەدا بۆ بە دەستهێنانی پشتگیری گەلی و کورد هێزە دیموکراسیخوازەکان، پرسی هەبوون و چارەسەکردنی پرسی کوردی هێنایە ناو گوتارییەوە، بەڵام کاتێک هەڵوێستی ڕوون لە چارەسەرکردنی پرسی کورد هاتە ئاراوە، مەیلێکی دژ کوردانە و دووچارکردنیان بە کۆمەڵکوژی لە ناو جەهەپەدا سەری هەڵدا. لە دژی ڕاستینەی گەلی کورد کە بە زمان، ناسنامە و چاندییەوە گەلێکی جیاوازە، کەوتە ناو هەڵوێستێکی پاشڤەڕۆوە. باڵی نكۆڵیکردنی تەقلیدیانەی سەرکوتکردنی کورد لە تورکیا خۆیان سەپاند و کۆتاییان بە مەیلە دیموکراسیخوازییەکەی ناو جەهەپە هێنا. هەرچەندە هەندێک کەس ئەم دۆخە بە دژایەتیکردنی ئاکەپە ڕاڤە دەکەن، لە بنەڕەتیترین پرسی تورکیادا ڕاڤەکردنێکی ئاوا جێگەی قبوڵ کردن نییە. ئەمە جگە لە ئارگۆمێنتێک بۆ پەردەپۆشکردنی ئەم پاشڤەڕۆییەی ناو  جەهەپە هیچی دیکە هەڵناگرێ. هەڵوێستی هەنووکەیی جەهەپە بە مانای لە دەستدانی هەلێکی مێژووییە بێگومان ئێمە دەڵێین دەسەڵاتداری ئاکەپە بۆ کۆمەڵایەتیبوونی پرۆسەکە بەرپرسیارێتییەکانی خۆی جێبەجێ ناکات، بەڵام بە پاساوکردنی ئاکەپە لە لایەن جەهەپەوە پاساو نییە بۆ ئەم هەڵوێستەیان. هەڵبەتە گەر لە پرسی کورددا هەڵوێستێکی درووست و چالاکی بگرتایە، بەم نزیکایەتییەوە لەسەر بابەتی بنەڕەتی دیموکراتیکبوون کاریگەرییەکانی لە ناو کۆمەڵگەدا زیاد دەبوو کە خواستی دیموکراسییە و دەبووە جێگرەوەیەکی ڕاستی دەسەڵاتداریی. دوای قۆناغی یەک-پارتیی، هەموو ئەو پارتانەی هاتنەسەر دەسەڵات سەرنجیان خستەسەر بابەتی دیموکراتیزەکردنی تورکیا و ئاکەپەش بەدەر نییە لەمە. بۆیە هەڵوێستی هەنووکەیی جەهەپە بە مانای لە دەستدانی هەلێکی مێژووییە. گەر لە داهاتوودا جەهەپە ڕۆڵی ئەرێنی نەگێڕێت ئەوا بەهەموو شێوەیەک گوتاری دیموکراسی و ئازادیخوازییەکانی بەتەواوەتی بێ مانا دەکەوێتەوە و هیچ بایەخێکی نامێنێت. لەم پرۆسەیەدا دەرکەوت هەندێک لایەن بە بەردەنگ وەرگرتنی ڕێبەر ئاپۆ نیگەرانن و بە دوای بەردەنگی دیکەدا دەگەرێن، هۆکاری ئەمە چییە و ئامانجی ئەو کەسانە چییە کە مشتومڕێکی لەم شێوەیەدان؟ ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ بە بەردەنگ وەرنەگرێت دژی کورد و چارەسەرییە ئەوانەی بە بەردەنگگرتنی ڕێبەر ئاپۆییان بە دڵ نییە و مامەڵەیان بۆ بە بەردەنگگرتنی کوردێکی دیکەیە، هیچ نییە جگە لە خواستییان بۆ چارەسەرنەکردنی پرسی کورد و دووژمنی کوردانن و نایانەوێت کورد وەک ئیرادەیەکی سیاسی ببینین. بە دوای بەردەنگێکدا ناگەڕێن کە دان بە ئیرادەی سیاسیی کورددا بنێت. باسکردنی هەندێک ناو تەنها بۆ ئاژاوەگێڕییە لە ناو کورداندا. ئەم کەسانە لە دژی هەموو کوردێک و خواستە سیاسییەکانی کوردن. جا بۆیە نیگەرانی ئەو کەسانە بە بەردەنگ وەرگرتنی ڕێبەر ئاپۆ نییە، بەڵکو لە بەردەنگ وەرگرتنی کەسێکە کە پارێزگاری لە ژیانی ئازاد و دیموکراتیکانەی کوردان دەکات. کاتێک مرۆڤ تەماشانی مامەڵەی ئەو کەسانە لە ئاست پرسی کورددا دەکات، بۆی دەردەکەوێت ئەو کەسانە بە بەردەنگگرتنی کوردێکی بە ئیرادە و ئەوەی کە خواست و پارێزەری مافە دیموکراتیکییە بنەڕەتییەکانی کورد قبوڵ ناکەن. ئەگەر ئیرادەی سیاسی واز لە سیاسەتی سەدساڵە بهێنێت، لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەرییەکی مێژوویی کورد-تورک دێتە دی ڕێبەر ئاپۆ لە بانگەوازی ٢٧ـی شوباتدا تیشک دەخاتە سەر پەیوەندیی هەزارساڵەی کورد و تورک و دەڵێت: "ئەرکی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو پەیوەندییە مێژووییەی لەمڕۆدا زۆر تەنک بووەتەوە، دووبارە لە ڕوحی خوشک-برایەتیدا ڕێکی بخەینەوە." لەم زەمینەیەدا بێگومان ئەرک دەکەوێتە ئەستۆی حکومەت و دەوڵەت. لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتیدا دابینکردنی ئاشتییەکی ڕاستەقینە چۆن ڕێی تێدەچێت؟ ڕێسانامەی نوێی کۆمەڵایەتی لەسەر کام بنەمایە دەتوانرێت برەوی پێ بدرێت؟ بڕیاردانی پێشوەختە و ئاستەنگییەکان بە چ جۆرە تێکۆشانێک دەشێت تێپەڕێنرێن؟ خەڵکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەدان ساڵ وەکو دراوسێ ژیاون. هەرخۆی بەر لە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەکان، خەڵک لەژێر سەروەریی سیاسیی بەشێک لە ئیمپراتۆرییەتەکاندا دەژیان. کوردیش ماوەیەک لەژێر سەروەریی ئیمپراتۆرییەتە ئێرانییەکان، ماوەیەک لەژێر سەروەریی ئیمپراتۆرییەتە ئیسلامییە عەرەبییەکاندا، و دواتریش لەژێر سەروەریی سیاسیی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا ژیاوە.  قبووڵکردنی سەروەریی سیاسی، بۆ ئیمپراتۆرییەتەکان بەس بوو. هەر گەلێک لەناو ئیمپراتۆرییەتدا، دەیتوانی بە زمان، کەلتوور و ناسمانەی خۆیەوە بژی. لە ئیمپراتۆرییەتەکاندا، دەسەڵاتە خۆجێیەکانیش قبووڵدەکران. کورد لە ساڵی ١٠٧١ـەوە لەگەڵ تورکدا دەژی. لەناو میرنشین یاخود ئیمپراتۆرییەتەکداندا، بە پاراستنی ناسنامەیانەوە، درێژەیان بە بوونی خۆیان داوە. پەیوەندییەکانی کورد و تورک سەدان ساڵ بەبێ کێشەیەکی جددی درێژەیان هەبووە. بۆ نموونە تاوەکو سەرەتای سەدەی ١٩ ڕووبەڕووی کێشەیەکی جددی نەبوونەتەوە. لەناو ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا پێگەی کورد لە هەموو ڕووێکەوە بەهێز و ستراتیژی بووە. بەرفراوانبوونی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی بەرەو ناوچە عەرەب‌نشینەکان و ئەورووپاش دەرئەنجامی پەیوەندیی باش بوو لەگەڵ کورددا. بەو پشتیوانییەی کە کوردەکان لە کۆنگرەکانی ئەرزرۆم و سیواس دەریان بڕی، ئاناتۆڵیا ڕزگاری بوو و تورکەکان درێژەیان بە بوونی خۆیاندا لەگەڵ تورکیای نوێ. کاتێک ڕێبەر ئاپۆ داوای چارەسەری پرسی کورد لەگەڵ تورکیا دەکات، هەوڵدەدات ئەمە ببەستێتەوە بە پەیوەندییە مێژووییەکانی کورد و تورکەوە. دیالەکتیکی پەیوەندیی کورد، داینەمیکی سەرەکیی بوونی تورکە لە ناوچەکە. ئەمە ڕاستییەکی مێژووییە. ئەگەر ئەم مێژووە بەجددی وەربگیرێت و پشتی پێ ببەسترێت، پەیوەندییەکی بەهێزی کورد و تورک سەرلەنوێ دێتە بوون. هەم کورد و هەم تورک سوود لەمە دەبینن. ڕێبەر ئاپۆ لە ڕێی ئەم زیهنییەتەوە هەوڵدەدات وا بکات چارەسەریی نەتەوەی دیموکراتیک قبووڵ بکرێت. کورد بۆ چارەسەرییەکی لەم شێوەیە ئامادەیە. ئەگەر دەوڵەتی تورک و هێزە سیاسییەکانیش چارەسەرییەکی لەم شێوەیە لەسەر بنەمای ڕاستیی مێژوویی قبووڵ بکەن، ئەوا ئەم چارەسەرییە دێتە دی. لە ڕاستیدا گەلی تورک هیچ دژبەری و دوژمنایەتییەکیان لەگەڵ کورد نییە. بەڵام سیاسەتی سەدساڵە لەناو گەلی تورکدا برەوی بە دوژمنایەتی کورد دا و داخوازییەکانی ئازادیی کورد وەکو دژبەریی تورک نیشاندرا. ئەگەر ئیرادەی سیاسی واز لەم سیاسەتە بهێنێت، لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەریی مێژوویی کورد و تورک دێتە دی؛ تەنانەت لە هی ڕابردوو بەهێزتر. هەربۆیە لە ئێستادا کورد لە هەموو شوێنێکی تورکیا جێگیر بوون. بێگومان ئەگەر هەموو ئاستەنگییەکانی بەردەم ژیانی ئازادی کورد، زمان، ناسنامە و کەلتووری لاببرێن! ئەگەر وەڵامی یاسایی و سیاسیی هەنگاوەکانمان نەدرێتەوە، پرۆسەکە دەگاتە بنبەست لە دیداری ڕێبەر ئاپۆدا لەگەڵ شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی و لەو پەیامەدا کە بۆ ڕای گشتی نارد، تیشک دەخاتە سەر چوونە قۆناغی دووەم. قۆناغی دووەم لە بنەڕەتدا چی لەخۆدەگرێت؟ نوێنەرانی دەسەڵاتیش لەم چوارچێوەیەدا لێدوان دەدەن، بەڵام گۆڕانکارییەکی بەرچاو ڕووینەدا. دەوڵەت بۆچی تاوەکو ئێستا وەڵامی چاوەڕوانییەکانی نەداوەتەوە؟ وەکو تەڤگەر ئێوە هەنگاوی زۆر بەرچاوتان ناوە بەڵام بۆچی لایەنی بەرامبەرتان هەنگاو نانێت؟ وەکو ڕای گشتی دەزانێت، ئێمە هەنگاوی زۆر گرنگ و ڕادیکاڵمان ناوە. بڕیاری کۆتاییهێنان بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە تێکۆشانی چەکداریمان دا، هێزەکانی گەریلامان لەو ناوچانە کە مەترسیی شەڕیان لێ هەبوو و لەسەر هێڵە سنوورییەکان کشاندەوە. چیتر پێویستە تورکیا ئەم پرۆسەیە بەرێتە سەر زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی. پێویستە وەڵامێکی یاسایی و سیاسی بۆ ئەم هەنگاوانەی ئێمە هەبن. هەمیشەییبوونی ئاشتی بەم شێوەیە دێتە دی. ئەگەر دۆخی یاسایی گەریلا و کادرانی پەکەکە ڕوون نەبێت کە کۆتاییان بە هەموو کار و چالاکییەک لەژێر ناوی پەکەکە هێناوە و ئەو یاسایانە دەرنەکرێن کە هەلومەرجی سیاسەتی دیموکراتیکی ئازاد دەڕەخسێنن، ئەم پرۆسەیە لە ئاستێکدا کۆتایی پێ دێت. لەبەرئەوە ڕێبەر ئاپۆ داوایکردووە کە بچێتە قۆناغی دووەم. ئەم قۆناغە پرۆسەیەکە کە هەم پێکهاتە ڕێکخراوەییەکان، هەم ئەوانەی کە چەکەکانیان داناوە و هەم کوردیش دەخرێنە چوارچێوەیەکی یاساییەوە. بۆ بەڕێوەچوونی تەندروستی قۆناغی دووەم، پێویستە ڕێبەر ئاپۆ خاوەن هەلومەرجی کارکردنی ئازاد بێت. پرسی کورد بەشی تریشی هەن. پێویستە ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵیاندا دیدار بکات و بیانهێنێتە ناو پرۆسەی چارەسەرییەوە. دووبارە، گرنگە کە زۆر بەش لە تورکیاش ببنە بەشێک لەم پرۆسەیە. بۆ ئەم مەبەستەش دیداری ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ ئەم لایەن و کەسانەدا و وەرگرتنی ڕا و بۆچوونیان دەبێتە هۆی بەهێزترکردنی چارەسەری. نەچوونی دەسەڵات بەرەو قۆناغی دووەم لە بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی کە ئێمە ناومانن، بەناچاری لە مژاری نیاز و ئامانجەکانی دەسەڵاتدا گومان دروستدەکات. کردنە بیانووی هێزە بەرهەڵستکارەکانی پرۆسەکەش لەلایەن دەسەڵاتەوە، دووبارە جێی باوەڕ نییە. لە ڕاستیدا ئەوانەی کە بەئاشکرا دژایەتیی پرۆسەکە دەکەن، لاوەکین. لەبری ئەوانە، پشتیوانیی کۆمەڵایەتی دەتوانێت زیاد بکرێت. بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە لەم مژارەدا مامەڵەی پێویستی سیاسی نیشان نادات. لەبەرئەوە نیشاندانی ئەو کەموکوڕییانەی کە سیاسەتەکەی ئەو لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی وەکو بیانوو، ڕاست نییە. لە پەیامەکانی ساڵی نوێدا دەڵێن کە ئەوان پاڵپشتی لە پرۆسەکە دەکەن. لەم پرۆسەیەدا کاتێک زۆر شت هەن کە پێویستە دەسەڵات بیانکات بەڵام نایانکات، ئەمە لەگەڵ قسەکانیان بۆ پاڵپشتیکردنی پرۆسەکە یەکناگرێتەوە. دەوڵەت باخچەلی خۆشی گوتی کە ئەم پرۆسەیە بە لایەک بەڕێوەناچێت. گوتی، فڕین بە باڵێک ناکرێت. لەبەرئەوە پێویستە دەسەڵات بە دەرکردنی یاسای ڕیالیست و بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە لە پەرلەمان، متمانەی سەرکەوتنی پرۆسەکە لە تەواوی کۆمەڵگەدا زیاد بکات. ئەگەر بڕیارە ئەم پرسە بنەڕەتییە لەگەڵ بەردەنگ چارەسەر بکرێت، ئەوا دەبێت ڕێبەر ئاپۆ دەستبەجێ دەستی بگاتە هەلومەرجی کار و ژیانی ئازاد. لە پاڵ ئەمەشدا، بابەتی 'مافی هیوا' کە دەوڵەت باخچەلی بەڵێنی دابوو، پێویستە بخرێتە کارنامەی کارەوە. دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجوومەنی ئەوروپاش خوازیاری جێبەجێکردنی مافی هیوان. ئەم جۆرە بڕیارانە، بەگوێرەی دەستووری تورکیا، بڕیاری یاسایین کە پابەندبوون و جێبەجێکردنیان ناچارییە. پرسی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ، بەبێ دەرکردنی یاساش دەتوانرێت چارەسەر بکرێت گەلی کورد مەراقی ئەوە دەکات ئایا پرسی مافی هیوا و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە قۆناغی دووەمدا لە کارنامەی پەرلەماندا دەبێت، بەڵام لە ڕاگەیاندراوەکانی شاندی دەم پارتی تێدەگەین کە هیچ باشتربوونێک لە پرسی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا لەئارا نییە. هۆکاری ئەمە چییە؟ پرسی مافی هیوا و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە ڕاستیدا پرسێکە بەبێ دەرکردنی یاساش لە پەرلەماندا دەتوانرێت چارەسەر بکرێت. هەربۆیە دوای ٢٥ ساڵ مافی هیوا لە کارنامەدایە. ڕێبەر ئاپۆ ٢٧ ساڵە لە هەلومەرجی دیلگرتندایە. بە پشتبەستن بە بڕیاری کۆمیتەی وەزیرانی ئەورووپا، دەتوانرێت ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت. لە لایەکی ترەوە پەکەکە کۆتایی بەوکارانە هێناوە کە بەناویەوە دەکرێن، بڕیاری بێچەکبوون دراوە. ئەم دۆخە بۆ هەموو ئەندامانی پەکەکە و گەریلا یاسایەکی تایبەتی پێویستە. ئەم یاسایە بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە ڕێبەر ئاپۆوە هەیە. ئەو یاسایەی کە دەبێت دەربکرێت، دەبێت ڕێبەر ئاپۆش بگرێتەوە. دەبێت ئەو یاسایەی دەردەکرێت ڕێبەر ئاپۆش بگرێتەوە؛ یاسایەک دەربچێت و بەڕێوەبەریی پەکەکە و گەریلا بگرێتەوە، کەچی ڕێبەر ئاپۆ بخرێتە دەرەوەی ئەم یاسایە، جێی قبووڵکردن نییە. ئاخر دابەشکردنی بەڕێوەبەریی و کادرانی پەکەکە، شەڕڤانان بەپێی کاتیگۆرییەکان، پرۆسەکە خاو دەکاتەوە. هەربۆیە گرنگە ئەو یاسا تایبەتەی کە بڕیارە دەربکرێت یان یاسای ڕاگوزەر بەپێی ڕۆحی پڕۆسەکە بێت و تایبەتمەندییەکی هەبێت کە سەرکەوتنی پڕۆسەکە مسۆگەر بکات. کەواتە ئەگەر مرۆڤ سەیری هاوار و گلەیی ئەو کەسانە بکات کە دوژمنایەتی ڕێبەر ئاپۆ دەکەن، دوژمنایەتی ئەو کەسانەی کە پارتەکەیان کۆتایی بەوکارانە هێناوە کە لە ژێر ناوییدا دەکرێت و کۆتاییان بە تێکۆشانی چەکداریی هێناوە و بڕیار دەدەن، ئەوا چۆن ئەم پڕۆسەیە بە سەرکەوتوویی بەرەوپێش دەچێت؟ پێمان وایە پەرلەمان کە گوێ لە هەموو ئەو لایەن و ئەکتەرانە دەگرێت کە خاوەندارێتی لە پڕۆسەکە دەکەن، دەبێت بە عەقڵانی نزیک ببنەوە و ئیرادەیەک بۆ بڕیاردانی درووست نیشان بدەن. لە ئێستادا هیچ باشتربوونێک لە هەلومەرجی ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا نییە. تەنها هەندێک زانیاری هەیە کە هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو شوێنەی کە تێیدا دەمێنێتەوە گونجاوتر بێت. مەهەپە ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنی خۆی ئامادە کردووە. ئاماژە بەوەشکراوە، دوای ئەوەی پارتەکانی دیکە ڕاپۆرتەکانیان پێشکەش دەکەن، ئەو پرسانەی کۆمیسیۆن لەسەری ڕێککەوتوون دەخرێنە کارنامەی پەرلەمانەوە. وەک ئەوەی بە ڕای گشتی ڕاگەیەندراوە، هەندێک پێشنیاری یاسایی، دادوەری، ئیداری و سیاسی و ڕێسای یاسایی پێشنیار دەکرێن، بەڵام بڕیاری کۆتایی لەلایەن پەرلەمانەوە دەدرێت. داواکاری تایبەتتان هەیە سەبارەت بە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و دەرکردنی یاسای سیاسەت و ئازادییە دیموکراتیکەکان. دەبێت پەرلەمان لەم قۆناغەدا چ ڕۆڵێک لەئەستۆ بگرێت؟ هەر پارتێک ڕاپۆرتی خۆی پێشکەش بە کۆمیسیۆنی پەرلەمان کردووە. سەرۆکی پەرلەمان لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ئەوانەی لە کۆمیسیۆندان، یاسایەک پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت. بێگومان گەیشتن بە قۆناغی خستنەڕووی یاسا بۆ پەرلەمان گرنگە. شتە سەرەکییەکە ناوەڕۆکی ئەم یاسایە کە چۆن دەبێت. ڕێبەر ئاپۆ دەیان ساڵە هەمیشە ویستویەتی پەرلەمان ڕۆڵبگێڕێت، کۆمیسیۆنێک لەناو پەرلەمان دابمەزرێت بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسە. جەهەپە و پارتەکانی تریش ویستوویانە ئەم پرسە ببەنە پەرلەمان. هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپەش ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەوەی پەرلەمان ڕۆڵبگێڕێت و لە ئەنجامدا کۆمیسیۆنی پەرلەمان دامەزرا. دامەزراندنی کۆمیسیۆن لە پەرلەمان هەنگاوێکی گرنگ بوو. هەرچەندە کەموکوڕیی خۆی هەیە، بەڵام کاری گرنگی ئەنجامداوە. ئێستا چاوەڕوانییەکان ئەوەیە بەپێی ئەم کارکردنە یاسایەک دەربکرێت. بێگومان چاوەڕوانی ئێمە ئەوەیە کە ئەو هەنگاوانەی ناومان ناوە، پێگەیەکی یاسایی بەدەست بهێنین و ئازادی سیاسەتی دیموکراتیک بەبێ هیچ "ئەگەر" و "بەڵام"ـێک مسۆگەر بکرێت. سری سورەیا ئۆندەر دوای خوێندنەوەی بانگەوازی ٢٧ـی شوبات ڕایگەیاند، بۆ بەدیهێنانی ئەمانە پێویستە مەرجە یاسایی و سیاسییەکان جێبەجێ بکرێن. مادام بانگەوازی ٢٧ـی شوبات لەلایەن هاوپەیمانی ئاکەپە-مەهەپە و هەموو کەسێکەوە وەک شتێکی ئەرێنی سەیر کراوە، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت، ئەو پێویستییە یاسایی و سیاسیانەی کە بانگەوازی ٢٧ـی شوبات مسۆگەر دەکەن، لەلایەن پەرلەمانەوە جێبەجێ بکرێن. پەرلەمان تا ئێستا تەنها ڕۆڵێکی نەرێنی لە پرسی کورددا گێڕاوە. یاساگەلێک کە نکۆڵیکردن لە کورد و تورککردنی کوردی کردووە، دەرکردووە. لەو قۆناغەی پێی گەیشتووین، چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕێت. بەبێ ئەم ڕۆڵە نە پارتەکان دەبنە ئۆرگانێک کە بە مانا ڕاستەقینەکەی سیاسەت بکەن، نە پەرلەمان دەبێتە شوێنێک کە پرسەکان چارەسەر بکات. هەربۆیە ئەم قۆناغە وەک قۆناغێک دەبینین کە سیاسەت و پەرلەمان گەورەیی خۆیان دەسەلمێنن. ئەگەر ئەم ڕۆڵە نەگێڕن، سیاسەت و پەرلەمان دەبنە دامەزراوەگەلێک کە کۆمەڵگە فریو دەدەن. بەوپێیەی دەستیان نەخستۆتە سەر پرسە بنەڕەتییەکانی تورکیا، لە تورکیا متمانە بە پارتەکان و سیاسەتمەداران زۆر کەمبووەتەوە.