قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: ئێمەی کورد لە جیهان و دەستڕۆیشتووەکان ناپاڕێینەوە بمانپارێزن، بەڵکو بیریان دەخەینەوە ئەمە یەکەمجار نییە لە دژی کورد پشتی نەیارانی کورد دەگرن و هەموو جارێکیش دوای ساڵانێک بۆیان دەرکەوتووە کە زیانیان کردووە. ئەمە تەنها هێرش نییە بۆ سەر ئیدارەی خۆسەر و رۆژاڤا، بەڵکو هێرشە بۆسەر شکۆ و کەرامەتی کورد لە هەموو جیهان، هێرشە بۆ سەر هێز و گەلێک، کە زیاتر لە دوازدە ساڵە لەبری هەموو دونیا، شەڕی تیرۆری کرد و گەلانی سوریای بەبێ جیاوازی و بەهەموو پێکهاتەکانییەوە پاراست. هەموو هەوڵێک ئەدەین، بۆ یارمەتیدانی کوڕ و کچە ئازاکانمان لە رۆژاڤا و راگرتنی ئەو دۆخە دژوار و گەرەنتیکردنی مافەکانیان لەناو دەستووری هەمیشەیی.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا بەفەرمی پابەندبوونی هێزەکانی بەو ئاگربەستە دووپات کردەوە کە لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق لێکتێگەیشتنی لەسەر کراوە و ڕایگەیاند، تاوەکو هێرشیان نەکرێتە سەر، دەستپێشخەری بۆ هیچ کردەوەیەکی سەربازی ناکەن و ئامادەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی 18ـی ئەم مانگەن. ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیەنراوێکی سەبارەت بە دۆخی مەیدانی و ئاگربەست بڵاو کردەوە. لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: "پابەندبوونی تەواوی هێزەکانمان بەو ئاگربەستە ڕادەگەیەنین کە لەگەڵ حکوومەت لە دیمەشق لێکتێگەیشتنی لەسەر کراوە." هەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەوان دەستپێشخەری بۆ هیچ کارێکی سەربازی ناکەن، مەگەر لە داهاتوودا هێزەکانیان ڕووبەڕووی هێرش ببنەوە. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، فەرماندەیی گشتیی هەسەدە ئامادەیی خۆی بۆ چارەی ئاشتییانە نیشان داوە و ڕایگەیاندووە: "دووپاتی دەکەینەوە کە کراوەین بەڕووی ڕێڕەوە سیاسییەکان و چارەکان لە ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆوە." هەسەدە لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکە، ئاماژەی بەوە داوە، "ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی 18ـی کانوونی دووەم، بەو شێوەیەی کە خزمەت بە هێورکردنەوەی دۆخەکە و سەقامگیری دەکات."
کەمێک لەمەوبەر بارەگای بارزانی ئەم پەیامەی بڵاوکردەوە: پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ ڕای گشتی بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بە نیگەرانییەكی زۆرەوە و بەوردی بەدواداچوون بۆ دوایین پەرەسەندن و ڕووداوەكانی سووریا و ڕۆژئاوا دەكەین، لەو بارودۆخە هەستیارەدا پێویستە هەموو لایەك بەرپرسیارانە و دوور لە عاتیفە ڕەفتار بكات و وای لێ نێت زیان بە خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوا بگات، كە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نابێت. ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان خستووەتەگەڕ و بەردەوامین كە خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوا تووشی كارەسات و نەهامەتی نەبن. لەلایەكی ترەوە لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی دروست بووە، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆریش لە ئارادایە كە خۆیەلەخۆیدا هەڕەشەیەكی زۆر جددییە لەسەر سەقامگیری و ئاساییشی ناوچەكە. لێرەدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان دەكەین كە بە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبستن و دەستبەجێ گرژی و شەڕ و پێكدادانەكان ڕابگیرێن و ئاگربەسێكی سەرتاسەری ڕابگەینرێت و كێشەكان بە شێوازێكی ئاشتیانە و لەڕێگەی حیوارەوە چارەسەر بكرێن. مسعود بارزانی 20ی كانوونی دووەمی 2026
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا: پێشتر بەهۆی لاوازی حکومەتەکەی ئەسەد، هەسەدە بەهێزترین هاوپەیمانی ئێمە بوو لەسەر زەوی بۆ رووبەڕووبوونەوەی د.ا.ع،ش، بەڵام ئێستا باردۆخەکە گۆڕا و حکومەتی دیمەشق دەتوانێت دەسەڵاتی بەسەر هەموو وڵاتدا هەبێت. لە کۆتایی ساڵی 2025 حکومەتیی نوێی سوریا بەشداریی هاوپەیمانێتیی دژی د.ا.ع،ش.ی کردووە. تۆم باراک هەموو شتێکی ئاشکرا کرد و بە فەرمی ئەمریکا دانی بەوەدا نا پشتی لە کورد کردووە. تۆم باراک لە تۆڕی ئێکس دەڵێت: باشترین هەل بۆ کوردەکان لەئێستادا ئەوەیە بچنە پاڵ حکومەتی سوریا بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان. ئامانجی سەرەکی هەبوونی هەسەدە دژی داعش بەسەرچووە چونکە ئێستا حکومەتی سوریا بەشدارە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دەتوانێت ڕۆڵەکە وەرگرێت. ئەمریکاهیچ بەرژەوەندییەکی نییە لە هەبوونی هێزی دوورمەودا. کاری لە پێشینەی ئەمریکا تێکشکانی پاشماوەی داعش و بەرەپێشبردنی یەکریزی نیشتمانییە بەبێ رەزامەندیدان لەسەر فیدرالیزم و جیابوونەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەاێت: داوا له هاوپهيمانيى نێودهوڵهتى دهكهين ئهركى خۆى له پاراستنى سهقامگيرى و رێگرى له سهرههڵدانهوهى داعش جێبهجێ بكات. ئەو دەشلێت: دووپاتى دهكهينهوه ئامادهى پێشكهشكردنى ههموو هاوكارى و يارمهتييهكين بهمهبهستى راگرتنى شهڕ و گهيشتن به ئاگربهست و رێككهوتن. سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها وتیشى: پێويسته مافى كورد و تهواوى پێكهاتهكان له سووريا پارێزراو بن و له دهستوورى داهاتووى سووريادا مسۆگهر بكرێن. راگەیەندراوی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان: ئێمه له ههرێمى كوردستان به نيگهرانييهكى زۆرهوه له بهردهواميى پێكدادان و ڕووبهڕووبوونهوه سهربازييهكانى نێوان هێزهكانى سوپاى سووريا و ههسهده دهڕوانين. بهردهواميى شهڕ و پێكدادان ههڕهشهيهكى جددى لهسهر ئارامى و سهقامگيريى سووريا و ناوچهكه بهگشتى دروست دهكات و مهترسيى سهرههڵدانهوهى داعش دههێنێتهوه ئاراوه. ههر له سهرهتاى دروستبوونى ئاڵۆزييهكانهوه بهردهوام لهگهڵ لايهنه ههرێمى و نێودهوڵهتييهكاندا له پهيوهنديداين بۆ ڕاگرتنى شهڕو پێكدادان و گرتنهبهرى گفتوگۆ و لێكگهيشتن لهپێناو چارهسهركردنى ئاشتييانهى كێشهكاندا. دووپاتى دهكهينهوه كه شهڕو ڕووبهڕووبوونهوهى سهربازى، هيچ كێشهيهك چارهسهر ناكات و دۆخهكه ئاڵۆزتر دهكات. داوا له هاوپهيمانيى نێودهوڵهتى دهكهين ئهركى خۆى له پاراستنى سهقامگيرى و ڕێگرى له سهرههڵدانهوهى داعش جێبهجێ بكات، ههروهها دووپاتى دهكهينهوه كه ئامادهى پێشكهشكردنى ههموو هاوكارى و يارمهتييهكين بهمهبهستى ڕاگرتنى شهڕ و گهيشتن به ئاگربهست و ڕێككهوتن. جهخت لهوه دهكهينهوه كه پێويسته مافى كورد و تهواوى پێكهاتهكان له سووريا پارێزراو بن و له دهستوورى داهاتووى سووريادا مسۆگهر بكرێن. نێچيرڤان بارزانى سهرۆكى ههرێمى كوردستان
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رۆژی سێشەممە 20-01-2026 رایگەیاند، ئاسایشی ناوچە کوردنشینەکان هێڵی سوورە و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری نابن. مەزڵووم عەبدی لە لێدوانێکدا بۆ میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سڵاوی بۆ بەرخودانی خەڵک و شەڕڤانان نارد لەو ناوچانەی کە رووبەڕووی هێرشی "دڕندانە و کوشتنی سیستماتیکی کورد" بوونەتەوە. فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی، هێرشەکان بۆ سەر ناوەندەکانی راگرتنی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لە شەدادی و کەمپی هۆل بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادیانکردووە. مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، کەمپی هۆل لە شەوی رابردووەوە رووبەڕووی هێرشی تووند و هەوڵی کۆنترۆڵکردن بە زەبری هێز بووەوە و پاسەوانانی کەمپەکەش دوای رووبەڕووبوونەوەی کاروانە سەربازییەکان و تانک و زرێپۆشەکانی سوپای سووریا، ناچار بوون پاشەکشە بکەن. چەند پەیامێکی بەپەلە لە مەزڵووم عەبدییەوە - سڵاو دەکەین لە بەرخۆدانی خەڵک و شەڕڤانان لە هەموو ئەو ناوچانەی کە ڕووبەڕووی هێرشی دڕندانە و کوشتنی سیستماتیک دەبنەوە دژ بە کورد. - هێرشەکان بە شێوەیەکی مەترسیدار بۆ سەر بنکەکانی ڕاگرتنی چەکداران و خێزانەکانی داعش لە شەدادی و کەمپی هۆڵ زیادیان کردووە. - کەمپی هۆڵ لە دوێنێ ئێوارەوە ڕووبەڕووی هێرشی توند و هەوڵی هەڵکوتانە سەر و کۆنترۆڵکردنی بە هێز دەبێتەوە. - پاسەوانانی کەمپی هۆڵ ڕووبەڕووی هێرشی کاروانی سەربازی و زریپۆش و تانک بوونەتەوە و لەبەر ئەوە ناچار بوون بکشێنەوە. - : حکومەتی سووریا بەردەوامە لە هێرشە چڕەکانی بۆ سەر شارەکانی حەسەکە و دەوروبەری و شاری کۆبانێ. - مەزڵووم عەبدی: دیمەشق وەڵامی هیچ کام لە دەستپێشخەرییەکانی ئاگربەستی نەداوەتەوە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیەندراون. - کشاوینەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن و پاراستنیان هێڵی سوورە و لە بەرگریکردن لێیان درێخی ناکەین. - داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتییەکانی خۆی هەڵبگرێت لە پاراستنی بنکەکانی ڕاگرتنی چەکدارانی داعش. - داوا لە حکومەتی سووریا دەکەین هێرشەکان ڕابگرێت و بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ
هێزەکانی هەسەدە، یەپەژە و یەکینەکانی دژە-تیرۆر کە گرتووخانەی ئەقتان لە شاری ڕەقە دەپارێزن، ڕووبەڕووی هێرشی دژواری چەتەکانی حکومەتی کاتی دەبنەوە. مەترسیی ڕاکردنی دوو هەزار داعش لە گرتووخانەکە هەیە. زیندانی ئەقتان لە شاری ڕەقە نزیکەی دوو هەزار چەتەی داعشی تێدایە. زیندانەکە لە ١٨ـی کانوونی دوومەوە ڕووبەڕووی هێرش دەکرێتەوە لەلایەن چەتەکانی حکومەتی کاتیی سووریاوە. شەڕڤانانی قەسەدە و یەپەژە و یەکینەکانی دژە-تیرۆر هەم بەرەنگاری هێرشەکان دەبنەوە، هەم ڕێگری دەکەن لە ڕاکردنی چەتەکانی داعش. سەرەڕای بانگەوازی بەردەوام لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نەتەوەیی و هێزە نێونەتەوەییەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ڕاکردنی چەتەکانی داعش بەهۆی ئەم هێرشانەوە، تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێک نەدراوەتەوە. هەروەها زیندانەکە ڕووبەڕووی هێرشی درۆنێکی تورکی بووەوە کە لە ئەنجامدا زیانی ماددی پێگەیشت. لەگەڵ ئەم هێرشەدا چەتەکان ویستیان ئاڵۆزییەک لە ناو زیندانەکەدا دروستبکەن، بەڵام ئەمە لە ماوەیەکی کەمدا کۆنترۆڵکرا. قەسەدە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە چەن شەڕڤانێکیان لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر زیندانی ئەقتان شەهید بوون و ئاماژەی بەوە کرد کە زیندانی ئەقتان یەکێکە لە زیندانە هەرە ناودارەکان کە چەتەکانی داعش تێیدا زیندانین. ئەمڕۆ ئەو هێزانەی کە زیندانەکە دەپارێزن بانگەوازیان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد کە دەستبەجێ ڕێوشوێن بگرێتە بەر. شەڕڤانان بەڵێنیان دا کە ئەوان بە هەموو شێوەیەک گەلەکەیان لە تیرۆر دەپارێزن.
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ سێ شەممە 20-1-2026 کەش / ئاسمان لە ناوەڕاست و باکوری هەرێم ساماڵ و پەڵەهەور بۆ نیمچە هەور دەبێت بەڵام لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم هەوری تەواو دەبێت لە گەڵ دابارینی بەفر و بارانی پچڕ پچڕ تا کاتەکانی نیوەڕۆ پاشان کۆتایی دێت . خێراى با / لەسەر خۆ-مامناوەند ( 10– 20) کم/ک بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆهەڵاتی هەرێم . ئاراستەی با / باکوورى ڕۆژهەڵات مەوداى بینین / (8-10)کم دەبێت پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بە (3-5) پلەی سیلیزی بەراورد بە پلەکانی گەرمی دوێنێ وەک لە خوارەوە ئاماژەی پێکراوە هەولێر : 7 پلەی سیلیزی پیرمام : 3 پلەی سیلیزی سۆران : 3 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : -4 پلەی سیلیزی سلێمانی : 5 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 6 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 5 پلەی سیلیزی دهۆک : 5پلەی سیلیزی زاخۆ : 5 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 5 پلەی سیلیزی سبەى چوار شەممە 21-1-2026 کەش/ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت لە ناوچەشاخاوییەکان نیمچە هەور دەبێت خێراى با / لەسەرخۆ-مامناوەند ( 5 – 15 ) کم/ک . ئاراستەی با / باکووری ڕۆژهەڵات پلەکانی گەرما/ نزمترین پلەکانی گەرمی کەمێک بەرز دەبێتەوە بەڵام بەرزترین پلەکانی گەرما بە (2-3) پلەی سیلیزی بەرزتر دەبێتەوە بە بەراورد بە پلەکانی گەرمی ئەمڕۆ . مەوداى بینین / 8– 10 کم . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 9 پلەی سیلیزی پیرمام :4 پلەی سیلیزی سۆران : 4 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : -3 پلەی سیلیزی سلێمانی : 7 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 8 پلەی سیلیزی هەڵەبجە :7 پلەی سیلیزی دهۆک :6 پلەی سیلیزی زاخۆ : 7 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 8 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 8 پلەی سیلیزی تێبینی / بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما شەختە و بەستن ڕوودەدات لەهەندێ ناوچە وە بەتایبەت لەو ناوچانەی بەفری لێ باریوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکی تونددا، ئیدانەی ڕووداوەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و بە "کردەوەی بەربەریانە" ناویان دەبات، هاوکات داوایەکی ڕاستەوخۆ ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی. سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: "ئەوەی لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت مایەی قبوڵ نییە و دەبێت بوەستێنرێت. ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەم کردەوە بەربەرییانەیە بەرامبەر بە گەلی کورد دەکەین." هەروەها هۆشداریشیدا و وتی: "گەلی کورد بێدەنگ نابێت و چاوپۆشی ناکات." بافڵ تاڵەبانی یادی قوربانیدانی گەلی کوردی لە ڕۆژئاوا کردەوە و وتی: "رۆژئاوا هەزاران کوڕ و کچی خۆی لەدەستدا لە شەڕی دژی داعشدا، بەرگری لە جیهان کرد و لە بەرامبەردا باجێکی گەورەیدا. ئەوان شایەنی ڕێز و کەرامەت و پاراستنی ڕاستەقینەن." لە کۆتایی پەیامەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی داوایەکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گەلی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند: "داوا لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گەلی ئەمریکا دەکەم بەبێ دوودڵی و بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و بەرقەرارکردنی سەقامگیری."
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو هێرشی چەکدارانی دیمەشقیان لە بەرەی سەرین لە باشووری کۆبانێ تێکشکاندووە و لەئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشیان لەناوچوون و ئەوانەشی لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا بوون کوژران. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە: - بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، رووبەڕووی دوو هەوڵی هێرشی یەک لە دوای یەکی هێزەکانی حکومەتی سووریا لە بەرەی سرینی باشووری کۆبانێ بوونەتەوە و تێکیانشکاندوون. - بەرەبەیانی ئەمڕۆ كاتژمێر 3:00 تاوەکو 06:00ـی بەیانیی هێزەکانمان بە ئازایەتی و توانایەکی بەرزەوە بەرپەرچی هێرشەکانیان دایەوە." - لە پێکدادانەکانی بەرەی سریندا "ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشی هێزەکانی حکومەتی سووریا تێکشکێندراون و سەرنشینەکانیان کوژراون." - لە بەرەی "ئەبو سوڕە"، هێزەکانیان بە وردی گورزێکیان لە کاروانێکی سەربازیی هێزەکانی حکومەتی سووریا داوە و ناچاریان کردوون "بکشێنەوە و هەڵبێن." - لە بەرەی گوندی "خان مامەد" لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانێ، هەوڵێکی دیکەی پێشڕەوی تێکشکێندراوە و "دوژمن گورزی کەمەرشکێنی بەرکەوتووە و پلانەکەی شکستی هێناوە و ناار بە کشانەوە کراوە." - هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لە ئامادەیی تەواودان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک، بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە گەل و خاکەکەیان
سبەی پڕۆسەی گەڕانەوەی 208 کۆچبەری کورد لە لیبیاوە دەست پێ دەکات و زۆرینەیان خەڵکی دەڤەری ڕانیەن. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لیبیا بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین و مەترسیدارترین ڕێڕەوەکانی کۆچی نایاسایی گەنجانی کورد و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، بە تایبەت بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا. زۆربەی ئەو گەنجانەی ئەم ڕێگەیەی دەگرنە بەر، لەلایەن مافیاکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیر دەکرێن و ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان، ڕفاندن و تەنانەت مەترسیی گیانلەدەستدانیش دەبنەوە. سەلیم پاشا، ڕاوێژکاری باڵای فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە، بە ئاڤای ڕاگەیاند: 208 کۆچبەری کورد کە زۆرینەیان خەڵکی دەڤەری ڕانیەن، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بە دوو کاروان دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان. بە گوتەی سەلیم پاشا، حکومەتی هەرێمی کوردستان تێچووی گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە لە ئەستۆ دەگرێت و پڕۆسەکە لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی سەربازیی عێراقەوە ئەنجام دەدرێت؛ گەشتەکەش لە فڕۆکەخانەی تەرابلوسەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەبێت. دوێنێ وامان بڵاوکردەوە کە ژمارەی کۆچبەرە گەڕاوەکان 173 کەس دەبێت، بەڵام فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پەیوەندیی بە ئاڤا میدیاوە کرد و ڕایگەیاند، 35 کەسی دیکەشیان دۆزیوەتەوە و دەیانهێننەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
موراد قەرەیلان فەرماندەی هەپەگە، پەیامێکی بۆ گەلی کورد و بەرخۆدانی ڕژئاوای کوردستان نارد و گوتی: "گرنگ نییە بەلامانەوە چی ڕوودەدات، بە هەر جۆرە قوربانیدانێک بێت گەلی ڕۆژئاوا دەپارێزین. وەک گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیمان؛ چی پێویست بکات ئەنجامی دەدەین." فەرماندەی هێزەکانی پاراستی گەل (هەپەگە) موراد قەرەیلان لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فوارات (ANF)ـەفەوە پەیامێکی بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کورستان نارد و گوتی: "ئەوەی پێویست بکات وەک گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیمان بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەنجامی دەدەین. دوور نییە سبەی یان کاتێکی گونجاو ئەم شەڕە باشووری کوردستانیش بگرێتەوە و بکرێتە ئامانج و ئامانجە تەواوی کوردستان و دەستکەوتەکانی کوردانە." "بۆ هەموو گەلی هێژا و گەلی ڕۆژئاوای کوردستانمان؛ سەرەتا بەڕێزدارییەوە سڵاوتان لێ دەکەم. دیارە وەک گەل بە قۆناغێکی مێژووییدا تێپەڕ دەبین. لە حەلەب تا حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕ لە ئارادایە. لە کەسێتی فەرماندە زیاد حەلەب و دەنیز چیاکاکاندا هەموو شەهیدانی ئەم شەڕە بەڕێزدارییەوە یاد دەکەینەوە. ئەمەی لە ڕۆژئاوا دەگوزەرێت بە تەنها شەڕێک نییە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەڵکو شەڕە لەسەر تەواوی کوردستان. سبەی یان لە کاتێکی دیکەی گونجاودا، دوور نییە باشووری کوردستان وستاتۆکەی بکرێتە ئامانج وەک دەردەکەوێت لە دیزاینکردنەوەی ناوچەکەدا نایانەوێت گەلی کورد جێگە و پێگەی هەبێت. نایانەوێت گەلی کورد ببێتە خاوەن ئیرادە و ستاتۆی خۆی. سبەی یان لە کاتێکی دیکەی گونجاودا، دوور نییە باشووری کوردستان و ستاتۆکەی بکرێتە ئامانج. هەرخۆی ئەم شەڕ و هێرشەی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بۆ تەنهاکردن و دوورخستنەوەی ستاتۆی باشووری کوردستانە...
ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، موستەفا قەرەسوو بانگەوازی لە هەموو گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان کرد دژی هێرشە داگیرکارییەکانی سەر ڕۆژئاوا بەرخۆدان بکەن و گوتی: "ئەم هێرشە تەنها دژی ڕۆژئاوا نییە، دژی هەموو گەلی کوردە". ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە، موستەفا قەرەسوو بانگەوازی لە گەلی کوردستان و هێزە دیموکراتیکەکان کرد دژی چەتەکانی هەتەشە و داعش کە بە هاوکاری و هەماهەنگی دەوڵەتی تورک هێرشیان بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێ کردووە، بەرخۆدان بکەن. موستەفا قەرەسوو، گوتی: "ئەم هێرشە تەنها دژی ڕۆژئاوا نییە، دژی هەموو گەلی کوردە"، بانگەوازی لە گەلی کورد و لایەنە دیموکراتیکەکان کرد کە شۆڕشی ڕۆژئاوا بپارێزن". پەیامەکەی موستەفا قەرەسوو بەم جۆرەیە: "بۆ هەموو گەلی کورد و هێزە دیموکراتیکەکان! بۆ هەموو بزووتنەوە شۆڕشگێڕە دیموکراتیکەکانی جیهان! ئێستە لە ڕۆژئاوا، لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێرشێکی دڕندانە دژی گەلی کورد ئەنجام دەدرێت. ئەمە هەمان ئەو گەلەیە کە لە ساڵی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ ئازایانە بەرەنگاری هێرشەکانی داعش بوونەوە و خۆیان کردە قەڵغانی پاراستنی مرۆڤایەتی لە بەرانبەر هێرشەکانی داعش و دەیان هەزار شەهید و برینداریان بەخشی. ئەم گەلە بۆ مرۆڤایەتی شەڕی کرد و تێکۆشا، ئێستا بە پیلانگێڕییەکی نێونەتەوەیی، پیلانگێڕییەک کە هێزە نێونەتەوەییەکان تێیدا بەشدارن، هەوڵی لەناوبردنی خۆی و سیستەمە دیموکراتیکەکەی دەدرێت. ئێستە لە ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێرشێک بۆ نەهێشتنی کورد دەستی پێ کرد و دەسپێکەکەی لە شێخ مەقسوودەوە بوو. ئەمە هێرشی پاکتاوکردنە دژی کوردانی ڕۆژئاوا و دژی هەموو کوردێکە. ئەم هێرشە پەیوەندی بە هەموو گەلەکەمانەوە هەیە لە هەر چوار بەشی کوردستان. چونکە ئەمە هێرشی جینۆسایدە. دەبێت هەموو گەلەکەمان ئەم ڕاستییە ببینێت. پیلانگێڕییەک لە دژی کورد هەیە. تێکۆشانی گەلی کورد لە پێناو ئازادی و دیموکراسی، لەبەر بەرژەوەندییە نێونەتەوەیی و هەرێمییەکان سەرکوتدەکرێت. دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەکرێتە ئامانج و هەوڵی تەسفیەکردنیان دەدرێت. هەوڵی شکاندنی ئیرادەی بەرخۆدان و خواستی ئازادی گەلی کورد دەدرێت. ئەمە تەنیا هێرشێک نییە بۆ سەر کورد لە ڕۆژئاوا. هێرشێکە دژ بە ئیرادەی ئازادی، ئیرادەی بوونی هەموو گەلەکەمان لە کوردستان. بۆیە پێویستە گەلەکەمان لە چوار بەشی کوردستان، ڕاپەڕن. دەبێت لە تەنیشت گەلەکەمان بوەستین کە لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرخۆدان دەکەن. پێویستە هەموو گەلەکەمان شەو و ڕۆژ بەپێوە بێت بۆ پشتیوانی لە بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا. بە تایبەتی پێویستە گەلی باکوور و باشووری کوردستان پشتیوانی ئەم بەرخۆدانەی گەلی ڕۆژئاوا بکەن. دەبێت پشتیوانی لە تێکۆشانی گەلی ڕۆژئاوا بکەین گەل و ڕۆڵەکانی ڕۆژئاوای کوردستان دەیان ساڵە لە چوار بەشی کوردستان بەشداریی تێکۆشانیان کردووە و دەیان هەزار شەهید و برینداریان بەخشیوە. گەلی ڕۆژئاوا بەم هەڵوێستە نەتەوەییە تێکۆشانی گەلی کوردیان بەهێزتر کردووە. ئەمڕۆ هەموو گەلی کوردستان، هه موو دۆستانمان، دەبێت دژی ئەم هێرشانە بوەستنەوە و بەرخۆدان بکەن. وەک چۆن گەلی کورد لە کۆبانێ لە دژی داعش سەرکەوتنی بەدەستهێنا، ئەمڕۆش بە هەمان ڕۆحی کۆبانێ، بە هەمان ئەو پشتیوانییەی کە لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و دەرەوەی وڵات بۆ کۆبانێ کرا، دەبێ لە پاڵ تێکۆشانی گەلی ڕۆژئاوادا بوەستین. لە کۆبانێ لە ساڵی ٢٠١٥ بەرخۆدانی شەڕڤانان تاکە هۆکاری سەرکەوتن نەبوو. پشتیوانی هەموو گەلی کوردستان و جیهان، دۆستان، هێزە سۆسیالیستەکان، پشتیوانی ئەخلاقی هۆکاری دەرکردنی داعش بوو لە کۆبانێ. بۆیە ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە ئێمە هەمان پشتیوانی لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بکەین. پێویستە هۆشیاربین، سیاسەتی قڕکردن دژی گەلی کورد هەیە. پێویستە ئەمە ببینرێت. بۆیە ڕەنگە سبەی درەنگ بێت، دەبێت ئێستا هەستینە سەر پێ. بەتایبەت گەنجان و ژنان دەبێ هێزی خۆیان بدەنە ئەم تێکۆشانە. گەنجانی کوردستان بۆ ئەم ڕۆژانە هەن. بۆیە پێویستە گەنجان لە هەموو شوێنێکدا هەستنە سەر پێ. لە ساڵی ٢٠١٤ سنووری پیرسوس و کۆبانێ بوو بە هێمای بەرخۆدان لە دژی داعش. ئەمڕۆش دەتوانین بە هەمانشێوە پشتیوانی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بکەین. ئێستا کاتی هاتووە. چونکە هێرشەکان قێزەون و دڕندانەن. بینیمان چۆن تەرمی ژنێکی کورد لە شاری حەلەب فڕێدرا. کورد دەیان ساڵە بەرخۆدانی گەورەی نیشانداوە. لە بەرامبەر هەموو هێرشەکاندا ڕاوەستاون و مەزنتر بوون. بەم ڕۆحی وڵاتپارێزیی و شۆڕشگێڕییە، بە حەسرەتی بوون و ئازادی، ئەم تێکۆشانە گەشەی کرد و سەرکەوتوو بوو. ئەمڕۆ ئەگەر باوەڕمان بە هێزی خۆمان هەبێت، پاڵپشتی گەلەکەمان بکەین و هەموو خەڵکی چوار بەشی کوردستان هەڵوێستێکی هاوبەشیان هەبێت، دەتوانرێت ئەم هێرشە تێکشکێنرێت. هەروەها هێزە سیاسییەکانی چوار بەشی کوردستانیش بەرپرسیارێتییەکی مێژوویییان لەبەرامبەر ئەم هێرشەدا هەیە. ئەوانەی ئەمڕۆ ئەم بەرپرسیارێتییە جێبەجێ ناکەن، گەلەکەمان لێیان قبووڵ ناکات. بۆیە بەبێ هیچ پاساوێک دەبێ پشتگیریی لە تێکۆشانی ڕۆژئاوا بکەن. بانگەواز لە گەلی عەرەب بەم بۆنەیەوە، بانگەواز لە گەلی عەرەبی ڕۆژئاوا و سووریا دەکەم. عەرەب و کورد و سریانی دەیان ساڵە پێکەوە بە ئاشتی و خوشک و برایەتی و دوور لە شەڕ دەژین. لە هەموو شوێنێکی سووریا شەڕ و کێشە هەبوو، بەڵام لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە خوشک-برایەتی ژیان. ئێستا هەتەشە و هەندێک هێز دەیانەوێت کورد و عەرەب بکەنە دوژمن. ئەوان دەیانەوێت دوژمنایەتی لەنێو عەرەبدا دروست بکەن بەرامبەر بە کورد. ئەمە دۆخێکی زۆر قێزەونە. ئەو عەرەبانەی لە شەڕی سووریا هەڵهاتبوون، هاتنە ناوچە کوردنشینەکان و کورد هەمیشە پێشوازییان لێدەکردن. بۆیە داوا لە عەرەبەکانی ڕۆژئاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و هەموو عەرەبەکانی سووریا دەکەین مەکەونە ناو ئەم پیلان و گەمەیەوە. ئەم پیلانە نەک هەر زیان بە کورد دەگەیەنێت، بەڵکو زیان گەلی عەرەبیش دەگەیەنێت. بۆیە کەسانێک هەن دەیانەوێت دژی یەکتر هانمان بدەن، نابێت گوێیان لێ بگرن. بانگەوازی من بۆ هێزە شۆڕشگێڕە دیموکراسیخوازەکانی جیهان ئەوەیە. هەروەک چۆن لە ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥ پاڵپشتییەکی زۆریان لە کۆبانێ کرد و ڕۆڵیان لە سەرکەوتنی کۆبانێدا هەبوو، دەبێ ئەمڕۆش ڕۆڵیان هەبێت. بەم بۆنەیەوە داوا لە هەموو گەلی کوردستان و دۆستان و هێزە دیموکراتیکەکان دەکەم بە هەڵوێستێکی هاوبەشەوە دژی ئەو هێرشانە تێبکۆشن. سڵاو بۆ بەرخۆدانی گەلی ڕۆژئاوا دەنێرم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم. بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا! بژی گەلی کورد!".
رامی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ هۆشدارییەکی توند سەبارەت بە بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان دەدات و ڕایدەگەیەنێت: ئەو هێرشانەی ئێستا ئەنجام دەدرێن، تەنیا مەبەست لێی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نییە، بەڵکو ئامانجەکە پاکتاوکردنی ڕەگەزیی گەلی کوردە. ناوبراو لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 داوای لە سەرۆک مەسعوود بارزانی کرد، ڕێگە نەدات جارێکی دیکە کورد لەو بەشەی کوردستان پاکتاو بکرێت و هێزی پێشمەرگە بۆ بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان ڕەوانەی ڕۆژئاوا بکات. بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری ئاماژەی بەوە کرد، لایەنە هێرشبەرەکان کێشەی بنەڕەتییان لەگەڵ بوونی گەلی کورد هەیە و دەیانەوێت ئەو هێزە لەناو ببەن کە توانی ئەفسانەی داعش تێکبشکێنێت. بە گوتەی ڕامی عەبدولڕەحمان، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەم هێرشانە، ڕزگارکردنی زیندانییانی داعشە وەک ئەوەی لە ڕەققە ڕوو دەدات، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە ئێستا چاوی هێرشبەران لەسەر کۆبانێیە و پلان بۆ کۆمەڵکوژیی کوردان لەو شارە دادەنێن. رامی عەبدولڕەحمان تیشکی خستە سەر پێکهاتەی سوپای سووریا و ڕایگەیاند کە 18 هەزار چەکدار کە لە نێویاندا چەکداری چەندین وڵاتی بیانی هەن، دژی کورد شەڕ دەکەن، ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا، بەڵگەی ڤیدیۆیی تەواو لەبەردەستدایە، ئەو تاوانە گەورانە دەسەلمێنن کە سوپای سووریا دژی هاووڵاتییانی کورد ئەنجامی دەدات، بە بڕوای ئەو دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە. لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری ڕەخنەی توندی لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکوومەتی ڕاگوزەر گرت و ڕایگەیاند: ناوبراو جگە لە کوشتن و بڕین، هیچ دەستکەوتێکی دیکەی نەبووە. رامی عەبدولڕەحمان جەختی کردەوە، حکوومەتی ئێستای سووریا تەنیا دەیەوێت دەسەڵاتی ڕەها لەدەستی خۆیدا بێت و هیچ پێکهاتەیەکی دیکە وەک کورد خاوەن دەسەڵات نەبێت، هەر بۆیە پەنایان بۆ کوشتن و وێرانکاری بردووە بۆ سەپاندنی خواستەکانیان. ئەم هۆشدارییانەی ڕوانگەی سووری بۆ مافی مرۆڤ لە کاتێکدایە، گرژییە سەربازییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گەیشتوونەتە لوتکە و مەترسییەکی جددی لەسەر چارەنووسی ملیۆنان هاووڵاتیی کورد لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوای کوردستان دروست بووە، کە ڕووبەڕووی هێرشی چەکداری جۆراوجۆر و میلیشیا بیانییەکان بوونەتەوە.
ئەنجوومەنی سەرتاسەریی هاوڵاتییانی باشوور، بانگەوازی ڕێپێوانی فراوانی بەرەو ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند و داوا لە گەل و هەموو حزبەکان دەکەن بە شێوەیەکی فراوان بەشداری و پشتیوانی ڕێپێوانەکە بکەن. ئەنجوومەنی سەرتاسەریی هاوڵاتییانی باشوور، بانگەوازییەکی بەپەلەی سەبارەت بە ڕێپێوانی جەماوەریی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، بە مەبەستی بەشداریی لە هەڵمەتی سەفەربەریی گشتیی دژی هێرشەکانی چەتەکانی جۆلانی و دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان کرد. لە بانگەوازەکەدا هاتووە: لەم چرکەساتە مێژووییەدا گەلەکەمان لە ڕۆژئاوا، لەبەردەم گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی و پرۆسەی قڕکردن و کۆمەڵکوژیدایە، لەم سۆنگەیەوە و لەژێر درووشمی “یان بەیەکەوە دەژین، یان بەیەکەوە دەمرین” داوا لە سەرجەم چین و توێژەکان دەکەین، لە هەموو شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەدابڕاوەکان خۆیان ساز و ئامادە بکەن بۆ ڕێپێوانێکی جەماوەریی بەرەو رۆژئاوا. ئەنجوومەنەکە داواش لە هەموو حزبەکان دەکات بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە، بە شێوەیەکی فراوان بەشدار و پشتیوانی چالاکییەکە بن، هەروەها داوا لە میدیاکان دەکات لە چوارچێوەی گوتارێکی هاوبەشدا ببنە بەشێک لەم چالاکییە جەماوەرییە. هەر لە بانگەوازەکەدا ئەنجوومەنەکە داوا لە ڕەوەندی کوردی دەکات، بکەونە ناو چالاکیی جۆراوجۆری جەماوەری و دیپلۆماسی و سیاسیی بەردەوام، لە پێناو پاراستی گیانی خوشک و براکانمان لە ڕۆژئاوا. سەبارەت بە کات و شوێنی خۆپیشاندانەکەش ئەنجوومەنەکە دەڵێت، سبەینێ کات و شوێنەکەی بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنن.
