قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان: ئێمەی کورد لە جیهان و دەستڕۆیشتووەکان ناپاڕێینەوە بمانپارێزن، بەڵکو بیریان دەخەینەوە ئەمە یەکەمجار نییە لە دژی کورد پشتی نەیارانی کورد دەگرن و هەموو جارێکیش دوای ساڵانێک بۆیان دەرکەوتووە کە زیانیان کردووە. ئەمە تەنها هێرش نییە بۆ سەر ئیدارەی خۆسەر و رۆژاڤا، بەڵکو هێرشە بۆسەر شکۆ و کەرامەتی کورد لە هەموو جیهان، هێرشە بۆ سەر هێز و گەلێک، کە زیاتر لە دوازدە ساڵە لەبری هەموو دونیا، شەڕی تیرۆری کرد و گەلانی سوریای بەبێ جیاوازی و بەهەموو پێکهاتەکانییەوە پاراست. هەموو هەوڵێک ئەدەین، بۆ یارمەتیدانی کوڕ و کچە ئازاکانمان لە رۆژاڤا و راگرتنی ئەو دۆخە دژوار و گەرەنتیکردنی مافەکانیان لەناو دەستووری هەمیشەیی.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا پەیامێکی تووندی لەبارەی هەسەدەوە بڵاوکردەوە. باراک سەرەتا، باسی دۆخی ئێستای سوریا دەکات و دەڵێت: ئێستا کاتێکی زۆر باشە بۆ کورد، کە تێکەڵی سوپا و حکومەتی سوریا بێت، چونکە لەم سەردەمەدا مافی زمان و کلتووری کورد بە تەواوی پارێزراوە و وەک سەردەمی ئەسەد نییە. دەقی قسەکانی تۆم باراک، کە لە هەژماری خۆی لە 'ئێکس' بڵاویکردووەتەوە. هەرئێستا دەرفەتێکی مەزنە بۆ کوردی سوریا لە دوای ئەسەدەوە و لەژێر حکومەتی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، ئەم کاتە ئۆفەرێکە بۆ بەتەواوی تێکەڵبوون بۆ یەکڕیزی دەوڵەتی سوریا، بە مافی هاوڵاتیبوون، پاراستنی کلتوور، بەشداریی سیاسی، کە لەلایەن رژێمی بەشار ئەسەد رەتکرابووە، کە کوردانێکی زۆری بێدەوڵەت، سانسۆرکردنی زمان و تاوانی بە سیستەماتیکراو کردبووە. لەپێشدا؛ سوپای ئەمریکا سەرەتا لە باکووری رۆژهەڵاتی سوریا بوو، بۆ تێکشاندنی داعش، هێزەکانی هەسەدەش بە رێبەرایەتی کورد، سەلماندیان، کە کاریگەرترین هاوبەشی ئێمەن لەسەر زەوی بۆ تێکشاندنی خەلافەتی د.ا،عش تا ساڵی 2019 و دەستبەسەرکردنی هەزاران ئەندامی داعش و خێزانەکانیان و کۆکردنەوەیان لە کەمپی هۆل و زیندانی شەدادیە، ئەو کاتە هیچ دەوڵەتێکی ناوەندی کارا لە سوریا نەبوو تا کاری لەگەڵ بکرێت، رژێمەکەی ئەسەدیش لاواز بوو بەهۆی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئێران و روسیا، نەدەبوو هاوبەشێکی گونجاو دژی داعش. ئەمڕۆ، بارودۆخەکە بە تەواوی گۆڕاوە، ئێستا سوریا خاوەنی حکومەتی ناوەندی دانپێدانراوە، چووەتە نێو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ تێکشاندنی داعش (وەک 90ەمین ئەندام لە کۆتایی 2025دا)، ئەمەش ئاماژەیە بۆ وەرچەرخان بەرەو وڵاتانی ڕۆژئاوا و هەماهەنگی لەگەڵ ئەمریکا لەسەر پرسی دژە تیرۆر. ئەمە پاساوەکانی هاوبەشیی ئەمریکا و هەسەدە دەگۆڕێت. ئەرکی سەرەکی هەسەدە وەک هێزی یەکەمی دژە داعش تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایی هاتووە، چونکە ئێستا دیمەشق هەم ویستی هەیە و هەم لە پێگەیەکدایە کە بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان بگرێتە ئەستۆ، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی گرتووخانە و کەمپەکانی داعش. پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەش نیشانی دەدەن، کە ئەمریکا بە خێرایی ئاسانکاری بۆ ئەم گواستنەوەیە دەکات، نەک درێژکردنەوەی ڕۆڵێکی جیاواز بۆ هەسەدە. ئێمە بە شێوەیەکی فراوان لەگەڵ حکومەتی سوریا و سەرکردایەتی هەسەدە گفتوگۆمان کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی تێکەڵبوونەوە، کە لە 18ـی یەکدا واژۆ کرا، و داڕشتنی ڕێگایەکی ڕوون بوو بۆ جێبەجێکردنێکی ئاشتییانە و خێرا. رێککەوتنەکە بریتییە لە تێکەڵکردنی شەڕڤانانی هەسەدە لەنێو سوپای نیشتمانیدا (وەک تاک، کە یەکێکە لە بابەتە هەرە پڕ کێشەکان)، ڕادەستکردنی ژێرخانە سەرەکییەکانی وەک کێڵگە نەوتییەکان، بەنداوەکان، دەروازە سنوورییەکان، و چۆڵکردنی کۆنترۆڵی گرتووخانە و کەمپەکانی داعش بۆ دیمەشق. ئەمریکا هیچ بەرژەوەندییەکی لە مانەوەی سەربازی درێژخایەندا نییە؛ لە پێشینەی کارەکانی تێکشکاندنی پاشماوەکانی داعش، پشتگیریکردنی ئاشتەوایی و پێشخستنی یەکڕیزی نیشتمانییە، بێ ئەوەی پشتگیری لە جیابوونەوە یان فیدراڵیزم بکات. ئەمە رێگەیەکی بێوێنە بۆ کوردەکان دروست دەکات: تێکەڵبوونەوە لەنێو دەوڵەتی نوێی سوریادا مافی هاوڵاتیبوونی تەواو دەستەبەر دەکات تەنانەت بۆ ئەوانەشی پێشتر بێناسنامەبوون، دانپێدانان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە سوریا، پاراستنی دەستووری بۆ زمان و کلتووری کوردی (بۆ نموونە: خوێندن بە زمانی کوردی، ناساندنی نەورۆز وەک جەژنێکی نیشتمانی)، و بەشداری لە حوکمڕانیدا—کە زۆر لەو نیمچە ئۆتۆنۆمییە زیاترە کە هەسەدە لە کاتی ئاڵۆزییەکانی شەڕی ناوخۆدا هەیبوو. هەرچەندە مەترسییەکان ماون (وەک بوونی ئاگربەستی لاواز، پێکدادانی کاتی، یان نیگەرانی لە توندڕەوەکان)، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فشار دەکات بۆ دابینکردنی گەرەنتی بۆ مافەکانی کورد و هەماهەنگی دژە داعش. بژاردەی دیکەش، جیابوونەوەی بەردەوامە، کە دەکرێت ببێتە هۆی ناسەقامگیری یان سەرهەڵدانەوەی داعش. ئەم تێکەڵبوونەوەیە کە دیپلۆماسی ئەمریکا پشتیوانی دەکات، گەورەترین هەلە بۆ کورد تا بتوانن ماف و ئاسایشی بەردەوام لەنێو دەوڵەت - نەتەوەیەکی دانپێدانراوی سوریادا دەستەبەر بکەن. لە سوریادا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تەرکیز دەخاتە سەر: دڵنیابوون لە پاراستنی ئەو گرتووخانانەی زیندانیانی داعشی تێدایە و ئێستا لەلایەن هەسەدەوە دەپارێزرێن. ئاسانکاری بۆ گفتوگۆکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی سووریا بۆ ڕێگەدان بە تێکەڵبوونەوەی ئاشتییانەی هەسەدە و بەشداری سیاسی دانیشتوانە کوردەکەی سوریا لە هاوڵاتیبوونی تەواوی مێژوویی سوریادا.
ئەمە یەکەمجار نییە و ئەگەر لەئێستاوە وانە وەرنەگرین دواین جاریش نابێت ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەمریکا مێژوویەکی رەشی لە خیانەتکردن لە کورد هەیە و ئەمە یەکەمجاری نییە، بەڵکو لەماوەی 100 ساڵی رابردوودا چەندین جار پشتی لە کورد کردووە. لە ئەمریکا قسەیەکی باو هەیە کە دەڵێن، هیچ شتێک حەتمی نییە جگە لە مردن و باجدان، بەڵام دەبێت شتێکی دیکەی بۆ زیاد بکرێت و بگوترێت: هیچ شتێک حەتمی نییە جگە لە مردن، باجدان و خیانەتی ئەمریکا لە کورد. ئیتر کاتی ئەوەیە کورد پشت بە هیچ هاوپەیمانێک نەبەستێت، چونکە باشترین هاوپەیمانی کە ئەمریکایە، هەموو جارێک بەبێباکی لە پشتەوە خەنجەری لێدەدات. من پێتان دەڵێم واشنتن لە سەدەی رابردوو و ئەم سەدەیە چەند جار خیانەتی لە کورد کردووە. یەکەم خیانەت ساڵی 1923 بوو. دوای رووخانی دەوڵەتی عوسمانی، بەڵێن بە کورد درا دەوڵەتێکی بۆ دروستبکرێت و لە چوارچێوەی پەیماننامەی سیڤەر بە پشتیوانی فەرەنسا و بەریتانیا ئەو بەڵینە جێی کرایەوە، بەڵام دواتر بە فشاری کەمال ئەتاتورک پەیاماننامەی لۆزان لە ساڵی 1923 واژۆکرا و ئەمریکا پشتگیرییەکی تەواوەتی لێکرد، بەمەش خەونی دەوڵەتی کوردی لەبابرا. لەساڵی 1958 ئەمریکا پشتیوانی کوردی کرد بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی لە عێراق دوای گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن عەبدولکەریم قاسم، دواتریش پشتیوانی روخانی ناوبراوی کرد لە ساڵی 1963. خیانەتی سێیەمی ئەمریکا لە کورد ساڵی 1975 بوو کاتێک سەرپەرشتی رێککەوتنی جەزائیری کرد لەنێوان عێراق و ئێران لەکاتێکدا ماوەی سێ ساڵ بوو لەرێگەی محەمەد رەزا شای ئێران یارمەتی کوردانی باشووری دەدا بۆ دژایەتیکردنی رژێمی عێراق بە ناردنی چەک و پارە بۆیان ، بەڵام بە رێککەوتنێک هەمووشتێک هەڵوەشایەوە. لەبارەی پشتیوانی کوردانی باشوور، هێنری کیسینجەر، وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمریکا کە ئەوکات راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکاش بوو، دەڵێت، ئەوان هیچ کاتێک پشتیوانی سەربازی کوردییان نەکردوە بۆ دروستکردنی دەوڵەت، بەڵکو هەوڵیانداوە لەرێگەی کوردەوە حکومڕانی بەغدا لاواز بکەن. لە راپۆرتێکی نهێنی سی ئای ئەی دا هاتووە کە کیسینجەر گوتوویەتی: ئێمە و شای ئێران هیواخواز نین کوردەکان سەرکەوتن بەدەست بهێنن، کوردەکانمان تەنها بۆ ئەوە پێویستە عێراق سەرقاڵ بکەین و توانا سەربازییەکەی لاواز بکەین. دێینە سەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە لە ساڵی 1988 کە تێیدا رژێمی بەعس پێنج هەزار هاووڵاتی هەڵەبجەی شەهید کرد، دیسان جارێکی دیکە ئەمریکا پشتی لە کورد کرد، چونکە هەم بێدەنگ بوون لە ئاست ئەو تاوانە و هەمیش بەردەوامبوون لە هاوکارییەکانیان بۆ سەدام حسێن دژی کۆماری ئیسلامی ئێران. لەدوای جەنگی کەنداو لە 1991، جۆرج بۆشی باوک داوای لە شیعە و کوردەکان کرد دژی رژێمی بەعس راپەڕن، ئەوە بوو راپەرینی 1991 دروستبوو و کوردستان ئازادکرا، بەڵام دواتر کە سەدام حسێن دەستیکرد بە داپڵۆسینی کورد و کۆڕەوی گەلی کورد دروستبوو، جارێکی دیکە واشنتن بێدەنگ بوو. لە ساڵانی 1990ـەکاندا ئەمریکا برێکی زەبەلاح لە چەک و کەرەستەی سەربازیی بۆ تورکیا نارد و تورکیاش بە ئاگاداری ئەمریکا ئەو چەکانەی بەکارهێنا بۆ شەڕکردن دژی پەکەکە، بەهۆیەوە هەزارەها کورد شەهیدکران و هەزارە گوندی باکووری کوردستانیش لەناوبران. ساڵی 2017ـش دیسان ئەمریکا خیانەتی کرد. لەکاتێکدا پێشمەرگە رۆڵێکی گەورەی لە تێکشکانی داعش بینی، بەڵام واشنتن ئامادە نەبوو پشتگیری سەربەخۆیی کورد بکات و دواتریش دەستوەردانی نەکرد بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی عێراق کە دواتر بووە هۆی روودانی 16ـی ئۆکتۆبەر و لەدەستدانی 40%ـی خاکی کورد. ساڵی 2018ـش دیسان ئەمریکا بێدەنگ بوو بەرامبەر دەستدرێژییەکانی تورکیا. کاتێک بەهاوکاری چەکدارەکانی سوپای نیشتمانی سوریا، ئەنقەرە عفرینی داگیرکرد، واشنتن هیچ هەڵوێستێکی نەبوو لەکاتێکدا خۆی بە هاوپەیمانی کورد دەزانی بۆ لەناوبردنی داعش. ئەوەی کوردی تووڕەکرد کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە سوریا لەساڵی 2019 و هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بۆ ئەردۆغان تا هێرش بکاتەسەر سەر رۆژاڤا، لە ئەنجامیشدا سەرێکانی و گرێسپی و چەند ناوچەیەکی دیکە داگیرکران. لە ئۆپەراسیۆنەکەدا تورکیا بە قووڵایی 40 کیلۆمەتر هاتە نێو خاکی سوریا. نوێترین خیانەتی ئەمریکاش، رووداوەکانی ئێستایە کە ئەمریکا پشتیوانییەکی گەورەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا دەکات دژی دەستدرێژیکارییەکانی بۆ سەر رۆژاڤا لەکاتێکدا شەرڤانان 11 هەزار شەهیدیان دژی شەڕی داعش داوە، بەڵام واشنتن ئەمەی بەلاوە گرنگ نییە و هەروەک چەند بەرپرسێکی ئەمریکی دەڵێن، مامەڵەی ئەوان لەگەڵ هەسەدە وەک مامەڵەی نێوان دوو بازرگانە و هەرکات بەرژەوەندی نەما دەتوانن دەستبەرداریان ببن. بەکۆی گشتی، ئەمریکا 10 جار خەنجەری لە پشتی کورد داوە، بۆیە پێویستە لێرەوە وانە وەربگرین و چیتر پشت بە هیچ کەس نەبەستین، چونکە هەر بەڕاستی جگە لە چیاکان هیچ دۆستێکی ترمان نییە.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا بەفەرمی پابەندبوونی هێزەکانی بەو ئاگربەستە دووپات کردەوە کە لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق لێکتێگەیشتنی لەسەر کراوە و ڕایگەیاند، تاوەکو هێرشیان نەکرێتە سەر، دەستپێشخەری بۆ هیچ کردەوەیەکی سەربازی ناکەن و ئامادەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی 18ـی ئەم مانگەن. ئەمڕۆ سێشەممە 20ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیەنراوێکی سەبارەت بە دۆخی مەیدانی و ئاگربەست بڵاو کردەوە. لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: "پابەندبوونی تەواوی هێزەکانمان بەو ئاگربەستە ڕادەگەیەنین کە لەگەڵ حکوومەت لە دیمەشق لێکتێگەیشتنی لەسەر کراوە." هەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەوان دەستپێشخەری بۆ هیچ کارێکی سەربازی ناکەن، مەگەر لە داهاتوودا هێزەکانیان ڕووبەڕووی هێرش ببنەوە. لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، فەرماندەیی گشتیی هەسەدە ئامادەیی خۆی بۆ چارەی ئاشتییانە نیشان داوە و ڕایگەیاندووە: "دووپاتی دەکەینەوە کە کراوەین بەڕووی ڕێڕەوە سیاسییەکان و چارەکان لە ڕێگەی دانوستان و گفتوگۆوە." هەسەدە لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکە، ئاماژەی بەوە داوە، "ئامادەین بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی 18ـی کانوونی دووەم، بەو شێوەیەی کە خزمەت بە هێورکردنەوەی دۆخەکە و سەقامگیری دەکات."
کەمێک لەمەوبەر بارەگای بارزانی ئەم پەیامەی بڵاوکردەوە: پەیامێک لە سەرۆک بارزانییەوە بۆ ڕای گشتی بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بە نیگەرانییەكی زۆرەوە و بەوردی بەدواداچوون بۆ دوایین پەرەسەندن و ڕووداوەكانی سووریا و ڕۆژئاوا دەكەین، لەو بارودۆخە هەستیارەدا پێویستە هەموو لایەك بەرپرسیارانە و دوور لە عاتیفە ڕەفتار بكات و وای لێ نێت زیان بە خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوا بگات، كە بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نابێت. ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان خستووەتەگەڕ و بەردەوامین كە خوشك و برایانمان لە ڕۆژئاوا تووشی كارەسات و نەهامەتی نەبن. لەلایەكی ترەوە لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی دروست بووە، مەترسیی سەرهەڵدانەوەی داعش و تیرۆریش لە ئارادایە كە خۆیەلەخۆیدا هەڕەشەیەكی زۆر جددییە لەسەر سەقامگیری و ئاساییشی ناوچەكە. لێرەدا داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانان دەكەین كە بە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبستن و دەستبەجێ گرژی و شەڕ و پێكدادانەكان ڕابگیرێن و ئاگربەسێكی سەرتاسەری ڕابگەینرێت و كێشەكان بە شێوازێكی ئاشتیانە و لەڕێگەی حیوارەوە چارەسەر بكرێن. مسعود بارزانی 20ی كانوونی دووەمی 2026
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا: پێشتر بەهۆی لاوازی حکومەتەکەی ئەسەد، هەسەدە بەهێزترین هاوپەیمانی ئێمە بوو لەسەر زەوی بۆ رووبەڕووبوونەوەی د.ا.ع،ش، بەڵام ئێستا باردۆخەکە گۆڕا و حکومەتی دیمەشق دەتوانێت دەسەڵاتی بەسەر هەموو وڵاتدا هەبێت. لە کۆتایی ساڵی 2025 حکومەتیی نوێی سوریا بەشداریی هاوپەیمانێتیی دژی د.ا.ع،ش.ی کردووە. تۆم باراک هەموو شتێکی ئاشکرا کرد و بە فەرمی ئەمریکا دانی بەوەدا نا پشتی لە کورد کردووە. تۆم باراک لە تۆڕی ئێکس دەڵێت: باشترین هەل بۆ کوردەکان لەئێستادا ئەوەیە بچنە پاڵ حکومەتی سوریا بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان. ئامانجی سەرەکی هەبوونی هەسەدە دژی داعش بەسەرچووە چونکە ئێستا حکومەتی سوریا بەشدارە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دەتوانێت ڕۆڵەکە وەرگرێت. ئەمریکاهیچ بەرژەوەندییەکی نییە لە هەبوونی هێزی دوورمەودا. کاری لە پێشینەی ئەمریکا تێکشکانی پاشماوەی داعش و بەرەپێشبردنی یەکریزی نیشتمانییە بەبێ رەزامەندیدان لەسەر فیدرالیزم و جیابوونەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەاێت: داوا له هاوپهيمانيى نێودهوڵهتى دهكهين ئهركى خۆى له پاراستنى سهقامگيرى و رێگرى له سهرههڵدانهوهى داعش جێبهجێ بكات. ئەو دەشلێت: دووپاتى دهكهينهوه ئامادهى پێشكهشكردنى ههموو هاوكارى و يارمهتييهكين بهمهبهستى راگرتنى شهڕ و گهيشتن به ئاگربهست و رێككهوتن. سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها وتیشى: پێويسته مافى كورد و تهواوى پێكهاتهكان له سووريا پارێزراو بن و له دهستوورى داهاتووى سووريادا مسۆگهر بكرێن. راگەیەندراوی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان: ئێمه له ههرێمى كوردستان به نيگهرانييهكى زۆرهوه له بهردهواميى پێكدادان و ڕووبهڕووبوونهوه سهربازييهكانى نێوان هێزهكانى سوپاى سووريا و ههسهده دهڕوانين. بهردهواميى شهڕ و پێكدادان ههڕهشهيهكى جددى لهسهر ئارامى و سهقامگيريى سووريا و ناوچهكه بهگشتى دروست دهكات و مهترسيى سهرههڵدانهوهى داعش دههێنێتهوه ئاراوه. ههر له سهرهتاى دروستبوونى ئاڵۆزييهكانهوه بهردهوام لهگهڵ لايهنه ههرێمى و نێودهوڵهتييهكاندا له پهيوهنديداين بۆ ڕاگرتنى شهڕو پێكدادان و گرتنهبهرى گفتوگۆ و لێكگهيشتن لهپێناو چارهسهركردنى ئاشتييانهى كێشهكاندا. دووپاتى دهكهينهوه كه شهڕو ڕووبهڕووبوونهوهى سهربازى، هيچ كێشهيهك چارهسهر ناكات و دۆخهكه ئاڵۆزتر دهكات. داوا له هاوپهيمانيى نێودهوڵهتى دهكهين ئهركى خۆى له پاراستنى سهقامگيرى و ڕێگرى له سهرههڵدانهوهى داعش جێبهجێ بكات، ههروهها دووپاتى دهكهينهوه كه ئامادهى پێشكهشكردنى ههموو هاوكارى و يارمهتييهكين بهمهبهستى ڕاگرتنى شهڕ و گهيشتن به ئاگربهست و ڕێككهوتن. جهخت لهوه دهكهينهوه كه پێويسته مافى كورد و تهواوى پێكهاتهكان له سووريا پارێزراو بن و له دهستوورى داهاتووى سووريادا مسۆگهر بكرێن. نێچيرڤان بارزانى سهرۆكى ههرێمى كوردستان
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، رۆژی سێشەممە 20-01-2026 رایگەیاند، ئاسایشی ناوچە کوردنشینەکان هێڵی سوورە و بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری نابن. مەزڵووم عەبدی لە لێدوانێکدا بۆ میدیای نزیک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر سڵاوی بۆ بەرخودانی خەڵک و شەڕڤانان نارد لەو ناوچانەی کە رووبەڕووی هێرشی "دڕندانە و کوشتنی سیستماتیکی کورد" بوونەتەوە. فەرماندەی گشتیی هەسەدە گوتی، هێرشەکان بۆ سەر ناوەندەکانی راگرتنی چەکدارانی داعش و خێزانەکانیان لە شەدادی و کەمپی هۆل بە شێوەیەکی مەترسیدار زیادیانکردووە. مەزڵووم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، کەمپی هۆل لە شەوی رابردووەوە رووبەڕووی هێرشی تووند و هەوڵی کۆنترۆڵکردن بە زەبری هێز بووەوە و پاسەوانانی کەمپەکەش دوای رووبەڕووبوونەوەی کاروانە سەربازییەکان و تانک و زرێپۆشەکانی سوپای سووریا، ناچار بوون پاشەکشە بکەن. چەند پەیامێکی بەپەلە لە مەزڵووم عەبدییەوە - سڵاو دەکەین لە بەرخۆدانی خەڵک و شەڕڤانان لە هەموو ئەو ناوچانەی کە ڕووبەڕووی هێرشی دڕندانە و کوشتنی سیستماتیک دەبنەوە دژ بە کورد. - هێرشەکان بە شێوەیەکی مەترسیدار بۆ سەر بنکەکانی ڕاگرتنی چەکداران و خێزانەکانی داعش لە شەدادی و کەمپی هۆڵ زیادیان کردووە. - کەمپی هۆڵ لە دوێنێ ئێوارەوە ڕووبەڕووی هێرشی توند و هەوڵی هەڵکوتانە سەر و کۆنترۆڵکردنی بە هێز دەبێتەوە. - پاسەوانانی کەمپی هۆڵ ڕووبەڕووی هێرشی کاروانی سەربازی و زریپۆش و تانک بوونەتەوە و لەبەر ئەوە ناچار بوون بکشێنەوە. - : حکومەتی سووریا بەردەوامە لە هێرشە چڕەکانی بۆ سەر شارەکانی حەسەکە و دەوروبەری و شاری کۆبانێ. - مەزڵووم عەبدی: دیمەشق وەڵامی هیچ کام لە دەستپێشخەرییەکانی ئاگربەستی نەداوەتەوە کە لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا ڕاگەیەندراون. - کشاوینەتەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرینەیان کوردن و پاراستنیان هێڵی سوورە و لە بەرگریکردن لێیان درێخی ناکەین. - داوا لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین بەرپرسیارێتییەکانی خۆی هەڵبگرێت لە پاراستنی بنکەکانی ڕاگرتنی چەکدارانی داعش. - داوا لە حکومەتی سووریا دەکەین هێرشەکان ڕابگرێت و بگەڕێتەوە سەر مێزی گفتوگۆ
هێزەکانی هەسەدە، یەپەژە و یەکینەکانی دژە-تیرۆر کە گرتووخانەی ئەقتان لە شاری ڕەقە دەپارێزن، ڕووبەڕووی هێرشی دژواری چەتەکانی حکومەتی کاتی دەبنەوە. مەترسیی ڕاکردنی دوو هەزار داعش لە گرتووخانەکە هەیە. زیندانی ئەقتان لە شاری ڕەقە نزیکەی دوو هەزار چەتەی داعشی تێدایە. زیندانەکە لە ١٨ـی کانوونی دوومەوە ڕووبەڕووی هێرش دەکرێتەوە لەلایەن چەتەکانی حکومەتی کاتیی سووریاوە. شەڕڤانانی قەسەدە و یەپەژە و یەکینەکانی دژە-تیرۆر هەم بەرەنگاری هێرشەکان دەبنەوە، هەم ڕێگری دەکەن لە ڕاکردنی چەتەکانی داعش. سەرەڕای بانگەوازی بەردەوام لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نەتەوەیی و هێزە نێونەتەوەییەکان بە مەبەستی ڕێگریکردن لە ڕاکردنی چەتەکانی داعش بەهۆی ئەم هێرشانەوە، تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێک نەدراوەتەوە. هەروەها زیندانەکە ڕووبەڕووی هێرشی درۆنێکی تورکی بووەوە کە لە ئەنجامدا زیانی ماددی پێگەیشت. لەگەڵ ئەم هێرشەدا چەتەکان ویستیان ئاڵۆزییەک لە ناو زیندانەکەدا دروستبکەن، بەڵام ئەمە لە ماوەیەکی کەمدا کۆنترۆڵکرا. قەسەدە ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە چەن شەڕڤانێکیان لە ئەنجامی هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر زیندانی ئەقتان شەهید بوون و ئاماژەی بەوە کرد کە زیندانی ئەقتان یەکێکە لە زیندانە هەرە ناودارەکان کە چەتەکانی داعش تێیدا زیندانین. ئەمڕۆ ئەو هێزانەی کە زیندانەکە دەپارێزن بانگەوازیان لە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی کرد کە دەستبەجێ ڕێوشوێن بگرێتە بەر. شەڕڤانان بەڵێنیان دا کە ئەوان بە هەموو شێوەیەک گەلەکەیان لە تیرۆر دەپارێزن.
کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو ئەمڕۆ سێ شەممە 20-1-2026 کەش / ئاسمان لە ناوەڕاست و باکوری هەرێم ساماڵ و پەڵەهەور بۆ نیمچە هەور دەبێت بەڵام لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی هەرێم هەوری تەواو دەبێت لە گەڵ دابارینی بەفر و بارانی پچڕ پچڕ تا کاتەکانی نیوەڕۆ پاشان کۆتایی دێت . خێراى با / لەسەر خۆ-مامناوەند ( 10– 20) کم/ک بەتایبەت لە ناوچەکانی ڕۆهەڵاتی هەرێم . ئاراستەی با / باکوورى ڕۆژهەڵات مەوداى بینین / (8-10)کم دەبێت پلەکانی گەرما / نزم دەبێتەوە بە (3-5) پلەی سیلیزی بەراورد بە پلەکانی گەرمی دوێنێ وەک لە خوارەوە ئاماژەی پێکراوە هەولێر : 7 پلەی سیلیزی پیرمام : 3 پلەی سیلیزی سۆران : 3 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : -4 پلەی سیلیزی سلێمانی : 5 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ : 6 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 5 پلەی سیلیزی دهۆک : 5پلەی سیلیزی زاخۆ : 5 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 5 پلەی سیلیزی سبەى چوار شەممە 21-1-2026 کەش/ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت لە ناوچەشاخاوییەکان نیمچە هەور دەبێت خێراى با / لەسەرخۆ-مامناوەند ( 5 – 15 ) کم/ک . ئاراستەی با / باکووری ڕۆژهەڵات پلەکانی گەرما/ نزمترین پلەکانی گەرمی کەمێک بەرز دەبێتەوە بەڵام بەرزترین پلەکانی گەرما بە (2-3) پلەی سیلیزی بەرزتر دەبێتەوە بە بەراورد بە پلەکانی گەرمی ئەمڕۆ . مەوداى بینین / 8– 10 کم . بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی هەولێر : 9 پلەی سیلیزی پیرمام :4 پلەی سیلیزی سۆران : 4 پلەی سیلیزی حاجی ئۆمەران : -3 پلەی سیلیزی سلێمانی : 7 پلەی سیلیزی چەمچەماڵ: 8 پلەی سیلیزی هەڵەبجە :7 پلەی سیلیزی دهۆک :6 پلەی سیلیزی زاخۆ : 7 پلەی سیلیزی هەڵەبجە : 8 پلەی سیلیزی ئاکرێ : 8 پلەی سیلیزی تێبینی / بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما شەختە و بەستن ڕوودەدات لەهەندێ ناوچە وە بەتایبەت لەو ناوچانەی بەفری لێ باریوە
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکی تونددا، ئیدانەی ڕووداوەکانی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و بە "کردەوەی بەربەریانە" ناویان دەبات، هاوکات داوایەکی ڕاستەوخۆ ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی. سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند: "ئەوەی لە سوریا و رۆژئاوای کوردستان دەگوزەرێت مایەی قبوڵ نییە و دەبێت بوەستێنرێت. ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەم کردەوە بەربەرییانەیە بەرامبەر بە گەلی کورد دەکەین." هەروەها هۆشداریشیدا و وتی: "گەلی کورد بێدەنگ نابێت و چاوپۆشی ناکات." بافڵ تاڵەبانی یادی قوربانیدانی گەلی کوردی لە ڕۆژئاوا کردەوە و وتی: "رۆژئاوا هەزاران کوڕ و کچی خۆی لەدەستدا لە شەڕی دژی داعشدا، بەرگری لە جیهان کرد و لە بەرامبەردا باجێکی گەورەیدا. ئەوان شایەنی ڕێز و کەرامەت و پاراستنی ڕاستەقینەن." لە کۆتایی پەیامەکەیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی داوایەکی ڕاستەوخۆی ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گەلی ئەمریکا کرد و ڕایگەیاند: "داوا لە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و گەلی ئەمریکا دەکەم بەبێ دوودڵی و بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن بۆ پاراستنی خەڵکی مەدەنی و بەرقەرارکردنی سەقامگیری."
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی ترەمپ بۆ سوریا و باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، کۆبوویەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، هاکان فیدان وەزیری دەروەی تورکیا و تۆم بەڕاک نوێنەری ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا لە ئەنقەرە کۆبوونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا هاکان فیدان و تۆم بەڕاک دۆخی سووریایان تاوتوێ کرد. ئەمڕۆ سێشەممە، حکوومەتی تورکیا هۆشدارییەکی توندی بڵاوکردەوە و تێیدا ڕایگەیاند؛ بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە "ئیستفزاز و هاندان" نادەن سەبارەت بەو ئاڵۆزییانەی لە سووریا ڕوودەدەن. لای خۆیەوە عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە پەیامێکدا لە پلاتفۆرمی 'ئێکس' جەختی لەسەر ئامادەیی هێزە ئەمنییەکان کردەوە و ڕایگەیاند: "تورکیا بە وردی و لە نزیکەوە چاودێری پەرەسەندنەکانی ناو خاکی سووریا و هەموو جووڵەکان لەسەر سنوورەکانمان دەکات." وەزیری ناوخۆ لە درێژەی پەیامەکەیدا هۆشداریی دا و گوتی: "ڕێگە بە هیچ جۆرە دەسپێشخەرییەک یان ئیستفزازێک نادەین کە ئارامی و ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەمان بکاتە ئامانج." ئەم لێدوانانەی وەزیری ناوخۆی تورکیا دوای ئەوە دێت کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاری ئەمنیدا تێپەڕ دەبێت و مەترسیی گواستنەوەی ئاڵۆزییەکانی سووریا بۆ ناوخۆی تورکیا بووەتە جێی بایەخی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوو هێرشی چەکدارانی دیمەشقیان لە بەرەی سەرین لە باشووری کۆبانێ تێکشکاندووە و لەئەنجامدا ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشیان لەناوچوون و ئەوانەشی لەناو ئۆتۆمبێلەکاندا بوون کوژران. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە: - بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، رووبەڕووی دوو هەوڵی هێرشی یەک لە دوای یەکی هێزەکانی حکومەتی سووریا لە بەرەی سرینی باشووری کۆبانێ بوونەتەوە و تێکیانشکاندوون. - بەرەبەیانی ئەمڕۆ كاتژمێر 3:00 تاوەکو 06:00ـی بەیانیی هێزەکانمان بە ئازایەتی و توانایەکی بەرزەوە بەرپەرچی هێرشەکانیان دایەوە." - لە پێکدادانەکانی بەرەی سریندا "ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشی هێزەکانی حکومەتی سووریا تێکشکێندراون و سەرنشینەکانیان کوژراون." - لە بەرەی "ئەبو سوڕە"، هێزەکانیان بە وردی گورزێکیان لە کاروانێکی سەربازیی هێزەکانی حکومەتی سووریا داوە و ناچاریان کردوون "بکشێنەوە و هەڵبێن." - لە بەرەی گوندی "خان مامەد" لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانێ، هەوڵێکی دیکەی پێشڕەوی تێکشکێندراوە و "دوژمن گورزی کەمەرشکێنی بەرکەوتووە و پلانەکەی شکستی هێناوە و ناار بە کشانەوە کراوە." - هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لە ئامادەیی تەواودان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک، بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە گەل و خاکەکەیان
سبەی پڕۆسەی گەڕانەوەی 208 کۆچبەری کورد لە لیبیاوە دەست پێ دەکات و زۆرینەیان خەڵکی دەڤەری ڕانیەن. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لیبیا بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین و مەترسیدارترین ڕێڕەوەکانی کۆچی نایاسایی گەنجانی کورد و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، بە تایبەت بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا. زۆربەی ئەو گەنجانەی ئەم ڕێگەیەی دەگرنە بەر، لەلایەن مافیاکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیر دەکرێن و ڕووبەڕووی ئەشکەنجەدان، ڕفاندن و تەنانەت مەترسیی گیانلەدەستدانیش دەبنەوە. سەلیم پاشا، ڕاوێژکاری باڵای فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە، بە ئاڤای ڕاگەیاند: 208 کۆچبەری کورد کە زۆرینەیان خەڵکی دەڤەری ڕانیەن، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بە دوو کاروان دەگەڕێنرێنەوە هەرێمی کوردستان. بە گوتەی سەلیم پاشا، حکومەتی هەرێمی کوردستان تێچووی گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانە لە ئەستۆ دەگرێت و پڕۆسەکە لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی سەربازیی عێراقەوە ئەنجام دەدرێت؛ گەشتەکەش لە فڕۆکەخانەی تەرابلوسەوە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەبێت. دوێنێ وامان بڵاوکردەوە کە ژمارەی کۆچبەرە گەڕاوەکان 173 کەس دەبێت، بەڵام فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پەیوەندیی بە ئاڤا میدیاوە کرد و ڕایگەیاند، 35 کەسی دیکەشیان دۆزیوەتەوە و دەیانهێننەوە بۆ هەرێمی کوردستان.
موراد قەرەیلان فەرماندەی هەپەگە، پەیامێکی بۆ گەلی کورد و بەرخۆدانی ڕژئاوای کوردستان نارد و گوتی: "گرنگ نییە بەلامانەوە چی ڕوودەدات، بە هەر جۆرە قوربانیدانێک بێت گەلی ڕۆژئاوا دەپارێزین. وەک گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیمان؛ چی پێویست بکات ئەنجامی دەدەین." فەرماندەی هێزەکانی پاراستی گەل (هەپەگە) موراد قەرەیلان لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فوارات (ANF)ـەفەوە پەیامێکی بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کورستان نارد و گوتی: "ئەوەی پێویست بکات وەک گەلی کورد و تەڤگەری ئازادیمان بۆ پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان، ئەنجامی دەدەین. دوور نییە سبەی یان کاتێکی گونجاو ئەم شەڕە باشووری کوردستانیش بگرێتەوە و بکرێتە ئامانج و ئامانجە تەواوی کوردستان و دەستکەوتەکانی کوردانە." "بۆ هەموو گەلی هێژا و گەلی ڕۆژئاوای کوردستانمان؛ سەرەتا بەڕێزدارییەوە سڵاوتان لێ دەکەم. دیارە وەک گەل بە قۆناغێکی مێژووییدا تێپەڕ دەبین. لە حەلەب تا حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان شەڕ لە ئارادایە. لە کەسێتی فەرماندە زیاد حەلەب و دەنیز چیاکاکاندا هەموو شەهیدانی ئەم شەڕە بەڕێزدارییەوە یاد دەکەینەوە. ئەمەی لە ڕۆژئاوا دەگوزەرێت بە تەنها شەڕێک نییە لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بەڵکو شەڕە لەسەر تەواوی کوردستان. سبەی یان لە کاتێکی دیکەی گونجاودا، دوور نییە باشووری کوردستان وستاتۆکەی بکرێتە ئامانج وەک دەردەکەوێت لە دیزاینکردنەوەی ناوچەکەدا نایانەوێت گەلی کورد جێگە و پێگەی هەبێت. نایانەوێت گەلی کورد ببێتە خاوەن ئیرادە و ستاتۆی خۆی. سبەی یان لە کاتێکی دیکەی گونجاودا، دوور نییە باشووری کوردستان و ستاتۆکەی بکرێتە ئامانج. هەرخۆی ئەم شەڕ و هێرشەی سەر ڕۆژئاوای کوردستان بۆ تەنهاکردن و دوورخستنەوەی ستاتۆی باشووری کوردستانە...
