وەزارەتی بەرگریی تورکیا، هۆشداری دەدات لە چالاکییەکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە ناو خاکی ئێران و ڕایدەگەیێنێت، ئەم گرووپە مەترسییە بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە و دامەزراوەکانیان چاودێریی وردی دۆخەکە دەکەن. وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ڕایگەیاند، چالاکییەکانی پژاک کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ئاسایشی ئێران و تەواوی ناوچەکە هەیە. وەزارەتەکە کارەکانی ئەم پارتەی بە مەبەستی خۆشکردنی "ئاگری دابەشخوازیی ئیتنیکی" ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمە نەک هەر سەقامگیریی ئێران دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو کاریگەریی خراپیشی لەسەر خۆشگوزەرانیی گەلانی ناوچەکە دەبێت. لە ڕاگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی بەرگریی تورکیا پژاکی وەک "قۆڵی ئێرانی پەکەکە" وەسف کردووە. جەختی لەوەش کردووەتەوە کە هەموو دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی هەماهەنگ و لە نزیکەوە چاودێریی پێشهاتەکان و جموجوڵە سەربازی و سیاسییەکانی ئەو هێزە لە ناو خاکی ئێراندا دەکەن. ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی بەرگری دوای ئەوە دێت کە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێریی جووڵەکانی "هاوپەیمانیی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" دەکات. ئەمەش نیشانەی بایەخپێدانی تورکیایە بە گۆڕانکارییە ئەمنییەکانی سەر سنووری وڵاتانی دراوسێ لەم بارودۆخەدا.

ساڵانێکە پرسی هەڵبژاردنی جێنشینی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک چرکەساتێکی ستراتیژی بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە لێکدەدرێتەوە. زۆرینەی شارەزایانی کاروباری ئێران پێیان وابووە، لە دوای نەمانی عەلی خامنەییوە چیتر ئێران ئێرانی پێشوو نابێت. ئەم تێڕوانینە لەسەر بنەمای ئەو میکانیزمە بووە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران کاری پێکردووە. بەشێوەیەک رابەی باڵا (عەلی خامنەیی) بڕیاردەری یەکەمی بڕیارە ستراتیجی و گرنگەکانی وڵات بووە. هەر بۆیە نەمانی ئەم پایە گرنگەی کۆمارەکە وەک بوومەلەرزەیەک تەماشا کراوە.  بەگوێرەی راپۆرتێکی کەناڵی بی بی سی فارسی، مەبەستی ئەمریکا و ئیسرائیل لە بەئامانجگرتنی عەلی خامنەیی هەر لە سەرەتاکانی جەنگەکەوە بۆ ئەوە دەگڕێتەوە هەردوو وڵات دەیانەوێت لە رێگەی لەنێوبردنی رابەری باڵاوە سیستمە مەرکەزییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران تووشی بوومەلزەیەک بکەن کە چیتر نەتوانێت خۆی بە پێوە رابگرێت.  بەڵام پێدەچێت هاوکێشەکە بە جۆرێکی دیکە بێت، بی بی سی دەڵێت، لە دوای نەمانی عەلی خامنەییەوە رژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران توانیویەتی لەگەڵ نەمانی عەلی خامنەییدا خۆی بگونجێنێت و بە توانایەکی زۆرەوە بەردەوام بێت لە وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە رێگەی بەئامانجگرتنی بنکە و بارەگاکانی هەردوو وڵات لە ناوچەکە و ئیسرائیل. لێرەوەیە ئاڵۆزیی رژێمەکە ئاشکرا دەبێت. بەگوێرەی راپۆرتەکەی بی بی سی، لە کاتێکدا عەلی خامنەیی بەشێوەیەکی تاکڕەوانە رژێمەکەی بەڕێوەدەبر، کۆمەڵێک دامەزراوەی بیناکردبوو، ئێستا لە غیابی ئەودا درێژە بە پاراستنی سیستمەکە دەدەن. ئەو سیستمە تاکڕەهەندەی کە ساڵانێکە هۆکاری داپڵۆسینی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، ئێستا ئەم دامەزراوانە بوونەتە فریادڕەسی. ئایا ئەم خۆڕاگرییە رژێمی کۆماری ئیسلامیی بەربەستی جدی بۆ دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهۆ دروست دەکەن لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان؟  وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە لە ئێستادا ئەستەمە. پێدەچێت چاوەڕوانییەکانی واشنتن و تەلئەبیب بۆ ئەم خۆڕاگرییە رژێم لە دوای نەمانی خامنەییەوە کورتبینانە بووبێت. هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بەشی زۆری بنکە و سەکۆ مووشەکییەکان و دامەزراوە سەربازییەکانی ئێران، زیانی زۆری بە توانای رژێمەکە گەیاندووە، بەڵا بۆ بردنەوەی گرەوەکە رەنگە واشنتن و تەلئەبیب ناچاربن هێزێکی زیاتر و توانایەکی زیاتر بخەنە کار بۆ بردنەوەی گرەوەکە و هەڵوەشندنەوەی پلانەکانی خامنەیی بۆ دوای نەمانی خۆی.

پیت هێگسەت وەزیری جەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە هێزی دەریایی ڕێژیمی ئێران لە هێرشەکانی ئەمەریکادا بە تەواوی لەناوچوون. هێگسەێت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕۆژی چوارشەممە لە پنتاگۆن ڕایگەیاند، دوای چوار ڕۆژ لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی ئەفسانەیی، ئێستا سوپای ئەمەریکا هەموو دەریا و ئاسمانی ئێرانی کۆنترۆڵکردووە. هێگسەت گوتیشی "تەنها ئەمەریکا دەتوانێت سەرکردایەتی ئەم کارە بکات. تەنها ئێمە دەتوانین ئەمە بکەین. بەڵام کاتێک هێزی بەرگری ئیسرائیل (IDF) زیاد دەکەیت، کە هێزێکی زۆر بەتوانایە، ئەوە دەبێتە وێرانکارییەکی تەواو بۆ نەیارە ئیسلامییە توندڕەوەکانمان لە ئێران." وەزیری جەنگی ئەمەریکا هەروەها ڕایگەیاند کە ئەو سەرکردە سەرەکییەی ڕێژیمی ئێران کە پیلانی تیرۆرکردنی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمەریکای دانابوو لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کوژراوە. گوتیشی "ئێمە دەمێکە دەزانین کە ئێران دەیەوێت سەرۆک ترامپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمەریکا بکاتە ئامانج، بەڵام لە کاتێکدا بە ئامانجگرتنی ئەو کەسانەی کە پیلانیان بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە گێڕابوو، گرنگی سەرەکی ئەم ئۆپەراسیۆنە نەبوون، بەڵام دڵنیا بوومەوە لەوەی ئەو کەسانەش بە هەمان شێوە دەکرێنە ئامانج." هێگسەت ئاماژەی بەوەشکرد، ئۆپەراسیۆنی ئەمەریکا لەگەڵ ئیسرائیل بە ئاسانی بەرەوپێش دەچێت و تا گەیشتن بە ئامانجەکانی بەردەوام دەبێت.

روسیا ئەو دەوڵەتە زلهێزەی لەبەرامبەر لەدەستدانی هاوپەیمانەکانی، بێجگە لە پەیامی سەرکۆنە هیچ هەڵوێستێکی دیکەی نیە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک و شەش مانگ، روسیا دوو هاوپەیمانی سەرەکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان لەدەستداوە، نزیکە لەوەی هاوپەیمانێکی دیکەش لەدەستبدات بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا و نیوکۆلاس مادرۆ، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلا دوو هاوپەیمانی سەرەکی روسیا بوون، بەڵام لە ماوەیەکی کەمدا لە دەسەڵات هێنرانە خوارەوە و هەڵوێستی مۆسکۆش تەنها پەیامی سەرکۆنە بوو. ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران لە لێواری رووخاندایە، رابەری باڵای کۆمارەکە کوژراوە و ئێران لە ژێر بۆردومانی چڕی ئەمریکا و ئیسرائیلدایە، دیسان هەڵوێستی روسیا لە چوارچێوەی دەرکردنی پەیامی سەرکۆنە تێنەپەڕیوە. ئەوەش لە کاتێکدایە، ئێران و روسیا دوو هاوپەیمانی ستراتیژین، ئێران لە جەنگی ئۆکراین هاوکاری زۆری روسیای کردووە، تەنانەت درۆنی شاهید، کە پێشکەوتووترین درۆنی وڵاتەکەیە، دراوەتە سوپای روسیا، مافی ئەوەشی داوەتە روسیا هەمان درۆن لەسەر خاکی خۆی دروستبکاتەوە. هەروەها چەندین جار مووشەک و تۆپهاوێژی بۆ روسیا ناردووە تاوەکو شەڕی ئۆکراینی پێبکات. هەڵوێستی ئێستای روسیا بەرامبەر بە جەنگی ئێران، وەک هەڵوێستێکی لاواز دەبینرێت، رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێکدا هۆکاری ئەوەی بۆ چەند پرسێک گەڕاندووەتەوە. یەکێک لە هۆکارەکان، روسیا لە جەنگدایە، سزاکانی ئەوروپا توانای وڵاتەکەیان بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک سنووردار کردووە، هەروەها خۆی پێویستی بە مووشەک و سیستمی بەرگری هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکانی ئۆکراین کە بە چەکی ناتۆ دەکرێن. بەگوێرەی راپۆرتەکە، روسیا نایەوێت لاوازی مووشەک و سیستمە بەرگرییەکانی بەرامبەر چەکی ئەمریکا دەرکەوێت، هەروەها نایەوێت بەرەی راستەوخۆی جەنگ بەرامبەر ئەمریکا بکاتەوە و ترەمپ لە خۆی توڕە بکات. بەشێوەیەک ئەویش مووشەکی دوورمەوداو  سیستمی بەرگری و زانیاری هەواڵگری بداتە ئۆکراین.

رۆژنامەی "The Sun"ی بەریتانی دەڵێت: دۆناڵد ترەمپ رەخنەی لە کیر ستارمەر، سەرۆك وەزیرانی گرتووە، كە رەتیکردەوە پشتگیری لە شەڕی واشنتۆن دژی ئێران بکات، ترەمپ ئاماژەی بەوەكردووە، ستارمەر مەرایی بۆ دەنگدەرانی موسڵمان دەكات بە پشتگیرینەکردنی شەڕەکەی دژی ئێران، هۆشداریداوە لەوەی بەریتانیا ئەو وڵاتە نەماوە کە بناسرێتەوە وەك پێشتر. بە گوێرەی رۆژنامە بەریتانییەكە، ترەمپ وتویەتی: ئەو هاوكار  نەبوو(ستارمەر)..چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد ئەو هەڵوێستە لە بەریتانیا ببینم، هۆشداریشیدا لەوەی بەهێزترین هاوپەیمانی لە هەموو سەردەمێکدا لەژێر فشاردایەو جیهانێکی جیاوازەو پەیوەندییەکان جیاوازترن لەوەی پێشتر هەبووە. ترەمپ لە درێژەی قسەكانیدا راشیگەیاندووە: ئەمریکا چیتر پشت بە بەریتانیا نابەستێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوە هیچ شتێک ناگۆڕێت، بەڵام دەبوو ستارمەر یارمەتیدەر بووایە، دەبوو یارمەتی بدایە. جەختیشكردووە لەوەی، ئێمە هێزێکی زۆر باڵادەستین، زۆر لە هەموو کەسێک باڵاتر و زۆر باش کار دەکەین، رەنگە تێبینیتان کردبێت.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت،  دۆناڵد ترەمپ ئارام نابێتەوە، تاوەکو گەرەنتى ئەوە نەکات، ئێران بۆ هەتاهەتایى چەکى نەماوە. جێگری سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵى فوکس نیوزى راگەیاندووە، ئەمریکا دەتوانێت بۆ ماوەیەکی کورت یان ماوەیەکی زۆر درێژە  بەردەوامبێت لە جەنگ دژی ئێران. جەی دی ڤانس، ئاماژەى بەوەشداوە، وێرانکردنى دامەزراوەی فۆردۆ ئامانجی کۆتایی نییە، بەڵکو ئامانجی سەرەکى داماڵینى چەکى ئەتۆمی ئێرانە بۆ هەتاهەتایى. سەبارەت بە داهاتووى ئێرانیش جێگری سەرۆکی ئەمریکا وتى، واشنتن کەسێکی دەوێت دەسەڵات لە ئێراندا بگرێتە دەست، کە ئامادەبێت لەگەڵ ئەمریکا کاربکات . جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەختى کردەوە، ئامانجی ئێمه ڕێگرتنه له وەى ئێران بۆمبى ئەتۆمى دروست بکات، به بێ گوێدانه ئەوەی چی بەسەر ڕژێمی ئێران دێت.

به‌ شەشەمین هێزی ئەتۆمیی دادەنرێت و توانای وەشاندنی کڵاوەی ئەتۆمی لەڕێگەی مووشەکەوە هه‌یه‌. له‌مساڵدا پله‌ى 15هه‌مینى له‌نێو 145 وڵاتدا گرتووه‌ لە پێوەرەکانی global firepower. نزیکەی 170 هه‌زار سەربازی چالاکی هەیە و نزیکەی 65 هه‌زار هێزی یەدەگی هەیە، کە لە کاتی جەنگدا ئەم ژمارەیە زیاد دەکات.  ئیسرائیل خاوەنی یەکێک لە پێشکەوتووترین هێزە ئاسمانییەکانی جیهانە. نزیکەی 340 بۆ 350 فڕۆکەی جەنگیی هێڵی پێشەوەی هەیە کە بریتین لە:  نزیکەی 50 بۆ 70 فڕۆکەی جۆری  F-351 (كه‌ فڕۆکەی نادیارن) 85 بۆ 100 فڕۆکەی F-15 (بۆ مەودای دوور و هەڵگرتنی بۆمبی قورس به‌كاردێت) نزیکەی 175 بۆ 200 فڕۆکەی جۆری F-16 (بڕبڕەی پشتی هێزی ئاسمانییە) فڕۆکەی مەشق و راهێنان نزیکەی 150 دانە وەک M-346 فڕۆکەی گواستنەوە و بارهەڵگر نزیکەی 50 دانە وەک C-130 Hercules فڕۆکەی تانکەر نزیکەی 10 بۆ 15 دانە، بۆ لێدانی ئامانجە دوورەکان  فڕۆکەی سیخوڕی و ئاگادارکردنەوە (AEW&C) نزیکەی 10 بۆ 15 دانە  تایبەتمەندیی فڕۆکەکانی وایە لە سیستەمێکی فرەچین پێکهاتووە کە بۆ مووشەکەی کورتمەودا و ناوەند مەودا و هەروەها تایبەتمەندیی بەرپەرچدانەوەی موشەکی بالیستی لە دەرەوەی بەرگەهەوا هەیە.  توانا زەمینی و دەریاییەکانی: نزیکەی 1300 تانک کە تانکی Merkavaى دروستکراوی ناوخۆ بربڕەی پشتێتی و بە یەکێک لە پارێزراوترین تانکەکانی جیهان دادەنرێت. زیاتر لە پێنج هەزار بۆ نۆ هەزار ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی سەرباز و زرێپۆش. خاوەنی پێنج بۆ شەش ژێر دەریایی جۆری دۆلفینە، کە دروستکراوی وڵاتی ئەڵمانیان و توانای هەڵگرتنی چەکی ستراتیژییان هەیە.  بەپێی مەزەندەکانی پەیمانگای SIPRI و ناوەندی توێژینەوەی FAS پێدەچێت خاوەنی 90 بۆ 300 کڵاوەی ئەتۆمی بێت.  توانای وەشاندنی ئەم کڵاوانەی هەیە لەڕێگەی مووشەکی Jeicho lll (بالیستی) یان فڕۆکە جەنگییەکان یان ژێر دەریاییەکان.  بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکانی ساڵی 2026 و راپۆرتە داراییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل، بودجەی وڵاتی ئیسرائیل 35 ملیۆن دۆلارە، بەڵام بەهۆی جەنگەوە پەنا دەباتە بەر بودجەی تەواوکاریی بە بڕی 2.9 ملیار دۆلار وەک بوودجەی فریاگوزاری.  جگه‌ له‌وه‌ى ساڵانە ملیاران دۆلار هاوکاری سەربازی وەردەگرێت، به‌جۆرێك ته‌نها ساڵانى 2025-2026 ئەمریکا چەندین ملیار دۆلاری بۆ کڕینی چەک و تەقەمەنی و فڕۆکەی نوێ بۆ ئیسرائیل تەرخان کردووە.

وەزیری دەرەوەی فەرەنسا ڕایدەگەیێنێت، ڕژێمی ئێران بەرپرسیارەتیی پەرەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئەستۆ دەگرێت و دەبێت هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە رابگرێت و ئامادەیی خۆشی بۆ هاوکارییکردنی وڵاتانی کەنداو دەربڕی.  شەڕ و ئاڵۆزیییەکانی نێوان ئیسرائیل، ئەمریکا و ئێران پێی نایە ڕۆژی سێیەم، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چووەتە نێو قۆناغێکی نوێی پڕ لە ناسەقامگیری و وڵاتانی جیهانیش لەبارەی دۆخەکەوە نیگەرانیی خۆیان دەردەبڕن. ژان نوئێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "دەبێت بە زووترین کات کۆتایی بە پەرەسەندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت، ئێمە لە هیچ هێرشێك ئاگادار نەکراوینەتەوە و بەشدارییمان لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی نەکردووە." وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، دەڵێت: دەبێت ئێران هێرشەکانی بۆ سەرناوچەکە ڕابگرێت، ڕژێمی ئێران بەرپرسیارەتیی پەرەسەندنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئەستۆ دەگرێت. فەرەنسا ئامادەیە بۆ بەشداری و بەرگریکردن لە وڵاتانی کەنداو و ئوردن. هاوبەشەکانمان لە ناوچەکە کراونەتە ئامانج، داوا دەکەین گرژی و ئاڵۆزییەکان کەمبکرێنەوە.   ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕەکە، ئیدانەی ‌هێرشەکانی ئێرانی کرد و بەبێ بنەما وەسفی کرد.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی سێ سەربازە کوژراوەکەیان بێدەنگی شکاند و دەڵێت، "ئەوان کەسی مەزنن، بەڵام ئێمە چاوەڕوان دەکەین ئەمە رووبدات، بەداخەوە دەکرێت ئەمە بەردەوامبێت". ترەمپ بە ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی ڕاگەیاند، ئێستا لەگەڵ ژەنەراڵەکانمان لەسەر هێڵم و چاودێری هێرشەکان دەکەم، پێشبینی دەکەین هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران چوار هەفتە یان کەمتر بەردەوام بێت. گەشبینم بە دەرئەنجامی هێرشەکان و پێشبینی دەکەم زۆر شتی ئەرێنی لە بەرژەوەندی ئەمریکا ڕووبدەن. لەبارەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان، تڕەمپ ئاشکرای کرد، ئێران داوای دەستپێکردنی دانوستانەکانی کردووە، بەڵام ئەو ڕەتی کردووەتەوە و وتی، ئێرانییەکان ئێستا دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن، بەڵام من پێم وتن دەبوایە هەفتەی ڕابردوو قسەتان بکردایە، نەک ئەم هەفتەیە، ئێستا شتەکان گۆڕاوە.

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئامار و ئەنجامە سەرەتاییەکانی 24 کاتژمێری یەکەمی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە "Epic Fury" (تووڕەیی داستانئاسا)ی بڵاو کردەوە، تێیدا بە بەکارهێنانی پێشکەوتووترین تەکنۆلۆژیای سەربازی و بە بەشداریی هێزە ئاسمانی و دەریاییەکان، گورزێکی وێرانکەری لە ژێرخانی سەربازیی کۆماری ئیسلامی ئێران وەشاندووە و زیاتر لە 1000 ئامانجی لەناو خاکی ئەو وڵاتەدا پێکاوە. بەگوێرەی راگەیەندراوی سێنتکۆم ، ئەم ئۆپەراسیۆنە بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتژمێر 9:15ی بەیانی 28ی شوباتی 2026 دەستیپێکردووە و مەودای ئۆپەراسیۆنەکە تەواوی ناوچەکانی ژێر بەرپرسیارێتی سێنتکۆمی گرتووەتەوە. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئەمریکا لەم هێرشەدا ستراتیژییەکی چڕیان گرتووەتەبەر بۆ لەکارخستنی دەزگا ئەمنییەکان و هەڵوەشاندنەوەی توانای بەرگریی تاران، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە بە سەرچاوەی هەڕەشەی خێرا دادەنرێن بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. لە راپۆرتەکەی سێنتکۆمدا هاتووە کە هێرشەکان بە وردی ژێرخانی هەستیاری ئێرانیان کردووەتە ئامانج، کە خۆی لە ناوەندەکانی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ، بارەگا سەرەکییەکانی سوپای پاسداران و هێزە ئاسمانییەکانیان دەبینێتەوە. هاوکات لە رێگەی بۆردوومانە چڕەکانەوە سیستەمە یەکگرتووەکانی بەرگری ئاسمانی، سەکۆی مووشەکە بالیستییەکان و وێستگەکانی دژە کەشتی، لەگەڵ بەشێکی زۆر لە کەشتی و ژێردەریاییەکانی هێزی دەریایی ئێران و تۆڕە پەیوەندییە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە تێکشکێنراون. بۆ ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانە، سوپای ئەمریکا تەواوی سەنگ و هێزی خۆی خستووەتە گەڕ، بە جۆرێک کە فڕۆکە بۆم بهاوێژە ستراتیژییەکانی جۆری B-2 و فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانی وەک F-35، F-22، F-18 و F-16 بەشدارییان تێدا کردووە، ئەمە جگە لە بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگی ئەلیکترۆنی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی جۆری ریپەر و سیستەمی مووشەکی هیمارس. هەروەها لە دەریاشەوە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە ئەتۆمییەکان و کەشتییە وێرانکەرەکان بە مووشەکی دوورمەودا بەشدارییان لە وێرانکردنی ئامانجەکاندا کردووە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە بەکارهێنانی "توانای تایبەت" کە سوپای ئەمریکا رایگەیاندووە لەبەر هۆکاری ئەمنی و هەستیاریی دۆخەکە ناتوانن لەم لیستەدا ئاشکرای بکەن، ئەمەش ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیایەکی نوێی جەنگی لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا کە پێشتر رانەگەیەندراوە.

فەرماندەى ناوەندى ئەمریکا سێنتکۆم رایگەیاند، کە بەهۆى گرژییەکانى ناوچەکە، سێ سەربازیان کوژراوە و ژمارەیەکى دیکەش بریندارن، کە برینى پێنجیان سەختە. سێنتکۆم لە تۆڕى ئێکس بڵاوى کردۆتەوە کە لە کاتژمێر 09:30 بەکاتى بەیانى رۆژهەڵاتى ئەمریکا، لە رۆژى 1ى ئایار، سێ سەربازیان لە کاتى ئەرکدا کوژراون و پێنجى دیکەش بەسەختى بریندارن، کە وەک بەشێک لە ئۆپراسیۆنى ئەپیک فیورى بەشداربوونە. لە راگەیەندراوەکەى سێنتکۆمدا هاتووە کە چەند سەربازێکى دیکەیان بە سوکى برینداربوونە بەهۆى پارچەى تەقەمەنى و لەرزەى مێشک، کە بەهۆى دەنگى بەرزەوە برینداربوونە. سێنتۆم دەڵێت، ئێستا ئەوان لە پڕۆسەى چارەسەرکردنى بریندارەکاندان و وەڵامیشیان بۆ هێرشەکە دەبێت. هەروەها لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە کە بۆ رێزگرتن لە خێزانى کوژراوەکان زانیارى زیاتر بڵاوناکەنەوە و لە 24 کاتژمێرى داهاتوو ناسنامەى کوژراوەکان ئاشکرا دەکرێن، پاش ئەوەى خێزانەکانیان ئاگادار دەکرێنەوە.

وەزیری بەرگری بەریتانیا دەڵێت، بنکە سەربازییەکانمان لە قوبرس لەلایەن دوو مووشەکی ئێرانییەوە کراوەنەتە ئامانج. جۆن هێلی، وەزیری بەرگری بەریتانیا رایگەیاند، دوو مووشەکی ئێران روەو قوبرس ئاڕاست کراون، هەزاران سەربازی بەریتانی لەو بنکەیە جێگیر کراون. وەزیری بەرگری بەریتانیا ئاماژەی بەوەشدا، وڵاتەکەی هەموو ئامادەکارییەکی سەربازی کردووە، سیستمی بەرگریان لە ناوچەکە بەهێز کردووە، داواش لە تاران دەکات بگەڕێتەوە بۆ دانوستان. ئەم هێرشەی ئێران لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026، کیەر ستامەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی " لە ئاسمان بوون وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنی بەرگریی هاوبەش لە ناوچەکە" لە دژی هێرشە مووشەکییەکانی ئێران ئۆپەراسیۆنیان کردووە.  سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا راشیگەیاندووە، ئەوە "بۆ پاراستنی گەلەکەمان، بەرژەوەندییەکانمان و هاوپەیمانەکانمان"ـە.

عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە یەکەم دەرکەوتنیدا دوای کوژرانی عەلی خامنەیی ڕایگەیاند کە بژاردەی بەرگرییان هەڵبژاردووە و بە تووندی وەڵامی ئەمریکا و ئیسرائیل دەدەنەوە؛ جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکە بە کۆچی دوایی ڕێبەرەکەیان ناڕووخێت و گەلی ئێران پیلانی دابەشبوونی وڵاتەکەیان شکست پێهێناوە. عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، لە یەکەمین دەرکەوتنی فەرمیی خۆیدا دوای کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕوو لە بەرپرسانی واشنتن و تەلئەڤیڤ ڕایگەیاند، "ئەمریکا و ئیسرائیل دڵی گەلی ئێرانیان سووتاند، ئێمەش بە هەمان شێوە دڵی ئەوان دەسووتێنین". لاریجانی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کردەوەیە بێ وەڵامێکی کوشندە تێناپەڕێت. لاریجانی ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی "ئیستعمارگەر" کاتێک دەچنە تەنیشت وڵاتێکەوە، مەبەستی سەرەکییان تاڵانکردنی ژێرخان و سەرخانی ئەو وڵاتەیە. ناوبراو ڕایگەیاند، ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا مەبەستیان لێدانی ڕێبەرایەتی نییە، بەڵکو بە دوای دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی ئێرانەوەن تاوەکو وڵاتەکە بەرەو هەڵوەشاندنەوە ببەن. لاریجانی جەختی لەوە کردەوە کە لە نێوان دوو بژاردەی "خۆبەدەستەوەدان" و "بەرگری"، کۆماری ئیسلامیی ئێران بژاردەی بەرگریی هەڵبژاردووە. ئاماژەی بەوەش کرد کە تاران ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی درێژخایەن تاوەکو پارێزگاری لە سەروەریی خاکەکەی بکات و ڕێگری لە هەر جۆرە دەستوەردانێکی بیانی بگرێت.   لاریجانی ڕەخنەی لەو لایەنانە گرت کە پێیان وایە بە کوژرانی عەلی خامنەیی، کۆماری ئیسلامیی ئێران تووشی داڕووخان دەبێت. ناوبراو ڕایگەیاند، "هەر کەسێک پێی وابێت بە مردنی ڕێبەر، ئێران دەکەوێت، بە هەڵەدا چووە". هەروەها جەختی کردەوە کە گەلی ئێران پێشتریش توانیویەتی پیلانی بیانییەکان بۆ دابەشبوونی وڵاتەکەیان شکست پێبهێنێت و ئێستاش یەکگرتووترن لە جاران.

ئاژانسى رۆیتەرز لە زارى چەند بەرپرسێکى ئیسرائیلى ئاشکرای کردووە، کاتێک هێرش بۆ سەر ئێران دەستی پێکردووە، عەلى خامنەیى، رێبەرى باڵاى ئێران لە کۆبوونەوەدا بووە، لەگەڵ کەسە نزیکەکانى و ئەو کاتە بەدەرفەت زانراوە، تاوەکو هێڕشەکە ئەنجام بدرێت. ئاژانسى رۆیتەرز، رونیکردۆتەوە، دەسەڵاتدارانى ئیسرائیل، ئاگادارى کۆبوونەوەى عەلى خامنەیى رێبەرى باڵاى ئێران بوون، لەگەڵ کەسە نزیک و گەورە یاریدە دەرەکانى، لە شوێنی مانەوەی لە تاران لە گەڕەکی پاستۆر، بۆیە ئەو دەرفەتەیان قۆستوەتەوەو بەخێرایى هێرشکەیان ئەنجامداوە. ئاماژەى بەوەشکردووە، خامنەیى لەکاتى هێرشەکەدا، لەگەڵ ژمارەیەک لە گەورە یاریدەدەرانى گوژراوە، لەوانە عەلى شەمخانى، ئەمیندارى پێشووى ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران و محه‌مه‌د پاکپوور، فه‌رمانده‌ی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران. رۆیتەرز ئەوەشى خستۆتەڕوو، رۆژى شەممە 28ى شوباتى 2026، کەمێک پێش هێرشەکە، عەلى خامنەیى رێبەرى باڵاى ئێران، لەگەڵ هەریەک لە عەلى لاریجانى، ئەمیندارى ئەنجومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران و عەلى شەمخانى بۆ ماوەیەکى زۆر کورت کۆبووەتەوە. بەرەبەیانى رۆژى یەکشەممە 1ـی ئاداری 2026، ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی، بە فەرمی کوژرانی عەلى خامنەیى، رێبەرى باڵاى ئێران و سێ ئەندامی نزیکی خێزانەکەى لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر تاران پشتڕاست کردەوە، بەگوێرەی ئاژانسەکە، کچێکی خامنەیی و نەوەیەکی و زاوایەکی لەو بۆردوومانانەدا گیانیان لەدەستداوە.  پێشتریش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، بە فەرمى کوژرانى عەلى خامنەیى رابەرى باڵاى ئێرانى لە هێرەشەکاندا پشت راستکردەوەو لە نوسینێکدا لە هەژمارى تایبەتى خۆی لە تۆڕى "تروس سۆشیال " دەڵێت: "خامنەیى دیارترین کەسایەتییە شەڕانگێزەکان لە مێژوودا، مرد. "

بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، رژێمی ئێران خوێنی ئێمەیان رشتووە، نابێت ئەو وڵاتە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.    هەروەها دەڵێت سوپای ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی سوپای پاسداران، بەسیج و شوێنەکانی هەڵگرتنی مووشەکی بالیستی کە هەڕەشەن بۆ سەر ئیسرائیل و هێزەکانی ئەمریکا.   نەتەنیاهوو بە گەلی ئێران دەڵێت: "ئێوە دوژمنی ئێمە نین، ئێمە دووژمنی یەکتر نین. دووژمنی هاوبەشمان هەیە کە ئەویش رژێمی ستەمکاری ئایەتوڵاکانە." ئەو ئاماژە بە پێکهاتە جیاوازەکانی ناو ئێران دەکات، لەوانە: فارس، کورد، ئازەری، بەلوچ و ئەهوازییەکان، و داوایان لێدەکات کە ئەمە هەلیانە بۆ ئەوەی داهاتووی خۆیان بەدەست بهێنن و وڵاتەکەیان ڕزگار بکەن.   بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لەوتەیەكدا: 🔹دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەمریکا دژی ئێران رادەگەیەنین. 🔹بە گەلی ئێران دەڵێم ئەمە چانسی ئێوەیە بۆ ئازادی. 🔹هەرکەسێک چەک دابنێت، تەنانەت ئەگەر بەشێکیش بێت لە رژێم، پارێزبەندی پێدەدرێت. 🔹ملیۆنان ئێرانی رژانە سەر شەقامەکان، ئێستاش دەرفەتیان پێدراوە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن. 🔹ئەم ئۆپەراسیۆنە زۆر بەهێزترە لە ئۆپەراسیۆنی پێشوومان. 🔹رژێمی ئێران چەکی ئەتۆمی لە ژێر زەویدا شاردۆتەوە و دەبێ لە ئێستادا رابگیرێت. 🔹سوپاسی سەرۆکی ئەمریکا دەکەین بۆ پاڵپشتی و سەرکردایەتییەکەی. 🔹ئێران هەڕەشەیەکی وجودی و رژێمێکی تیرۆریستییە. 🔹نابێت ڕێگە بە ئێران بدرێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت. 🔹ئۆپراسیۆنی ئەمریکا و ئیسرائیل ئەو هەلومەرجە دەخوڵقێنێت کە گەلی ئێران بتوانێت بڕیار لە چارەنوسی خۆی بکات. 🔹رژێمی ئێران نابێت خاوەنی چەکی ئەتۆمی بێت. 🔹هەموو ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی مەترسی هەڵدەگرێت، بەڵام مەترسی ئەنجامنەدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە زیاترە. 🔹ئیسرائیل و ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ نەهێشتنی ئەو مەترسییە وجودییەی کە لە لایەن رژێمی ئێرانەوە دروست بووە دەست پێکردووە.