وادەکەی مەسعود پزیشکیان بەسەرچوو خەڵکی وڵاتەکە هاواریان لێهەستاوە و تاران ناچارە پەنا بۆ وڵاتانی دیکە ببات ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەوەی بەسەر خەڵکی ئێراندا دێت لەماوەی 58 ساڵی رابردوو وێنەی نەبووە، بەجۆرێک هێندە بێئاوی رووی تێکردوون کە لە بۆشایی ئاسمانەوە رووبار و بەنداوەکانیان بە وشکی دەبینرێت. ئەمساڵ تائێستا 20 پارێزگای وڵاتەکە تەنانەت یەک دڵۆپە بارانیان بەخۆیانەوە نەبینیووە، لەکاتێکدا ئێستا وەرزی بارانە لە ئێران و دەبوو لە مانگی نۆی ئەمساڵەوە باران دەستیپێکردبا. ئەوەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە تارانی پایتەختە کە 15 ملیۆن دانیشتوانی هەیە و بووەتە شارێکی وشک و برینگ. پێشتر مەسعود پزشکیان، سەرۆکی وڵاتەکە رایگەیاند، ئەگەر تاوەکو مانگی 12 باران نەبارێت ئەوان بەناچاری پێویستە خەڵکی تاران شارەکە چۆڵ بکەن. بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆیتەرز، نزیکەی 10%ـی بەنداوەکانی وڵاتەکە وشک بوون و هیچ ئاوێکیان تێدا نەماوە. میدیاکانی ئێران باس لە دۆخی خراپی خەڵکی وڵاتەکە دەکەن و دەڵێن، ئیتر وەک جاران نەماوە، بەرپرسانی وڵاتەکە بۆ پارێزگاریکردن لە ئاو، رۆژانە 6 بۆ 12 سەعات ئاو لە ماڵان دەگرنەوە. لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش دۆخەکە خراپترە. میدیای ئێران دەڵێت، ئیستا خەڵکی بانە تەنها دوو کاتژمێر ئاویان بۆ دەکرێتەوە. لە تاران دۆخەکە بەجۆرێکە هەندێک کات 15 کاتژمێر بۆ رۆژێک ئاو لە خەڵک دەگیرێتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی ئاسایی دانیشتووانی تاران 12 سەعات لە رۆژێکدا هیچ ئاوێک بە بەلوعەکانیاندا نایەت. دانیشتوانێکی تاران بۆ پێگەی ئێران وایەر دەڵێت، ئێمە لە قوتابخانە باسی بەرزەخ و دۆزەخمان بۆ کراوە، بەڵام ئێستا رێک وەک ئەوە وایە لەنێو هەردووکیاندا بژین. بەهۆی بێبارانییەوە، هەوای پیسیش بەرۆکی دانیشتووانی شارەکەی گرتووە و ئێستا بووەتە یەکێک لە پیسترین شارەکانی جیهان. ئاژانسی هەواڵی میهر دەڵێت، بەنداو وعەمبارە سەرەکییەکانی تاران ئێستا ئیتر تەنها 11% ئاویان تێدایە. بەرپرسانی وڵاتەکە کەوتوونەتە خۆو داوای یارمەتی لە وڵاتانی دیکە دەکەن. عەباس عەلیئابادی، وەزیری وزەی ئێران دەڵێت، هەر وڵاتێک ئاومان پێ بفرۆشێت ئێمە ئامادەین لێی بکڕین. پێشتر عەلی خامنەیی، رابەڕی باڵای ئێران، داوای لە دانیشتووانی وڵاتەکەی کرد دەست بە ئاوەوە بگرن، بەڵام خەڵکی وڵاتەکە دەڵێن، ئەمە داوایەکی نامەعقوڵە چونکە خۆ بەرپرسان هەر ئاو ناکەنەوە بۆمان تا دەستی پێوە بگرین.
✍️ سەرتیپ جەوهەر ئەگەری پێكهاتنی حكومەتی هەرێم هەروا دێت ئالۆَزتر و زەحمەتتر دەبێت، ئەگەر تەدەخولی دەرەكیی بەتایبەت ئەمریكا نەبێت، ئەم 4 ساڵە حكومەت دروستناكرێت. پەیوەندی پارتی و یەكێتیی تائێستا گرژە، هێشتا لێكەوتەو كاریگەریی بانگەشەی توندی هەڵبژاردنی رابردوو بەسەر پەیوەندییەكانیانەوە ماوە. بەر لەچەند رۆژێك دیداری قاوەخواردنەوەیەك لەماڵی قوباد تاڵەبانیی لەهەولێر لەنێوان هەلادوولادا ببوو، پێدەچێت زیاتر بۆ گلەیی گازندە لەیەكتر بووبێت و بۆ رەواندنەوەی ئەو شەڕە ئیعلامییە توندەی نێوان هەلادوولا بووبێت عەرەب گوتەنی بۆ تەلتیفی ئەجوا بووە نەك گفتوگۆی جددی پێكهێنانی حكومەت. پارتی لێرەو لەوێ باس لەلێدان لەگروپە چەكدارەكانی عیراق دەكات تا كۆتایی ئەم مانگە، واتە دیسان گرەو لەسەر لاوازبوونی ئێران لەعیراق دەكات. پێیانوایە ئەگەر ئەوە ببێت كاریگەری لەسەر رۆڵ و پێگەی یەكێتیی دەبێت لەعیراق، بەئیعتیبار یەكێتیی لەبەرەی ئێرانەو نزیكی لایەنە شیعەكانە. بەر لەچەند رۆژێكیش تۆم باراك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆكاروباری سوریا لەبەغدا بوو، نامەیەكی هەڕەشەداری توندی لەبارەی گروپە چەكدارەكان گەیاندە سودانیی. یەكێتیش لێرەو لەوێ باس مسۆگەركردنی زۆرینەیەكی مسۆگەری دەنگ دەكات لەپەرلەمانی عیراق بۆ بەدەستهێنانی سەرۆك كۆمار، بۆیە ئەگەر سەرۆك كۆمار مسۆگەربكات، ئیدی سەقفی داواكارییەكانی سەبارەت بەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم بەرزبكاتەوە و پێكهێنانی حكومەتی هەرێم زەحمەتتر دەبێت، مەگەر ئەمریكا فشاری زیاتر بكات و هەردوولا ناچار بەپێكهێنانی حكومەت بكات. لەكوردستان، پارتی باس لەمسۆگەركردنی 51 دەنگ دەكات بۆ كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام پێدەچێت زەحمەت بێت. ئەگەر حكومەت دروستبكات، یان دەبێ لەگەڵ نەوەی نوێ یانیش یەكگرتووی ئیسلامیی بێت. یەكگرتووی ئیسلامیی پێشەكی بڕیاریداوە نەچێتە حكومەت، نەوەی نوێش سەرۆكەكەی لەزیندانە، سەرباری ئەوەی ئاماژەیەكیان كردووە بەئەگەری بەشداری لەحكومەت، بەڵام پێدەچێت زیاتر بۆ فشاركردن بێت لەیەكێتیی نەك نیەتی راستەقینە! 19 مانگ كەیسێكی دیكەی دادگاییكردنی شاسوار عەبدولواحید دێتەگۆڕێ، 24ی مانگیش وادەی حوكمەكەی ئێستای تەواو دەبێت، بۆنی ئەوە دەكرێت گفتوگۆیەكی جەنتڵمانی لەگەڵ كرابێت، بۆیە بەدوورنازانرێت ئازاد بكرێت. ئەگەر ئازاد بكرێت كەوایە نەوەی نوێ گرەنتیكراوە بەشداری حكومەت نەكات. ئەگەر 24 مانگیش ئازاد نەبێت، ئەوا زەحمەتە تا دوای رێككەوتنی پارتی و یەكێتیی ئازاد بكرێت.
چی دەربارەی ئەو کونسوڵخانەی ئەمریکا دەزانیت لە هەولێر؟ وا بووەتە بابەتی رۆژ. ئامادەکردنی، هاوڵاتی. کردنەوەی کونسوڵخانەی نوێی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بووەتە بابەتی رۆژی میدیا ناوخۆی و عەرەبییەکان. کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر چۆن دامەزرا؟ لە سەرەتای ساڵی 2007 ئەمریکا بڕیاریدا ئۆفسێکی خۆی لە هەولێر بکاتەوە بۆ کاروباری هاوڵاتیانی خۆی و چەند کارێکی دیپلۆماسی، دوای بەهێزبوونی پەیوەندییەکان هاتنی ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتی ئەمریکی ئۆفیسەکە لە ساڵی 2011 کرایە کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر. دواتر ئەمریکا لە ساڵی 2018 بڕیاریدا کونسوڵخانە گەورەتر بکات و بیکاتە هاوشێوەی باڵوێزخانەیەک. ئەوە بوو لە شەشی مانگی تەمموزی 2018 بەئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی و باڵێۆزی ئەو کاتەی ئەمریکا لە عێراق و کونسوڵی ئەو کاتەی ئەمریکا لە هەولێر بەردی بناغەکەی دانرا. تایبەتمەندییەکانی چین؟ کونسوڵخانە نوێیەکە لەریزی باڵوێزخانەکانی وەک بەغداد و بەیروت ناوی دەهێنرێت و گەورەترین کونسوڵخانەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر رووبەڕی 206 هەزار مەتر دروستکراوە بودجەی تەرخانکراوی نزیکەی 800 ملیۆن دۆلارە. ئەم کونسوڵخانەیە هۆتێل، مەلەوانگە و هۆڵی یاری لەشجوانیشی تێدایە و رێکاری ئەمنیی توندوتۆڵیش گیراوەتەبەر بۆ پاراستی کارمەندان و سەردانیکەران. کونسوڵخانەکە دەکەوێتە سەر رێگای پیرمام و نزیک شەقامی 150 مەتریی هەولێرە توانای لە خۆگرتنی هەزار کەسی هەیە. کێ بەشداریی کردنەوەی کونسوڵخانە نوێیەکە بوو؟ کردنەوەکەی میوانی تایبەتی لە ئەمریکاوە بۆ هاتبوو کە بریتیبوون لە مایکڵ ریگاس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و شاندێکی یاوەری و باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد، لە کوردستانیش بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران. رۆژنامەنووسان و نووسەران چی دەڵێن؟ مەحمود یاسین کوردی، رۆژنامەنووس دەڵێت، ئەمریکا لەوە زیاتر چی بکات 800 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە و لە کوردستان ناڕوات و دەیەوێت پەیوەندییەکان بەهێز بکات. کامەران کوردیش دەڵێت، پیرۆزە کردنەوەی ئەو کونسوڵخانە نوێیە دەبێت خۆمان بۆ پێشهاتە گرنگەکان ئامادەبکەین. جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران گوتی، کردنەوەکە گەورەترین وەبەرهێنانی ئێمەیە لە ناوچەکە و ویستی ئێمە بۆ بەردەوامی پەیوەندییەکان نیشان دەدات. تۆ چی دەڵێت؟ پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن دەگاتە کوێ؟
سەرۆکی پارتێکی رەگەزپەرست بە شەرمەزاری بۆ تورکیا وەسفی دەکات بارەگای بارزانی وەڵامێکی تووندی دایەوە و ئەنقەرەش راستەوخۆ هاتە سەر خەت ئامادەکردنی هاوڵاتی دوو رۆژە هەرایەکی گەورە لەنێو تورکیا دروستبووە، دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی پاسەوانەکانی سەرۆک بارزانی کە ئاڵای کوردستان بەسەر قۆڵیانەوەیە. ئەم ڤیدیۆیانە سیاسەتمەداران و بەرپرسانی تورکیای هەراسان کردووە. با پێتان بڵێم چۆن ئەمە روویدا و کاردانەوەکان چین؟ هەر لەدوای سەردانەکەی سەرۆک بارزانی بۆ شرناخ لە 29ـی مانگی رابردوو بۆ بەشداریکردن لە چوارەمین سیمپۆزیەمی مەلای جزیری لە زانکۆی شارەکە، کۆمەڵە ڤیدیۆیەکی پاسەوانەکانی سەرۆک بارزانی بڵاوبووەیەوە، کە چەکیان پێیە و ئاڵای کوردستان بەسەر قۆڵیانەوەیەوە. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوخۆی تورکیا ڤیدیۆکان تەقینەوە و رای گشتی تووڕە بوون. یەکەم سیاسەتمەدار قسەی لەسەر کرد دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) بوو. باخچەلی هەمان ئەو کەسەیە بە دەستپێشخەری پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ناوبانگی دەرکردووە. باخچەلی لەسەر ڤیدیۆکان گوتی، شەرمەزارییە بۆ تورکیا رێگەیدا پاسەوانەکانی بارزانی بە چەکەوە هاتوچۆ بکەن. بارەگای بارزانی زوو وەڵامی باخچەلی دایەوە و رایگەیاند، کارەکە پرۆتۆکۆلی بووە و پێشتر لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی تورکیا رێککەوتووین، کارێکی ئاساییە و پێشتریش کاتێک بەرپرسە باڵاکانی تورکیا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە یەکە سەربازییە تایبەتییەکانیان لەگەڵ خۆیان هێناوە. ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیای هێنایە سەر خەت، بەشی کۆتایی راگەیاندراوەکەی بارەگای بارزانی بوو کە دەڵێت: سەردانەکەی سەرۆک بارزانی پشتیوانیی بوو بۆ پڕۆسەی ئاشتی کە باخچەلی بانگەشەی ئەوە دەکات پشتیوانی لێ دەکات. ئێمە وامان دەزانی خودا باخچەلی هیدایەت داوە و وازی لە شۆڤێنییەت هێناوە، بەڵام دیارە هێشتا گورگە بۆرەکەی جارانە لە پێستی مەڕدا. لەسەر ئەمە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بەیاننامەیەکی بەپەلەی دەرکرد و گوتی: بەیاننامەکەی بارەگای بارزانی لەرووی ناوەڕۆک و بەکارهێنانی زمانەوە جێی قبوڵ نییە، تۆمەتی بێ بنەمای تیدایە و بێریزی کراوە، داوامان لە سەرکردایەتی پارتی کردووە روونکردنەوە بدات. تەنانەت عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) قسەی کرد و گوتی: بارەگای بارزانی سووکایەتی بە باخچەلی کردووە و باخچەلی هەڵسەنگاندنی نەرێنی بۆ کەسایەتی بەرێز بارزانی نەكردووە. هەرچەندە بە راستەوخۆ سیاسەتمەداران و بەرپرسانی تورکیا قسەیان لەسەر ئاڵای کوردستان نەکردووە، بەڵام ژووری بازرگانی جزیرە لە پارێزگای شرناخی باکووری کوردستان لەبارەی کاردانەوەکانی بەرپرسانی تورکیا دەڵێت: ئامانجی راستەقینەی کاردانەوەکان ئاڵای هەرێمی کوردستانە. ئەگەر پاسەوانەكانی بارزانی ئاڵای هەرێمی کوردستانیان لەسەر شان نەبوایە، کەس ناڕەزایی نەدەبوو. تەنانەت ئەگەر پاسەوانەکانی بارزانی مووشەکیشیان لەسەر شان بووایە کەس هیچی نەدەوت و نارەزایەتییان دەرنەدەبڕی.
لەو کاتەدا کە دوێنێ پارتی و یەکێتی لە کۆبونەوەدا بوون سەبارەت بە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت، میدیاکانیان هێرشی ئاگرینیان دەکردە سەر یەکتری و دەستیان لە ئاراستەکردنی دەستەواژەی زبر و ناوناتۆرە نەدەپاراست. لە دیمەنێکی پڕ دووفاقییدا کە بۆ چاودێرانی دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان نامۆ نییە، دوێنێ شاندە باڵاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ژوورە داخراوەکاندا خەریکی گفتوگۆ بوون بۆ "کاراکردنەوەی پەرلەمان" و "پێکهێنانی کابینەی دەیەم"، کەچی هاوکات لە دەرەوەی ژوورەکە، ماشێنی میدیایی هەردوولا بە توندترین شێواز و بە بەکارهێنانی زبرترین دەستەواژە، "تەخوین"ـی یەکتریان دەکرد لەسەر ڕووداوەکانی گوندی لاجان. ئەم دوو ئاراستە پێچەوانەیەی دیپلۆماسیەتی نەرم لە ژوورەوە و جەنگی سەخت لە میدیاکانەوە، پرسیارێکی جەوهەریی هێناوەتە ئاراوە: ئایا ئەمە نیشانەی گەیشتنە بە بنبەستی سیاسی، یاخود تەنها تاکتیکێکی دانوستاندنە بۆ بەرزکردنەوەی سەقفی داواکارییەکان؟ دیپلۆماسیەت لەژێر ڕەحمی بۆردومانی وشەدا بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەی دوێنێدا کە لە ماڵی قوباد تاڵەبانی لە هەولێر بە ئامادەبونی هۆشیار زێباریی لە پارتی، باس لە کێشەی نێوان هەردوو حزب و ڕێککەوتن کراوە بۆ پێکهێنانەوەی پەرلەمان و حکومەت. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەدا، کەناڵ و پەیجە فەرمی و سێبەرەکانی هەردوو حزب، دۆسیەی نوێ و کۆنیان هەڵدەدایەوە. میدیاکانی سەر بە یەکێتی ڕووماڵێکی خەستی ئاڵۆزییەکانی گوندی لاجان و لێکەوتەکانیان دەکرد، پارتیان بە ڕاگواستن و تاکڕەویی تۆمەتبار دەکرد. لەبەرامبەریشدا میدیای پارتی باسی لە ئاژاوەگێڕیی یەکێتی و دەستێکەڵکردن لەگەڵ حەشدی شەعبیدا دەکرد. ئەم دۆخە، دوو گریمانەی زەقی هێناوەتە بەرباس، کە لەخوارەوە ئاماژەی پێدەکەین: گریمانەی یەکەم: بنبەستی سیاسی و نەمانی متمانە بۆچوونێک کە بەشێک لە شرۆڤەکاران جەختی لێدەکەنەوە، پێیوایە ئەوەی ڕوودەدات تاکتیک نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی بێ متمانەیی قوڵـە. ئەویش بەم هۆکارانە: * شکستی ڕێککەوتنەکانی پێشوو: هەردوو لا هەست دەکەن ڕێککەوتنەکانی ڕابردوو جێبەجێ نەکراون. یەکێتی پێیوایە پەراوێز خراوە، پارتیش پێی وایە یەکێتی لەمپەر بۆ حکومەت دروست دەکات. * شەڕی مانەوە: هێرشە میدیاییەکان دەریدەخەن کە کێشەکە تەنها لەسەر پۆست نییە، بەڵکو لەسەر شێوازی حوکمڕانی و کۆنترۆڵی جومگە هەستیارەکانی ئابوری و ئەمنییە. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ڕەنگە دانوستانەکان لە چەقی خۆیاندا چەقیبن و کۆبوونەوەکان تەنها بۆ ڕازیکردنی شەقام و دۆستە دەرەکییەکان بێت. گریمانەی دووەم: تاکتیکی کاتیی لە بەرامبەردا، خوێندنەوەیەکی دیکە هەیە کە پێیوایە ئەم هەڵمەتە میدیاییە بەشێکە لە تاکتیکی سیاسی، ئەویش بۆ بەدییهێنانی ئەم ئامانجانە: * بەرزکردنەوەی سەقفی داواکاریی: کاتێک میدیاکانت ئاگرین دەکەیت، پەیامێک بە بەرامبەر دەدەیت کە "ڕازیکردنی بنکەی جەماوەریمان ئاسان نییە، بۆیە دەبێت سازشی گەورەتر بکەن." * شەرعیەتدان بە سازشەکان: هەردوو حزب پێویستیان بەوەیە لەبەردەم جەماوەری خۆیاندا وا دەربکەون کە "بە زەحمەت" و دوای "ململانێیەکی سەخت" دەستکەوتیان بەدەستهێناوە، نەک بە ئاسانی سازشیان کردبێت. دەرئەنجام؛ حکومەتێک لەسەر زەمینەیەکی لەرزۆک ئەم دۆخە تاکتیک بێت یان بە بنبەست گەیشتن، دەرئەنجامەکەی بۆ داهاتووی کابینەی دەیەم کە ژانی پێکهێنانی درێژترینە لە مێژوی هەرێمی کوردستاندا، مەترسیدارە. چونکە پێکهێنانی حکومەتێک کە هێشتا پێکنەهێنراوە و پێکهێنەرەکانی خەریکی هاڕینی ئێسکی یەکتری بن لە میدیاکانەوە، ئاماژەی ئەوە دەدات کە سەقامگیریی سیاسی لە چوار ساڵی داهاتوودا لەژێر پرسیاردا دەبێت. خۆ ئەگەر کۆبوونەوەکان بۆ بنیاتنانی متمانە بن، ئەوا "ناوناتۆرە" میدیاییەکان، ئەو متمانەیە دەڕوخێنن بەرلەوەی دروست ببێت. یان پێدەچێت ئەم دۆخە گوزارشت لەو دیمەنە بکات کە جارێکیان ڕۆژنامەنووسێکی بیانی لە وەسفی دۆخی کوردیدا وتی: "کوردەکان لە بەیانیاندا دەستی یەک دەگرن و لە ئێواراندا خەنجەر لە سێبەری یەک دەدەن!"
جار جار بە تەنزەوە بە ترەمپ دەڵێت: لە تایلەر سوفیت زیاتر بە ناوبانگت کردووم لە ئەمریکا ئامادەکردنی هاوڵاتی نیکۆلاس مادۆرۆ، ماوەی سێ خول و زیاتر لە 12 ساڵە سەرۆکی ڤەنزوێلایە لە دوای مردنی هۆگۆ چافیز و دەیەوێت تاساڵی 2031 ـیش بەردەوام بێت. مادۆرۆ هاوشێوەی جاڤیز کێشەی لەگەڵ ئەمریکا هەیە و بەداگیرکار ناوی دەبات، بەڵام کێشەکانی مادۆرۆ لە دوای خولی سێیەمی سەرۆکایەتییەکەی زیاترسەریهەڵدا، بەجۆرێک بە تەنز و سەما پەیام بۆ ئەمرکییەکان دەنێرێت. پێتان دەڵێم ئەم شەڕ و بەزمەی ترەمپ و مادورۆ لەسەر چییە. لە تەمموزی ساڵی رابردوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ڤەنزوێلا بەڕێوەچوو، هەڵبژرادنی سەرۆکیش لەو وڵاتە بەگوێرەی دەستوور شەش ساڵە، بەڵام لە 10ـی کانوونی دووەم ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەکرێت. هەر زوو ئەمریکا، خولی سێیەمی مادۆرۆی رەتکردەوە و سزاکانی سەری بەردەوامی پێدا و بە سەرۆکێکی گەندەڵ ناساندی. هەر ئەوەش نا، ترەمپ لە 28ـی هەمان مانگ بڕیاری راگرتنی دیپۆرتکردنەوەی 600 هەزار هاوڵاتی ڤەنزوێلی هەڵوەشاندەوە کە بایدن ئیمزای لەسەر کردبوو، بەڵام ئەم دەستیکرد بەناردنەوەیان. ئیدارەی ترەمپ لە 8ـی ئابدا بڕی 50 ملیۆن دۆلاری تەرخانکرد بۆ هەرکەسێک بتوانێت مادورۆ بگرێت و رادەستی ئەمریکای بکات. مادۆرۆ لە کاردانەوەی سزاکان و داواکارییەکان لە کۆنفرانسێکدا رایگەیاند، دیارییەکی نوێی لەلایەن چینەوە بۆ هاتووە، ئەویش مۆبایلێکە لە جۆری هواوی. ئیدی گرژییەکان زیاتر بوو بەجۆرێک سی ئای ئەی لە ڤەنزوێلا چالاکی دەستپێکرد و سوپای ئەمریکاش تائێستا چەند هێرشێکی کردووەتەسەر ئەو بەلەم و کەشتییانەی هەڵگری ماددەی هۆشبەرن لە دەریای کاریبی. میدیای ئەمریکا دەڵێت، لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دوو جار هێرشکراوەتە سەر بەلەمێک و 11 کەس کوژراون. دوای ئەم هێرشانە مادۆرۆ قسەکانی هێواش کردەوە و لە دیدارێکدا گوتی، شەڕ رەتدەکەینەوە و ئاشتی باشە. ماوەی زیاتر لە مانگێکە هەمان قسە دووبارە دەکاتەوە. مادۆرۆ بێجگە لە لێدوانە توندەکانی بە قسە خۆشەکانیشی ناوبانگی هەیە. لە سەرەتای مانگی رابردوو گوتی، ئەمریکا هێندە دژایەتی کردووم ئێستا لە تایلەر سویفت بە ناوبانگترم، ئەگەر ئەلبومێک دەربکەم بە قازانجەکەی یارمەتی گەلەکەم دەدەم. ئەمریکا چی لە ڤەنزوێلا دەوێت؟ ئەمریکا گۆڕینی حکومەتەکەی مادۆروی کردووە بە مەرجی سەرەکی و هەموو سنوورە ئاسمانییەکانی ڤەنزوێلای داخستووە. واشنتن پێیوایە سەرۆکی ئێستا بازرگانی بە مادەی هۆشبەر دەکات و مەترسییە بۆ سەر ئاسایشیی ناوخۆی ئەمریکا. ئەوەی نیگەرانییەکانی ئەمریکای زیاتر کردووە نزیکبوونەوەیەتی لە چین کە رکابەرێکی سەرسەختی واشنتنە. پێشتر رۆژنامەی وۆڵ ستریت جێرناڵ رایگەیاندبوو، ترەمپ بە مادۆروی گوتووە، ئەگەر بەرەزامەندی خۆی دەستلەکار نەکێشێتەوە، ئەوا ئەمریکا چەند بژاردەیەکی لەبەردەمە، یەکێک لەوانە بەکارهێنانی هێزە. ترەمپ و مادۆرۆ لەم چەند رۆژەدا بە تەلەفون قسەیان کرد و سەرۆکی ئەمریکا بەبێ ئەوەی وردەکاری بخاتەڕوو پەیوەندییە تەلەفونییەکەی پشتراستکردەوە. کەناڵ سی ئێن ئێن ئاشکرای کردووە، مادۆرۆ ئەمریکای ئاگادارکردووەتەوە ئامادەیە واز لە پۆستەکەی بهێنێت بەڵام لەدوای 18 مانگ ئەو کارە دەکات.
ئەو شوێنەی هێرشیکراوەتەسەر بەمەبەست بووە و بێجگە بڕینی کارەبا ئامانجێکی دیکەی لەپشت بووە ئامادەکردنى: هاوڵاتى عێراق دەزانێت بکەری هێرشەکە کێیە و دەریناخات لەدوای هێرشەکەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر زۆر پرسیار دروست بوون لەبارەی هێرشەکەوە، بەڵام گرنگترینیان ئەوەیە چۆن پارێزگاری لە کیڵگەکە بکرێت تا هێرشی دیکەی نەکرێتە سەر. بەگوێرەی روانگەی "ئیکۆ عێراق"، دوو بژاردە هەیە بۆ پاراستنی کێڵگەکە. یەکەمیان بڵاوەپێکردنی هێزەکانی پێشمەرگەیە بەنێو کیڵگە هەستیارەکانی غاز و نەوتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە تەکنەلۆجیا و چەکی پێشکەوتوو پڕچەک بکرێن تاوەکو توانای پاراستنی کیڵگەکەیان هەبێت. دووەمیان ئەوەیە ئەرکی پاراستنی کیڵگە نەوتی و غازییەکان بدرێت بە کۆمپانیا ئەمنییەکان بەشێوەی گرێبەست و پێشتر حکومەتی عێراق ئەزموونی لەگەڵ ئەم کۆمپانیایانەدا هەبووە. روانگەی ئیکۆ دەڵێت، ئەمە بەرمەرجێکە کە حکومەتی عێراق تێچووی دارایی ئەو کۆمپانیا تایبەتانە لەئەستۆ بگرێت. کیڵگەی غازی کۆرمۆر یەکێکە لە کێڵگە گەورەکانی هەرێمی کوردستان و رۆژانە 750 ملیۆن پێ سێجا غاز بەرهەمدەهێنێت و بەشێوەیەکی سەرەکی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبای هەرێم بەرهەمدەهێنێت. پێشتر کێڵگەکە 375 ملیۆن پێ سێجا غازی رۆژانەی بەرهەمدەهێنا، بەڵام ئەو کۆگایەی هێرشی کراوەتەسەر ئامانجی سەرەکی بووە و مەبەستی سەرەکی هێرشەکە بە وردی ئەو کۆگایە بووە. ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، ئەو کۆگایە بەشێکە لە پرۆژەی کەی ئێم 250 کە ئەمساڵ لە کیڵگەکە بەگەڕخراوە. سەرچاوەیەک بە رۆیتەرزی گوتووە، دامەزراوە نوێیەکانی پڕۆژەی کەی ئێم 250 بەشێکی لەلایەن ئەمریکاوە پارەی بۆ دابین کراوە و لەلایەن بەڵێندەرێکی ئەمریکییەوە دروستکراوە. ئامانجی هێرشەکە زۆر دیاریکراوە و بەرژەوەندی ئەمریکا بەئامانجگیراوە. بەناراستەوخۆ میلیشیاکانی عێراق کە سەر بە ئێرانن تۆمتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی هێرشەکە، بەڵام رۆژنامەی عەرەبی جەدید لە راپۆرتێکیدا باس لەوە دەکات ئەو لیژنەیەی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە چووە کێڵگەکە تائێستا نەگەیشتووەتە ئەو دەرئەنجامەی کێ لە پشت هێرشەکەوەیە و تەنها دەرئەنجامی لێكۆڵینەوەی لیژنەکە ئەوەیە کە بە دوو فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و لە دووزخورماتووەوە هێرشەکە ئەنجامدراوە. کیفاح مەحمود، کە یەکێکە لە راوێژکارەکانی سەرۆک بارزانی دەڵێت، حکومەتی عێراق و هەواڵگریی وڵاتەکە بكەران و ئەو گرووپانە دەناسن هێرش دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا بێدەنگن، ئەنجامی هێرشەکە راناگەیەنن و یەک تاوانبار دەستگیر ناكەن.
"گوێدرێژ بۆی هەیە بێت، بەڵام منداڵ نا" ئامادەکردنی هاوڵاتی میدیایەکی ئەڵمانیا بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک تۆڕە کۆمەڵایتییەکانی تەنیوە و رووبەرووی رەخنەیەکی گەورە بووەتەوە. لە چەند رۆژی رابردوو، رۆژنامەی ئەلگماینی ئەڵمانی هەواڵێکی لەبارەی چوار گوێدرێژ بڵاوکردەوە کە هێنراونەتە ئەڵمانیا. ئەمە تا ئێرە کێشەی نییە، بەڵام ئەوەی هەڵای دروستکردووە ئەوەیە ئەو گوێدرێژانە لە غەززەوە هێنراون. بەگوێرەی رۆژنامە ئەڵمانییەکە، ئەو گوێدرێژانە لەلایەن رێکخراوێکی ئیسرائیلەوە هێنراون و تا ئێستا ئەو رێکخراوە 50 گوێدرێژی لە کەرتەکە رزگار کردووە. ئەو گوێدرێژانە لە باخچەیەکی ئاژەڵانی شاری ئۆپنهایم دانراون و ناویشیان لێنراوە ئاننا، ئێلسا، گرێتا و رودی. رۆژنامەکە هەواڵەکەی بەمجۆرو دەستپێکردووە و دەڵێت: ئەو گوێدرێژانە بە برسییەتی ماونەتەوە و لە نەهامەتیدا بوون، لێیاندراوە و ئەشکەنجەدراون. ئەم نووسینە وایکردووە لە تۆڕە کۆمەڵایتییەکان هێرشیکی زۆر بکرێتەسەر رۆژنامەکە و بەناچاری دەزگا میدیاییەکە بەشی کۆمێنتی لە پۆستەکەی سڕکردووە. هەر ئەمە نییە، بەڵکو رۆژنامەی ئێن دی ئەکتوێلی ئەڵمانی رەخنەیەکی تووندی ئاراستەی رۆژنامە ئەڵمانییەکە و بەرپرسانی ئەڵمانیا کردووە بەهۆی ئەوەی حکومەتی ئەڵمانیا رێگەنادات منداڵانی غەزە بۆ وەرگرتنی چارەسەر بێنە وڵاتەکەوە. رۆژنامەکە نوسیوویەتی: گویدرێژ لە ئەڵمانیا باوەشی بۆ دەکرێتەوە، بەڵام ئەمە بۆ مرۆڤ نییە. رۆژنامەکە دەڵێت، لە سەرەتای دەستپێکی جەنگەوە ئەڵمانیا تەنها دوو منداڵی لە غەزەوە وەرگرتووە بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێن، کەچی هەشت گوێدرێژ لە غەزەوە هێنراونەتە وڵاتەکە بۆ ئەوەی کەشێکی ئارامییان بۆ دابین بکرێت. لەماوەی دوو ساڵی جەنگی غەزە، زیاتر لە 42 هەزار منداڵ برینداربوون و بەشێکی زۆریان برینەکانیان مەترسیدارن، پێویستیان بەوەیە بنێردرێنە وڵاتی دیکە چونکە بەهۆی بۆردومانی غەزە لەلایەن ئیسرائیلەوە سیستمی تەندروستی کەرتەکە وێران بووە. رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت، زیاتر لە هەزار کەسی غەزە، کە زۆربەیان منداڵن، رەوانەی 17 وڵاتی ئەوروپی کراون بۆ چارەسەر، بەڵام ئەڵمانیا تەنها یەک برینداری فەڵەستینی و دوو منداڵی وەرگرتووە. وەزارەتی ناوخۆ و دەرەی ئەڵمانیا لەبارەی وەرنەگرتنی منداڵانی برینداری غەزە دەڵێن، دۆخی غەزە ئاڵۆز و چاوەڕواننەکراوە، کارەکەش پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و ئەو کەسوکارانەی لەگەڵ منداڵەکان دێن پێویستیان بە پشکنین جدی ئەمنییە هەیە.
ئایسلەندا جارێکی دیکە وەک ئارامترین وڵاتی جیهان دەستنیشانکرا و بۆ ماوەی ١٧ ساڵ لەسەریەک پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە. بەپێی پێوەرەکانی ئاشتی جیهانی 2025 کە لەلایەن پەیمانگای ئابووری و ئاشتی بەرهەم هێنراوە، ئایسلەندا نمرەی 1.095ی بەدەستهێناوە و لەنێو 163 وڵاتدا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، کە نزیکەی تەواوی دانیشتوانی جیهانی دەگرێتەوە. ئەم ڕیزبەندییە سەرنجڕاکێشە لە ساڵی ٢٠٠٨ دەستیپێکردووە و بەبێ پچڕان بەردەوامە، بەمەش ئایسلەندا بووەتە درێژترین پێشەنگی ئاشتیخوازی جیهانی. چەند هۆکارێک ئەوە ڕوون دەکەنەوە کە بۆچی ئایسلەندا بەردەوام لە پلەی یەکەمدایە. بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی "گەلف نیوز"، وڵاتەکە هیچ سوپایەکی وەستاوی نییە و بۆ ئاسایش پشت بە پۆلیس و پاسەوانی کەناراوەکان دەبەستێت و ڕێژەی تاوانەکانیش لە ڕادەبەدەر نزم دەپارێزێت. تاوانی توندوتیژی دەگمەنە و متمانەی بەهێزی کۆمەڵگا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بەردەوامبوونی هاوسەنگیدا. دامەزراوە سیاسییە سەقامگیرەکان و ئاستێکی بەرزی ژیان زیاتر گرژییە کۆمەڵایەتییەکان کەمدەکاتەوە، ئەمەش بەشدارە لە ناوبانگەکەی وەک کۆمەڵگەیەکی سەلامەت و هاوکاری. پێوەرەکانی ئاشتی جیهانی جەخت لەوە دەکاتەوە کە نموونەی ئایسلەندا نیشان دەدات کە ئاشتی تەنها نەبوونی شەڕ نییە بەڵکو بوونی بەها و پێکهاتەکانە کە هاوکاری پەروەردە دەکەن. بەگوێرەی پەیمانگای ئابووری و ئاشتی، فاکتەرە کولتوورییەکانی وەک متمانە، یەکسانی و گشتگیری، هێندەی هێزی سەربازی گرنگن کاتێک باس لە ئاسایشی نەتەوەیی دەکرێت.
لە کۆبوونەوەی شاندە باڵا ئەمنییەکەی کوردستان و عێراق کە سەردانی کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کرد باسی ئەم بابەتانە کراوە: بەدواداچوونی ورد بۆ سەرچاوەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر. بڕیاردراوە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لەنێوان چوار پارێزگا پێکبهێنرێت پارێزگاکان ئەمانەن: سلێمانی، کەرکوک، سەڵاحەدین و دیالە. ئەم ژووڕە بڕیارە هێزێکی هاوبەش پێکبهێنێت بەمەبەستی پاراستنی کێڵگەی کۆرمۆر و ئەو سەرچاوە سرووشتییانەی دیکە کە دەکەونە سنووری ئەو پارێزگایانەوە. کۆمپانیای داناغاز مەرجی هەیە بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن: ئەوان دەڵێن بەرهەمهێنان دەستپێناکەینەوە تاوەکو گرەنتی ئاسایشی کارمەندانی کێڵگەکە نەدرێت و نابێت چیتر هێرشی مووشەکی و درۆنی بکرێتە سەر کێڵگەکە. ئەو شاندە باڵایە کێی تێدایە؟ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، عەبدولئەمیر شەمەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، هەروەها حەمید شەتری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی عێراق. شەوی چوارشەممە 26ى تشرینی دووەمی 2025 هێرش کرایە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ و بەهۆیەوە ئاگر لە کۆگایەکی گەورەی کێڵگەکە کەوتەوە، لە ئەنجامدا 80% کارەبای هەرێمی کوردستان کەم بووەوە. سەرچاوە: ئاڤا میدیا، کوردسات نیوز
ئەوەی حکومەتی هەرێم دەیەوێت تەنها یەک وڵات دەتوانێت بۆ بکات چۆن هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەوەی هەرێمی کوردستان ئێستا پێویستییەتی دوو سیستمی بەرگریی پێشکەوتووە کە ئەمریکا خاوەنییەتی و لەتوانایدا بۆی دابین بکات، حکومەتی هەرێمیش چەند جارێک هەوڵی بۆی داوە، بەڵام ئەمجارە بەشێوەیەکی ئاشکرا داوای کرد. هێرشە مووشەکییەکەی سەر کیڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ ئەمجارە جیاوازتر بوو، چونکە بووە هۆی پچرانی 80% بەرهەمهێنانی کارەبا و تێکدانی ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان. پێشتر چەندین جار هێرشی لەو جۆرە کراوە، بەڵام ئەمجارە هێندە کاریگەری دروستکرد کە هەرێمی کوردستان بە ئاشکرا داوای سیستمی بەرگری لە ئەمریکا کرد. مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەر زوو دوای هێرشەکە داوای لە واشنتن کرد سیستمی بەرگری بۆهەرێمی کوردستان دابین بکات تاوەکو بەرگری لەخۆی بکات. ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان دوو سیستمی بەرگری بەکاردەهێنێت بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەک و درۆن، ئەو دوو سیستمەش سیستمی سی رامی نزیک مەودا و پەیتریۆتی دوور مەودان. سوپای وڵاتەکە سیستمی سی رامی لە باڵیۆزخانەکەی لە بەغداد و کونسوڵخانەکەی لە هەولێر جێگر کردووە. سیستمی پەیتریۆتیش لە بنکەی سەربازیی هەریر و بنکەی عەین ئەسەد لە ئەنبار جێگرکراوە. سی رام سیستمێکی بەرگریی نزیک مەودایە و بەشێوازێک دروستکراوە کە ببێتە دوا هێڵی بەرگریی دژە هەر هێرشێک. زیاتر بۆ ئەو هێرشانەیە کە بە مووشەک و رۆکێتی نزیک مەودا ئەنجامدەدرێن. سیستمەکە توانای هەیە پێشوەختە ئاگادارکردنەوە لە هەڕەشە بدات و چاودێری جووڵەی نائاسایی بکات، لە دوو کیلۆمەتریشەوە دەتوانێت مووشەک و درۆن بپێکێت. چەندین جۆر چەکی جیاواز لەخۆدەگرێت و دەتوانێت لەماوەی خولەکێکدا چوار هەزار و ٥٠٠ راوند لە تەقەمەنی بتەقێنیت. نرخی هەر سیستمێک لەنیوان 10 بۆ 15 ملیۆن دۆلاردایە و ئاستی سەرکەوتنیشی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرش نزیکەی 70% یە. ئەوەی هەرێمی کوردستان زیاتر پێویستییەتی ئەم سیستمەیە، چونکە ئەگەر کیڵگەی غازی کۆرمۆر سیستمێکی لەوجۆرەی تێدا جێگیربوایە، ئەوا روودانی هێرشەکە ئەگەرێکی زۆر کەمی دەبوو، یاخود کیڵگەکە بە زیانێکی کەم لێی دەردەچوو. سیستمەکەی دیکە، سیستمی پەیتریۆتە کە ئەمەیان بۆ مووشەکی دوور مەودای وەک مووشەکی بالیستیکی و پێشکەوتووتر بەکاردێت. ئەم سیستمە چەند جۆرێکی هەیە و بەپێی جۆرەکان خاسیەتەکەیانیان دەگۆرێت، بەڵام بە تێکڕا مەودای سیستمەکە لەنیوان 50 بۆ 160 کیلۆمەترە و چەند مووشەکێکی ئاڵۆز و پێشکەوتووی لەسەرە کە دەتوانێت بەخێرایی زیاتر لە 5 بۆ 6 هەزار کیلۆمەتر لە کاتژمیرێدا ئاراستەی هەر مووشەک و درۆنێک بکات. سیستمەکە چەندین بەشی هەیە وەک رادار، وێستگەی چاودێری، وێستگەی مووشەک و هەڵدەری مووشەک هەر بۆیە کرین و جێگیرکردنی تەواوی سیستمەکە بەهاکەی یەک ملیار دۆلارە. ئاستی سەرکەوتنی سیستمەکە لە بەرپەرچدانەوەی هێرش زۆر بەرزە و میدیای ئەمریکا رێژەکەی لەنیوان 60% بۆ 95% خەمڵاندووە. ئەمریکا و زۆربەی ئەو وڵاتانەی سیستمی بەرگریی ئەمریکی بەکاردەهێنن چەند چینێکی بەرگری دروست دەکەن بە سیستمی جیاواز و ئەگەر هەرێمی کوردستانیش بتوانێت ئەم دوو سیستمە لە ئەمریکا وەربگرێت و پێکەوە لە دامەزراوە هەستیارەکان جێگریان بکات، ئەوا بەرێژەکی زۆر بەرز دەتوانێت هێرشەکان بەبێ هیچ زیانێک کۆتایی پێ بهێنێت.
خەبات کوردە چەند ڕۆژێکە پێ پەتیەکانی بادیەی نزیک شاری حومس ، بە ڕۆژی ڕوناک و بە بەرچاوی هێزەکانی پاراستنی ئاسایشی گشتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی دیمەشق و بە هاوکاری هێزەکانی وەزارەتی بەرگری و بە فیتی هێزەکانی حەمزات و عەمشاتی سەر بە دەزگا جاسوسیە بەدناوەکەی میتی تورکی ، بە چەکەکانیانەوە هێرش دەکەنە سەر ماڵە دروز و عەلەوی نشینەکانی ناو شاری حومس لە سوریا و شەلم کوێرم نا پارێزم دەست لە منداڵیش ناپارێزن چ جای دایک و باوک و باپرەکانیان لە دوێنێوەش لە تەواوی شارە عەلەوی نشینەکانی کەنار دەریاش خەڵکی سادە و ساکاری عەلەویە بێدەسەڵاتەکانیش بۆ بەرگری لە ژیانی خۆیان و خێزان و ماڵ و منداڵەکانیان بە چڕی ڕژاونەتە ناوەڕاستی شارەکان و وا هەست دەکرێ تازە گەلانی سوریا گەڕاونەتەوە ۱٥ ساڵ لەمەوبەر و دژی شەبیحەکانی ئەحمەد ئەلشەڕع و دار و دەستەکەی ناڕەزایەتی دەردەبڕن . دوای ئەوەی دوێنێ هێزێکی زۆری ئاسایشی گشتی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و سوپا لەرزۆکەکەی شەڕع گەیشتنە شاری حومس و تەواوی شارە عەلەوی نشینەکانی کەنار دەریا . تەنها چەند کاتژمێرێک توانیان خۆیان ڕاگرن و پەشێوی دروست نەکەن . دوای ئەوە کەوتنە تەقە کردن و ڕانان و گرتن و ئازاردانی خەڵکە ڕاپەڕیوەکە و تا ئێستا دەیان کوژراو و بریندار هەیە و بە گوێرەی هەواڵە میدیاییەکانیش بێت سەدان کەسیان ڕاپێچی زیندانەکان کردوە ئەوەی کە جێی سەرنجە ئەوەیە کە داوا لە هێزەکانی هەسەدە دەکەن کە بێن بیان پارێزن لە جیاتی هێزەکانی ئاسایشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئەو سەرهەڵدانە ڕویدا .؟ تورکیا دەوری کاریگەری هەیە و تورک وا هەست دەکات ، ئەگەر ئارامی بگەڕێتەوە بۆ تەواوی سوریا ، ئەوان مایە پوچ و سەرگەردان دەبن . چەند ڕۆژێ بەر لە ئێستا ئەردۆگان دەڵێ : چەندین ساڵە سێ ملیۆن ئاوارەی سوری لە تورکیا ژیانیان کردوە و فێری زمانی تورکی بونە و ئێستا دەگەڕێنەوە ناو خاکی خۆیان ، دەبێ ئێمە پشتیوانیان لێبکەین و بیانپارێزین و زمانی تورکی بۆتە زمانی دووەم لە سوریا لە گەڵ سەردانەکەی شەڕع بۆ کۆشکی سپی ، تەنها شەڕع بۆ ماوەیەکی کاتی لە یاسای سزاکانی قەیسەر کە تایبەتە بە سوریا دەرهێندرا و هیچ سەرکردە و وەزیر و بەرپرسێکی حکومەتە کاتیەی شەڕعی نەگرتەوە یەکێک لەو خاڵانەی کە دۆناڵد تڕەمپ بە سەر شەڕعدا فەڕزی کردبوو کە دەبێ بەرەنگاریان ببێتەوە ئەندامانی حیزبوڵای لوبنانی و باڵی هەرە درێژی ئێرانە لە سوریا و لوبنان و زۆربەشیان بە ئەسڵ لە عەلەویەکانی ناوچەکەن بە تایبەتی سوریا . دوور نیە ئەوە بیانویەک نەبێ بۆ گرتن و ونکردنی زۆرێک لە خەڵکی ئەو شارانە . قوڵبونەوەی کێشەی ناتانیاهۆ و ئەردۆگان ، بە تایبەتیش کە لەو ڕۆژانە فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسڕائیل بە سەد فڕۆکەی جەنگی تەواوی ئاسمانی سوریایان کۆنتڕۆڵ کرد و بوونە ڕێگر لە دامەزراندن و ئاوەدانکردنەوە و هێنانی کەلوپەلی سەربازی تورکیا بۆ ناو خاکی سوریا بە تیرۆریست ناساندنی ئەخوانەکانی سوریا و لوبنان و میسڕ بە تایبەتی لە لایەن ئەمەریکاوە و بە بڕیارێکی تایبەتی تڕەمپ . چونکە تورکەکانیش بۆ خۆیان چەندین گروپی ئیخوانی توندڕەویان هەیە و لە ناو تورکیا و سوریا زۆر زۆریش چالاکن . ڕاگەیاندنی باری نائاسایی وادەکا کە سبەینێ ئەلشەڕع بیانو بهێنێتەوە و بە ئەمەریکا بڵێ ئەها ئەوە عەلەویی و دروز و کوردەکانن ناهێڵن ئێمە بە ئارامی گروپە چەکدارەکانی خۆمان چەک بکەین لە ڕاستیدا ئەوەی ئێستا ڕوودەدا هیچ قسەی لە سەر نیە و بێ سێ و دوو جێبەجێ کردنی پیت بە پیتی جوڵەکانی ئەردۆگان و دەزگا جاسوسیەکەیەتی چونکە ئەردۆگان دەترسێ سبەینێ ناوی ئەویش بکەوێتە ناو ناوی داواکراوەکانەوە ، چونکە ئەمەریکا و ئیسڕائیل باش دەزانن ئەردۆگان کوێی دێشێ ، لە بەر ئەوەی خودی ئەردۆگان ئێستا سەرۆکی فیعلئ هەر هەموو ئیخوانەکانی جیهانە ڕۆژانی دادێش دوور نیە بە یەکجاری تەواوی شارەکانی سویاش باری نا ئارامی ڕانەگەیەندرێ و هێزەکانی ڕوسیا و ئەمەریکا و ئیسڕائیلیش نەبنە بەشێک لەو نائارامیە و حکومەتە کاتیەکەی دیمەشق نەخەنە سەر هەززە
ئەنقەرە لەسەر بابەتێک فشاری زۆر دەکات و ئۆجەلانیش رەتیدەکاتەوە ئەو شتە چییە تورکیا هێندە سوورە لەسەری؟ ئامادەکردنی هاوڵاتی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا قۆناغێکی زۆری بڕیووە و عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، چەندین سازشی لەپێناو ئاشتیدا کردووە، بەڵام بابەتێک هەیە هەرگیز نایەوێت بیداتە دەست تورکیا. زۆر شت لەسەر سەردانی لیژنەکەی پەرلەمانی تورکیا بۆ لای ئۆجەلان ناڕوونە و هێشتا ئەو سێ پەرلەمانتارەی پارتی داد و گەشەپیدان (ئاکەپە) و پارتی گەلی کۆماری (مەهەپە) کە سەردانی ئۆجەلانیان کرد هیچ قسەکەی فەرمییان نەکردووە، بەڵام پێگەی ئەلمۆنیتەر لەبارەی دانیشتنەکەیان چەند نهێنییەکی ئاشکرا کردووە. پێگەی ئەلمۆنیتەر لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار دەڵێت، گفتوگۆکانیان پێنج کاتژمێری خایاندووە و تەوەری سەرەکی دانیشتنەکە لەبارەی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بووە. ئەلمۆنیەر دەڵێت، ئەنقەرە فشاری زۆر دەکات بۆ ئەوەی ئۆجەلان رازی بکات هەسەدە چەک دابنێت و بەڕێوبەریی خۆسەریش دەست لە سەربەخۆیی هەڵبگرێت، بەڵام لە دانیشتنەکەی رۆژی دووشەممە لەگەڵ لیژنەکەی پەرلەمانی تورکیا، ئۆجەلان سوور بووە و رەتیکردووەتەوە سازش لەمە بکات. چەک دانان و تێکەڵبوونی هەسەدە بە سوپای سوریا بووەتە بەربەستێکی گەورە بۆ تورکیا و هەواڵگری وڵاتەکە،کە بە میت ناسراوە، ماوەی ساڵێکە لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەر، لە گفتوگۆدایە و میت داوای کردووە هەسەدە بچێتە نیو سوپای سوریا و دەستبەرداری کیڵگە نەوتییەکانی ببێت، بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور. یەکێک لە سەرچاوەکان بە ئەلمۆنیتەری گوتووە: ئۆجەلان دەزانێت سوریا بەهێزترین کارتییەتی و ئەو کارتەش وەک چەکێکی بەهێز بەکاردەهێنێت، بەهیوای ئەوەی حکومەتی تورکیا بەو رێگەیەدا ئاراستە بکات کە خۆی دەیەوێت. بەرپرسانی تورکیا و پارتی ئاکەپە زۆر جەخت لەوە دەکەنەوە، هەسەدە درێژکراوەی پەکەکەیە و دەبێت ئەویش چەک دابنێت، نوێترین لێدوانیش لەسەر ئەمە لێدوانەکەی عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتەکە بوو کاتێک گوتی، پارتەکەمان و پارتی مەهەپەی هاوپەیمانمان لەسەر ئەوە کۆکین دەبێت هەسەدە چەک دابنێت. هەر لەبەر ئەم فشارە زۆرانەیە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، لەم هەفتەیەدا رایگەیاند، پەیوەندی لەگەڵ ئیمڕاڵی هەیە، بەڵام پێویستە راستەوخۆ چاوی بە ئۆجەلان بکەوێت و لەگەڵی کۆببێتەوە. ئەلمۆنیتەر دەڵێت، ئۆجەلان نایەوێت دەستوەردان لە بابەتی کوردانی سوریا بکات و دەیەوێت تورکیا وەک نێوندگیر قبوڵی بکات، نەک ببێتە رێکخەر بۆ رێککەوتنی نهێنی هەر وەک چۆن پێشتر لە ساڵی 2013 رەتیکردەوە هێزە کوردییەکان دژی حکومەتی ئەسەد بجوڵێنێت، کە ئەمەش داواکاری ئەنقەرە بوو. ئەلمۆنیتەر ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم سووربوونەی ئۆجەلان وەک شمشێرێکی دووسەرە وایە، چونکە تا زیاتر حکومەتی تورکیا بە مەرجەکانی رازی ببێت، هەژموونی ئۆجەلان بەسەر شوێنکەوتووانییەوە زیاتر دەبێت، بەڵام لەم نێوەندەدا رەنگە زیاتر پرۆسەی ئاشتی دوابخات تا داوای زیاتری بۆ جێبەجێ بکەن. بڕیارە رۆژی هەینی پرۆژەیاسایەک پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا بکرێت بۆ ئازادکردنی هەزارەها زیندانی کە بەتۆمەتی پەیوەندی بە پەکەکەوە دەستگیرکراون، ئەمەش وەک بەشێکە لە رێککەوتنی ئاشتی. پێگەی ئەلمۆنیەر باس لەوە دەکات، شاراوە نییە کورد هیوای وایە ئەم پاکێجە ئازادکردنی ئۆجەلان لەخۆبگرێت و ئەنقەرەش دەیەوێت بەم هەنگاوە پەکەکە و هەسەدە پێکەوە رازی بکات چەک دابنێن.
بۆچی لەم کاتەدا ترەمپ ئیخوان موسلمینی خستە لیستی تیرۆرەوە؟ کێ لە پشت بڕیارەکەیەوە بوو؟ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، واژۆی لەسەر فەرمانێکی جێبەجێکاری کرد کە تێیدا بەشێکی ئیخوان موسلمینس خستە نێو لیستی تیرۆرەوە. فەرمانەکە جارێ تەنها بۆ لقەکانی بزووتنەوەکە لە وڵاتەکانی لوبنان، میسر و ئوردن دەرچووە و ترەمپیش دەلێت، پێداچوونەوە بۆ لقەکانی دیکەش دەکەین. هۆکارەکەشی ئاشکرا کردووە و دەڵێت: ئەم جوڵانەوەیە پەیوەندییان لەگەڵ حەماس هەیە و هاوکارییان کردوون. فەرمانەکە چۆن کار دەکات؟ دوای واژۆکردنەکەی ترەمپ، بڕیارەکە دەچێت بۆ وەزیری دەرەوە و وەزیری گەنجینەی ئەمریکا. وەزارەتی دەرەوە، سەرەتا تۆمارێکی کارگێری دروستدەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیارییەکان و دواتر لەگەڵ داواکاریی گشتیی راپۆرتێکی هاوبەش ئامادە دەکەن، بۆ بە یاسایی کردنی پرۆسەکەش لەماوەی 45 رۆژدا دەینرێن بۆ کۆنگریس. فەرمانەکە هێندە گرنگە، تەنانەت کۆنگرێسیش ناتوانێت رەتی بکاتەوە و تەنها بەرگێکی یاسایی دەکاتە بەری. ئەگەر ئەمانە هەمووی ئامادە بوو، هەموو پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە دەوەستێنن. ئەی وەزارەتی گەنجینە چی دەکات؟ خاڵی یەکەم: هەموو موڵک و سامانەکانی ئیخوان موسلمین لە ئەمریکا بلۆک دەکرێن. خاڵی دووەم: هەرکەسێک هاوکاری ماددی یان هاکاری لۆجیستیان بکات دەدرێتە دادگای تاوانی فیدڕاڵی. خاڵی سێیەم: هەموو بانکەکان ئاگادار دەکرێنەوە نابێت هیچ پارەیەک بگوازرێتەوە بۆیان. ترەمپ، بەوەشەوە نەوەستاوە و دەلێت پێداچوونەوە بۆ هەموو لقەکانی دیکەی ئیخوان موسلیمین دەکەین و ئەوانیش لە بەرنامەدان. ئیخوان موسلیمین لە عێراق و سوریا و تورکیا و قەتەر و چەند ولاتێکی دیکە هەن. لقەکەی عێراق بەناوی حزبی ئیسلامیی عێراقە و ئەیاد سەماڕایی سەرۆکایەتی دەکات. ئیخوان موسلیمین، ماوەی ١٠٠ ساڵە وەک جوڵانەوەیەکی ئیسلامی لەسەر دەستی حەسەن بەنا لە میسر دامەزراوە، چەندین لقی هەیە، ئامانجی سەرەکی دامەزراندنی دەوڵەتێکە بە شەریعەتی ئیسلام کار بکات.
وەرە و بۆ خۆشی خۆت خەڵکی سڤیل بکوژە نرخی منداڵ کوشتن گرانترە و پیرەکانیش بە بێبەرامبەر ئامادەکردنی هاوڵاتی ئەمەی باسی دەکەم فیلمی ئاکشن نییە، بەڵکو هەر بەراستی روویداوە و رووداوەکە بەمجۆرەیە: لەنێوان ساڵانی 1992 بۆ 1995 کۆمەڵێک کەسی دەوڵەمەند لە رۆژانی پشووی هەفتە بۆ کات بەسەربردن و خۆشی خۆیان چوونەتە شاری ساراییڤۆی بۆسنە بۆ کوشتنی خەڵکی سڤیل بە پارە، بەڵام بە نرخی جیاواز. ئەو کەسانە خەڵکی ئەمریکا، رووسیا، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا و چەند وڵاتێکی دیکەی رۆژئاوای تێدا بووە و زیاتر لە 100 هەزار دۆلاریان لەبەرامبەردا داوە. نرخی کوشتنی منداڵ گرانترین بووە، دوای ئەویش پیاوان، ژنان، ئینجا کەسانی بە تەمەن، کە ئەمان بە بێبەرامبەر کوژراون. گەشتیارە بکوژەکان چەکی نیشانەشکێنیان بەکارهێناوە و بەشێوەیەکی هەڕەمەکی خەڵکی سڤیلیان کوشتووە. بۆ ئەوەی باشتر لە رووداوەکان تێبگەیت، دەبێت باسی ئەو جەنگە بکەم لە بۆسنە روویداوە. ساڵی 1992 کاتێک بۆسنە لە یۆگسلاڤیای ئەوکات جیادەبێتەوە و سەربەخۆیی رادەگەیەنێت، راستەوخۆ جەنگ بەرپا دەبێت و سربییەکانی نێو بۆسنە دژی دەوەستنەوە بە هاوکاری سربیا و کرواتیا. هەر دوای هەڵگیرسانی جەنگ، ئابڵوقەی ساراییڤۆی پایتەختی بۆسنە دەدەن. ئەم شارە بەشێکی زۆری دانیشتوانەکەی مسوڵمانن و دواتر مەسیحی سربی و کرواتیین. هەموو ئەوانەی باسمکرد لەلایەن رۆژنامەنوس و نووسەرێکی ئیتاڵی بەناوی ئیزیۆ و گاڤازینی بڵاوکراوەتەوە و بە دەستکەوتنی بەڵگەنامەی نوێ، دەستیکردووە بە تۆمارکردنی سکاڵایەکی یاسایی لەسەر ئەو هاووڵاتییە ئیتاڵییانەی لەو تاوانەدا بەشداربوون. ئەو دەڵێت، کوشتنەکان هیچ هاندەرێکی سیاسی و ئایینیان لەپشت نەبووە، بەڵکو بکوژەکان کەسانی دەوڵەمەند بوون کە چوون بۆ ساراییڤۆ بۆ خۆشی خۆیان و پڕکردنەوەی حەز و ئارەزووەکانیان، ئەوکەسانە خولیا و ئاواتیان چەک بووە و لەوانە بوون بۆ گەشتکردن بۆ راو دەچن بۆ ئەفریقا و وڵاتانی دیکە. بەپێی رۆژنامەی لا ریپەپلیکای ئیتاڵی، ئەم کەسە دەوڵەمەندانە لە رۆژانی پشووی هەفتە لە شاری تریستی ئیتاڵیاوە بە فرۆکە بەڕێکەوتوون بۆ یۆگۆسلاڤیای جاران و لەوێوە بە یارمەتی سربییەکان چوونەتە سەر قەدپاڵەکانی دەوروبەری شاری ساراییڤۆ بۆ کوشتنی خەڵکی سڤیل. ئاژانسی ئانسای ئیتاڵی باس لەوە دەکات هەموو پرۆسەکە بە ئاگاداری هەواڵگری سربیا کراوە و ئەوان لە پشتی بوون، هەرچەندە سربیا ئەمە رەتدەکاتەوە. رۆژنامەی لا ریپەپلیکا دەڵێت، تەنانەت هەواڵگری ئیتاڵیاش ئاگاداری بابەتەکە بووە. لە جەنگی بۆسنە کە زیاتر لە چوار ساڵی خایاند، ١١ هەزار کەس بە تۆپباران و نیشانەشکێن کوژران. کەسێکی رزگاربوو کە بۆ کەناڵی جەزیرە قسەی کردووە و ئەوکات تەمەنی تەنها نۆ ساڵ بووە، دەڵێت: ئەو راستیانەی تازە هەڵدراونەتەوە لای من جێی سەرسوڕمان نین چونکە رۆژانی پشووی هەفتە لە سارایڤۆ "زۆر مەترسیدار" بوون، ئەمە قسەیەش وەک ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی لەو رۆژانەدا خەڵکی زیاتر بە نیشانەشکێن کوژراون.
