کورد و شەیدابوون بە داگیرکەرەکەی

2 كاتژمێر لەمەوپێش



د. مەجید ساڵح

ئیبن خەلدوون دەڵێت: “میللەتی دۆڕاو هەمیشە شەیدای ئەوە دەبێت کە بەسەریدا زاڵبووە و لە جلوبەرگ و خواردن و فیکردا لاسایی دەکاتەوە”.

دەتوانین ئەم بۆچوونە بەروونی لەسەر دۆخی كورددا جێبەجێ بکەین. دوای دابەشبوونی كوردستان لەنێوان چەند دەوڵەتێكدا (تورکیا، ئێران، عێراق، سووریا)، بەشێک لە کورد خۆی لە پێگەی “دۆڕاودا”دا بینییەوە، بۆیە هەر زۆر زوو کەوتە ژێر هەژموونی کولتوور و زمانی داگیرەکەی، تەنانەت هەندێ لە نوخبەکانی کوردیش دەستیان کرد بە لاسایکردنەوەی رەمزەکانی داگیرکەرەکانی و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ئەو کولتوورە بێگانە کوردەواری.

بەڵام هەموو کوردێک ئەمەی قەبوڵ نەببوە و دۆخەکە بێ بەرەنگاربوونەوە تێنەپەڕی. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمەوە، ڕۆژنامەگەری و بزووتنەوە کولتووری و سیاسیەکانی کوردستان سەریانهەڵدا و نوخبە نەتەوەییەکان هەوڵیاندا سەرلەنوێ پێناسەی “کوردبوون” بکەنەوە و بسەلمێنن کە زمان و کولتووری کوردی لە کلتووری داگیرکەران زیاتر نەبێ کەمتر نییە. ئیتر لەو رۆژەوە گەلی کورد بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە بەرەیەک داگیرکەرانی کوردستان پشتیوانیان لێ دەکەن و هەمیشە بەگوێی کورددا دەخوێنن کە دەبێ لە هەمووشتێکدا لاسایی ئەوی تری زاڵ بکەیتەوە و سنوور تێنەپەڕێنیت، و بەرەیەکی دیکەش هەوڵ دەدا بۆ بنیاتنانی ناسنامەیەکی سەربەخۆ  وگەڕانەوە بۆ رەسەنایەتی خۆڕسک و راستەقینەی خۆی.

ئەمڕۆ گەورەترین ئاڵنگاری لەبەردەم کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بریتییە لە رزگار بوون لە “شەیدا بوون بە کولتوو و جلوبەرگ و  فیکری داگیرکەرەکەی” ئەوەش لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری  نەتەوەییە دەبێ لە رێگەی بەهێزکردنی ئەو دامەزراوە کوردییانەی کە توانای بەرهەمهێنانی مەعریفە و کولتووریان لە هەناوی کۆمەڵگای خۆیانەوە هەیە، نەک لە ڕێگەی ئاوێنەی داگیرکەرەکانی کوردستان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار