سودانی: ڕژێمی دیکتاتۆر باوکمی لەسێدارەدا

4 كاتژمێر لەمەوپێش
سەرۆک وەزیرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت بۆ یەکەمجار عێراق جوڵەیەكی گەشەپێدانی بێ وێنەیە بەخۆوە دەبینێت و لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا توانیومانە جیاوازییەکی بەرجەستە لە خزمەتگوزارییەکان دروست بکەین کە هاوڵاتیان هەستیان پێکردووە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە باس لەچەند پرسێکى جیاواز دەکات و لەبەشێکیدا ئەوە دەخاتەڕوو کە ئەو پێش ساڵی 2003 عێراقى بەجێنەهێشتووە، لە پارێزگای میسان بووە کاتێک رژێمی دیکتاتۆری بەعس رووخاوە.
هەر وەها ئەوەش دەڵێت کە: باوکم ئەندامی حیزبی دەعوەی ئیسلامی بوو، یاوەریکردنی وەک کوڕە گەورەی، ئاگاداریكردم لە هەندێک لە رووداو و هەڵوێستەکانی ئەو قۆناغە.
بەشێک لە ناوەڕۆکى قسەکانى سودانى:
ـ دەسەڵاتی دیکتاتۆری باوکمی لە سێدارەدا سەرەڕای نەخۆشیەکەی، کەسانێک هەن بە هۆکاری سیاسی هەوڵی شێواندنی راستییەکان دەدەن.
ـ بڕیاری ئاشتی و شەڕ لە دەستی دەوڵەتدایە، حکومەتەکەمان نەیهێشتووە هیچ لایەنێک هەنگاوێک بنێت کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی وڵات بگەیەنێت یان پاساوێک بدات بۆ دەستدرێژیکردنە سەرمان.
ـ بۆ یەکەمجار عێراق جوڵەیەكی گەشەپێدانی بێ وێنەیە بەخۆوە دەبینێت و لە ماوەی دوو ساڵ و نیودا توانیومانە جیاوازییەکی بەرجەستە لە خزمەتگوزارییەکان دروست بکەین کە هاوڵاتیان هەستیان پێکردووە.
ـ لەگەڵ سوریا پەیام و شاندمان ئاڵوگۆڕ کردووە، جەختمان لەسەر پاراستنی فرەچەشنی کۆمەڵایەتی و یەکگرتوویی وڵات و رەتکردنەوەی توندڕەوی و تیرۆر کردووەتەوە.
ـ حکومەت لە بەرنامەكەیدا كۆكردنەوەی چەکی چەكی لەدەستی دەوڵەت پەسەند کردووە، کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پاساو بۆ بەردەوامی هەڵگرتنی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت ناهێڵێتەوە.
ـ حکومەتەکەمان دەستی کردووە بە گرتنەبەری هەنگاوی کردەیی بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی دەوڵەت و گەیشتن بە ئاسایش و سەقامگیری و داعشی تیرۆریستیش مەترسی دروست ناکات.
ـ کۆی بەرهەمی کارەبای ئەم هاوینە گەیشتە (28) هەزار مێگاوات، دەستمان کردووە بە چاکسازی لە کەرتی کارەبا و دابینکردنی سوتەمەنی.
ـ بەردەوامین لە بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەی کە لە دەرەوەی وڵات تێوەگلاون لە گەندەڵی، لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ ئینتەرپۆل بۆ وەرگرتنەوەی پارەی دزراوەكان.
ـ گفتوگۆیەکی نیشتمانیمان لە نێوان هەموو هێزە سیاسییەکان ئەنجامدا، بنەماكەی پاراستنی ئاسایش و سەروەری عێراق و رێگریکردن بوو لە تێوەگلانی لە شەڕدا.
ـ هەوڵی لێك نزیک كردنەوەی تێڕوانینی ئێران و ئەمریکا دەدەین، پشتیوانی لە وتووێژەکان دەکەین کە لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیماننامەی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی .
