شانۆگەری کۆشکی سپی 

3 كاتژمێر لەمەوپێش



د. هیوا جاف
ناوەندی ئەکادیمای توێژینەوەی نیشتمانی

جارێکی دیکە ئەردۆغان لە دیمانەنی کۆشکی سپی دەرکەوتەوە، وەلێ جیاواز لە جارانی دیکە، زیاتر لە ئاکتەرێک دەچوو، کە بیەوێت بە نواندنی خەندەیەک بێدەنگییەکی گەورە بشارێتەوە. 
لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٥، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، سەردانی كۆشکی سپی کرد بۆ دیداری دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

ئەوەی مایەی سەرنجە، ئەوەیە ئەم سەردانە،  بە شێوەیەکی سەیر وسەمەرە و ڕوویدا و گومانی لە پەیوەندی نێوان هەردوو وڵاتەکە درووست کرد. لە کۆشکی سپی یەک وشەمان لەزاری ئەردۆغانەوە نەبیست. نە لەبارەی غەزە. نە سەبارەت بە(هەسەدە) هێزەکانی سوریای دیموکرات. تەنانەت ئەم سەردانە ڕەنگدانەوەی هەبوو لە میدیای ئەمریکیدا.

کاتێک ئەردۆغان ڕەخنەی لە ترامپ دەگرت، لەبارەی شەڕی غەزەوە. تەنانەت بەزمانی هەڕەشە لە ووتارەکانیدا  سەبارەت بە غەزە و شەڕی ئۆکرانیا و هەسەدە لێدوانی دەدا، هەڕەشەی بەرپاکردنی شەڕی لەگەڵ هەسەدە دەکرد. کەچی لەو سەردانەدا ئەردۆغان هیچ لێدوانێکی  ڕەسمی نەدا لەسەر پرسی غەزە، هەسەدە، تەنانەت وشەیەکی سەبارەت باهەڵبژاردنەکانی ناوخۆی تورکیا نەگووت. 

وەلێ لە گەڕانەوەیدا لەناو فڕۆکەکەدا بە میدیاکانی نزیک لە خۆی، ڕاگەیاند کە  لەگەڵ ترامپ  لە سەر غەزە ڕێککەوتووین و چیتر ڕێگە نادەین تیرۆر لە سووریا بەردەوام بێت. ئەمانە کڵێشە ناسراوەکان بوون و پێناچێت لەم لێدوانەدا مەبەستی لە  کۆبوونەوەی خۆی و ترامپ بووبێت لەکاتی سەردانەکەی بۆ کۆشکی سپی، چوون دەزانین کە ڕێککەوتن لەسەر غەزە لەگەڵ ئەو سەرکردە ئیسلامی و عەرەبانە کراوە کە ترامپ لەگەڵیان کۆبووەوە نەک تەنها لەگەڵ خودی ئەردۆغا لەدیداری کۆشکی سپی.

جێی ئاماژەیە، شانۆگەری ترامپ و ئەردۆغان، گومان لەسەر پڕۆسەی دیموکراسی و هەڵبژاردنەکانی تورکیا دەوروژێنێت. 
ترامپ، بە شێوەی شانۆگەریی سەردانەکەی بەڕێوە برد، بەراورد بە دیدارە فەرمیەکان و دیداری پێشووتر و شێوەی ڕەفتاریی لەگەڵ ئەردۆغان. وەک ئەو شانۆگەرییە گاڵتەجاریانەی هەر جارێک سەرۆکێک سەردانی دەکات. 
ترامپ لەم شانۆگەرییە نوێیەدا ئەردۆغانی شەرمەزار کرد! 

ئەردۆغان، بە شێوەیەکی کزۆڵە و ناحاڵی دەردەکەوت،  بەڵام تیمی ئەردۆغان بۆ پۆشینی ئەم حاڵەتە دەڵێن:" ڕەنگە نەزانینی زمانی ئینگلیزی تێگەشتنی سەرۆک ئەردۆغانی سنووردار کردبێت و ڕێگەی نەدابێت قسە بکات.! سەرباری ئەوەی ئاشکرایە کە  وەرگێڕی تایبەتی خۆی هەیە کە جێی متمانەیە بەتایبەتی بۆ کۆبوونەوەی لوتکە و دیدارێکی وا گرنگ حەتمەن ئەو وەرگێڕە دەبێت بژاردە و پرۆفیشناڵ بێت. 

هەر لە سەرەتاوە ترامپ چەند ساروخێکی گرتە ئەردۆغان و ووتی:"  ئەردۆغان شارەزایە لە ساختەکاری لە هەڵبژاردندا." مەبەستی لە هەڵبژاردنەکانە لە تورکیا و ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا. لە ڕابردوودا هەندێک ڕاپۆرت و دەزگای ڕاگەیاندن، ئەردۆغانیان بە "شارەزای هەڵبژاردنە ساختەکان" ناساندووە. ترامپ بەڕاشکاوانە گوتی: سەرۆک ئەردۆغان ئەناسم. لە دوایشدا گوتی: ئەردۆغان هاوڕێی منە ! دەبێ مەبەستی ترامپ چیی بوو بێت؟ ئەمە گومانی زۆر درووست کرد لەسەر ڕاستیی دیموکراسی لە تورکیا و پەیوەندی ناوخۆی. سەردانەکە دەتوانرێت بە شێوەیەکی پەیوەندی نوێ و گۆڕانکارییەکی ستراتیژی بناسرێت.

لەو سەردانە سەیر و سەمەرەی  ئەردۆغان بۆ کۆشکی سپی لە واشنتۆن پێشهاتی سەیر و سەمەرە هەیە کە لە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و تورکیادا ڕوودەدات، بەڵام ڕوونە کە ڕێککەوتن لە نێوان ئەمریکا و تورکیادا هەیە کە تورکیا ڕۆڵێکی جیاواز و نوێ لە ناوچەکەدا دەگێڕێت، بۆ ئەمەش ئەردۆغان ناچارە ئەو کارە بکات.  سەرەتا با بڵێین ئایا ئەو سەرۆک ئەردۆغانەی لەم سەردانەدا بینیمان، دانیشتووە بە زەردەخەنەوە، لە ژێرکاریگری سیحری ترامپدا بە تەواوەتی ڕادەست بووبوو، هەر ئەو سەرۆک ئەردۆغانە نییە کە لە لێدوانە توندەکانی لە تورکیا و تەنانەت لە فۆکس نیوزدا بینیمان کاتێک ڕەخنەی لە ترەمپ و  ئیسرائیل گرت سەبارەت بە شەڕی غەززە. تەنانەت لەسەر پۆدیۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وتارەکانیدا سەبارەت بە غەزە و شەڕی ئۆکرانیا و باسی سووریا بەهێز و توند دەردەکەوت! کەچی لەم شانۆییەدا ئەو ئەردۆغانە دیار نەما و ئەردۆغانێکی تر دەرکەوت، بێدەنگ و لێو بەخەندە و نەرم،  هیچی نەگووت. لە کۆشکی سپیدا یەک وشەمان لێ نەبیست نە سەبارەت بە غەزە، نە سەبارەت بە هێزەکانی (هەسەدە)  هێزەکانی سوریای دیموکرات، کە هەڕەشەی شەڕکردنی لێ دەکردن.  هیچمان لێ نەبیست.

بابێنە سەر شانۆگەرییەکە، ترامپ گووتی کاتێک هاوڕێیم قەشە ئەندرۆ برەنسن دەستبەسەرکرا ( ئەندرۆ  12 -2016 دەستبەسەرکرا و تۆمەتی "تیرۆر و سیخوڕیکردن"  دیارترینیان '

'هاوکاریکردنی گولەنییەکان و پەکەکە'' درایە پاڵی بەڵام  بە بڕیاری دادگا لە 12-10-2018 ئازاد کرا) تەلەفۆنم بۆ ئەردۆغان کرد گووتم:دەبێت ئازادی بکەی. 
 بەڵام پێشتر ئەردۆگان  چەند جارێک رەتیکردەوە قەشە ئەمریکییەکە ئازادبکات و گوتی، ئەمە کاری دادگایە، وە  گوشاری ئابووری سەر تورکیا ودابەزینی لیرەی تورکی ( کە ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمارکرد.)  کارمان تێناکات. 

ئەردۆغان ڕقی لەم چیرۆکەیە، هەرکەس باسی بکات تورە دەبێت چونکە چیرۆکێکی ملکەچبوون و زەلیلییە، چونکە ئەردۆغان گوتبوی تا ئەم ڕۆحە لەم جەستەیە بێت، برونسون هەرگیز تورکیا بەجێناهێڵێت.

ئەم جۆرە پێشوازیە دەرئەنجامەکەی ئەوە بوو کە ترامپ ئەم چیرۆکەی بیر هێنایەوە. هەڵبەت، ترامپ گەمژە نییە. 
لە لایەکی دیکەوە، گرفتی (ڕەزا زەراب) بازرگانێکی تورکی کە تاوانبارە بە پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی سەدان ملیۆن دۆلار مامەڵەی دارایی بۆ یارمەتیدانی حکوومەتی ئێران و خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا و تيوە گلانی دامەزراوەکانی دەوڵەت بە تایبەتی دۆسیەی هالکبانک کە نزیکە لە خودی ئەردۆغانەوە، بووە هۆی ڕاگرتنی فرۆشتنی و پرسی فڕۆکەی ئێف ٣٥.

ئەمانە جگە لە گرێ کوێرەی كرینی سیستمی بەرگری ئێس 400 لە ڕوسیا، بە بەهای ملیاران دۆلار. وە وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ئەمریكا هاتنە سەرخەت، ڕایانگەیاند: ئەگەر توركیا ئەو كارە بكات بێگومان سزای قورس بەسەر ئەو وڵاتەدا دەسەپێنن. ئەم پرسە بۆ ئەمریكا زۆر هەستیار و گرنگە، لەبەر ئەوەی كرینی سیستمی بەرگری ڕووسی لەلایەن توركیاوە، دەبێتە هۆی ئەوەی نهێنی و زانیاریەكانی فرۆكەی ئێف35 بگاتە دەستی ڕوسیا كەترسناكترین و پێشكەوتوترین فرۆكەی جیهانە واتە ئەگەر توركیا ببێتەخاوەنی ئێس 400 و فرۆكەی ئێف 35 ئەوا ڕوسیا دەتوانێت زانیاریە نهێنی و هەواڵگریەكانی فرۆكەكە وەربگرێت و بەمشێوەیەش دەتوانێت تەواوی نهێنیە هەواڵگرییە ئاسمانی و سەربازیەكانی ئەمریكا بەدەست بهێنێت.

سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ کۆشکی سپی،  نیشانەی گۆڕانکارییە لە پەیوەندی دیبلۆماسی نێوان تورکیا و ئەمریکا، بە تایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵات. بەڵام بەهۆی ناڕوونیی وتە و ڕەفتارە سەیرەکانی ئەردۆغانەوە ئەم سەردانە هەست و گومانی سەیری لێکەوتەوە کە مایەی سەرنج و خوێندنەوەی وردە.
کاربەدەستێکی ئەمریکی ڕایگەیاند کە ترەمپ بە ئەردۆغانی وتووە، زۆرم بۆ تۆ کردووە، ئێستا نۆرەی تۆیە.

پرسیارەکە ئەوەیە، "ترەمپ چی بۆ ئەردۆغان کردووە؟"

ئەمە مشتێک لە خەروارەکە: یەکەم: هەڵندانەوەی دۆسیەی گەندەڵی و دۆسیەی ڕەزا زەراب و دۆسیەی هەڵکبانک و دۆسیەی تر کە بەسە بۆ زیندانیکردنی ئەردۆغان و بنەماڵەکەی و هاوکارەکانی بۆ هەتا هەتایە. دووەم: سەرەڕای ساختەکارییەکانی هەڵبژاردن، ترامپ چاوپۆشی لەم بابەتە کردوە و شەرعیەتی پێداوە، وە بە ئاشکرا بە ئەردۆغانی وتووە.  
سێیەم و لە هەمووی گرنگتر گڵۆپی سەوزی بۆ داگیرکردنی سەرێ کانی و گیرە سپی و منبج و هێرشەکانی باشووری کوردستان هەڵکرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار