سكاڵا (ملیاری)یەكەی وەزیری ئاوەدانكردنەوە

8 كاتژمێر لەمەوپێش



محەمەد رەئوف

وەزیری ئاوەدانكردنەوە لەسەر هەواڵێكی ئاسایی (درەو) سكاڵایەكی لەسەر دامەزراوەی میدیایی درەو و  سەرنوسەری درەو (محەمەد رەئوف) تۆماركردووەو داوای بڕی (ملیارێك) دینار دەكات و دەڵێت : هەواڵەكە زیانی بە پێگەی سیاسی و كۆمەڵایەتیم گەیاندووە، ئەمڕۆ لەسەر سكاڵا ملیارییەكەی جەنابی وەزیری ئاوەدانكردنەوە لەبەردەم دادوەر ئامادەبووم.

ساڵی 2021 راپۆرتێكی درەو بەناوی (كابینەی نۆ.. بەهەشتی وەزیرەكان) بڵاوكرایەوە، باسی لەوە كردبووكە (وەزیرەكان مانگانە نزیكەی (7 ملیۆن‌و 850 هەزار) دینار موچەو (15 ملیۆن) دینار مینحە وەردەگرن، دوو ئۆتۆمبێل‌و دوو ڤێلا یان (شوقە)و 10 پاسەوانیان بۆ دابین كراوە، خەرجی ئۆتۆمبێل‌و بەنزین‌و تەنانەت كارتی مۆبایل‌و چاو قاوەشیان بۆ خەرج دەكرێت) یەكێك لە وەزیرەكان ئەم راپۆرتەی خستبووە گروپی واتس ئاپی وەزیرەكانەوە، وەزیرەكان كۆمێنتیان لەسەردابوو وەزیرێك سكرین شۆتی كۆمێنتەكانی بۆ ناردین، وەزیرێكی بزووتنەوەی گۆڕان نوسیبووی با سكاڵایەكیان لەسەر تۆمار بكەین بە بڕی (ملیارێك) دینار بۆ ئەوەی بەیەكجاری دەمیان دابخەین، وەزیرێكی تری بزووتنەوەی گۆڕان نوسیبووی هەقی خۆیەتی سكاڵایەكی ملیار دیناریان لەسەر تۆمار بكرێت تا جارێكی تر جورئەت نەكەن بابەتی وا لەسەر وەزیرەكان بنوسن، بەڵام لەهەمانكاتدا وەزیرێكی پارتی (سەفین دزەیی) نوسیبووی جا ئەوان بابەتیان نوسیوە دەكرێت ئێمەش بە نوسین یان رونكردنەوەیەك وەڵامیان بدەینەوەو تەواو ئیتر سكاڵای بۆچیە؟ !!!!!!

خەڵكی ناهەقیەتی نائومێد بێت، ئاخر ئەوان بە حساب نوێنەری خەڵكی ناڕازی و خەڵكی ئازادو ئازادی خوازو بەرگریكاری ئازادی و بیروڕای ئازاد و میدیای ئازادن، بەڵام سەد خۆزگە بە وەزیرەكانی پارتی و یەكێتی.

ئەمان ناڵێن لەسەر رێبازەكەی نەوشیروان مستەفاین، نەوشیروان مستەفا بە كۆمپانیای ووشە دەستیپێكرد، پشتیوانی میدیای ئازاد و رۆژنامەنووسان بوو، بەڵام لەبری سكاڵاكردن بە یاسای رۆژنامەگەری كە بزووتنەوەی گۆڕان پشتیوانی سەرسەختی ئەو یاسایە بوو، ئێستا وەزیرەكەی بڕوای بەو یاسایە نیەو نایەوێت بەو یاسایە سكاڵا تۆمار بكات...

 كانوونی دووەمی 2015 سكاڵا لەسەر نەوشیروان مستەفا تۆماركرا، لە میدیاكانی گۆڕانەوە حەملەیەكی توند ئاراستەی پارتی و خودی بارزانی كرا، نیوەڕۆكەی چوینە لای نەوشیروان مستەفا (عەبدولڕەزاق شەریف، فاروق غەفور، دەشتی سالار، من ) كاك نەوشیروان وتی فشارتان لەسەر نیە، وتمان نەوەڵا لای پارتیەوە هیچ فشارێك نیەو ئێمەش گوێ بە فشار نادەین، وتی ئەزانم مەبەستم ئەوانەی خۆمانە دڵنیام زۆر فشارتان لێدەكەن، (ئێمە فشارمان لەناوخۆی گۆڕانەوە زۆر لەسەر بوو بەڵام نەمانویست بە كاك نەوشیروان بڵێین) كاك نەوشیروان وتی ئەزانن بەشێك لەمانەی خۆمان زۆر بێسەفت و جەبانن خەریكە بێنە سەرمان كەچی ناوێرن قسە بكەن ئینجا وەرە ئەمانە پۆستیان دەستبكەوێت بەرژەوەندیان هەبێت، لەبری بەرگریو هەڵوێست وەرگرتن، پەلاماری خۆشمان دەدەن.....

ئێستا وەزیری ئاوەدانكردنەوە داوای بڕی (ملیارێك) لە سەردامەزراوەی میدیایی درەو، و نوسەری درەوی تۆماركردووە،  گوایە هەواڵێك لەسەر كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیران ناوی ئەو هاتووەو زیانی بە پێگە كۆمەڵایەتی و سیاسیەكەی گەیاندووە، نازانم دەبێت ئەو زیانە چی بێت لە كەسێتی وەزیر كەوتبێت، لەكاتێكدا وڵات وێران بووەوسەدان كەس بەس لە رێگاوبانەكان بوونەتە قوربانی كەچی جەنابی وەزیری ئاوەدانكردنەوە زیان بە پێگەكەی نەگەیشتووە، هەواڵێكی ئاسایی زیانی پێگەیاندووە... واتا هەواڵێك لە گیانی هەزاران هاوڵاتی كاریگەرترو گرنگترە لای وەزیر،...

- لەماوەی كابینەی نۆیەمدا تەموزی 2019 تا ئێستا ئەیلولی 2025 زیاتر لە (1871)  كەس تەنیا بەرووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوەو (42 هەزار) كەسیش برینداربوون، زیاتر لە (10)هەزار كەسیان كەم ئەندام بوون كە بەشی زۆری بەهۆی خراپی رێگاو بانەكانەوە بوون، هیچ بەرپرسیارێتیەك لە ئەستۆی وەزیری ئاوەدانكردنەوە  نیە؟ ئایا گیان لەدەستدانی ئەو هەموو هاوڵاتیە زیانی بەكەسێتی نەگەیاندووە تەنیا هەواڵێكی سادەو ئاسایی زیانی پێگەیاندووە.؟؟؟!!!

- لەسەردەمی كابینەی نۆیەمدا (11) موچە بە تەواوی نەدراوە و (10) موچەش بە لێبڕینەوە خەرجكراوە كۆی ئەو بڕەی كە موچەخۆریان كەوتووەتە لای حكومەت تەنیا لە كابینەی نۆیەمدا كە خودی وەزیری ئاوەدانكردنەوە وەزیر بووە، (12 ترلیۆن) دینارە، (جگە لە ساڵی 2025) كە چارەنووسی بەشێك لە موچەكان دیارنین، ئەمە كاریگەری لەسەر كەسایەتی وەزیر نەبوو!!؟؟ بەڵام بۆ هەواڵێكی ئاسایی كەسێتی بەڕێزیان زیانی بەركەوتووە..!!!؟؟

- لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەم كە وەزیری ئاوەدانكردنەوەش سوێندی خواردووە، تا ئێستا دەكاتە (76) مانگ یەك مانگ موچە لەكاتی خۆیدا دابەشنەكراوە، تەنانەت هەندێك جار گەیشتووەتە (90) رۆژ دابەشكردنی موچە، ئەمە كارەسات نیە هی ئەوە نیە جەنابی وەزیر دەنگی هەبوایەو بۆ یەك جار قسەی بكردایەو هەڵوێستێكی مەردانەی هەبوایە، بەڵام بۆ هەواڵێكی ئاسایی دێتە دەنگ بۆ ئەوەی دەمی رۆژنامەنووس دابخات داوی بڕی یەك ملیار دینار دەكات..!!!؟؟ 

- لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا هەزاران گەنج بەهۆی بێكاری و نائومێدییەوە سەری خۆیان هەڵگرتوو دەیانیان لە دەریای ئیجە خنكان، جەنابی وەزیری ئاوەدانكردنەوە نە دەنگێ نە قسەیە، نە سكاڵایەك، بەڵام هەواڵێكی ئاسایی زیانی پێگەیاندووە..!!؟؟؟

بێگومان ئێمە هیچ هەواڵێك بەبێ سەرچاوە بڵاو ناكەینەوە نەك سەرچاوەیەك بەڵكو لە چەندین سەرچاوەوە، هەواڵەكەش هەواڵێكی زۆر سادەو ئاساییەولەسەر نەناردنی بڕی (120) ملیار دینارەكەبوو بۆ بەغداد كە هەواڵەكە سەد دەرسەد راست بوو ئەنجومەنی وەزیران لەو كاتەدا بڕی (120) ملیارەكەی نەنارد و دوای دوو هەفتە پارەكەی نارد،،، 
 لەماوەی ساڵێكدا تەنیا لە سلێمانی (11) جار چوینەتە بنكەی پۆلیس و بەردەم دادگا، با (12)شی بچێتە سەر... بێمنەتین، ،، بەڵكو زیان بە كەسێتی جەنابی وەزیری وەزیری ئاوەدانكردنەوە نەگات و كەسێتی نەڕوشێ..!!!؟؟

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار