بایکۆتى هەڵبژاردن

7 كاتژمێر لەمەوپێش
بەشی چوارەم .
با لە یەک بەیەکی ئەم خاڵانەش بکۆڵینەوە :-
پەراوێز کەوتنی ئۆپۆزیسیۆن .
یەکەمین ئەنجامی نێگەتیڤ پەراوێز کەوتنی گروپی بایکۆتە ، ئەمەش ئەنجامێکی باوە ، چونکە بایکۆت واتە حزبی ئۆپۆزیسیۆن بە خواستی خۆی لە ململانێی گەیشتن بە دەسەلاتی سیاسی دەکشێتەوە ، لە زۆربەی وڵاتە تازە گەشەسەندوەکاندا ، کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت و وەزارەتەکانی واتە کۆنترۆڵکردنی ناوەندە هەستیارەکانی ولات ، بژاردەی بەشداری نەکردن ، حزبی سیاسی بۆ ئاستی ئۆپۆزیسیۆنیکی "قسەکەر " دادەبەزێنێ کە هیچ توانایەکی ململانێی بەدەست هینانی کەمترین سەرچاوەی حکومی نیە . هێزێکی ئۆپۆزیسیۆن کە توانای بەدەستەوە گرتنی هیچ کاروبارێکی نیە ،ناچار بە پشت بەستن بە نارەزایەتیەکانی کۆمەلانی خەڵک دەبێت وئامادەی دەکات .
پەراوێز کەوتن ئەو کاتە توند دەبێتەوە ، هەر وەک وتمان کە هیچ هاوکاریەکی نێودەوڵەتی بەدەست ناهێنێت ، بریاری بەشداری نەکردن ، زۆرجار دەبێتە هۆی هەستکردن بە بێبەشبون وئاڵۆزی زیانبەخشی لێ دەکەوێتەوە . ساڵی ١٩٩٦ ئۆپۆزیسیۆنی دەوڵەتی زامبیا لەژێر ناوی " حزبی یەکگرتوی نەتەوەی سەربەخۆ_ یونیب " بەسەرۆکایەتی "کانت کائوندا " بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنە سەرتاسەریەکانی دا ، نارەزایەتی ئەم حزبە " یونیب " ئەوە بوو کە دەولەتی فردریک چیلۆبا ، کە لەهەڵبژاردنەکانی ١٩٩١ پاش هەرەشەی بایکۆت بۆ گۆڕانکاری سیستەمی هەڵبژاردن ، لە لیستیکی هەڵبژاردنی پڕلە کەموکوڕی شکستی بە کایوندا هێنابوو . ئەم بڕیارە بریاری کۆی دەنگی حزبەکە نەبو ، زیاتر لەلایەن ٢٦ ئەندامی پەرلەمانی ئەم حزبەوە پشتگیری دەکرا کە توانای هێشتنەوەی کورسیەکانی خۆیانیان نەبوو. سەرەنجام چیلۆبا بە ئاسانی سەرکەوت و لە کۆی ١٥٧ کورسی ١٢٥ کورسی بەدەست هێناو بۆ یەکەمجار بووە خاوەنی زۆرینەی رەهای پەرلەمان ، سیاسەتی بایکۆت ، حزبی "یونیب " ی بەرەو هەڵدێر برد کە تا ئیستاش لە هەوڵی راستکردنەوەیدان .
هەروەها لە گامبیا حزبی یەکگرتوی دیموکراسی ، بۆ نارەزایەتی دەربڕین لە ساختەکاریەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٠١ ،هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٢ ی بایکۆت کرد ، بەمەش بەتەواوەتی چوە پەراوێزەوە. لە ئەنجامدا حزبی دەسەلات بەبێ کێبەركێیەکی راستەوخۆ بۆ هەلبژاردنی دولەسەرسێی کورسیەکانی پەرلەمان لە کۆی ٥٣ کورسی بوە خاوەنی ٥٠ کورسی لە زیمبابۆی ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە سەرۆک کۆمار" رۆبەرت موگابێ " پاش بێنەوبەردەی بایکۆتی ساڵی ٢٠٠٥ شکستی خوارد ، لەو ساڵەدا ، هێزی ئۆپۆزیسیۆن " جوڵانەوەی گۆڕانکاری دیموکراسی " ١٦ کورسی پەرلەمانی لەدەستدا ، ئەمەش دەتوانین بڵێین تارادەیەک لە کێشمەکێشی بایکۆتکردن یان نەکردن ئاستی دەنگەکانی دابەزاندن . پاش ئەم گەڕاندنە وە بۆ دواوەی ئەم جوڵانەوەیە ، رابەرەکەیان " مورگان چوانگیرای " بە پاساوی ئەوەی ئەنجومەنی پیران دەتوانێ "موگابێ " جێگیر بکات ، بریارێکی یەکلاکەرەوەی بۆ بایکۆتی هەڵبژاردنی نوێی ئەو ئەنجومەنە دەرکرد ، ئەمەش جێی سەرسورمان نەبو کە ناکۆکیەکی زۆری خستە نێو ئەو هێزەوە ، گروپێکی گەورەی ئەو هێزە بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردن بە هەڵەیەکی گەورە داناو سەرەنجام حزبی ناوبراو لێک دابڕاو مورگان چوانگیرای رابەرایەتی لەدەستدا وحزبی دەسەڵات " زانو " سەرەرای بوونی ئۆپۆزیسیۆن لە کۆی ٦٦ کورسی ٤٩ کورسی بردەوە .
لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٨ دا ، مورگان چوانگیرای ،لەئەنجامی هەڵبژاردنەکان کورسیەکانی پەرلەمان لە نێوان هەردو هێزی " یەکێتی نەتەوەیی ئەفەریقا زیمبابۆی " و " جوڵانەوەی گۆرانکاری دیموکراتیک " نزیکەی یەکسان بوون ، بارودۆخەکەی ریكخستەوە ، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی خۆی کاندید نەکرد . لە خولی یەکەمدا چوانگیرای موگابەی تێپەڕاند ، بەڵام دەوڵەت بەپاساوی نەهێنانی ٥٠٪ دەنگەکان ناتوانێ بەردەوام بێت لە کێبرکێ ، بۆیە چوانگیرای بۆ نارەزایەتی دەربڕین بڕیاری بایکۆتی دا، بەمەش رێگەی بۆ موگابی چۆڵکرد بە ئاسانی سەرکەوێت ، بەڵام ئەم سەرکەوتنە ی موگابێ بۆ خودی ئەو بوە گەراندنەوەیەک بۆ دواوە ، هەرجەندە مامەڵەی دابەشکردنی دەسەڵاتەکان پشکێکی گەورەی بۆ جوڵانەوەی گۆڕانکاری دیموکراتی بەدیهێنا ، بەلام بایکۆتەکەی چوانگیرای ئەو هەلەی بە موگابێ دا کە گەورەترین پۆستی دەوڵەت بەدەست بێنێتەوە .
زیمبابۆی تەنها ولات نیە ، کە تیایدا بایکۆت سەرکەوتنێکی بەرنامە بۆ دارێژراو بگۆڕێ بە شکست ، لە کامیرۆن سێ حزبی ئۆپۆزیسیۆن بریاری بایکۆتی هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ساڵی ١٩٩٧ دا ، ئەمە لە کاتێکدا ئەم ئیئتلافە ٥٦٪ ی دەنگەکانی پەرلەمانی پێنج ساڵ پێشتری بەدەست هێنا بوو ، بەلام ئۆپۆزیسیۆن هێشتا هەر نارازی لە سەرکەوتنە لەرزۆک وپر کێشەکەی سەرۆکی ئەو کات لە هەڵبژاردنی ١٩٩٢ دا بوو ، بریاری دا نەچێتە کێبرکێوە ، سەرەنجام " پۆل بیا " بە بە دەستهێنانی ٩٢٪ دەنگەکانی ٦٠٪ دەنگدەری بەشدار بوو تا ئیستاش ( ٢٠١٦ _ وەرگێر ) وەکو سەرۆک ماوەتەوە .
جاری واش هەیە ناکۆکی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەسەر بایکۆت ئەنجامی خراپتر بەرهەم دێنێ ، ئەگەر نمونەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی " سربیا " لەبەرچاو بگرین ، تاکاتی ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە ، سربیا پێنچ ساڵ شەڕی خوێناوی بەرامبەر بە بۆسنی هیرزۆگۆڤین وکرواتیا لەسەردەمی حوکمرانی " سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ " تێ پەراند بوو ، هیزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە رابەرایەتی "وۆک دراسکۆڤیچ " و سەرۆکی شارەوانی بەلگراد " زۆران جینجیک " لە ململانێیەکی سەختدا بوون ، ئەوەش ئاشکرا بوو کە ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتوو دەتوانێ شکست بە میلۆسۆڤیچ وکۆتایی بە دەسەڵاتە ترسناکەکەی بێنێ ، بەڵام گەمەکەرە سەرەکیەکان نەیاندەتوانی بگەنە رێکەوتن ، ئۆپۆزیسیۆن سەرەتا لەگەل بایکۆتدا بوون بەڵام دراسکۆڤیج دەیویست دڵنیا بێت کە حزبەکەی دەگاتە نوێنەرایەتی ، بۆیە پەڕەکانی هەڵگێرایەوەو دەیگوت بایکۆت بەمەبەستی زیانگەیاندن بە فراکسیۆنەکەی ئەو بووە ، هێزەکانی تری ئۆپۆزیسیۆن بە رابەرایەتی " جینجیک " بەشداری هەڵبژاردنیان نەکرد ، بەو پێیەی بەشداری ئەوان ئەگەرێکی گەورە هەبوو ئۆپۆزیسیۆن بکاتە زۆرینە ، بەلام لە جیاتی ئەوە میلۆسۆڤیچ وهاوپەیمانەکانی هەڵبژاردنێکیان بردەوە کە بەشێکی بایکۆت کرابوو ، دەسەڵاتیان لەدەستدا مایەوە .
دواتر ئەم ئەنجامە هەرزوو لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە وەک تفی بەرەو ئاسمان لێکدرایەوە ، وتەبێژی رەسمی حزبی دیموکرات سلۆبۆدان وۆکسانۆڤیچ بە مانگێک پێش ئەوەی پرۆسە سەرکوتگەرانەکانی میلۆسۆڤیچ بەرامبەر بە کۆسۆڤۆ وراکێشانی سربیا بۆ شەرێکی تاقەت پڕوکێن دژ بە ناتۆئەنجام بدرێ ، ئەم گلەیەی کردبوو " میلۆسۆڤیچ هێشتا لەدەسەڵاتە ، دیارە ئۆپۆزیسیۆن هەلی زۆری لەدەستدا "
لە کۆتاییدا رابەری حزبەکان هەروەک حزبەکان ، بەهۆی بەشداری نەکردنیان لە هەڵبژاردن بەئاسانی دەخرێنە پەراوێزەوە .ساڵی ١٩٩٧ " کانت ماتیبا " سەرۆکی گەورەترین حزبی ئۆپۆزیسیۆنی کینیا ، کەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بەرامبەر " دانیێڵ ارام مۆی " دۆراند بوو، لە بەرامبەر سیاسەتی نادادپەروەرانەی " مۆی " بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنیدا . لە ئەنجامدا " مۆی " بە ئاسانی بەسەر رکابەرە لاوازەکانی وەکو " موای کیباکی "دا سەرکەوت و "ماتیبا " ش کەوتە ئەودیوی پەردەی تاریکی سیاسەتەوە ، ماتیبا کەلەلایەن حزبەکەیەوە بەناوی " سبا سبا " دەرکرا ، چو حزبێکی لاوازی دروست کرد کە هەر نەیتوانی سەردەربێنێ ،لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٠٧ دا تەنها ( ٨٠٤٦ ) دەنگی بەدەست هێنا بوو ،لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنی ١٥ ساڵ پێشتردا ملیۆن ونیوێک دەنگی بەدەست هێنابوو .
مانۆڕە سیاسیەکانی ئەفغانستانیش بە هەمان شێوە بوو ، " عبدالستار سیرەت " لە کۆنفرانسی ٢٠٠١ ی شاری " بۆن " تایبەت بە ئارامی دەوڵەتی نوێی ئەفغانستان یەکێک لە کەسایەتیە خۆشەویستەکان بوو ، بەڵام دواجار کاتێک ئەمەریکا پشتی " حمید کارزای " گرت . سیرەت بە خۆ دورخستنەوەی و بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٤ی بەڕێخست وحکومەتی کارزای بە هەڵگەراوەو نارەوا لەقەڵەمدا ، بایکۆت کەدەبوایە لەلایەن هەر چواردە کاندیدە رکابەرەکانی ئۆپۆزیسیۆنەوە بکرایە هەرزو پاشەکشەی کردو ، کارزای بەبەدەست هێنانی ( ٥٥٪ ) دەنگەکان هەڵبژاردنەکەی بردەوە ، " سیرەت "یش هیچ بایەخێکی نەماو لە وەزارەتی دادیش وازی هێنا و لە تاریکایی دنیای سیاسەتیش ونبوو . هەرچەندە ناتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین کە چارەنوسی " عبداللە عبداللە " ش هەروایە کە هەمان هەڵەی سیرەتی لە هەڵبژاردنە قەیراناویەکەی ساڵی ٢٠٠٩ دوبارە کردەوە و لە رکابەری دەستی کێشایەوەو لەسەر سینیەکی زیوین هەڵبژاردنەکەی پێشکەشی کارزای کرد .
