عەقڵیەتی دۆگما و کاریگەری لەسەر هەڵوەشاندنی شیرازەی کۆمەڵ

7 كاتژمێر لەمەوپێش



د. سەڵاحی گەرمیان

گرژی و ئاڵۆزی و ئاڵوگۆڕی تومەت و ڕەخنە سەریهەڵدا لەنێوان چەندین کەس و لایەنی سیاسی لیبراڵ لە نوسەر و کەسانی سکیولار و دیموکراتیخواز لەلایەک و چەند ڕەوتێکی ئیسلامی کە ئایین لایان وەک ئایدیۆلۆجی چەسپاوە لەلایەکیتر، بەهۆی دیمەنی " فڕێدانی حیجاب" کە وەک هێمایەک بۆ ڕزگاربوونی ژنانی کورد لە کۆت و بەند، بەتایبەتیش ژنانی ئێزدی لەژێر دەستی داعش، هەروەها بۆ خستنەڕووی چەند پرسێکی کۆمەڵایەتی وەک ئازادی تاک، ناسنامە و کولتوور بە شێوەیەکی ڕەمزی، کە تابلۆیەکی هونەری لەلایەن تیپێکی هونەری ڕۆژئاڤای کوردستان پێشکەشکرا، لە چوارچێوەی چالاکییەکی “سەنتەری ڕۆشنبیری کەشکۆڵ” ی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی. 

هەرئەو چالاکییە هونەرییە، مشتومڕێکی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێنا و لێکدانەوەی بۆکرا وەک سووکایەتی بە پیرۆزییەکی ئایینی و شەپۆلێکی توڕەیی لێکەوتەوە لەلایەن ڕەوتە ئیسلامییەکانەوە و بە بێڕێزی بە سۆزی موسڵمانان و هاندانی ڕق و کینە دژ بە ئایینی ئیسلام لێکدایەوە. جەختیان لەوە کردەوە کە حیجاب تەنیا جلوبەرگێک نییە بەڵکو ڕێوڕەسمێکی شەرعییە کە خودا فەرمانی پێکردووە و لەلای ملیۆنان موسڵمان لە کوردستاندا نەریتێکی پیرۆزە. هەر لەسەر ئەنجامدانی ئەو چالاکییە سکاڵای یاسایی لەسەر زانکۆکە تۆمارکرا و داوای لێکرا کە داوای لێبوردن لە موسڵمانان بکات. 

 ڕەوتە ئیسلامییەکان هەروەکو ڕەوتە ئایدیۆلۆجییەکانی تر، زۆرجار وەک خاوەن دەسەڵاتێکی ڕەها لە چالاکییەکانیاندا ئایین بەکاردێنن، بۆیە هەر کار و کردەوەیەک ئەنجام ئەدەن بە شەرعی و پیرۆز بۆ خەڵکی ئەخەنەڕوو، بۆ نموونە؛ هەرجارە و لە شارێکدا مەراسیمی تایبەت بۆ بەحیجابکردنی سەددان کچ ڕێکئەخەن و لە کەناڵەکانی میدیاوە  بانگەشەی بۆ ئەکەن. یان هەڵئەستن بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی پارە بۆ غەززە بەناوی ئەرکی ئایینییەوە. لە زۆر بۆنەدا بەشێوەیەکی نەشیاو هێرش ئەبەن و سوکایەتی ئەکەن بە بێباوەڕان و باوەڕدارانی ئایینەکانی تر، کەس بۆی نییە ڕێگربێت و ڕەخنەیان لێگرێت و بە هێرش بۆ سەر ئایینی ئیسلامی ئەزانن. داوای دیموکراسی و ئازادیی دەربڕین ئەکەن کە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بشکێتەوە. بەڵام هەر هەنگاوێکی ئەوانیتر ڕەتئەکەنەوە یان دژایەتی و ئیدانەی ئەکەن ئەگەر لەگەڵ ئەجیندای ئەواندا یەکنەگرێتەوە. یان لەگەڵ بەها پیرۆزەکانیاندا ناکۆکبن. گشت ئەو هەڵوێست و کردارانەیان ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی خۆیان بە خاوەن حەقیقەتی ڕەها ئەزانن. 

ئاشکرایە، بیروباوەڕی ئایینی لە کۆمەڵگەی کوردیدا زاڵە. ئەوەش وایکردووە ڕەوتە ئیسلامییەکان سوود لەوە وەربگرن و ڕێی خۆشکردووە بۆ سەپاندنی زیاتری دیدگاکەیان و کەمتر ئامادەیی قبوڵکردنی فرەییان هەبێت. ئەو جۆرە باوەڕە بە خاوەندارێتی حەقیقەتی ڕەها جەوهەری ”عەقڵیەتی دۆگما”یە، کە عەقڵ بەڕووی پرسیارکردندا دائەخات. 
پێناسەی دۆگما: 

لە فەلسەفە و دەروونناسیدا، دەستەواژەی "دۆگما"  ئاماژەدانە بە عەقڵی داخراو و بیرکردنەوەی چەقبەستوو لەسەر بنەمای باوەڕی ڕەها بە ڕەوایەتی هزرێکی دیاریکراو.  چەمکی دۆگما لەوە ئەکۆڵیتەوە، چۆن بیروباوەڕی ڕەگداکوتاو ئەتوانێت کاریگەری لەسەر هەڵسوکەوت هەبێت. گەر لە ئاستی کەسی،  ئایینی، یان سیاسی بێت، چ بە ڕەتکردنەوەی گۆڕانکاری لە بیرکردنەوەدا یان گەڕان بەدوای زانیاری نوێدا.

دۆگمای ئایینی و داخستنی دەرگای دایەلۆگ
 دۆگما کۆت و بەندێکی فیکرییە ڕێگری ئەکات لە دونیابینی هەمەجۆرەیی و تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەکانی ژیان. دۆگما، واتا پابەندبوون بە کۆمەڵێک بیروباوەڕی چەقبەستوو دوور لە قەبووڵکردنی گۆڕانکاری و مشومڕ، ئەم بیروباوەڕانە لە چوارچێوەی ئاییندا ئەبنە سەرچاوەی بنەڕەتی بۆ حکومدان لەسەر هەموو شتێک لە دەرەوەی خۆیان و هەر دەربڕینێکی جیاواز لەگەڵ بیروباوەڕی ئایینیدا نەگونجێت، چ کولتووری بێت یان هونەری وەک نموونە، رەتئەکرێتەوە و سەرسەختانە دژایەتی ئەکرێت.

لە بیرکردنەوەی دۆگماتیکدا بیروبۆچوونەکان ئەگۆڕدرێن بۆ سیمبولی پیرۆز کە ناکرێت دەستیان لێبدرێت، ئەمەش دەرگای دیالۆگ دائەخات و ململانێ جێگای گفتوگۆ ئەگرێتەوە. بیرکردنەوەی دۆگماتیک پشت بە دەسەڵاتی ئایینی، سیاسی، یان ئایدیۆلۆجی ئەبەستێت وەک سەرچاوەی حەقیقەت، نەک بە عەقڵ یان

ئەزموون. ئەوانەی خۆیان بە خاوەنی حەقیقەتی ڕەها ئەزانن پێیان وایە ئەوانەی لەگەڵیان ناکۆکن ئەبێت بێدەنگ بکرێن، بە ناوی ئایین، ئەخلاق، یان نیشتمانپەروەرییەوە.  
عەقڵییەتی دۆگمای ئایینی پێداگر، نەک هەر دایەلۆگ رەتئەکاتەوە، بەڵکو هۆکاری جیاکاری و دابەشبوونە لە کۆمەڵدا بۆ: بەرەی ئیمانداران (ئەوانەی پەیڕەوی لە دۆگمای ئایینی ئەکەن) و بەرەی بێباوەڕان یان سەرلێشیواوان (ئەوانەی کە بیروباوەڕی ئەوان پێڕەو ناکەن). ئەم پۆلێنکردنە وائەکات سیفەتی مرۆڤبوون لە ئەوانیتر داماڵێت و سووکایەتی و جیاکاری وەک ئەرکێکی ئایینی، کارێکی ئاسایی بێت لە دژیان. ئەوەش نیشانەیەکی حاڵەتی “پارانۆیا”ی بەکۆمەڵە کە توشیان بووە.
پارانۆیا، حاڵەتێکی دەروونییە لە گومان و ترس لە پیلانگێڕی، کەسێک یان ئەندامانی گروپێك بەکۆمەڵ دووچاری ئەبن. نموونەی ترسی ڕەوتە ئیسلامییەکان لە بڵاوبوونەوەی بیری سکیولاریزم و پێشکەوتنخوازی کە وەک هەڕەشە ئەیبینن بۆ لەدەستدانی پێگە و دەسەڵاتیان بەسەر کۆمەڵەوە. ئەوان پێیانوایە هەر کردارێک یان کارێکی هونەری یان ئەدەبی لەدەروەی چوارچێوەی فیکری ئەواندابێت، ئامرازێکە بۆ بڵاوکردنەوەی بیری دژ بە ئایین و تێکدانی نەریتی باوی کۆمەڵگە. 
بۆیە، لەبری پەنابردن بۆ دایەلۆگ و سەیرکردنی هونەر وەک پردی تێگەیشتن لە نێوان چین وتوێژەکانی کۆمەڵگە و، وەک بەشێک لە کولتوور و پێویستییەکی کۆمەڵایەتی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک هەر هەوڵی قەدەغەکردنی ئەدەن، بەڵکو ئەکەونە دژایەتیکردن و ناوزڕاندنی هەڵسوڕاوانی. چونکە لای ئەوان وەک ئامرازی یاخیبوون لە ئایین و سوکایەتی بە پیرۆزەکانیان و هەڕەشەیەکی وجودی لەسەریان سەیری ئەکەن. 

دۆگما لە پەیوەندی بە نێرگزیی بەکۆمەڵ
باوەڕبوونی ڕەها کە خەسڵەتی عەقڵییەتی دۆگمایە، پەیوەندییەکی قووڵی هەیە بە نێرگزیی بەکۆمەڵەوە کە (هەستکردنی بەکۆمەڵ بە گەورەیی و باڵادەستی) یەکێکە لە سیفەتەکانی. ئەم پەیوەندییە زۆر گرنگە، بەو پێیەی چەمکی دەروونی و کۆمەڵایەتی کۆئەکاتەوە کە پێکەوە ژینگەیەکی داخراو و دوژمنکارانە بەرامبەر بەوانیتر پێکئەهێنن.
کاتێک دۆگما لە گروپێکدا پەرەئەسێنێت، ئەو گروپە ئەگەیەنێت بە حاڵەتێک توشی نێرگزیی بەکۆمەڵ ئەبێت، ئەوەش هەستی خاوەندارێتی حەقیقەتی ڕەها ئەگۆڕێت بۆ هەستکردن بە مافی شکۆمەندی گروپ و بەرزکردنەوەی پێگەکەی. هەستی ئەوەیان لا دروست ئەبێت کە هەر ڕەخنەیەک یان تەحەدایەک هێرشکردنە بۆ سەر بوون و کەرامەتی گروپەکە. 
بۆ بەرزکردنەوەی هەستی گەورەیی خۆی، گروپی نێرگزی پەنا ئەباتە بەر بێبەهاکردن و سووککردنی ئەوانیتر. هەروەها خۆی بە باشتر و شایستەتر ئەبینێت. هەرکەسێک جیاواز بێت یان نەگونجێت لەگەڵ بیروباوەڕیدا وەک هەڕەشەیەکی وجودی سەیری ئەکات کە ئەبێت بەرەنگاری ببێتەوە. جیاوازییەکانیان وەک پیلانگێڕی یان دوژمنایەتییەکی ئاشکرا لێکئەداتەوە. دۆگما و نێرگزیی بەکۆمەڵ خزمەت بە پێویستییەکی دەروونی قووڵی گروپەکە ئەکات، کە هەستکردنە بە گەورەیی و باڵادەستی و وائەکات توندڕەوانی ئایینی ڕەخنە قبوڵنەکەن و خۆیان لە سەرووی ڕەخنەوە ببینن، چونکە پێیان وایە ئەوان پەیڕەوی یاسای خودای دروستکەری گەردوون ئەکەن. 
گروپی خاوەن عەقلییەتی دۆگما خۆی وەک ڕزگارکەری ئەوانی تری بەلاڕێدابراو ئەبینێت. ئەم ڕۆڵە ئەیخاتە پێگەی مامۆستا یان پەروەردەکارێکەوە کە ئەوانی تر ئەبێت گوێڕایەڵ و ملکەچی پەیام و ڕێنماییەکانیان بن.
لەو کۆمەڵگایانەی کە دۆگمای ئایینی زاڵە بەسەر ژیانی گشتیدا، زۆرجار پەیوەندییەکی گرژ لە نێوان ئایین و هونەردا سەرهەڵئەدات. ئەم پەیوەندییە لە جەوهەری خودی ئایینەوە سەرچاوە ناگرێت، بەڵکو لە دۆگما و لە پارانۆیای بەکۆمەڵەوە سەرچاوە ئەگرێت کە هەندێک دەربڕینی هونەری وەک هەڕەشە بۆ سەر شوناسی ئایینی یان ئەخلاقی سەیر ئەکات.
 
لە کۆتاییدا پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە، کە سەرەڕای ئەوەی هەندێک لایەنی توندڕەو و هەڵگری عەقلیەتی دۆگمایی پێیان وایە نابێت ڕێگا بەم جۆرە چالاکیانە بدرێت چونکە سنووری ڕێزگرتن لە پیرۆزییەکان تێئەپەڕێنێت، بەڵام گرنگە ئەوە بخەینە بەرچاو کە ئێمە لە سەردەمێکداین، سەردەمی کرانەوە و یەکتری قبوڵکردنە، پێویستە فەزای دەربڕینی ئازاد بۆ هەمووان دەستەبەر بکرێت و ڕێز لە بۆچوونە جیاوازەکان بگیرێت. نابێت فەزای ئازادی و دیموکراسی ئیمتیاز بێت بۆ گروپێک لەسەر حیسابی گروپێکی تر، بەڵکو ئەبێت وەک مافێکی هاوبەش سەیربکرێت.

ئەوەی بۆ ئیسلامیەکان ڕێگەپێدراوە، پێویستە بۆ کەسان ولایەنی تریش ڕێگەی پێبدرێت، لە چوارچێوەی یاسا و گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی.  ڕەوتە ئیسلامییەکان مافی دەربڕینیان هەیە وەک ئەوانیتر، بەڵام ئەم مافە نابێت بەکاربهێنرێت بۆ قۆرخکاریی کایە گشتییەکان.

پێویستە ئەوە بخرێتە بەرچاو، کە دەستبەرداری باوەڕی دۆگمایی و خۆڕزگارکردن لە پارانۆیا بە مانای وازهێنان لە ئایین نییە، بەڵکو تێگەیشتنە لە پەیوەندی نێوان پیرۆز و داهێنان و ڕێزگرتنە لە هەڵگرانی بیروڕای جیاواز. ئەگەر بۆ نموونە، ڕێگە بە هونەر بدرێت بەشێک بێت لە دایەلۆگی ئایینی و کولتووری لەنێو کۆمەڵدا، ئەتوانێت بگۆڕێت لە نەیارێکەوە بۆ هاوپەیمانێک لە بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی کراوە و مرۆڤدۆستدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار