عەقید دڵشاد، جوانترین پەپولەی لالەزار ...

6 كاتژمێر لەمەوپێش
عەبدولڕەزاق شەریف
دڵشاد یان عەقید دڵشاد، ئەفسەرێک بەمانای خوڵک و عەقیدەی سەربازی، وەلائی بۆ کورد و کوردستان بوە، ئەفسەرێکی کورد، دەرچوی کۆلیژی سەربازی، پلە و پۆستی جیا جیای لەحکومەتی هەرێمی کوردستانا هەبوە، خەمی خەڵکوخوای کورد هەمیشە هەڵوێستی پیاوانەی پێ گرتۆتەبەر، لەناو یەکێتی سەوداسەری ریفۆرمی دامودەزگا حیزبی و حکومیەکان بوو . پشتیوانی سەرسەختی نەوشیروان مستەفا و بزوتنەوەی گۆڕان بوو. لەشەڕەکانی بەرگری و رووبەروبونەوەی "داعش" لەریزی پێشەوە، تفەنگێکی هەمیشە سوار بوو.
هانای بۆ ئەو چڵە پوشە دەبرد کەعەدالەتی کۆمەڵایەتی لەناو کۆمەڵی کوردەواریا بنەخشێنێت. هەمیشە رووگیری عیزەتی نەفس و پیاوەتی و جوامێری خۆی بوو. عەقیدەی سەربازی و کۆلیژەکەی قەڵاچوالانی مام و پرەنسیپەکانی مێژوی کۆمەڵە و یەکێتیی ئەوی کردبوە پیاوی مەیدانی بەرگری و لەلایەکیتر پیاوێک لەخەمی هاوڕێکانیدا بێت .
شەوی هەڕەشەی شەڕ و فەوت و فەنای برازا و کەسوکاری مامجەلال، لەبیستودووی ئاب، لەگردی سەرچناری سلێمانی، هانای ئەوان بۆ دڵشاد و چونی ئەو بۆ ماڵی لاهوری شێخ جەنگی، جگە لەپابەند بون بەو پرەنسیپە کۆمەڵایەتی و سیاسی و سەربازییەی کەخوڵکی خۆیەتی هیچیتر لەهەگبەی ئەودا، نەبووە !
منیش لەوێ بومایە گەر بەهانای کوڕانی شێخ جەنگی و هاوڕێکانیشمەوە نەچومایە لای کەمی بەپاپەند بونێکی خوڵک و ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، ئەچومە نێوانی هێزەکانەوە! ئەمەم کاتێ کردوە کەلەناو ی ن ک و لەشەڕی ناوخۆدا بوم، بەهانای هەڤاڵێکی کوڕی گەڕەکەوە چوم لەشەڕ و پەلاماری مەکتەبی عەسکەری پارتیدا، بەشانازییەوە ژیانی ئەو ، مومتەلەکاتی ماڵەکەی و هی زۆر کەسیتری پارتیمان لەشەڕی ناوخۆدا، پاراست.
من تێناگەم گۆڕانخوازانی کۆن و نوێ، هەموو ئەوانەی لەپاکێتی و جوانی دڵشاد دڵنیان، بۆچی بێدەنگن؟ میدیا و رۆژنامەنوس و دەزگاکانی راگەیاندن، تەنانەت ئەوانەی لەسەردەمێکدا، دڵشاد ئەیپاراستن! بۆچی ناوی ناهێنن؟
قەڵەمی من لەمەرگی سلێمانی خۆشبێت! لەئازاری پەنجەیەکی دڵشاد خۆش نابێت ...
