نێچیرڤان بارزانی پیاوی سێبەرو دەنگی نیشتمان! 

3 كاتژمێر لەمەوپێش



عەتا شەمێرانى

وینستن چەرچڵ، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا وتی، “جیاوازی سیاسەتمەدار و دەوڵەتمەدار ئەوەیە کە،  یەکەمیان بیر لە هەڵبژاردنی داهاتوو دەکاتەوەو دووەمیان بیر لە نەوەکانی داهاتوو دەکاتەوە، لێرەوە دەرگای بابەتەکەی ئێمە بەڕووی کەسێکدا دەکرێتەوە کە ساڵانێکی زۆرە بووە بە هێمای ئاشتی و ڕێکخەرەوەی ماڵە شێواوەکەی کورد، دەوڵەتمەدار نێچیرڤان ئیدریس بارزانی ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان!

لە دونیای ژاوەژاوی سیاسەتدا کە بەردەوام دروشمەکان بەرز دەکرێنەوە و ژاوەژاو زۆرە، لە ئەستانەی ململانێ سیاسییەکاندا،  پیاوێکی هێمن و لەسەر خۆ دێتە پێشەوە و بەهێمنی لایەن و کەسە دژو ناکۆکەکان، لەسەر مێزێکی بازنەیی کۆدەکاتەوە ،ئەو بە دوای کامێرادا ڕاناکات و داوای چەپڵە لێدانیش ناکات، بەڵام بە تەواوی دەزانێت کەی قسە بکات و چۆن قسە دەکات و لە کوێدا بێدەنگ بێت!!

هەرگیز خۆی نمایش ناکات، بەدەگمەن لەچاوی تیڤییەکانەوە دەبینرێت، ئەو وەک کەشتیوانێکی بەئەزموون .بەتەواوی تێدەگات کە زریانەکە بەرەو کوێ دەڕوات، هەرگیز دەنگی بەرزناکاتەوە بۆ ئەوەی ئەوانیتر بێدەنگ بکات، بەڵکو گوێ دەگرێت تاکو بزانێت ئەوانیتر چی دەڵێن و چییان لەهەگبەدایە، هیچ داواکارییەک لەلایەن ئەوەوە ڕەتناکرێتەوە ، هەرگیز ناڵێت نا ، هەمیشە گۆشەیەکی جیاواز دەدۆزێتەوە ، زۆر بە شێنەیی تا لێواری دژایەتیی و ناکۆکییەکان دەڕوات،  لەنێو ئاگرەکاندا ، ڕۆڵی ئاو دەگێڕێت!

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ،جیاوازە لەو سیاسەتمەدارە تەقلیدیانەی کە ڕۆژانە لە عێراق و کوردستان وتار دەدەن و دەیانبینێن. پێویستی بە ڕووناکی نییە بۆ ئەوەی ببینرێ و دەرکەوێت؛ ئەو تەنیا پیاوی سێبەرەکانە. بەڵام سێبەرەکەی بەرز و قورسە، ئاماژەیە بۆ دارێک کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە ناخی زەویدا هەیە و لە سەرووی سەریەوە بەرز بووەتەوە!!

هەنگاوەکانی لە تەختەی شەترەنج دەچێت: پێوانە، ئارام، بەڵام یەکلاکەرەوە. ناچێتە نێو شەڕی زارەکیەوە، هەروەها کارتێکیش هەڵناکێشێت کە باوەڕی پێی نییە، پێی وایە سیاسەت هونەری گونجاندنە، گەلان بە هاوارکردن و قیڕەقیڕ دروست نەکراون، بەڵکو بە حیکمەت و دانایی و هاوسەنگی بنیات دەنرێن!!

نێچیرڤان بارزانی ئەو کەسەیە کە دەرگای باشووری کوردستان  بەڕووی جیهاندا دەکاتەوە و دەرگای ناتەبایی لەسەر هەرێم دادەخات. لە دانوستانەکاندا هەمیشە دڵی بەرامبەر ڕازی دەکات و هەندێک جاریش سازش دەکات، بەڵام هەرگیز دەستبەرداری کەرامەت نابێت و هەرگیز سازش لەسەر پرەنسیپەکان ناکات. ئەو دەزانێت کەی تەوقە بکات و چۆن تەقە بکات و کەی دوور بکەوێتەوە. باش دەزانێت کوردستان لە کاتی ئاگردا پێویستی بە عەقڵێکی فێنک و لە کاتی وشکەساڵیدا ، پێویستی بە دڵێکی گەرم هەیە!!

بە سرووشتی خۆی، حەزی لە خۆدەرخستن نییە، بەڵام خۆشی ناشارێتەوە. ئەو قەیرانەکان بەڕێوەدەبات بەبێ ئەوەی ڕایانبگەیەنێت، ئەوەی شکاوە چاکی دەکاتەوە پێش ئەوەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت. ئەو پێی وایە سەرکردە کەسێک نییە کە هاوار بکاتە سەر خەڵک، بەڵکو ئەو کەسەیە کە لە ڕێگەی بێدەنگییەکەیەوە دەیانپارێزێت!!

سیاسەتی نێچیرڤان بارزانی٫ لوتکەی قوتابخانەیەکی قووڵی بارزانییە، کە هێڵی نیشتمانی دەپارێزێت و ڕێز لەوانیتر دەگرێت و زیادەڕەوی ناکات، خۆی بەخۆیەوە سەرقاڵ ناکات. کاتێک بە دەوڵەتمەدارێک دەوترێت وابە، داوای کاتێکی زیاتر ناکات، بەڵکو بە بێدەنگی کاردەکات تا ئەنجامەکان بەدەست دەهێنن!!

لە سەردەمێکدا کە پڕە لە کەسایەتییە زوو تێپەڕەکان، نێچیرڤان بارزانی وەک ڕووخساری متمانە دەمێنێتەوە٫ ئەو لە سەردەمی بانگەشەکردندا، وەک دەنگی دەوڵەت تەماشا دەکرێت!!

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار