مۆتیڤەکانی ترەمپ بۆ پڕۆژەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها نۆبڵی ئاشتی نییە

3 كاتژمێر لەمەوپێش



نووسینی: کانی عومەر

یەکێک لە گوتارە سەرەکی و هەمیشەییەکانی "دۆناڵد ترەمپ"، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هێنانەدی "ئاشتی ڕاستەقینە"ـییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەدیاریکراویش لە دۆزی ململانێ مێژووییەکەی نێوان ئیسرائیل-فەلەستین، مەبەستیشی لە وشەی ڕاستەقینە بۆ پڕۆژە ئاشتییەکەی، تێپەڕاندنی ڕێککەوتنە ئاشتییەکانی سەرۆکەکانی دیکەی ئەمریکا وەک: "جیم کارتەر" لە ڕێککەوتنی "کامپ دەیڤد"، "بیل کلینتۆن" بۆ ڕێککەوتنی "ئۆسلۆ"ـیە، هەوڵەکانی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی 2020 بە "ڕێککەوتنامەی ئیبراهیمی" دەستپێکرد، بەمدواییانەش پلانە 20 خاڵییەکەی بۆ ئاگربەست و کۆتاییهێنان بە جەنگی غەزە خستەڕوو. لەگەڵئەوەشدا، لەم ڕێگەیەوە دەیەوێت شکست و لاوازیی "دیموکرات"ـەکان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی بسەلمێنێت و لە سەرە سایکۆلۆژیی و کەسییەکەشییەوە دەیویست ببێتە پێنجەم سەرۆکی خاوەن "نۆبڵی ئاشتی" ئەمریکا.

سەرەڕای کۆکبوونی ڕای گشتی و دەستەبژێران لەسەر دیوە کەسیی و نارسیستییەکەی ترەمپ لە بڕیارەکانیدا بە ئاڕاستەی بەرژەوەندییە کەسیی و سیاسییەکانی، زوو گۆڕینی بیرۆکە و گوێنەگرتن لە ڕاوێژکارەکانی، بەڵام هێشتا لە وڵاتێکی وەک ئەمریکادا سیستەم لە کەس بەهێزترە، سەرەڕای بەهێزی پێگەی سەرۆک لە بڕیارەکاندا، بەڵام هێشتا لەڕێگەی دەسەڵاتەکانی دیکەی وەک کۆنگرێس و دادگای باڵا  بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی دەستووری ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکاندا هەیە، هەروەها "پێنتاگۆن" بە بەکارهێنانی دەسەڵاتی سەربازی و FBI ـیش بەبەکارهێنانی دەسەڵاتی تەحقیقی ڕۆڵی ڕێژەییان لە ڤیتۆکردنەوەی بڕیارەکاندا هەیە؛ هەر بۆ نموونە، دادگای باڵای وڵاتەکە لە ساڵی 2017، فەرمانی "ترەمپ"ـییان بۆ قەدەغەکردنی هاتنەناوەوەی کۆچبەرانی حەوت وڵاتی مسوڵمان بەگوێرەی بنەماکانی دەستوور هەڵوەشاندەوە و بەجیاکاری لەسەر بنەمای ئاین هەژمارییان کرد.

رەنگە هەر ئەمە جیاوازی بەدامەزراوەبوونی وڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا بێت بە بەراورد بە ئەو وڵاتانەی دیکە کە بڕیار لەلایەن تاکەکەسێکەوە دەدرێت؛ چونکە شیمانەکانی هەڵەی ستراتیجی مێژوویی تا کارەساتی مرۆیی گەورە کەمدەکاتەوە، دەسەڵات بەسروشتی خۆی پێویستی بە کۆنتڕۆڵکردنە، دەشێت کەسی دەسەڵاتدار لەژێر بارودۆخی دەروونی کەسییدا  یان بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆی، ڕووبەڕووی کورتهێنان لە دیدگای پێشوەختەی ببێتەوە و بڕیاری هەڵە بدات، بۆ نموونە لە کەیسی "ئابڕووچوونەکەی وەتەرگەیت"ـی "ڕیچارد نیکسن"، FBI دەسەڵاتی ڕێژەیی لێکۆڵینەوەیی خۆی بەکارهێنا بە بەبەرزکردنەوەی ڕاپۆرت بۆ کۆنگرێس و کۆتایهێنان بە خولی سەرۆکایەتییەکەی نیکسن و  دەستلەکارکێشانەوەی

ترەمپ بە تێگەیشتن لەم سیستەمسازییەی وڵاتەکەی، بەشێوەیەکی ستراتیجی کار بۆ بەرژەوەندییە کەسییەکانی دەکات، هەوڵی باڵاکردنی ئیگۆی و کۆکردنەوەی میراتی مێژوویی سیاسی بۆ نەمریی ناویی لەڕێگەی کردە ئەستەمەکانەوە و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە ئابورییە درێژ-مەوداکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەدات. تێرکردنی ئیگۆ سیاسییەکەی بە وابەستەکردنی ناوییەتی بە "پیاوی دەستکەوتە مەزنەکان" لە مێژووی ئەمریکادا، وەک ڕێککەوتنامەی ئیبراهیمی، پلانە 20 خاڵییەکەی بۆ ئاگربەستی شەڕی نێوان ئیسرائیل-فەلەستین و دانوساندنەکانی شەرمشێخ، کوشتنی قاسم سولەیمانی، چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ کۆریایی باکوور، گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ ئورشەلیم و کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە  ئەفغانستان و سووریا...

ەئاشکرایی گرێی بەدەستهێنانی "نۆبڵی ئاشتی" لە گوفتار و کردارەکانی "ترەمپ"دا دەرەکەوت، ئەم خولیا (ئۆپسێشن)ـەی تاڕادەیەکە، تەواوی جیهان لەبارەیەوە دەدوێن، ئاشکراشە خەڵاتەکە ناسراوترین ناسینی جیهانییە بۆ دروستکردنی ئاشتی. پێشتریش سەرۆکانی دیکەی وەک: "تیۆدۆر ڕۆزفیلت" لە 1906 بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی ڕووسیا-ژاپۆن، "وودرۆو وێڵسۆن" لە 1919 بە دامەزراندنی کۆمەڵەی نەتەوەکان، "جیمی کارتەر" لە 2002 بۆ ڕێککەوتنی کامپ دەیڤد و "باراک ئۆباما" لە 2009 بۆ دیپلۆماسی نێودەوڵەتی خەڵاتەکەیان وەرگرتووە. سەرەڕای ئەوەی ترەمپ خۆی بە شایستەترین کەس دەزانێت، بە بەڵگەی ئەوەی لە ماوەی خولی سەرۆکایەتییەکانی ئەودا هیچ جەنگێکی نوێ ڕانەگەێندراوە و هەوڵەکانی بەردەوام بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی دوو ساڵەی غەزە بووە، میکانیزمەکانی دابەشکردنی خەڵاتەکە بە نادادپەروەر وەسف دەکات و لیژنەکەش بە لایەنگیری سیاسیی تۆمەتبار دەکات، چونکە ئۆباما شایستەی ئەوە نەبوو ببێتە براوەی خەڵاتەکە وکارەکانی خۆی لە بواری دیپلۆماسی بە شایستەتر دەزانێت، هۆکاری وەرنەگرتنیشی تەنها بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە ئەو ناوی "ئۆباما" نییە.

گرێدانەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ترەمپ تەنها بە وەرگرتنی خەڵاتەکە دیدێکی هەژارانەیە، چونکە وەک لەسەرەوە باسکرا، لە وڵاتێکی دامەزراوەیی وەک ئەمریکادا، سەرۆک کار بۆ ستراتیجە درێژ-مەوداکانی وڵاتەکە دەکات، تەنانەت جێکردنەوەی پنتە کەسییەکانی سەرۆکی دەسەڵاتداریش دەبێت لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاکاندا بێت.

بەرژەوەندی سیاسی، جیۆ-ستراتیجی و ئابووری لە پرۆژەی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆکارگەلێکن ناکرێت نادیدە بگیرێن، ترەمپ کۆنتڕۆڵی تەواوەتی ئەمریکایی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەوێت ئەمەش بە لاوازکردنی ڕۆڵی هەرێمایەتی ئیران لە ناوچەکەدا و گەیشین بە سعودیەیە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی ڕێککەوتنی ئەبراهام، چونکە لە قۆناغی یەکەمدا نەیتوانی سعودییە بکاتە بەشێک لە پڕۆژەکە، چارەسەرکردنی کێشەی غەزە کلیلی گەیشتنییەتی بە سعودیە. لە دیوە ڕەمزییەکەشەوە خاوەنی (مەککە و مەدینە)ـیە وەک دوو پیرۆزترین شوێنی مسوڵمانان لە سەرانسەری جیهاندا، ئەمەش پێگەیەکی سیمبوڵی گرنگی بە سعودییە داوە لە جیهانی ئیسلامدا، گەر سعودیە ببێتە بەشێک لە پڕۆژەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل واتە داننانی جیهانی ئیسلامی بە ئیسرائیلدا بۆیە چارەسەری کێشەی فەلەستین ڕێگەخۆشکەرە بۆ ئەندامبوونی سعودیە لە ڕێککەوتنی ئیبراهیمی.

لە دیوە ئابوورییەکەشەوە، نزیکبوونەوەی سعودی-ئیسرائیلی واتە کۆنتڕۆڵکردنی باشتری نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەلایەن ئەمریکاوە، ڕاستە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی میسر خاوەن گەورەترین ئابووری عەرەبییە و پاش ئەویش ئیمارات، بەڵام سعودییە خاوەن گەورەترین بازاڕی عەرەبییە و ئابوورییەکەی زۆر بەهێزە. هەروەها لە "پلانی ئاشتی غەزە"ـدا باس لە بەهێزکردنەوەی ئابووری غەزە ونۆژەنکردنەوەی دەکرێت، ئەمە دەبێتە دەرفەتی وەبەرهێنان و بازرگانی گەورە بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەنێویشییاندا کۆمپانیاکانی ترەمپ. سەرەڕای بەکارهێنانی ناوچەکە وەک خاڵی بازاڕی چەکی ئەمریکی و دڵنیاکردنەوەی بەرژەوەندی کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە بازاڕی نەوت.

هەوڵەکانی ترەمپ بە ئاڕاستەی ئاشتییە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی تا دروستکردنی "ناتۆ"ـیەکی عەرەبی دژ بە هەژموونی ئێران، بۆیە بەبێ بوونی نۆبڵی ئاشتیش، گەر کارتەر بە ڕێککەوتنی کامپ دەیڤد و کلینتۆن بە ڕێککەوتنی ئۆسلۆ یادی بکرێتەوە، ترەمپ بە "ڕێککەوتنی سەدە" و پرۆژەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ناودێر دەکرێت، بەمجۆرە ئەمە ئەوەیە پێیدەوترێ پڕۆژەی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار