ئایا هەرای ئیخوانەکان دژی فڕێدانی نیقابەکەی داعش گەمەیەکی هەواڵگری تورکەکان بوو؟

3 كاتژمێر لەمەوپێش
ئارام ڕەفعەت
نمایشەکەی هونەرگەها وڵات، کە لە ٢٨ی ئەیلول لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی پێشکەش کرا، لەلایەن فیرقەی ئیخوانەکانی باشورەوە کرایە بیانووی ئەنجامدانی کەمپینێکی فراوان دژی کورد لە رۆژاڤا و ئەزموونە خۆسەریەکەی و شەڕڤانانی.
وردبوونەوە لە سرووشت و شێواز و کارەکتەرەکانی پشت ئەو کەمپینە، گومانی ئەوە دروست دەبێت کە میت و موخابەراتی تورکی لەپشت ئەو کەمپینە ناوەرۆک فاشیستی و دژە کورد و دژە شەڕڤان و دژە ئەزموونی رۆژاڤاوە بێت.
ئەم گومانە هەر لەوێوە سەرچاوە ناگرێت، کە دەسپێکی ئەم کەمپین و هەرایەی فیرقەی ئیخوانی بە کادیرێکی ئەو فیرقەیە سپێردرابوو کە بە بنەچە تورکمانە و و کەم و زۆر هیچ ئینتیما و سۆزێکی بۆ کورد و دۆزە رەواکەی، بەتایبەت لە باکور و رۆژاڤای وڵات، نەبووە و نییە.
گومانەکە هەر لەوێوەش سەرچاوە ناگرێت کە هەموو ئەوانەی چوونە پاڵ کەمپینەکە پەیوەندی ناسروشتی و گوماناویان بە تورکەکانەوە هەیە، بەتایبەتیش هاوسۆزی ئەردۆغان و رژێم و حیزبەکەی ئەون و بەئاشکراش نەیاری تەڤگەری باکورن.
گومانی سەرەکی لەچەندین فاکت و سەرەداوی تردا بەرجەستە دەبێت کە لە خوارەوە هەندێکیان دەخەمە روو.
یەکەم؛
شەڕەکە هی سەلەفی و داعش بوو ئیخوان کردی.
یەکێک لەو گومانانەی کە رەنگە تورکەکان نیقابەکەی داعشیان وەک گەمەیەکی قێزەون بە ئیخوانەکانی باشور کردبێت ئەوەیە نیقاب هی ئیخوانەکان نییە و هی داعش و سەلەفیەکانە. ئیخوانەکان نە هەرگیز نیقابیان بەهی خۆیان زانیوە، نە قەت بانگەشەیان بۆ کردووە و نە خاوەندارێتیان لێکردووە.
ئەم هەقیقەتەمان لە باشور بەچاوی خۆمان بینیوە.
سی ساڵە و وەک بەشێک لەغەزووی فکری بۆ سەر کوردستان و بە بودجەی ملیۆنان دۆلار، ئیخوانەکان کەمپین و نماییشی بەردەوامیان بۆ حیجابپۆشینی کچانی کورد کردووە.
لەم کەمپینە سی ساڵییەدا و لە دەیان نماییشی جەماوەریدا پۆشینی جۆرەها ستایلی حیجاب لەلایەن کیژە مناڵ و هەرزەکانی سەر بە فیرقەکەیان بڵاوکردۆتەوە و بانگەشیان بۆکردووە، لەوانەش ستایلی حیجابی ئامینە ئەردۆغانی تورکی و خاهەر زەینەبەکانی ئێرانی، جگە لە شێوازە میسری و ئوردونیەکەی حیجاب.
بەڵام بۆ تەنها جارێکیش نەماندی کچێک یان ژنێک لە لایەن ئەم فیرقەیەوە نیقابپۆش بکرێت.
تەنانەت، سەرتاپای ئۆرگان و دام و دەزگاکانی فیرقە ئیخوانیەکانی باشور بگەڕێیت، لە رادیۆ و تەلەفزیۆن و بارەگا و بنکەکانیانەوە، لە پەرلەمانتار و کادیر و ئەندامەکانیان، تاکە ژنێکی نیقابپۆش نابینی.
ئەمە هەر تایبەت نییە بە ئیخوانییە مەوالیە کوردەکانی باشورەوە، بەڵکو بۆ ئیخوانییە مەولاکانیشیان، واتە ئیخوانیە عاڕەب و توکەکەکانیش، راستە.
هەر کام لە حیجاب و نیقاب ئایکۆن و ناسنامەی دوو رەوتی فیرقەیی تا سەر ئێسقان دژ بەیەکن. حیجاب هی فیرقەی ئیخوانی و نیقابیش هی سەلەفی.
سەرەڕای ئەوەش، ئیخوانەکان تا رادەی بە شەیتەنەکردن و بە دێوەزمە کردنی سەرتاپای رۆژاڤا و ئەزموون و بزاڤەکەی شەڕی لەسەر نیقابەکەی داعش و سەلەفیەکان کرد.
ئەمە یەکەم جارە ئیخوانەکان شەڕ لەسەر نیقاب بکەن.
لە حەسەن بەنناوە تا ئەمڕۆ بۆ یەک جاریش ئیخوانەکان نە شەڕیان لەپێناوی نیقابدا کردووە و نە بانگەشەیانببۆ کردووە و نە کەسیان داوەتە مەحکەمە، وەک ئەم کادیرە مەوالیە بە بنەچە تورکمان و دواتریش کەسایەتی و گروپە پرۆ ئەردۆغانیەکانی باشور کردیان.
تاکە ئیستسنائێک، موزایەدەیەکی رووکەشیانەی محەمەد عاکفی مورشیدی ئیخوانە دژی ئەزهەر لە ٢٠٠٩.
لەو ساڵەدا، تەنتاوی سەرۆکی زانکۆی ئەزهەر، نیقابی کچانی لەزانکۆکە قەدەغە کرد. عاکفیش لەبەرامبەردا بەیاننامەیەکی نارەزایەتی دەرکرد و تەنانەت لەبەیاننامەکەشدا عاکف تەئکید لەسەر واجب بوونی حیجاب و واجب نەبوونی نیقاب دەکاتەوە.
تەنانەت ئەو موزایەدەیەی عاکف بەسەر تەنتاویدا روکەش و سەرپێی و هاکەزایی بوو و دەکرێت کە چوارچێوەی ئەو ململانێ و دەستشکاندنەوەی هەردوو فیرقەی ئەشعەری و ئی خوانیدا لەسەر کۆنترۆڵکردنی ئیدارەی ئەو زانکۆیەدا ببینرێت.
بەم پێیە ئەم شەڕەی کە ئیخوانە مەوالیەکانی باشور لەسەر نیقابی داعش کردیان، یەکەم و عەجیبترین و نامۆترین شەڕی ئیخوانەکانە لەمێژووی سەد ساڵەیاندا. بۆیە وەک رۆژی روناک عەیانە کە ئەم شەڕ و هەرایە لەبنەڕەتدا شەڕێکی بەوەکالەت بووە و ئیخوانەکان کردیان.
بەڵام شەڕی بەوەکالەت بۆ سەلەفیەکانی باشورنا. ئەوان لە ئیخوانەکان بەهێزتر و رێکخراوتر و بوێرترن و ئەگەر بە پێویستیان بزانیایە ئەم شەڕە خۆیان دەیانکرد، نەک ئیخوانگەلێک بەوەکالەت بۆیان بکەن کە بەردەوام شیر و تیر لەیەک دەسوون.
ئەم شەڕی بە وەکالەتە بۆ لایەنێک کراوە کە گەورەترین کاریگەرییان لەسەر ئیخوانەکانی باشور و سەرسەختترین دوژمنایەتیشیان بۆ کوردی رۆژاڤا و ئەزموونە خۆسەریەکەی هەیە، ئەو لایەنەش تورکەکانن.
دووەم،
گومانێکی تر لەوەی کە تورکەکان لە پشت ئەو شەڕە بەوەکالەتییەی ئیخوانەکانی باشور بن ئەوەیە کە ئەم فیرقەیە لە کەمپینەکەیاندا سەرجەم کوردی رۆژاڤا و ئەزمونەکەیان بە ئامانج گیرابوو، نەک تەنها تیمی هونەرگەها وڵات.
هونەرگەها وڵات تیمێکی هونەرییە و جگە لە ئەندامانی تیمەکە نوێنەرایەتی هیچ کەس و لایەنێکی تر ناکات. هەروەک چۆن هیچ حکومەت و نەتەوە و رژێمێک بەرپرس نین لە ئەدای هیچ تیمێکی هونەرییان، هەمان شتیش بۆ کورد و رۆژاڤا و خۆسەریەکەی راستە.
بەڵام ئەو شەڕەی بە ئیخوانەکانی باشور کرا، دژی کۆی رۆژاڤا بوو، بە نەتەوەی کورد و ئەزموونی خۆسەرییەکەی و شەڕڤانانی و تەنانەت پازدە هەزار شەهیدی رۆژاڤاش لەو کەمپینە نەپارێزران.
لەم کەمپین وهەرایەدا، دەیان تۆمەتی تەکفیر و ئیلحاد و دژە دین و دەیان تەوهینی وەک بەرەڵا، بێڕەوشت، کاولی و رووتبوونەوە درایە پاڵ تەڤگەر و کۆمەڵگای کوردی رۆژاڤا.
ئەم گشتاندن و بەئامانج گرتنی کۆی رۆژاڤا، بە خەڵک و کۆمەڵگا و ئەزموون و شەڕڤان و شەهیدەکانییەوە، جگە لە ئەدەبیاتی تورکەکان، بەدیاریکراویش رژێمەکەی ئەردۆغان و دەزگا سیخوڕییەکانی، ناچێتە هیچ چوارچێوەیەکی تر وە ئەدەبیاتی سیاسی هیچ گروپ و لایەنی تر.
لەم کەمپینەدا تەنانەت پەلاماری بەرگی شکۆمەند و شاهانەی ژنە شەڕڤان و گەریلاش درا.
لە نماییشەکەی هونەرگەها وڵاتدا نیقابەکەی داعش فڕێدەدرێت و بەرگی گەڕیلا و شەڕڤان دەپۆشرێت، بەڵام ئەوان ئەم بەرگە بە رووتبوونەوە وێنا دەکەن .
ئەمە لەکاتێکدایە کە مەخلوقێکی بیابانی یان داعشی رەنگە نەتوانێت هەستە نێرینەییەکانی بۆ ژنێکی نیقابپۆش و زۆر لەوە زیاتریش بۆ حیجابپۆشێک کۆنترۆڵ بکات. بەڵام هەر هەمان بیابانی و داعشی هەرگیزا و هەرگیز جورئەت ناکات بە خەیاڵ و فەنتازیا سێکسیە کپتکراوە سەلەفی و داعشیانەکەی لە کچە شەڕڤانێک یان گەریلایەک بڕوانێت.
ئەمەش لەبەر هۆکارێکی سادە، لەخەیاڵدانی داعشی و سەلەفییەکاندا بەرگ و پۆشاکی گەریلا و شەڕڤان هاوتایە بە شکستی ئابڕوبەرانەی داعش و ئەلقاعیدە لە شەنگال و سەری کانیێ و باهۆز و رەققە و شەدادی و حەسەکە. بە کورتی ئەوان مەرگ و نەمانی خۆیان لەم بەرگە شکۆمەندە شاهانەیەدا دەبیننەوە، کە ئیخوانە مەوالییەکانی باشور بەر رووت و بەرەڵا وەسفیان کرد.
بەکورتی لەم شەڕە پرۆکسییەیاندا، ئیخوانەکانی باشور ترسنۆکانە و بێ ئومێدانە ویستیان دەست بۆ کۆی پیرۆزییەکانی رۆژاڤا بدەن، ئەمەش تەنها خواست و ویستی تورکەکانە و هیچی تر نا.
سێیەم،
تەوقیتی ئەم کەمپین و هەرایە سەرەداوێکی ترە بۆ تێگەییشتن لەوەی بۆچی گەمەیەکی موخابەراتی تورکەکان بوو.
ئەم نمایشەی هونەرگەها وڵات بڕگەیەکی هەمان ئەو نماییشە بوو کە رێک ساڵێک لەمەوبەر بەریکۆردکراوی بڵاویان کردەوە و ملیۆنان کەس بینیویانە، بە ئیخوانیەکانیشەوە.
نماییشەکە لەژێر ناونیشانی کەزیا سۆرە و رێک لە خولەکی پازدەدا ئەو بڕگەیە دەبینرێت، کە ئیخوانەکانی باشور کردیانە کەرەستەی هەراکەیان و تا ئێستاش کارە هونەریەکە لە یوتیوب بەردەستە.
پرسیار ئەوەیە، بۆچی بۆ ماوەی ساڵێکە ئیخوانەکان قڕ و قەپیان لێکردووە و ئێستا لەم تەوقیتەدا کردیانە بیانوویەک بۆ پەلاماردانی نەتەوەکەمان لە رۆژاڤا؟
وەڵامی ئەو پرسیارە ئەوەیە، کەمپین و هەراکەی ئیخوان بەشێک بوو لەکەمپینێکی گەورەتر دژی رۆژاڤا کە لە ٢٢ی ئەیلولی ئەمساڵەوە بە سەرپەرشتی تورکەکان دەستی پێکرد.
لەو بەروارەدا ئەردۆغان بانگی کۆشکی سپی دەکرێت و دەور و تەسلیمی غەززەی پێ مۆر دەکرێت.
تورکەکان ویستییان لەبەرامبەر ئەو تەسلیمبوونە شەرمئامێزەیاندا، گورزێک لە کوردانی رۆژاڤا بدەن ، لەسەر ئەو بنەمایەی ترەمپ و ئیدارەکەی لەم دۆخە سازشگەرایەی تورکەکان دەرهەق بەغەززە، چاوپۆشی لە جوڵەیەکی وەها دەکەن و قوربانی بە کورد دەدەن.
کەمپینەکە رێک دوای گەڕانەوەی ئەردۆغان بۆ تورکیا دەستی پێکرد.
لەو کەمپینەدا، لەلایەکەوە وەزیر و گزیرە تورکەکان گوتارێکی شەڕەنگێزانەیان دژی رۆژاڤا پەێرەو کرد.
لەلایەکی تریشەوە، باندەکانی جۆلانی کەوتنە پڕوپاگەندەی فراوانی بەشەیتانی و دێوەزمە و تەخوینکردنی کورد لەرۆژاڤا و مەیدانیەنیش خۆیان بۆ بۆشەر و پەلاماردانێکی یەکلاکەرەوە ئامادە دەکرد.
لەم ماوەیەدا، تیکتۆکچی و چالاکوانە سورییەکان لە سەدان و هەزاران پەیامی نوسراو و گرتەی ڤیدیۆییدا بانگەشەی ئەوەیان دەکرد کەداگیرکردنی رۆژاڤا و سڕینەوەی ئەزموونی خۆسەری هەر چەند رۆژێکی تر ئەنجام دەدرێت و لەئان و سات دایە.
دەیان گروپی خێڵەکی کۆبوونەوە و هەڕەشەیان لە کورد دەکرد. میدیای فەرمی جۆلانیش لە هەواڵ و بەرنامەکانیدا بەردەوام لەهەوڵی دێواندنی رۆژاڤا و هەڕەشەی داگیرکردنی دەکرد.
بەکردەوەش، باندەکانی جۆلانی لە ٦ی ئۆکتۆبەر پەلاماری دێر حافر و لە ٧ی مانگیش هی شێخ مەقسود و ئەشڕەفییە.
ئەم دوو بەرەیە، وەک دوو هەڵقەی هەرە لاوازی رۆژاڤا دەبینرێن کە داگیرکردنیان ئاسان دێتە بەرچاو.
تورکەکان و باندەکەی جۆلانی، لەو خەیاڵەدا بوون کە بە داگیرکردنی دێر حافر و ئەشرەفیە و شێخ مەقسود تەواوی هێزەکانی سوریای دیموکڕات هەرەس دێنن.
کەمپینی ئیخوانە مەوالیەکانی باشور رێک لە گەرمەی ئەم کەمپینەی پرۆکسییەکانی تورک و باندەکانی جۆلانیدا ئەنجام درا.
ئا لێرەدا ئامانجی تورکەکان لەو کەمپینەی بە ئیخوانیە مەوالیەکانی باشوریانبکرد دەردەکەوێت.
تورکەکان وایان دانابوو کە دەبێت دۆخێکی وا لە باشور درووست بکەن تا لە ئانی و ساتی تێکشکاندن و داگیرکردنەوەی رۆژاڤا هیچ جۆرە هەڵوێست و پشتیوانی و هاوسۆزییەکیان بۆ رۆژاڤا نەببێت، هەر وەک چۆن بۆ کۆبانی هەیان بوو.
بۆ ئەو مەبەستەش، باند و گروپە فیرقەییە ئیخوانەکانی باشوریان بەم کەمپینە قێزەون و فاشیستیە دژی رۆژاڤا ئەرکدار کردب.
خۆشبەختانە پیلانی تورکەکان و ناندەکەی جۆلانی لە دێر حافر و شێخ مەقسود و ئەشڕەفیە لەسەر دەستی کچ و کوڕانی رۆژاڤا لە گۆڕ نرا و لەگەڵ ئەویشدا ئۆتۆماتیکیش خەونە قەزەم قێزەونەکەی ئیخوانەکانی باشوریش لە گۆڕ نران.
دواجار ئەوە حوکمی مێژووە، نەتەوە ژێردەستە مەزڵومەکان و جوڵانەوە رزگاریخوازەکان سەردەکەون و داگیرکەران و پرۆکسیە کرێگرتەکانیشیان شکست دەخۆن. هەمان حوکم بۆ گەلەکۆمەکێی ئەم سێکوچکەیەی تورکەکان، جۆلانی و ئیخوانەکانی باشوریش وەڕاست دەگەڕێت.
