بانگەوازی ١٠ی دیسەمبەر، ساڵیادی جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ!
14 كاتژمێر لەمەوپێش
د. ڕێبوار حەسەن
ئەندامی پێشووی پەرلەمانی سوید
ئەمڕۆ ڕیکەوتی ١٠ دیسەمبەر، ساڵیادی جاڕنامەی نێونەتەوەیی مافی مرۆڤە. ساڵانە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاهەنگی ڕۆژی نێونەتەوەیی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەگێڕدرێت. دیارە هەرێمی کوردستان بێ بایەخ سەیری ئەم جاڕنامەیە دەکات بۆیە نایگرێتەوە. نەوەی بنەماڵەی دەسەڵاتداران خۆیان پابەندی ئەو جاڕنامەیە ناکەن تا ڕێز لە مافی مرۆڤ بگرن.
دەسەڵاتی هەرێم دەبێت تێروانینێکی جیاوازتریان هەبێت بۆ مافەکانی مرۆڤی کوردستان و هەروەها هاوشێوەیەکی لێکنەچووی مافەکانی مرۆڤیان هاوتا بە بەرژەوەندی بنەماڵە؛ بۆ خۆیان دۆزیوەتەوە. واتە لای ئەمان دەبێت مافی مرۆڤ لە بەرژەوەندی بنەماڵە بێت، بەرژەوەندی بنەماڵەش بەستراوە بە تورکیا و ئیرانەوە، کەواتە مافی مرۆڤی کوردیش لەوێوە سەرچاوە دەگرێت!
هەربۆیە کاتێک گوێبیستی سەرۆکی هەرێم و ئاخافتنیان دەبین، هەست ناکرێت هیچ خەوشێک لە خۆیاندا ببینن، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە گەلی کورد نابێت هەرگیز مافی ناڕەزایی بەرانبەر دەسەڵاتی بنەماڵە هەبێت و ئەوانیش نە چاکسازی دەکەن و نە دژی گەندەڵیش دەوەستنەوە.
لە وتەکانی سەرۆکی هەرێم "باوک و کوڕ"یشەوە دەردەکەوێت، کە گاڵتەیان بە مافی خۆپیشاندان و ڕادەربڕین و ناڕەزایی خەڵک دێت. ئەمان تەنانەت لایان ئاساییە کە تورکە نەتەوەپەرستەکان و ئەردۆگانیستی ئیسلامیش بەردەوام بن لە چەوساندنەوە و کوشتنی کورد، بەومەرجەی مافی ئەمان لە هەرێم پاریزراوبێت و تەنانەت خۆشیان پێشێلکاری مافی مرۆڤ بن و دەسەڵاتی ئاسایش و وپاراستنیش بێڕێزی بەرانبەر مافی خۆپیشاندەران بکەن.
ئەوە چەندڕۆژیکە هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان دژ بە پێنەدانی موچە و بڕینی بژێوی ڕۆژانە و خزمەتگوازاری ڕاپەریون.
ئەرکی دەسەڵاتدارانی هەرێمە کە گوێ لە هاونیشتمانیان بگرن و مافە ڕەواکانیان جێبەجێ بکەن و بە هیچ شێوەیەک توندوتیژییان بەرانبەر بەکار نەهێنن، چونکە بەکارهێنانی هێز ناشیرنترین کاردانەوەیە کە دەسەڵات دەیکات و ئەنجامی باشی نابێت و تا دێت ڕق و توڕەیی هاوڵاتیان زیاتر دەکات.
هیوادارم ھێزەکانی ئاسایش و چەکدارەکانی ھەرێم بەشێوەیەکی ڕیزدار مامەڵە لەگەڵ ھاوڵاتیانی ناڕازی و خۆپیشاندەران و کارمەندانی میدیاکاران بکەن و توندوتیژی و گرتن و ئازاردان بەکار نەهێنن. خۆپیشاندەران ڕۆڵەی هەرێمن و لە هەمان کاتدا، کەسوکار و هاونیشتمانییانی خۆیانن.
هەروەها داوکارم کە ھاوڵاتیانی ناڕازی بە تایبەتی گەنجە دڵگەرمە مافخوراوەکان بەشێوەیەکی ھێمن و مەدەنیانە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و زەرەر و زیان بە دامودەزگاکانی هەرێم و موڵکی گشتی و تایبەت نەگەیەنن و ھەروەھا دووربن لە سوتانی بارەگا و بینای شارەکان؛ چونکە ئەوە ڕێگاچارە نییە بۆ دەستکەوتنی مافە ڕەواکانیان .
داواکارم دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە جیاتی فەرامۆشکردنی مافی هاونیشتمانیان و بەکارهێنانی توندوتیژی و داخستنی کەناڵی تەلەفزیۆنی و زیندانیکردنی دەنگە ئازادەکان و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی، بە دەنگ پێویستییەکانی هاوڵاتیانەوە بن و بە دوای چارەسەرکردنی کێشەکاندا بگەڕێن، چونکە ناکرێت دەسەڵات هەر بەردەوام بێت لە گەندەڵی و نادادپەروەری بەرانبەر بە هاوڵاتیان و ژیانیان لێ بکاتە دۆزەخ، لەولایشەوە بەهەشت بۆ بنەماڵە و نەوەکانیان دابین بکەن و لەوپەڕی خۆشگوزەرانیدا بن.
