کەفوکوڵ : emotion
2 كاتژمێر لەمەوپێش
ئەحمەدی مەلا
یەکێک لە گرفتە بنەماگەرییەکانی ژیانی ئێمە، زاڵبوونی بارستایی کەفوکوڵە بەسەر دنیابینی ئێمەدا. ئەم دەردە، لە کاتی رووداوە نەخوازراوەکاندا بەرووماندا دەتەقێتەوە، تەنانەت لە ژیانی رۆژانەمانیشدا : لافاو، ئاگرکەوتنەوە، مەرگی کەسانی نزیک، شەڕ و پێکدادان....واتە، لە پڕێکدا قیامەت دروست دەبێت و کپ دەبێتەوە و جارێکی دیکە قیامەت هەڵدەستێ وەک ئەوەی هەرگیز رووی نەدابێ...
ئەم دنیایەی ئێمە پێویستی بە ئەقڵدارییە بۆ رێکخستنەوە، بۆ پلاندان و نەخشەسازی، هەم لە ئاستی تاکەکاندا، هەم لە ئاستی رێکخراو و دەوڵەتدارییدا. دنیای ئێمە هەمیشە کەلین و قۆرتی تێدایە، گرتبوونەوەی لە پڕ و بەتاڵیی لە پڕ دروست دەبێت. ژیانی ئێمە لە زنجیرە "ناکاوێک" پێکهاتووە.
هەر وەکو لافاو وایە، لە پڕێکدا دروست دەبێت، لە پڕێکدا کپ دەبێتەوە وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت.
وەک دەگوترێت پێش کەناڵی ئاڤا رێ بەرنانەکەوێت بۆ هێنانی خێر و یارمەتی، لە جەوهەردا ئەم هەرەوەزییە مایەی دڵخۆشییەوە و یەکێک لە بنەماکانی نەتەوەسازیی ئەوەیە لە کاتی لێقەوماندا چوونە بە هانای یەکترییەوە، بەڵام خۆزگە، ئەمە بە شێوەی پلان رێکدەخرا.
کەفوکوڵ بەشێکە لە بوونمان وەکو مرۆڤ، بەڵام لە توانایدا نییە ژیان و دنیاکەمان باشتر و هەموارتر رێکبخرێتەوە.
لە لایەکی دیکەش : لە رووی هۆشیاریی گشتییەوە هەژارین، بۆ نموونە، خەڵکی شار و شارۆچکەکان دەبێ لێپرسینەوە لە کەموکورتییەکانی ئەو کەسانە بکەن کە لە لایەن خۆیانەوە هەڵبژێردراون، نەک هانا بۆ پێشکەشکاری تەلەڤیزیۆنەکان. دیموکراتییەت لە سادەترین پێناسەی دا، بە حوکمی خەڵک لێکدەدرێتەوە، واتە دەبێ منی هاوڵاتی داوای ماف و هەقەکانی خۆم لەو کەسانە بکەم کە دەنگم داونەتێ...
نەبوونی پلانڕێژیی لە زۆربەی کایەکان وایکردووە کە ژیان بە بێ سەروبەر بەڕێوە بچێت و کاتێک کارەساتێکیش روودەدات دەبێ لە هۆکارەکان بگەڕێین نەک پینەیان بکەین تاکو جارێکی دیکە بە رووماندا بتەقێتەوە.
ئەمە جگە لەوەی کە زۆرجار سەرمایەگوزراییەکان گوێ بە کەمترین هەستیاریی نادەن بەرامبەر بە هاونیشتیمانی خۆیان، وەک ئەوەی ئەوان لە ئەستیرەیەکی دیکەوە هاتبێتن. چاوچنۆکی لە دروستکردنی بینا بە بێ گوێدان...
هەر نەخشە و پلانسازییە کە ئەمڕۆ و دوێنێ و سبەینێمان لە یەکتر جودا دەکاتەوە...
هەر لە رێگەی کەفوکوڵەوە ئیسلامی سیاسیی گوتاری خۆی پفدا بۆ ئەوەی بە ملیۆن دۆلار بۆ غەزە کۆبکاتەوە، ئێستا گیرفانی بەتاڵە بۆ دۆخێکی نەخوازراوی هاونیشتیمانییەکانی خۆی. ئەمەش دەردەسەرییەکی دیکەیە.
