ڕووداوەکەی بادیەی تەدمور؛ ڕۆژئاوای کوردستان دەکاتە ماڵ بەسەر ئەمریکاوە
13 كاتژمێر لەمەوپێش
بڕوا ستار
ڕووداوی کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێکیان لە ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە بادیەی تەدمور (پاڵمیرا)، لە کەمینێکی داعشدا، تەنها قوربانییەکی سەربازیی کتوپڕ نەبوو؛ بەڵکو خاڵێکی وەرچەرخان بوو کە پڕ بوو لە ئاماژەی هەواڵگری و جیۆپۆڵەتیکی. ئەم ڕووداوە، کە لە دەرەوەی ناوچەی کۆنترۆڵی باوەڕپێکراوی ئەمریکا (ڕۆژهەڵاتی فورات) ڕوویدا و یەکەمین لێدانی سەخت بوو لە هێزەکانی ئەمریکا لەم قۆناغە نوێیەی سوریادا، بە شێوەیەکی ڕژد گومانی خستە سەر پڕۆژەی نوێی واشنتۆن بۆ دامەزراندنی هاوپەیمانێتییەکی ئارام لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی دیمەشق بە کە ئەحمەد شەرع (جۆلانی) سەرۆکایەتی دەکات.
ڕووداوەکە؛ وەک کاردانەوەیەکی ناوخۆیی دژ بە ڕێڕەوی داود
سەختی ئەو هێرشەی کە کاروانێکی هاوبەشی ئەمریکی و هێزە ئەمنییەکانی نوێی سوریای کردە ئامانج، ئەگەری ئەوە بەهێز دەکات کە تەنها کاری داعش نەبووە، بەڵکو دزەپێکردنی زانیاریی ورد بووە لەناو دامەزراوەکانی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق. لێکدانەوەکان بۆ ئەوە دەچن، کە ئەم دزەپێکردنە لەلایەن باڵێکی نەیاری شەرعەوە ئەنجامدراوە، کە دڵسۆزییان بۆ ئەجێندای وڵاتانی وەک تورکیا و قەتەر هەیە.
هێرشەکە لەلایەن چەند چەکدارێکی سەر بە داعش ئەنجام نەدراوە، بەڵکو وەک وەلید فارس، ڕاوێژکاری پێشووی کۆشکی سپی، لە پۆستێکیدا لە تۆڕی (ئێکس) ئاماژەی بەوە کردووە: هێرشکارەکە ئەندامێکی ناو دەزگای ئەمنییەکانی سوریایە، کە بەرپرسیاریەتی ئەمنی پارێزگای تەدموری لەژێر دەستدایە، بۆیە ناکرێت ڕاستییەکان بشێوێنین.
ئامانجی سەرەکی ئەم باڵە نەیارەی ناو دەستەڵاتی دیمەشق، کە توندڕەوەکانی وەک شەیبانی تێدایە، ڕێگریکردنە لە نزیکبوونەوەی تەواوەتی نێوان شەرع و ڕۆژئاوا. ئەوان دەزانن ئەگەری درووستبوونی ئەو پەیوەندییە، دەبێتە هۆی جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک "ڕێڕەوی داود" یان هەر ڕێڕەوێکی دیکەی بازرگانی و وزە کە ئیسرائیل و بلۆکی ڕۆژئاوا خوازیارن. ئەم پڕۆژانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پێگەی جیۆپۆڵەتیکی تورکیا وەک دەروازەیەکی سەرەکی لاواز دەکات. بەمەش، هێرشەکەی بادیە تەنها لێدانێک نەبوو لە ئەمریکا، بەڵکو لێدانێکی تورکیا بوو لە دەسەڵاتی شەرع بۆ تێکدانی هەر هاوپەیمانیەتی یان نزیکبوونەوەیەک لە پڕۆژەکەی ئەمریکا-ئیسرائیل.
هۆکار و ئامانجەکانی دژایەتی تورکیا بۆ پڕۆژەکە
ڕێڕەوی داود، ئاسایشی ئابووری و پێگەی جیۆپۆڵەتیکی تورکیا دەخاتە مەترسییەوە، ئەویش لەبەر ئەوەی:
1- تورکیا دەیەوێت بە تاکە دەروازەی سەرەکیی گواستنەوەی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەوقاز بۆ ئەوروپا بمێنێتەوە. ئەگەر ڕێڕەوی داود یان هێڵێکی هاوشێوە لە ڕێگەی سوریا و ئیسرائیلەوە بکرێتەوە، تورکیا ڕۆڵی سەرەکی لە بەستنەوەی ئاسیا و ئەوروپا لەدەست دەدات و دەبێتە بژاردەیەکی تر لەبەردەم وڵاتانی ئاسیا بۆ گەیشتنیان بە ئەوروپا.
2- سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە بە مانای ملکەچبوونی تەواوەتی دیمەشق دێت بۆ داواکارییەکانی واشنتۆن و ئیسرائیل، ئەمەش پەیوەندییەکانی شەرع لەگەڵ هەموو ئەو هێزانە دەپچڕێنێت کە تورکیا و قەتەر پاڵپشتیان دەکەن.
بەم شێوەیە، باڵە نەیارەکانی ناو دیمەشق کە نزیکن لە تورکیاوە، بە ئەنجامدانی هێرشەکەی بادیە ویستیان بە ئەمریکا بڵێن: ئەگەر دەتانەوێت ڕێڕەوی داود جێبەجێ بکەن، دەبێت باجی ناسەقامگیری دیمەشق بدەن و حکومەتەکەی شەرع توانای پاراستنی پڕۆژەکەی ئێوەی نییە.
ڕێڕەوی داود، کە بریتییە لە هێڵێکی گواستنەوەی نوێی وزە، بازرگانی، یان ڕێڕەوی گواستنەوەی ئابووری کە لە ڕێگەی ئیسرائیل و سوریاوە دەبەسترێتەوە بە کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست، بەشێکە لە هەوڵێکی گەورەتری ڕۆژئاوایی بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی نەخشەی ئابووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشخستنی پرۆژەکانی وەک IMEC کە هیندستان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
گۆڕان لە ستراتیژیەتی ئەمریکا و پێگەی هەسەدە لە داهاتووی سوریا
ئەنجامی هەرە ڕوونی ڕووداوەکەی تەدمور ئەوە بوو، کە سەلماندی هێزەکانی ئەمریکا ناتوانن بەبێ پشتگیری لۆجستی و هەواڵگریی هەسەدە، لە ناوچەکانی دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی سوریا (ناوجەی ژێر دەستەڵاتی دیمەشق) کاری ئاسان بکەن. کوژرانی چەند سەربازێکی ئەمریکی لە یەکەمین دەرچوونیان لە ڕۆژهەڵاتی فورات و بەبێ چەتری پاراستنی هەسەدە، ئەم پەیامەی بە واشنتۆن گەیاند: ئەگەر دەتانەوێت لە سوریا بمێننەوە، دەبێت پشت بە تاکە هێزی باوەڕپێکراوی ناوچەکە (هەسەدە) ببەستن.
ئەم ڕووداوە کارتی دانوستانی جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی بەهێزتر دەکات و پێگەی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە چاوی پنتاگۆندا قایمتر دەکات.
هاوڕێ هاوڵاتیی, [12/15/2025 3:49 PM]
ئەوەش پێمان دەڵێت، لەمەودوا ئەمریکا لە ڕووی سەربازی و داراییەوە زیاتر پشت بە هەسەدە دەبەستێت و پاڵپشتی دەکات، بە تایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، لەوانەشە بە گومانەوە سەیری تواناکانی حکومەتی نوێی دیمەشق بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی.
لە درێژخایەندا، بەهێزبوونی پێگەی هەسەدە وەک هاوبەشێکی سەرەکی ئەمریکا، دەرفەت بۆ درووستبوونی قەوارەیەکی سیاسیی دانپێدانراو لە ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر دەکات، هەسەدەش لە داهاتووی هەر پڕۆژەیەکی وەک ڕێڕەوی داود (کە ڕەنگە بەشێک لە هێڵەکانی بە نزیک ناوچەکانی کۆنترۆڵی هەسەدەدا بڕوات) ڕۆڵی دەبێت لە دابینکردنی ئاسایش، بەتایبەتی کە ناوچەیەکی بەرفراوانی سەرچاوەی سەرەکیی نەوت و گەنمی سوریای لەژێر دەستدایە.
ئەحمەد شەرع لە نێوان چرۆکردن و هەڵوەریندا
لەم دۆخەدا، ئەحمەد شەرع، کە سەرکردەیەکی پراگماتیست و مەسڵەحەتچییە، ناچارە بە زووترین کات کاردانەوەی هەبێت. ئەو دەزانێت مانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات پەیوەستە بە قەناعەت پێکردنی ئەمریکا کە توانای کۆنترۆڵکردنی ناوخۆ و پاراستنی دەستەڵاتەکەی هەیە.
ئەمەش شەرع ناچار دەکات، دەست بە چاکسازییەکی قووڵ لەناو دامەزراوە ئەمنییەکاندا بکات و دژی باڵی توندڕەوی نزیک لە تورکیا-قەتەر بجەنگێت. لەمەودوا شەرع دەبێت ئەو باڵانە وەک سەرچاوەی ناسەقامگیری و تیرۆر نیشان بدات، تەنها بۆ ئەوەی گرەنتی مانەوەی خۆی لە واشنتۆن وەرگرێت. بەڵام ئەم هەنگاوەش دوو مەترسیی گەورەی لەبەردەمە:
1- ڕەنگە باڵی نەیار نەکەونە ژێرباری چاکسازی و دەست بکەن بە پشێویی و یاخیبوون لەو ناوچانەی کە لە کۆنترۆڵی خۆیاندان.
2- ئەگەر شەرع بە تەواوی ڕوو لە ئەمریکا بکات، تورکیا، کە هێشتا بڕوای بە پڕۆسەی ئاشتیی ناوخۆیی لەگەڵ پەکەکە نییە، دەستەوەستان نابێت.
ئەنقەرە لەوانەیە لە ڕێگەی هاندانی پشێوی یان تەنانەت نزیکبوونەوەی کاتی لە هەسەدە (وەک کارتێکی دژبەر) گوشار بخاتە سەر شەرع بۆ ئەوەی واز لەو هاوپەیمانێتییە بهێنێت. تورکیا دەیەوێت بە ئەمریکا بڵێت: سەقامگیری دیمەشق هێشتا پێویستی بە ئەنقەرە هەیە.
ڕووداوەکەی بادیەی تەدمور تەنها ڕووداوێکی ئاسایی نییە، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ گۆڕینی ستراتیژیەتی ئەمنی، سەربازی و ئابووری ئەمریکا لە سوریا، بەمەش ڕەنگە ئەمریکا لەمەودوا بە شێوەیەکی تر و بە چاوی تاکە هاوبەش سەیری هەسەدە بکات لە گۆڕەپانی سوریادا، ئەوەش دەبێتە هۆکاری بەهێزبوونی گوتاری ڕۆژئاوای کوردستان لەبەردەم دیمەشق و ئەقەرەدا، چونکە ئەگەر ئەمریکا پێشتر هاوکاری هەسەدەی کردبێت، ئەوا لەدوای ڕوداوەکەی تەدمورەوە، پشتیوانی لە بوونی قەوارەیەکی هاوشێوەی باشووری کوردستان لە سوریا دەکات و وەک ئەوێش دەیکاتە پارێزراوترین ناوچە بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانی لە داهاتووی سوریادا.
