ئۆكرانیا و فه‌نزوێلا (قوربانی ئاڵوگۆڕی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕووسیا و ئه‌مریكا)
9 كاتژمێر لەمەوپێش
د.گه‌نجۆ خه‌سره‌و محمد / زانكۆی كۆیه
له‌گه‌ڵ هاتنه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی دۆناڵد تره‌مپ سترتیژی ئه‌مریكا به ته‌واوی خۆی له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ئابوری و به‌هێزتر بوونی ئابوریه‌كه‌ی و پرسی كۆچبه‌ران و به‌رزكردنه‌وه‌ی داهاتی تاكی ئه‌مریكی دۆزیه‌وه هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی په‌یوه‌ندیه‌كانیش دورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر ئاسایشی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریكا له ڕێگه‌ی سیاسه‌تی نه‌رم له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كان (روسیا و چین) و هه‌وره‌ها سیاسه‌تی به‌كارهێنانی هێز له پێناو ئاشتی له‌گه‌ڵ ووڵاتانی ناوه‌ند و لاواز.
بۆیه فه‌نزوێلا وه‌ك خاوه‌ن گه‌وره‌ترین یه‌ده‌گی نه‌وتی جیهانی و گه‌وره‌ترین دژبه‌ری ئه‌مریكی بووه باشترین نێچیر بۆ ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وته‌كه‌ی قۆرغ بكات و یه‌كێك له دووژمنه‌كانی له ناوببات، بۆ ئه‌مه‌ش پێوستی به ڕه‌زامه‌نی ڕووسیا هه‌یه، له به‌رامبه‌ردا ڕوسیاش بۆ كۆتایهێنان به جه‌نگی ئۆكڕاین و ده‌ست كه‌وتنی سه‌دا بیستی خاكه به پیته‌كه‌ی و گه‌ڕانه‌وه بۆ چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ئابوری جیهانی و بونیادنانه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تی و دبلۆماسیه‌كانی پێوستی به ڕه‌زامه‌نی ئه‌مریكا هه‌یه به‌مه‌ش به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ڕوسیا و ئه‌مریكا هاوته‌ریبن، بۆیه سازشكردن بۆ یه‌كتر باشترین ده‌ستكه‌وته بۆ هه‌ریه‌كه‌یان.
لێدان له فه‌نزوێلا و ڕوخانی ده‌سه‌ڵاتی مادۆڕۆ بۆته حه‌تمی و ته‌نها پرۆسه‌كه له‌سه‌ر كات ماوه، له‌ولاشه‌وه پرۆژه (28) خاڵیه‌كه‌ی تڕه‌مپ بۆ كۆتایهێنان به جه‌نگی (ڕوسیا ئۆكڕاین) گه‌یشتۆته خاڵی وه‌چه‌رخان، چونكه به ڕازی بوون و ڕازی نه‌بوونی زلنسكی هه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندی ڕوسیا دایه، چونكه هه‌ڕه‌شه‌كانی تره‌مپ له ئه‌گه‌ری ڕازی نه‌بوونی زلنسكی به واتای كۆتایی هێنانه به یارمه‌تیه سه‌ربازییه‌كان و چاوپۆشی كردنی ڕوس به داگیركردنی خاكی زیاتر و كاولكتركردنی ئۆكڕاین دێت.
ڕه‌نگه سنوری چوارچێوه‌ی ڕێكه‌وتنی ئاڵوگۆری به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان فراوانتر بێت به هاتنه‌ناوه‌ی صین بۆ داگیركردنی (تایوان) به ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مریكا له به‌رامبه‌ر سازشكردنی صین له به‌شێك له داواكارییه‌كانی ئه‌مریكا به تایبه‌ت له بواری ئابوری و ته‌كه‌نه‌لۆژی و بچوككردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی هه‌ژموونی چین له ئه‌مریكای لاتین، چونكه مه‌ترسیه‌كانی ئه‌مریكا له فراوان بوونی هه‌ژموونی صین له نزیك سنوره‌كانی به ئاشكرا گفتوگۆی ناوخۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت به تایبه‌ت پرسی وه‌به‌رهێنانی ووزه له فه‌نزوێلا له‌لاین كۆمپانیا صینیه‌كان، له‌لایه‌كی تر ده‌ستكه‌وتنی نه‌وتی هه‌رزان له لایه‌ن صینه‌وه ئه‌مریكای نیگه‌ران كردووه له ئێستادا (80%) نه‌وتی فه‌نزێلا صین كڕیاریه‌تی، به‌جۆێك وه‌ك خاوه‌ن ماڵ و خاوه‌ن ئه‌م ووزه له بن نه‌هاتووه (303) ملیار به‌رمیلیه هه‌لسوكه‌وت ده‌كات، به‌مه‌ش ڕه‌نگه ئه‌مریكا بۆ دورخستنه‌وه‌ی صین و ڕیگرتن له ده‌ستكه‌وتنی ئه‌م ووزه زۆر و هه‌رزانه تایوان بكاته قوربانی له پرۆسه‌یه‌كی ئاڵوگۆڕی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و ئابوری.
بۆیه مانۆڕه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له ده‌ریای كاریبی و صین له ده‌ریای باشوری صین له یه‌ك كاتتدا ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستیه‌ن كه جیهان پێی ناوته قۆناغێكی پڕ له ئاڵنگاری و جه‌نگێك له‌و په‌ڕی ڕۆژهه‌ڵاته‌وه بۆ ناوه‌ڕاست و تا ده‌گاته ئه‌و په‌ڕی ڕۆژئاوا.
ده‌كرێت گرنگترین ئامانجه‌كانی ئه‌مریكا له هێرشی سه‌ربازی بۆ سه‌ر فه‌نزوێلا له‌م خاڵانه كورت بكه‌ینه‌وه:
ده‌ستگه‌یشتنی ئه‌مریكا به ووزه (نه‌وت و غاز)ه له بن نه‌هاتووه‌كه‌ی فه‌نزوێلا وه‌ك گه‌وره‌ترین یه‌ده‌گی جیهانی به‌مه‌ش ده‌توانێت زیاتر كۆنتڕۆڵی بازاری ووزه‌ی جیهانی بكات و ئاسایشی ووزه‌ی خۆی زیاتر دابین بكات به تایبه‌ت له ئه‌گه‌ری دروست بوونی كێشه له‌گه‌ڵ ووڵاتانی نه‌وتی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌ك ئه‌وه‌ی له جه‌نگی (عه‌ره‌ب - ئیسڕائیل) له (1967 و 1973) كاتێك نرخی نه‌وت زۆر به‌رزبۆوه ووڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مریكی توشی كێشه‌ی گه‌وره‌ی ووزه بونه‌وه.
ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابوری فه‌نزوێلا ده‌سه‌ڵاتێكی (چه‌پ) و پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكیایه به‌مه‌ش گۆڕینی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به واتای هاتنه سه‌رده‌سه‌ڵاتی هاوپه‌یمانی نزیكی ئه‌مریكا دێت.
له ناوبردنی ده‌سه‌ڵاتی مادۆرۆ به واتای بڕینی باسكی ڕوسی (هاوپه‌یمانی هه‌ره به‌هێز) دێت له نزیك سنوره‌كانی ئه‌مریكا.
په‌یوه‌ندییه‌كانی (فه‌نزوێلا - ئێران) و ئه‌گه‌ری بوونی هێزی (حزب الله و پاسدران)كه ئه‌مریكا ترسی له گه‌یشتنی ئێران هه‌یه له حه‌وشه‌ی پشته‌وه، به‌تایبه‌ت گومانی هاتوچۆی فڕۆكه‌ی نێوانیان ئه‌گه‌ره‌كانی گه‌یشتنی فڕۆكه بێفرۆكه‌وانه خۆكوژیه‌كانی ئێڕان به‌مه‌ش مه‌ترسین له‌سه‌ر ئاسایشی ده‌ریای كاریبی و كه‌نداوی مه‌كسیك سنوره‌كانی ئه‌مریكا.
لاوازكردنی هه‌ژموونی صین به تایبه‌ت دوای گه‌یشتنی ڕاپۆرته نهێنیه‌كان كه ئاماژه به مه‌ترسیه‌كانی گه‌یشتنی ده‌سه‌ڵاتی ئابوری صین به نزیك سنوره‌كانی ئه‌مریكاو ناوچه‌كانی هه‌ژموونی ئه‌مریكا له ئه‌مریكای باشور و ئه‌مریكای ناوه‌ڕاست، بۆیه ڕووخانی مادۆڕۆ ته‌نها كۆتایهێنانی حوكمی ئیشتراكی نیه به‌ڵكو وورینی ده‌ماری ووزه‌ی صینیه.
په‌یوه‌ندیه‌كانی (فه‌نزوێلا - توركیا) و پرسی وهاورده‌كردنی زێڕی فه‌نزوێلی، كه به‌پێی ڕاپۆرتێكی (BBC) ساڵی (2024) توركیا به به‌های (900) ملیۆن دۆلار ئاڵتوونی فه‌نزێلای هاورده‌كردووه به بیانووی پوخته كردنی به‌ڵام هیچی نه‌گه‌ڕاته‌وه فه‌نزوێلا بۆیه ئابوری هه‌ردوو ووڵات سه‌ره‌ڕای گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا هێشتا له ئاستی چاوه‌ڕوانی ئه‌مریكا دانه‌به‌زیووه.
پرسی قاچاغچیه‌تی ماده‌ی هۆشبه‌ر بیانووی سه‌ره‌كی ئه‌مریكیه‌كانه بۆیه له‌م ڕیگه‌یه‌وه ده‌یه‌وێت ئه‌م مه‌ترسیه له ناوچه‌كه و ئه‌مریكا نه‌هێڵێت به تایبه‌ت دوای تێوه‌گلانی ئێران له پرسی بازرگانی مادده‌ی هۆشبه‌ر له ووڵاتانی ئه‌مریكانی لاتین.
په‌یوه‌ندیه‌كانی (فه‌نزوێلا – كۆریای باكور و كوبا) به‌تایبه‌ت دوای ناردنی هێزه سه‌ربازیه‌كانی كۆریای باكور بۆ پێشه‌وه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگی ڕوسیا و ئۆكڕانیا ئه‌وه‌ی ڕوونكرده‌وه ووڵاتانی هاوپه‌یمانی ئیشتراكی به كرده‌یی یارمه‌تی یه‌كتر ده‌ده‌ن، له‌لایه‌كی تر چه‌ند جارێك باس له یارمه‌تیه ئه‌تۆمیه‌كانی كۆریای باكور و ڕوسیا بۆ فه‌نزوێلاو بوندیادنانی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی، ئه‌گه‌رچی ته‌نها قسه‌ن به‌ڵام له ئه‌گه‌ری به‌هێزتر بوونی به‌ره‌ی ئیشتراكی ڕه‌نگه ببێـته واقع.
كه‌واته بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ئامانجانه ڕه‌نگه به ئاسانی ئۆكرانیا و تایوان بكاته قوربانی بۆ ئه‌وه‌ی به‌بێ به‌ربه‌ستی ڕوسی و چینی بگاته ئامانجه‌كه‌ی و كه‌مترین زیان و قوربانی بدات.
