چەمچەماڵ.. دووای لافاوەکە چی بکرێت؟

7 كاتژمێر لەمەوپێش



خالید سلێمان

بەگوێرەی ئەو ژمارانەی بڵاوبوونەتەوە، بڕی پارەی کۆکراوە بۆ شاری چەمچەماڵ و زیان لێکەوتوانی، لە حەوت ملیار دنیار زیاترە. جگە لە قەرەبوو کردنەوەی ئەو خێزانانەی زیانی زۆرو ڕاستەوخۆیان لێکەوتووە، ئەو بڕەی دەمێنێتەوە چۆن و لە چیدا خەرجبکرێت؟ ئەمە پرسیاری هەر کەسێک دەبێت کە لە دوورو نزیکەوە ئاگای لە دۆخی شارەکانی چەمچەماڵ و شۆڕش و تەکێ و دەورووبەریان بێت. وەڵامەکەش لای ئیدارەی شارەکەیە، هەروەها پارێزگای سلێمانی و حکومەتیش، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا دووبارە بیرکردنەوە لە دۆخی ژێرخان و بووژانەوەی شارەکە دووای لافاوێکی وێرانکەر، پێداویستی سەرکەوتنی هەر هەنگاوێکە لە پێناو بووژانەوەو بنیادنانەوەدا.

بە دڵنیاییەوە، یەکەم هەنگاو نۆژەنکردنەوەی موڵک و ماڵی زیان لێکەوتووەکان دەبێت. بەڵام، هەنگاوی گرنگتر لەوە، دروستکردنی ژێرخانێکە، گرەنتی دووبارە نەبوونەوەی کارەساتی هاوشێوە بدات، هەروەها دوو هەنگاو شارەکەش بباتە پێشەوە.

هەر لێرەوە، هەنگاوی دووای ئەوە، نۆژەنکردنەوەی سیستمی ئاو و ئاوەڕۆ دەبێت، بەشێوەیەک لەگەڵ ئەو دۆخە ژینگەیەدا بگونجێت کە وابەستەی دوو فاکتەری گرنگن: یەکەمیان نشوونمای دانیشتوان و فراوانبوونی ڕووبەری شارە، دووەمیشیان ئەو مەرجانەیە کە گۆڕانی کەشوهەوا سەپاندونێتی و دەبێ لە بنیادنان و دیزانی نوێی شوێنی نیشتەجێبووندا ڕەچاو بکرێن. 

ئەمڕۆش لە ئاستی هەموو دنیادا، کار لەسەر ئەوە دەکرێت کە ژێرخانی شارەکان لە بەرامبەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوادا چاک و پتەو بکرێن و توانای بەرگەگرتنی کارەساتە سروشتییەکانیان هەبێت، چونکە داڕمان و هەرەسهێنانی ژێرخان (ئاو و ئاوەڕۆ، تەندروستی، خوێندن و فێرکردن و وزە)، دەبێتە هۆی داڕمانی کۆمەڵایەتی و ئابووری. 

دەکرێ هەنگاوی سێیەم، ستاندارد کردنی بنیادنان و فراوانکردنی ڕووبەری شار بێت، بەشێوەی لەگەڵ مەرجە ژینگەییەکان و گۆڕانی کەشوهەوادا بگونجێت. یەکێک لەو گرفتانەی ئەمڕۆ تووشی شارەکانی کوردستان بووە ئەوەیە، کە فراوانبوونی بێپلان و هەڕەمەکی، ئاوڕێژە سروشتییەکانی لەناوبردووە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە لێزمە بارانێک ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو. 

چوارەم، دەکرێ دووبارە بیر لە هەڵکەوتەی جوگرافی و تۆبۆگرافی ناوچەکە بکرێتەوەو لە ڕووی زانستییەوە هەڵبسەنگێنرێت، ئایا دروستکردنی پۆند بۆ گلدانەوەی باراناو چارەسەرە، یان گۆڕینی ئاراستەی ئاوڕێژەکان بەرەو شوێنی گونجاو؟ بۆ ئەوەی هەر گۆڕانێک لە ئاراستەی ئاوڕێژەکاندا، زیان نەگەنێتە زەوی  کشتوکاڵی و ئیکۆسیستمی ناوچەکە، دەکرێ بیر لە دانانی بۆڕی گەورەو فراوان لە ژێر زەویدا بکرێتەوە بۆ ئاراستەکردنەوەی لافاو، یان پۆندو بەنداوی بچووکی نیوە سەرگیراو.

پێنجەم و کۆتایی، دروستکردنی پلاتفۆرمێکی فراوان لە پێناو بەشداری پێکردنی دانیشتوانی ناوچەکە لە بنیادنانەوەو چاککردنەوەی ژێرخاندا، چونکە ئەزموونی خۆڕسکیی دانیشتوانی ناوچەکە لەگەڵ جوگرافیاو تۆبۆگرافیای ناوچەکەدا، سەرچاوەیەکی گرنگی هەر هەنگاوێکی زانستیی و ئەندازیارییە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار