پارا دایمێکی نوێ لە یەكترشكاندنەوە بۆ پێشبڕكێی چاكەخوازی
2 كاتژمێر لەمەوپێش
فارس نەورۆڵی
لە سەردەمێكدا، كە ململانێی نادروستی حزبی و سیاسی هێڵی بەرژەوەندی تۆخ دەكردەوە، لە بەرامبەر لەپێناو هێڵی چاكەخوازیدا، خەڵكانێكیش هەبوون ڕێگە دروستەكەیان بەوە دەزانی، كە هێڵی چاكەخوازی تۆخبكرێتەوە، كە ئەمە لەخزمەت خەڵك و پرۆسەی سیاسی هەرێمدایە، لەڕێگای خزمەتەوە ڕای گشتی وشیار دەبێتەوە و تێدەگات كە كێ باشتر خزمەت دەكات، چونكە تەنیا وشیارییە دەتوانێ هێڵی خزمەت و هێڵی بەرژەوەندیخواز لێك جیابكاتەوە.
دەبێ حزب لەوە تێبگەن كە تێگەیشتنمان بۆ دنیای خزمەتكردن چەندە فراوان بێت، ئەوەندە لەناو ڕای گشتیدا پەسەندتریت، هەرچەندە هەتا پێش ئەم ڕووداوە سروشتیەیی چەمچەماڵ و ئەوناوچانەی لافاویان بەرکەوت گوتاری بەرژەوەندیی حزبی ئەوەندە كاریگەر بوو، كە ڕێكخراوە خێرخوازییەكان و سەرمایەدارەكان نەیاندەتوانی وەك پێویست وەزیفەی خۆیان جێبەجێ بكەن.
بۆ نموونە (ئەگەر ڕێكخراوێكی خێرخوازی سەر بە حزبێك لە بۆنەیەكدا دوو كیلۆ گۆشتی بدایە بە ماڵە هەژارێك دواتر بیزانیایە سەر بە هێڵی سیاسی خۆی نییە، یان گۆشتەكەیان لێ دەسەندەوە یان جارێكی دیكە بەشیان نەدەدا) لەو قۆناغانەدا میدیا ڕۆڵێكی ئەرێنی نەبوو، بەڵام لە ڕووداوی لافاوەكەی چەمچەماڵ و ناوچەكانی دیكەی كوردستان هەست بە گۆڕانكارییەكی دڵخۆشكەر دەكەین جیاواز لەپێشتر، لاپەڕەیەكی نوێ و پارادایمێكی نوێ خۆی ناساند، كە لاپەڕەیەكی نوێیە لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەرێمی كوردستان. ئەمەش بۆ خۆی فەزیلەتە، چونكە ڕێكخراوە خێرخوازییەكان و سەرمایەدارەكان لەبری یەكترشكاندن كەوتنە پێشبڕكێ بۆ خزمەتكردن و بەهاناوە چوونی زیانلێكەوتوانی لافاوەكە.
هەرچەندە ناوەندی میدیایی و بەشێك لە سۆشیال میدیا هەبوون دەیان ویست دۆخەكە بەلاڕێدا بەرن ، بەڵام گوتاری زاڵی میدیا لە پێناو چاكە و تۆخكردنەوەی هێڵی خزمەتدا بوو ، لێرەدا دەبێ هەموولایەك تێبگەین كورد دەبێت خۆی لەخەمی خۆیدا بێت چونکە هەر چۆن لە ئەنفال و لەکیمیا بارانکردنی هەڵەبجە بەتەنها بووین لە لافاوەکەی چەمچەماڵ هەر تەنها بووین کەواتە ئەگەر ئەنفال و هەڵەبجە ڕای نەچڵە کاندبین بالافاوەکەی چەمچەماڵ ببێتە خاڵی هاوبەش بۆیەک گوتاریمان.
ئەمەش ئەو ڕاستییەمان پێدەڵێ، كە حكومەت بەتەنها ڕێكخراوەكان بە تەنها سەرمایەدارەكان بە تەنها میدیا بە تەنها ناتوانن ،خوار و خێچیەكان ڕێككەنەوە، بەڵام هەموان پێكەوە دەتوانین كێشەكان هەتا ڕادەیەكی باش چارەسەركەین و لاری و چەوتییەكان ڕاستكەینەوە بۆ ئەم مەبەستە پێویستمان بە هزری كۆمەڵایەتی قووڵ و فراوانترە بۆ ئەوەی تێبگەین كە وەڵامی پرسیارەكان لە هاوكاریكردن و تۆخكردنی هێڵی چاكەخوازیدایە، نەك یەكترشكاندن، ئەوجا تێدەگەین كە حكومڕانی باش چییە و چۆن دەتوانین گەشە بە بوارە جیاجیاكان بدەین.
لافاوەكەی چەمچەماڵ پێی وتین پێشبڕكێ بۆ چاكەخوازی باشترە، نەك بۆسە دانان بۆ یەكترشكاندن، لەكۆتاییدا بەهیوام كۆمەك و هاوكارییەكان بە دروستی بگاتە دەست زیانلێكەوتوانی لافاوەكە و خۆمان بۆ دەیان ڕووداوی سروشتی و سیاسی دیکە باشتر ئامادە بکەین و یەک گوتاری و یەک هەڵوێستی بەهای خۆی هەیە لەلای خەڵک و باشترە لە مل نەدان و یەکتر شکاندن.
